هه‌ولێر-KDP.info- فراكسیۆنه كوردییه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، له‌باره‌ی رووداوه‌كانی شارۆچكه‌ی خورماتوو داوای روونكردنه‌وه له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ده‌كه‌ن. ئه‌وان داوا ده‌كه‌ن له‌باره‌ی چۆنیه‌تیی سه‌ردانیان بۆ ئه‌و شارۆچكه روونكردنه‌وه‌ی زیاتر بده‌ن.
رۆژی 7ی ئه‌و مانگه، شاندنی مافی مرۆڤی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان سه‌ردانی شارۆچكه‌ی خورماتووی كرد، بۆ ئه‌وه‌ی بزانێ چ پێشێلكارییه‌ك به‌رانبه‌ر به هاووڵاتیانی ئه‌و ناوچه‌یه له‌لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراقه‌وه ئه‌نجام دراوه.
شاندی رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كه سه‌ردانی شارۆچكه‌كه‌ی كرد، به‌ڵام رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌ی كورد بوویه‌وه كه زیاترین پێشێلكاریی به‌رانبه‌ر كراوه. نوێنه‌رانی لایه‌نه سیاسییه‌كانی ئه‌و شارۆچكه‌یه رۆژی دووشه‌ممه‌ی رابردوو له‌گه‌ڵ شاندی هاوبه‌شی پێنج فراكسیۆنی كوردیی په‌رله‌مانی عێراق كۆ بوونه‌وه. كۆبوونه‌وه‌كه له ئۆفیسی په‌رله‌مانی عێراق له سلێمانی به‌ڕێوه چووه.
(ئه‌شواق جاف) ئه‌ندامی ئه‌و شانده كوردییه، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێ، "نوێنه‌ری لایه‌نه سیاسییه‌كانی خورماتوو پێیان گوتین، شاندنی مافی مرۆڤی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان سه‌ردانی گه‌ڕه‌كه كوردییه‌كانی ئه‌و شارۆچكه‌یه‌یان نه‌كردووه، بۆیه ره‌خنه‌یان هه‌بوو."
ئه‌و نوێنه‌ره كورده كه ئه‌ندامی لیژنه‌ی مافی مرۆڤی په‌رله‌مانی عێراقه، دوای ئاشكرابوونی ئه‌و زانیارییانه پێوه‌ندی به ئۆفیسی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كردووه و داوای روونكردنه‌وه‌ی هۆكاری سه‌ردانینه‌كردنی گه‌ڕه‌كه كوردییه‌كانی كردووه.
(ئه‌شواق جاف) ده‌ڵێ، "پێمگوتوون بۆچی سه‌ردانیان نه‌كردووه و ئه‌گه‌ر جارێكی دیكه سه‌ردان بكه‌ن، ئایا ده‌چنه گه‌ڕه‌كه كوردییه‌كان؟"
بڕیاره شاندنی ئۆفیسی مافی مرۆڤی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان سبه‌ی (پێنجشه‌ممه) بۆ جارێكی دیكه سه‌ردانی خورماتوو بكاته‌وه.
فراكسیۆنه كوردییه‌كان له په‌رله‌مانی عێراق داوای پێكهێنانی لیژنه‌یان بۆ به‌دواداچوون و لێكۆڵینه‌وه له رووداوه‌كانی خورماتوو كردووه، به‌ڵام به هۆی پشووی په‌رله‌مانی به‌غداوه، ئه‌م لیژنه‌یه تا ئێستا پێك نه‌هاتووه. ئێستا نوێنه‌ره كورده‌كانی په‌رله‌مانی به‌غدا، ده‌یانه‌وێ چاویان به نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان (یانكۆبیچ) بكه‌وێ.
شه‌وی 15له‌سه‌ر16ی ئۆكتۆبه‌ری رابردوو، چه‌ند كه‌سێكی لایه‌نێكی كوردستانی به ڕێككه‌وتنێكی ژێربه‌ژێر(كه به خیانه‌تی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر ناوی ده‌ركرد)، ڕێی خۆش كرد بۆ سوپای عێراق و حه‌شدی شه‌عبی تا له‌شكركێشی بكه‌نه چه‌ند شار و شارۆچكه‌یه‌كی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم و ئێستا له‌ژێر كۆنترۆڵیاندایه.
ئه‌ندامانی كوردی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك و رێكخراوه ناوخۆییه‌كان، جه‌ختیان كردووه‌ته‌وه كه به سه‌دان خانووی كوردان له‌لایه‌ن چه‌كدارانی سه‌ر به حكوومه‌تی به‌غداوه تاڵان كراون، به ده‌یان خانوو ته‌قێندراونه‌ته‌وه و چه‌ندین هاووڵاتی كوردیش گیانیان له ده‌ست داوه.
سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی)، ره‌خنه له رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به تایبه‌ت نه‌ته‌وه یه‌كگرتووكان گرتووه و رایگه‌یاندووه "ئه‌و رێكخراوانه ده‌یانه‌وێ رووداوه‌كانی كه‌ركووك و خورماتوو به بچووك نیشان بده‌ن."
كاوه جه‌م