خورماتوو-KDP.info- قایمقامی قەزای خورماتوو ئاشکرای کرد، هەوڵێک هەیە لە لایەن تورکمانەوە کە ئەو لە پۆستەکەی لا بدەن، بەتایبەت لە ڕێگەی ئەنجومەنی قەزای خورماتووەوە.
قەزای خورماتوو لە ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە کەوتووەتە ژێر کۆنتڕۆڵی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و زیاترین تاوان لەو قەزایە دژ بە گەلی کورد تۆمار کراون. بە شێوەیەک زۆرینەی خانووی کوردەکان تێک دراون و تاڵان کراون، خەڵکەکەیشی ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بووە، لەبارەی ڕەوشی ئێستای خورماتوو و ھەوڵەکان بۆ ناردنی ھێزی دیکە، (شەلال عەبدول)، قایمقامی قەزای خورماتوو بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئێستا ھیچ ھەوڵێک بۆ ھێورکردنەوەی ڕەوشی خورماتوو نییە، چونکە ئێمە شاندی دانوستانکارمان نییە لە نێوان ھەرێم و بەغدا، ئەوەی ھەیە پێش چەند ڕۆژێک لەسەر داوای ژمارەیەک پەرلەمانتار و وەزیر و ئێمەش داوامان لە (حەیدەر عەبادی)، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، فەوجێکی سەر بە گاردی سەرۆککۆمار ڕەوانەی خورماتوو بکرێت، بەڵام حەشدی شەعبی ئەوەی ڕەت کردەوە، کە ھیچ ھێزێک بچێتە نێو خورماتووەوە، لەبەر ئەوەش ڕەوشەکە وەک خۆیەتی و ھیچ ھێزێکی سەر بە سەرۆکایەتیی کۆمار و ھێزی ھاوبەش نەچووەتە نێو قەزای خورماتوو، تەنیا گرووپەکانی حەشدی شەعبی و تورکمانەکانن لە سنوورەکە، ھەر ئەوانیش واتە بەشێک لە تورکمان دەستیان لەو ھەموو تاوانەی دژی کورد لە خورماتوو ھەیە.''
لەبارەی لادانی قایمقام و دانانی کەسێکی دیکە، (شەلال عەبدول) ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''لە ڕووی یاساییەوە ھەتا ئێستا ھەر خۆم قایمقامی خورماتووم و مۆڵەتم وەرگرتووە، نزیکترین بەڕێوەبەری ناحیە بە وەکالەت کاروبارەکانی قایمقامیەت بەڕێوە دەبات، وەک فەرمی ھیچ زانیاریم بۆ نەھاتووە، کە من لا ببرێم لە پۆستەکەم، بەڵام ھەوڵێکی زۆر ھەیە لە لایەن تورکمانەوە، بەتایبەتی لە ڕێگەی ئەنجومەنی قەزای خورماتووەوە، بۆ ئەوەی من لا بدەن و کەسێکی تورکمانی سەر بە خۆیان بکەنە قایمقامی خورماتوو.''
قائید میرۆ