كه‌ریم قادر
ئه‌م مانشێته‌ی سه‌ره‌وه بێ جیاوازی قسه‌ی دڵی هه‌موو شیعه‌یه‌كی عێراقه، كه سه‌روسه‌ودایان له‌گه‌ڵ گه‌مه‌ی سیاسی‌دا هه‌یه، زیاتریش مه‌به‌ست عێراقی ژێر حكومڕانی تایفه‌ی شیعه‌ی عه‌ره‌به.
ئه‌مڕۆ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له وتارێكیدا كۆتاییی داعشی راگه‌یاند بێ ئه‌وه‌ی باسی رۆڵی پێشمه‌رگه له شكاندنی داعش بكات، هه‌روه‌ها هومام حهمموودیی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئیسلامی عێراق له كۆڕێكیدا له ئه‌نجوومه‌نی ستراتیژی بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه له تاران، تا پێی كرا له ده‌ركردنی داعش له عێراق په‌سنی رۆڵی هه‌ردوو عهلیهكهی (عه‌لی خامنه‌یی و عه‌لی سیستانی) كرد، كه تا ئێستایش له ئاستی جیاجیای سیاسی و هه‌واڵگریی نێوده‌وڵه‌تی، مشت‌ومڕ و تاوانباركردنێكی زۆر له‌سه‌ر ده‌ركه‌وتن و پوكانهی سه‌ربازییانه‌ی هه‌یه.
هه‌ن پێیانوایه داعش ئامرازێكی ئێرانی بوو بۆ دروستكردنی هێزی ناوبانگی ئێران، وتاره كڕۆك لێكچووه‌كانی عه‌بادی له به‌غدا و حه‌مموودی له تاران، به‌تایبه‌تی پێشتریش زیاتر له جارێك له‌لایه‌ن گه‌وره‌به‌رپرسانی ئێرانی و عێراقی بیستوومانه، كه "ئه‌گه‌ر ئێران نه‌بوایه داعش به‌غدای داگیر ده‌كرد." راستیی ئه‌و بۆچوونه ده‌سه‌لمێنێت، كه ره‌نگه مه‌به‌ست له داعش ئه‌وه بووبێت له‌پێناو پرۆژه‌ی ژیاندنه‌وه‌ی ئیمپراتۆری فارسی، ئێران به قاره‌مان وێنا بكه‌ن، كه ئه‌ركی سه‌ره‌كیی گشت سیاسه‌تكار و پیاوانی ئایینی شیعه‌ی عێراقیه به وانه‌شه‌وه، كه ئه‌مریكا ئومێدی رزگاركردنی عێراقی له هه‌ژموونی ئێران له‌سه‌ر هه‌ڵچنیون.
ئایا جیهانی ئازاد تاسه‌ر خۆی له سه‌ره‌ڕۆییه‌كانی ئێران له گێلی ده‌دات یا له كاتێكی گونجاو‌دا گورزێكی كه‌مه‌رشكێنی لێ ده‌وه‌شێنێ، كه دواجار به زه‌ره‌ری هه‌موو ئه‌وانه ته‌واو ده‌بێت، كه به پیكهدرۆزنهكهی ئێران هه‌ڵده‌په‌ڕن؟ با ئه‌و پرسیاره بۆ رووداوه چاوه‌ڕوانكراوه‌كان جێبهێڵین.
