هه‌ولێر-KDP.info- ئه‌و لیژنه مافپهروهرهی له هه‌رێمی كوردستانن و به دووی تاوانه‌كانی حه‌شدی شهعبییهوهن له خورماتوو و كه‌ركووك ده‌ڵێ، ئەو تاوانانەی له خورماتوو و كه‌ركووك كراون زۆر گەورەترە لەوەی پێشبینییان دەكرد.
لیژنەیەكی یەكێتیی مافپەروەرانی نێودەوڵەتی، ئەمڕۆ شه‌ممه لە شاری سلێمانییه و بە ناو كەمپەكان و ئاوارەكانی كەركووك و خورماتوودا دەگەڕێت، ده‌یه‌وێ پێشێلكارییەكانی حەشدی شەعبی تۆمار بكات، سبه‌ینێ یه‌كشه‌ممه‌ش، سەردانی هەولێر دەكات، بۆ ئەوەی ئەو پێشێلكاریانە بكاتە بەڵگە و دیكۆمێنت و پێشكەش بە لایەنە پەیوەندیدارەكان بكات، بۆ ئەوەی لای هەمووان روونبێت مافی مرۆڤ لەو شوێنانە پێشێلكراوە و پێوستە چارەسەربكرێت.
یه‌كێتیی مافپه‌روه‌رانی جیهان، لەسەر ئاستی جیهان لەبارەی مافەكانی مرۆڤ كار دەكات، بۆ هه‌ر جێیه‌ك بچن پێشێلكارییەكان تۆمار دەكەن و دەیانگەیێننە لایه‌نه پەیوەندیدارەكان، له‌باره‌ی سه‌ردانیان بۆ هه‌رێمی كوردستان و به دۆكۆمێنتكردنی پێشێلكاری و تاوانه‌كانی خورماتوو و كه‌ركووكه‌وه، (د.وەعدی مزووری) كه ئەندامی دەستەی كارگێڕی یەكێتیی مافپەروەرانی نێودەوڵەتی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: ''هاتووین بۆئەوەی لای هەمووان روون بێت مافی مرۆڤ لەو شوێنانە پێشێل كراوە و پێوستە ڕێگه‌یان لێ بگیرێ و چارەیان بۆ بدۆزرێته‌وه.''
(د.وەعدی مزووری) گوتیشی: ''ئێستا ئێمە لە كەمی سورداشین، ئەمڕۆیش هەر لە سلێمانی دەبین و سەردانی چەند شوێنێكی دیكە دەكەین كە ئاوارەكانی كەركووك و خۆرماتووی لێنە و لەگەڵ ئەوان دادەنیشین، سبه‌ینێیش سەردانی هەولێر دەكەین و لەوێ چاومان بە خەڵكی ئاوارەبووی ئەو ناوچانە دەكەوێت، دواتر كۆتایی بە كارەكانی یەكێتیی مافپەروەرانی نێودەوڵەتی دێت و دەگەڕێنەوە.''
ئه‌و ئەندامه‌ی دەستەی كارگێڕی یەكێتیی مافپەروەرانی نێودەوڵەتی هه‌روه‌ها ده‌ڵێ: ''ئەو لیژنەیه‌ی كە هاتووە باس لەوە دەكات كە ئەو تاوانانەی كە كراون زۆر گەورەنە و كەیسەكە زۆر گەورەترە لەوەی كە ئێمە پێشبینیمان دەكرد، باوەڕمان نەدەكرد كە ئەو هەموو تاوانە لەلایەن حەشدی شەعبییەوە ئەنجام دراون، بۆیە ئێمە ناتوانین هەموو بەڵگەكان كۆ بكەینەوە و بە دیكۆمێنت بكەین، بۆیە دەبێت ئەو لیژنەیە فراوانتر بكرێت، بۆیە لە داهاتوودا لیژنەیەكی دیكەی فراوانتر سەردانی كوردستان دەكات، بۆ ئەوەی كەیسەكە بەهێزتر بێت".
ڕابین شێروانی