ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان گوتی، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای لێبوردنی گشتی کراوە و سبەی خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەکرێت و پەسەند دەکرێت.
(نازم ھەرکی)، جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە کۆبوونەوەی ڕابردووی پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای لێبوردنی گشتی کراوە و بڕیارە سبەی جارێکی دیکە پەرلەمان کۆ بێتەوە و تێیدا خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت و دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەند بکرێت."
جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان گوتی: "ھەوڵ دراوە ئەو پڕۆژەیاسایە زۆرترین بەندکراوان بگرێتەوە و بەر لێبوردنی گشتی بکەون، بەڵام تا پەسەند نەکرێت، دیار نابێت چەند کەس دەگرێتەوە، لەبەر ئەوەی ڕەنگە لە گفتوگۆکاندا گۆڕانکاریی تێدا بکرێت.''
(نازم ھەرکی) گوتی: ''ئەو پڕۆژەیاسایە بۆ ئەوەیە ئەوانەی بەندکراون دەرفەتێکیان پێ بدرێت، بۆ ئەوەی بەرلێبوردن بکەون و جارێکی دیکە بگەڕێنەوە بۆ ناو کۆمەڵگە."
(ھەرکی) ئەوەیشی خستە ڕوو: "ئەوانەی گەندەڵییان ئەنجام داوە و بازرگانی گەورەی ماددەی هۆشبەرن و تاوانی گەورەیان ئەنجام داوە، ئەو پڕۆژەیاسایە نایانگرێتەوە."
بڵند ئیبراھیم