ئه‌گه‌ر به دیوێك گوته‌كه‌ی حه‌مموودی له تاران به‌شێك بێت له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن بۆ به‌ده‌ستهێنانی لاگیریی جووته ئه‌كته‌ری چه‌سپاندنی سیاسه‌ت و ده‌سته‌ڵاتی شیعه‌گه‌رایی به زه‌بری هێزه‌وه بێت، به دیوه‌كه‌ی دی‌دا راستییه‌كی تێدایه، كه له روانگای ئه‌و قاره‌مانه وێناكراوه وڵاتێك یا گه‌لێك نه‌ماوه به ناوی عێراق، ئه‌وه‌ی هه‌یه و هه‌بوو، ته‌نها و ته‌نها میكانیزمی ژیاندنه‌وه‌ی ئیمپراتۆری سه‌فه‌وییه. واتا داعشیان بۆ ئه‌وه دروست كرد و به‌ریان دایه گیانی عه‌ره‌بی سوننه و كورد، تا رێگه‌ی ژیاندنه‌وه‌ی ئه‌م ئیمپراتۆریه ته‌خت بكه‌ن. فره‌وانكردن و فرهڕهگهزكردنی سوپای پاسداران پێویستی به خوڵقاندنی ئاژاوه‌یه‌ك له ناوچه‌كه‌دا هه‌بوو. بۆیه به مۆر و فه‌توای دوو عهلییهكه به ناوی پاراستنی عه‌ته‌باتی موقه‌ده‌سه‌ی شیعه حه‌شدی شه‌عبییان دروست كرد، بۆئه‌وه‌ی ببنه ده‌سته‌خوشكی حزبوڵڵای لوبنانی له چوارچێوه‌ی سوپای پاسداران، كه تائێستا له سایه‌ی بێده‌نگیی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی سه‌ركه‌وتنی به ده‌ست هێناوه.
هه‌ر له چوارچێوه‌ی ئه‌م سیاسه‌ته، كۆمه‌ڵێك ئه‌كته‌ری لاوه‌كی سه‌ربازی و سیاسی‌یان دروست كردووه، كه له بنه‌ڕه‌ته‌وه له درۆیه‌كی گه‌وره زیاتر نییه، چونكه دواجار هه‌موویان له خزمه‌ت سیاسه‌ته‌كه‌ی ئێرانن. بۆ نموونه له عێراق عه‌بادی رۆڵێك ده‌گێڕێ، كه گوایه توانیویه‌تی شكست به سیاسه‌تی دابه‌شكردنی عێراق بهێنێ، كه به قه‌ولی ئه‌وان نه‌خشه‌ی ئه‌مریكای شه‌یتان و ئیسرائیلی زایۆنییه. له پاڵ ئه‌وه‌شدا بۆ نانه‌وه‌ی ترس كۆمه‌ڵێك شێره‌به‌فرینه‌ی سه‌ربازییان دروست كردووه وه‌ك قه‌یس خه‌زعه‌لی و كه‌عبی و چه‌ندانی دی. ئه‌گه‌ر خه‌ڵكانێكی ساویلكه و به‌رژه‌وه‌ندخواز به‌وه فریو بخۆن، به‌ڵام خه‌ڵكی شۆڕشگێڕ و به ناووبانگ هه‌رگیز فریو نادرێت، چونكه گه‌مه‌كه لێره كۆتایی نه‌هاتووه، له ماوه‌یه‌كی نزیكدا له مه‌یدانی راسته‌قینه رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كه ده‌بینین و ناوبانگی درۆینه كورت ده‌هێنێ، به‌تایبه‌تی له ئێستا بۆ كورد و عه‌ره‌بی سوننه هه‌قیقه‌تی درۆكانی عه‌بادی ئاشكرا بووه، كه قه‌ره‌قۆزی ده‌ستی ئێرانه بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی فره‌پێكهاته و جیاوازی و ناكۆكیی مه‌زهه‌بی عێراق، به‌و نمایشه رۆژ به رۆژ بازنه‌ی یاریی له‌و ئه‌كته‌ره ساخته‌كارانه ته‌سكتر ده‌بێته‌وه، له‌گه‌ڵیشیدا پرۆژه‌كه‌ی ئێران به‌ره‌و لێژی ده‌ڕوات. واتا ئه‌گه‌ر ئێران ده‌ستبه‌رداری ئه‌و ویسته نه‌بێت، كه دووریشه ده‌ستبه‌رداری بێت، له خوله‌كه‌كانی كۆتاییی یارییه‌كه ئاژاوه‌كانی به‌غدا، سه‌نعا، بێروت و دیمه‌شق ده‌بنه مار و له ملی ده‌ئاڵێ، كه ئێستا كیفهكیف و جلیتی ده‌بینرێت و ده‌بیسترێت. ئاخر ئێستا سه‌رده‌می شیر و رم نییه، به‌ڵكو سه‌رده‌می كلیكه.