Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SAT, 16 DEC 2017 09:59 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
نوێبوونەوە . دادپەروەری . پێکەوەژیان
 

حکوومەتی هەرێم وەڵامی عەبادیی دایەوە: خه‌ڵكی كوردستان بڕوایان به‌ قسه‌كانت نییه‌
| KDP.info


هەولێر-KDP.info-  ئەمڕۆ گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی قسەکانی دوێنێی سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی عێراقی دایەوە سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەران و فڕگەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵێک پرسی دی، ئەمەش دەقی روونکردنەوەی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە:

ده‌رباره‌ى لێدوانه‌كانى دوێنێ سێشه‌ممه‌ ٥/١٢/٢٠١٧ى (حه‌یده‌ر عه‌بادى)، سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراق كه‌ له‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌ هه‌فتانه‌ییه‌كه‌یدا باسى له هه‌رێمى كوردستان كردبوو، (سه‌فین دزه‌یى) گوته‌بێژى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ لێدوانێكدا بۆ ماڵپه‌ڕى حكوومه‌ت، ڕایگه‌یاند:

(عه‌بادى) چه‌ندین جاره‌ باسى ئه‌وه‌ ده‌كات گوایه‌ مووچه‌ى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستان ده‌نێرێت و بۆ ئه‌مه‌ش خه‌ریكى وردبوونه‌وه‌ن له‌ لیسته‌كانى مووچه‌خۆرانى هه‌رێم، به‌ڵام وه‌ك پێشتریش گوتوومانه‌ حكوومه‌تى فیدراڵ تا ئێستا هیچ لیستێكى له‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى داوا نه‌كردووه‌، بۆیه‌ ئاگادار نین و نازانین ئه‌وانه‌ كام لیستانه‌ن كه‌ حكوومه‌ته‌كه‌ى (عه‌بادى) خه‌ریكى لێوردبوونه‌وه‌یانه‌؟! خه‌ڵكى كوردستان ئیتر باش له‌وه‌ تێگه‌یشتووه‌ كه‌ ئه‌وه‌ له‌ لێدوانى میدیایى بترازێ، هیچى تر نییه‌، بۆیه‌ هیچ متمانه‌یه‌كى به‌و قسانه‌ نه‌ماوه‌.

ده‌رباره‌ى بابه‌تى ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان و به‌رده‌وامیى داخستنى فڕۆكه‌خانه‌كانى هه‌رێمى كوردستانیش، (دزه‌یى) دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ به‌پێى مادده‌ى (١١٤)ى ده‌ستوورى عێراق، به‌ڕێوه‌بردنى ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان به‌ ته‌نیا ده‌سه‌ڵاتى حكوومه‌تى فیدراڵ نییه‌، به‌ڵكوو به‌ هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ هه‌رێم به‌ڕێوه‌ ده‌برێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هه‌میشه‌ ڕامانگه‌یاندووه‌ كه‌ حكوومه‌تى هه‌رێم ئاماده‌ى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگییه‌.

هه‌رچى داخستنى فڕۆكاخه‌كانیشه‌، ئه‌وه‌ سزادانى هاووڵاتیانى هه‌رێمى كوردستانه‌، سزادانى ئه‌و نه‌خۆش و پێشمه‌رگانه‌یه‌ كه‌ له‌ كاتى به‌رگرى له‌ هه‌رێمى كوردستان و له‌ عێراق له‌ شه‌ڕى دژى داعشدا بریندار بوون و پێویستییان به‌ چاره‌سه‌ره‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵات. سه‌فه‌ركردن له‌ ڕێگه‌ى فڕۆكه‌خانه‌كانى به‌غدا، یان شاره‌كانى دیكه‌ى عیراقه‌وه‌ هێنده‌ ئاسان نییه‌ وه‌ك (عه‌بادى) باسى ده‌كات، هه‌م تێچووى سه‌فه‌ر له‌سه‌ر هاووڵاتیان زیاد ده‌كات، هه‌م كاتێكى زۆریان ده‌گرێت. پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ بۆچى هاووڵاتییه‌كى به‌غدا، یان نه‌جه‌ف، یان به‌سرا مافى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ له‌ شاره‌كه‌ى خۆیه‌وه‌ ڕاسته‌وخۆ سه‌فه‌رى ده‌ره‌وه‌ى وڵات بكات، به‌ڵام هاووڵاتییه‌كى هه‌رێم ئه‌و مافه‌ى نییه‌؟! ئه‌مه‌ كوێى هاووڵاتیبوونه‌؟!!

