Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
TUE, 23 APR 2024 21:41 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

ڕەنگین عەبدوڵڵا: عەبادی پێی لە بەڕەی خۆی زیاتر ڕاکێشاوە.. دەتوانین سکاڵا لە دژی بەرز بکەینەوە
| KDP.info


 

هەولێر-KDP.info-  دوابڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراق و بەیاننامەی (سەرۆک بارزانی) لەبارەی ئەو بڕیارەوە، بەشێک لە شارەزایانی یاسایی و سیاسیی هان داوە باس لە کۆمەڵێک مەرجی کوردستانی بۆ دانوستانی نێوان حکوومەتەکانی بەغدا و هەولێر و تەنانەت بەرزرکردنەوەی سکاڵا لەسەر (حەیدەر عەبادی) بکەن.

دادگای باڵای فیدراڵی لە دوابڕیاری خۆیدا رایگەیاند، کە ریفراندۆمی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان "نادەستوورییە و سەرجەم شوێنەوار و دەرەنجامەکانی هەڵدەوەشێتەوە".
(رەنگین عەبدوڵڵا) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پێی وایە، کورد دەتوانێ "سوود" لەو بڕیارەی دادگای باڵای فیدراڵی وەربگرێت.
ئەو بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، "راوێژم بە چەندین شارەزای یاسایی و دەستووری کردووە و ئەوان پێیان وایە، کورد تەنانەت ئەگەر لە رووی یاساییشەوە نەیتوانێ سوود لەو بڕیارە وەربگرێ، بەڵام لە رووی سیاسییەوە دەتوانێ دەستی پێوەبگرێت."
بە ڕای ئەو پەرلەمانتارە، ئێستا دەرفەتە بۆ ئەوەی کورد کار لەسەر ئەو بەشەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بکات کە جەخت لەسەر "هەڵوەشاندنەوەی شوێنەوار و دەرەنجامەکانی ریفراندۆم" دەکاتەوە.


حکوومەتی بەغدا دوای بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان، لە ١٦ـی ئۆکتۆبەری رابردوودا لەشکرکێشیی سەربازیی بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەستپێکرد، دەستی بەسەر چەندین کێڵگەی نەوتیدا گرت و خاڵە سنووری و فرگەکانی هەرێمی کوردستانی داخستن.
هەرێمی کوردستان بە هۆی ئەو بڕیارانەی بەغداوە کە کورد وەک سزادان سەیری دەکات، تووشی چەندین گرفت بووەتەوە، تەنانەت لە رووی گەیاندنی هاوکاری بە نزیکەی ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار ئاوارە کە لەو هەرێمەدا دەژیێن.

"بەیاننامەکەی کاک (مەسعوود) بەهێز بوو"
(سەرۆک بارزانی) چەند سەعاتێک دواتر وەڵامی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دایەوە و لە راگەیەندراوێکدا کە ئاراستەی رای گشتی کردبوو، بە تەواوی یاساییبوونی دادگای فیدراڵی خستە ژێر پرسیارەوە.
دادگای فیدڕاڵیی عێراق بەر لە پەسەندكردنی دەستووری عێراق  دروست كراوە و دەبوایە لە دوای پەسەندكردنی دەستووری نوێی عێراق لە ساڵی 2005، ئەو دادگەیەی ئێستا هەڵبوەشێتەوە و دادگایەك بەپێی پێوەرە دەستوورییەكان كە لە ماددەی 92ـی دەستووردا هاتووە دابمەزرێت و، یاسایەكی بۆ دەربچێت، بەڵام تا ئێستا یاسای بۆ دەرنەچووە.
(سەرۆک بارزانی) لە ڕاگەیێندراوەکەیدا جەخت دەکاتەوە لەوەی، "لە ساڵی 2005ـەوە تا ئێستا ئەو دادگایە بەبێ ئەوەی بنەمای دەستووری و یاسایی هەبێت لە كارەكانی بەردەوام بووە." هاوکات رەخنە لەوەش دەگرێ تا ئێستا ئەو دادگایە لە جێبەجێکردنی دەیان ماددەی دەستووری بێدەنگ بووە.
سەرەڕای سزادانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە و پشتگیریی نێودەوڵەتی لە حکوومەتەکەی (حەیدەر عەبادی)، (رەنگین عەبدوڵڵا) پێی وایە "کورد تا ئێستایش پێگەی لە عێراقدا بەهێزە و نابێ بە لاوازی بچێتە ناو دانوستانەکانەوە و دەبی بوێر بێت."
ئەو کە لەسەر پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە، دەڵێ، "بەیاننامەکەی کاک (مەسعوود) زۆر بەهێز بوو و روونکردنەوەیەکی تەواو یاسایی و دەىستووری لەبارەی دادگای فیدراڵییەوە تێدا بوو. ئێمە بەو تێبینیانە و بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کە زۆر گشتگیرە، دەتوانین داوای روونکردنەوەی زیاتر لە دادگا بکەین و تەنانەت دەتوانین بە هۆی ئەو رێوشوێنانەی بەرانبەر بە هەرێمی کوردستانی گرتوویەتەبەر و بە پشتبەستن بە ماددەی ٦٨ـی دەستوور، سکاڵا لە دژی (حەیدەر عەبادی) سەرۆکوەزیرانی عێراق بەرز بکەینەوە."

