هەولێر-KDP.info- په‌رله‌مانتارانی پارتی دیموكراتی كوردستان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كۆ ده‌بنه‌وه و له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا بڕیار له گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ به‌غدا ده‌ده‌ن. پێشتر شاندێكی كورد له‌گه‌ڵ فراكسیۆنی چه‌ند لایه‌نێكی عێراقی له به‌غدا، له‌سه‌ر ئه‌و پرسه كۆ بوونه‌ته‌وه.
دوای به‌ڕێوه‌چوونی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان و هێرشی حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراق بۆ سه‌ر كوردستان، به‌شێكی زۆری په‌رله‌مانتارانی كوردی په‌رله‌مانی به‌غدا گه‌ڕانه‌وه بۆ كوردستان، دوای ماوه‌یه‌كیش چه‌ند ئه‌ندام په‌رله‌مانێكی كورد گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌غدا، به‌ڵام تا ئێستا فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاری گه‌ڕانه‌وه‌ی نه‌داوه.
(عه‌ره‌فات كه‌ره‌م)، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای ده‌كات، ڕۆژانی دادێ فراكسیۆنه‌كه‌یان كۆ دەبێته‌وه و بڕیار له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ به‌غدا دەدرێت.
(عه‌ره‌فات كه‌ره‌م) به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی ده‌ڵێت: ''ڕه‌نگه سبه‌ی فراكسیۆنی پارتی كۆ ببێته‌وه و تێیدا بڕیار له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ به‌غدا بده‌ن.''
ده‌وڵه‌تی یاسا هه‌ڕه‌شه لە كورد ده‌كات
دانیشتووانی كوردستان به ڕێژه‌ی 92.7ی له ڕیفراندۆمدا ده‌نگیان به سه‌ربه‌خۆیی دا. په‌رله‌مانتارانی كورد به‌شێك له ده‌نگه "به‌ڵێ"یه‌كان بوون، هه‌ر بۆیه‌ش له لایه‌ن په‌رله‌مانتارانی عه‌ره‌ب و به‌تایبه‌ت شیعه‌كانه‌وه، هه‌وڵ ده‌درێت پارێزبه‌ندی له‌و په‌رله‌مانتاره كوردانه بسێندرێته‌وه و بدرێنه دادگا.
هه‌فته‌ی ڕابردوو شاندێكی په‌رله‌مانتارانی كورد، كه له ئه‌ندامانی پارتی، یه‌كێتی و یه‌كگرتوو پێك هاتبوون، له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانی به‌غدا و چه‌ند لایه‌نێكی سیاسی كۆ بوونه‌ته‌وه. وه‌ك (عه‌ره‌فات كه‌ره‌م) ئاشكرای ده‌كات، ئه‌وان ویستوویانه هه‌ڵوێستی فراكسیۆنه‌كانی دیكه‌ی په‌رله‌مان له‌باره‌ی دۆخی ئێستای عێراق و پێوه‌ندیی نێوان حكوومه‌ته‌كانی به‌غدا و هه‌ولێر بزانن.
سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له په‌رله‌مانی به‌غدا ده‌ڵێت: ''ئێمه ده‌مانه‌وێ به شكۆوه بگه‌ڕێینه‌وه به‌غدا.''
ئه‌و به‌شه‌ی په‌رله‌مانتارانی كورد له كاتێكدا ده‌یانه‌وێت بۆ به‌غدا بگه‌ڕێنه‌وه، كه ئه‌گه‌ری لێ سه‌ندنه‌وه‌ی پارێزبه‌ندی لێیان، ئه‌گه‌رێكی كراوه‌یه. ئێستا چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی به‌غدا و به‌تایبه‌ت ئه‌ندامانی سه‌ر به ده‌وڵه‌تی یاسا به سه‌رۆكایه‌تیی (نووری مالیكی) له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له به‌شێكی په‌رله‌مانتارانی كورد، بخرێته به‌رنامه‌ی كاری په‌رله‌مانه‌وه.
(بێریڤان خه‌یڵانی)، به‌رپرسی پێوه‌ندییه‌كانی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له په‌رله‌مانی به‌غدا، ئاشكرای ده‌كات، شاندی هاوبه‌شی په‌رله‌مانتارانی پارتی، یه‌كێتی و یه‌كگرتوو له‌گه‌ڵ چه‌ندین فراكسیۆن كۆ بوونه‌ته‌وه.
ئه‌و، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێت: ''شانده‌كه له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك پرس و یه‌ك له‌وانه سه‌ندنه‌وه‌ی پارێزبه‌ندی له چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی كورد، له‌گه‌ڵ كوتله‌كانی ناو په‌رله‌مانی به‌غدا كۆ بوونه‌ته‌وه و پشتگیریی زۆری لایه‌نه سیاسییه‌كانیان وه‌رگرتووه.''
پێشتر بڵاو كرایه‌وه كه 14 په‌رله‌مانتاری كورد هه‌وڵی لێ سه‌ندنه‌وه‌ی پارێزبه‌ندی و درانه دادگایان ده‌درێت، به‌ڵام ئێستا وه‌ك (بێریڤان خه‌یڵانی) ده‌ڵێت: ''په‌رله‌مانتارانی ده‌وڵه‌تی یاسا جه‌خت له‌سه‌ر ناوی 20 په‌رله‌مانتاری كورد ده‌كه‌نه‌وه.''
كورد هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات ناوی په‌رله‌مانتارانی كورد و پرسی لێ سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌یان به هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌خرێته ناو به‌رنامه‌ی كاری په‌رله‌مانه‌وه، ''به‌ڵام په‌رله‌مانتارانی سه‌ر به ده‌وڵه‌تی یاسا له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ی خۆیان سوورن.''
په‌رله‌مانی عێراق، 328 ئه‌ندام په‌رله‌مانی هه‌یه، به‌ڵام وه‌ك (بێریڤان خه‌یڵانی) ئاشكرای ده‌كات، تا ئێستا هیچ كاتێك كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان به ئاماده‌بوونی هه‌موو ئه‌ندامان به‌ڕێوه نه‌چووه و له زۆرترین حاڵه‌تدا گه‌یشتووه‌ته 291 په‌رله‌مانتار.
كۆبوونه‌وه‌ی گشتیی په‌رله‌مان، پێویستی به ئاماده‌بوونی 165 ئه‌ندام هه‌یه و بۆ بڕیاری لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له په‌رله‌مانتارانی كورد، پێویسته به زۆینه‌ی ده‌نگی په‌رله‌مانتاران بێت. ئێستا مه‌ترسیی ئه‌وه هه‌یه سه‌ره‌ڕای هاوڕایی كوتله‌كانی دیكه‌ی به‌غدا له‌گه‌ڵ كورد، به‌ڵام ده‌وڵه‌تی یاسا له ڕێگه‌ی 90 په‌رله‌مانتاره‌كه‌یه‌وه، پرسی لێ سه‌ندنه‌وه‌ی پارێزبه‌ندی له په‌رله‌مانتارانی كورد و درانه دادگایان بگەیەنێته په‌رله‌مان و ده‌نگی پێویستیش به‌ده‌ست بێنێت.
كاوه جه‌م