ده‌رباره‌ى حكوومه‌تى هه‌رێم و كێشه‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستانیش كه‌ (عه‌بادى) باسى كردووه‌، به‌ڕێز دزه‌یى گوتى: كاتى ئه‌وه‌مان نییه‌ باسى ئه‌و هه‌موو كێشه‌ و كه‌موكوڕیانه‌ بكه‌ین كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى ده‌ستبه‌كاربوونى كابینه‌كه‌ى عه‌بادییه‌وه‌ به‌رۆكى حكوومه‌ته‌كه‌ى گرتوون، ئه‌مه‌ بابه‌تى ئێمه‌ نییه‌ و هیچ سوودێكیشى بۆ ئه‌م دۆخه‌ نییه‌. ده‌رباره‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیش، ئه‌وه‌ شه‌رعییه‌تى له‌ په‌رله‌مان و گه‌لى كوردستان وه‌رگرتووه‌ و هیچ پێویستییه‌كى به‌ شه‌رعیه‌تپێدانى خه‌ڵكى دیكه‌ نییه‌، به‌ شێوه‌یه‌كى یاساییش به‌ دوو خولى ته‌شریعى له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانى كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌سه‌ڵاتى ته‌واوى به‌سه‌ر هه‌موو كایه‌یه‌كى هه‌رێمى كوردستاندا هه‌یه‌.

(دزه‌یى) دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌میشه‌ ڕایگه‌یاندووه‌، ڕاستگۆیانه‌ و به‌ نیازپاكییه‌وه‌ داواى گفتوگۆ بۆ چاره‌كردنى كێشه‌كان ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وه‌ى كه‌ وه‌ڵام ناداته‌وه‌ و ته‌نیا له‌ ڕێگه‌ى میدیا و كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌وه‌ ـ بۆ پڕۆپاگه‌نده‌، نه‌ك بۆ چاره‌سه‌ر ـ به‌رده‌وام باسى چاره‌سه‌ر و لێكگه‌یشتن و ده‌ستوور و هاووڵاتیبوون و ئه‌و ده‌سته‌واژانه‌ ده‌كات، به‌ڕێز عه‌بادییه‌، ئه‌مه‌ش به‌دڵنیاییه‌وه‌ هیچ خزمه‌تێك به‌ دۆخه‌كه‌ ناكات و نابێته‌ هۆى چاره‌سه‌رێكى جیددى بۆ كێشه‌كان، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆى به‌رده‌وامیى ناسه‌قامگیرى.




دوایین هەواڵەکان

ئەمەریکا زەنگی جەنگێکی نێودەوڵەتیی لە دژی ئێران لێ دا

FRIDAY, 15 DECEMBER 2017 19:12:00

هەولێر-KDP.info-  باڵیۆزی ئەمەریکا لە یوئێن، زەنگی جەنگێکی نوێی بۆ ئێران لێ دا و، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییش، دێکۆمێنتی لایە کە ئێران دەستوەردانی کردووە لە یەمەن. بەگوێرەی قسەکانی (نیکی هێلی)، ئەمەریکا هاوپەیمانێتییەکی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناویندا پێک دەهێنێ.

کوڕی دۆستێکی کورد بوو بە سەرۆکوەزیرانی پۆڵۆنیا

FRIDAY, 15 DECEMBER 2017 19:12:54

پۆڵۆنیا-KDP.info-  (ماتێوش مۆراڤێچکی) وەک سەرۆکوەزیرانی نوێی پۆڵۆنیا دەستبەکار بوو، (ماتێوش) کوڕی پەرلەمانتارێکی دۆستی گەلی کوردە کە لە کاتی ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان باوکی (ماتێوش) وەک چاودێر لە کوردستانبوو و لەکاتی گەڕانەوەیشی بۆ پۆڵۆنیا رایگەیاند،  ئەو پێکەوەژیانەی لە کوردستان هەیە پێویستە ببێتە نمونەیەک بۆ رۆژهەڵاتی ناوین.

حەشد نەیهێشت ئێزدییەکان بە ئارامی لە شنگال جەژن بگێڕن

FRIDAY, 15 DECEMBER 2017 18:12:37

شنگال-KDP.info- هاووڵاتییەک لە شنگال دەڵێ، حەشدی شەعبی نەیهێشت ئێزدییەکان بە ئارامی جەژن لە شنگال بگێڕن، هەروەها نەیهێشت ئێزدییەکان نەریتێکی ساڵانەیان بەجێبێنن کە لە جەژندا سەردانی گۆڕستان دەکەن.

یەکێتیی مافپەروەرانی نێودەوڵەتیی، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی خورماتوو دەکات

FRIDAY, 15 DECEMBER 2017 12:12:23

هەولێر-KDP.info-  شاندێکی یەکێتیی مافپەروەرانی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی خورماتوو گەیشتوونەتە ھەرێمی کوردستان و ئەندامێکی یەکێتیی مافپەروەرانی نێودەوڵەتییش دەڵێ، ھەموو ھەوڵێک بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی حەشدی شەعبی بەرانبەر بە گەلی کورد دەدەین.

چوار کچی دیکەی ئێزدی رزگار کران

FRIDAY, 15 DECEMBER 2017 09:12:01

شنگاڵ-KDP.info-  بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعش دەڵێ، ئەمڕۆ توانرا چوار کچی دیکەی کوردی ئێزدی لە دەستی داعش رزگار بکرێن.



 
© 2017 Kurdistan Democratic Party, KDP