مەرجەکانی هەولێر بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا
دوای بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان، تەنانەت پەرلەمانی عێراقیش هەندێ بڕیاری دژ بە کوردستان دەرکرد. پەرلەمانتارانی کورد بە تەواوی رەخنەیان لەو بڕیارانە هەیە و پێیان وایە ئەوە پێشێلکردنێکی روون و ئاشکرای دەستوورە.
(رەنگین عەبدوڵڵا) دەڵێ، "پەرلەمانی عێراق کاری دەرکردنی یاسا و چاودێریکردنی چۆنیەتیی جێبەجێکردنیەتی نەک دەرکردنی بڕیار. ئەو کارەی پەرلەمانی بەغدا بە تەواوی دژی پێڕۆی ناوخۆ، یاسا و دەستوورە."
بیانووی پەرلەمانی بەغدا و (حەیدەر عەبادی) بۆ لەشکرکێشیی سەر کوردستان و سزادانی تەنیا هەرێمە ئارامەکەی عێراق، "جێبەجێکردنی دەستوور" بووە، بەڵام ئێستا کۆمەڵگای نێودەوڵەتییش بە تەواوی بۆی روون بووەتەوە کە هەموو هەنگاوانە "پێشێلکردنی دەستوورە."
پەرلەمانتارەکەی یەکێتی پێی وایە، بە هۆی پشتگیریی نێودەوڵەتییەوە، سەرۆکوەزیرانی بەغدا "پێی لە بەڕەی خۆی زیاتر راکێشاوە" و پێویستە کورد "بوێرانە" دەست بە دانوستان بکات.
ئەو دەڵێ، "حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێ داوای هەڵگرتنی هەموو ئەو سزایانە بکات کە بە هۆی ریفراندۆمەوە دژ بە هەرێم جێبەجێ کراون. هەروەها داوای جێبەجێکردنی خێرای ماددەی ١٤٠ لە دەستووری هەمیشەییی عێراق بکات و ئەگەر بەغدا ئەو کارانەی کرد، دواتر بچێتە ناو دانوستان لەگەڵ بەغدا."
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دووپاتی کردووەتەوە کە ئامادەی دانووستانی "جیدیی"ـیە لەگەڵ بەغدا، بەڵام تا ئێستا لەلایەن بەغداوە پێشوازی لەو ئامادەییەیان نەکراوە. کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، حکوومەتەکانی هەولێر و بەغدا هان دەدەن دەست بە دانوستان بکەن و دواجار حکوومەتی ئەڵمانیا جەختی کردەوە کە ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی بەغدادایە.

کاوە جەم
 




دوایین هەواڵەکان

سەرۆكایەتی هەرێم و نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان تاوتوێی پرسی هەڵبژاردنیان كرد

TUESDAY, 23 APRIL 2024 20:04:51

ھەولێر-KDP.info- لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و بەرپرسێكی باڵای یۆنامی، تاوتوێی كێشە و بەربەستەكانی بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و هەروەها كورسی پێكهاتەكان كرا.

 
لە پارێزگای سەلاحەددین کورد دوو پۆستی بەدەستهێنا

TUESDAY, 23 APRIL 2024 18:04:03

سەلاحەددین _KDP.info_ ڕاوێژکاری پارێزگاری سەلاحەددین بۆ کاروباری ئەمنی دەڵێت، ئەمڕۆ ژمارەیەک پۆستی دیکەی پارێزگای سەلاحەددین یەکلاکرانەوە و دوو پۆستی پارێزگاکەش بەر کورد کەوتن، ڕاوێژکاری پارێزگاری سەلاحەدین بەر پارتی دیموکراتی کوردستان و بەڕێوەبەری وەبەرھێنانیش بەر یەکێتی نیشتمانی کەوت.

 
میری ئێزدیان بۆ KDP.info: سەرۆک بارزانی پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ ئێزدیان دووپات کردەوە

TUESDAY, 23 APRIL 2024 16:04:38

شێخانKDP.info-  میر حازم تەحسین  بەگ میری ئێزدیان لە جیهان ڕایگەیاند، کۆبوونەوەیەکی زۆر بەرهەمدارمان لەگەڵ سەرۆک بارزانی مان ئەنجامدا و پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ ئێزدیان دووپات کردەوە.

 

سیاسەتڤانێک: تورکیا دەیەوێ پەیوەندییە ئابووریەکانی لەگەڵ کوردستان بەهێزتر بکات

TUESDAY, 23 APRIL 2024 16:04:43

تورکیا _KDP.info_ موستەفا ئۆزجەلیک، سیاسەتڤان و شارەزای سیاسەتی تورکیا دەڵێت: تورکیا دەیەوێ لە زۆر ڕووەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان باشتر بکات.

 

بەنداوەکانی دھۆک نوژەن دەکرێنەوە

TUESDAY, 23 APRIL 2024 16:04:21

دھۆک-KDP.info-  بەڕێوەبەری ئاودێری پارێزگای دھۆک دەڵێت: ژمارەیەک بەنداو بەھۆی لافاوی مانگی ڕابردوو زیانیان بەرکەوتووە، بڕیارە ھەموو ئەو بەنداوانەی زیانیان پێگەیشتووە نوژەن بکرێنەوە.

 



 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact