هەولێر-KDP.info- ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی به‌غدا بڕیارێكی نوێی سه‌باره‌ت به مافی به‌شداریی هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانی له هه‌ڵبژاردنی دابێی په‌رله‌مانی عێراق ده‌ركرد. شاره‌زایانی سیاسی و یاسایی جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه، كه زیاتر له‌وه‌ی كورد ئامانجی ئه‌و بڕیاره بێت، هێز و لایه‌نه شیعه‌كان به ئامانج كراون.
ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی به‌غدا له كۆبوونه‌وه‌ی دوێنێی (سێشه‌ممه) خۆیدا، بڕیاری دا هه‌ڵبژاردنی دابێی په‌رله‌مانی عێراق له رۆژی 15ـی مانگی ئایاری دابێدا به‌ڕێوه بچێت. له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا ئه‌و بڕیاره‌ش په‌سند كراوه كه هه‌ر هێز و لایه‌نێكی سیاسی، هێزی چه‌كداری هه‌بێت، مافی به‌شداربوونی له هه‌ڵبژاردنه‌دا نییه.
پلانی نوێی (عه‌بادی)
زیاتر له مانگێگه په‌رله‌مان و حكوومه‌تی به‌غدا كۆمه‌ڵێك بڕیاریان به‌رانبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان ده‌ركردووه، هه‌ر بۆیه‌ش كورد پێی وایه سه‌ری ڕمی بڕیاره‌كه‌ی دوێنێی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، به‌ره‌و هه‌رێمی كوردستان و چه‌ند حزبێكی كوردییه.
(زانا رۆستایی) ئه‌ندامی لیژنه‌ی یاسایی له په‌رله‌مانی عێراق، بۆچوونی جیاوازتری به‌رانبه‌ر به‌و بڕیاره هه‌یه و پێی وایه، مه‌به‌ستی دیكه له پشت بڕیاره‌كه‌ی (حه‌یده‌ر عه‌بادی)ـیەوە هه‌یه و رووی زیاتری له هێز و لایه‌نه شیعه‌كانی عێراقه.
(رۆستایی) به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێ، "سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق به هۆی حه‌شدی‌شه‌عبییه‌وه گوشاری زۆری له‌سه‌ره و ته‌نانه‌ت هه‌ندێ كه‌س و لایه‌ن پێیان وایه ئه‌و هێزه له ژێر كۆنترۆڵی (عه‌بادی)ـدا نه‌ماوه، بۆیه ئێستا سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق به‌رنامه‌ی هه‌یه چوارچێوه‌یه‌ك بۆ ئه‌و هێزانه دابینێ و بچووكیان بكاته‌وه".
به بڕوای ئه‌و په‌رله‌مانتاره كورده كه سه‌ر به كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستانه، مه‌به‌ستی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی (عه‌بادی) له بڕیاره‌كه‌ی دوێنێی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیراندا به روونی دیاره، "ئێستا هێرشه‌كه له‌سه‌ر حه‌شدی‌شه‌عبییه، به‌ڵام ئه‌وانیش شه‌ڕی دژی ئه‌و بڕیاره ده‌كه‌ن، چونكه له راستیدا ژیان و مانه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه پابه‌نده به شه‌ڕه‌وه".
زۆربه‌ی هێز و لایه‌نه شیعه‌كانی به‌شداربوو له پرۆسه‌ی سیاسیی عێراقدا، باڵی سه‌ربازییان هه‌یه. رێكخراوی به‌در كه ئه‌ندامی له ناو په‌رله‌مانی عێراق و وه‌زیری له ناو حكوومه‌تی به‌غدادا هه‌یه، خاوه‌ن هێزی چه‌كدارن به سه‌رۆكایه‌تیی (هادی عامری). هه‌روه‌ها ره‌وتی حیكمه به سه‌رۆكایه‌تیی (عه‌مار حه‌كیم)، دوو هێزی چه‌كداری به ناوه‌كانی سه‌رایای عاشورا و سه‌رایای شوهه‌دا له ناو حه‌شدی شه‌عبیدا هه‌یه. سه‌رایای سه‌لامیش، سه‌ر به ره‌وتی ئه‌حراره.
جیا له بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی به‌غدا، له ناو یاسای حزبه‌كان و هه‌ڵبژاردنی عێراقدا، مادده هه‌یه كه باس له‌وه ده‌كات هه‌ر هێز و لایه‌نێكی سیاسی، خاوه‌نی هێزی چه‌كداری بێت، مافی به‌شداربوونی له هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌ماندا نییه.
(زانا رۆستایی) ئاشكرای ده‌كات كه تا ئێستا كار به‌و مادده یاساییه نه‌كراوه، "به‌ڵام ئێستا كه سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق داشه‌كه‌ی سواره، به‌پێی ته‌فسیر و به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی كار به ده‌ستووری عێراق و یاساكانه‌وه ده‌كات".
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا به شێوه‌یه‌كی فه‌رمیی رایگه‌یاند، كه (ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس) جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی فه‌رمانده‌یی حه‌شدی‌شه‌عبی "تیرۆریسته". پێشتریش (ریك تلیرسن) وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، له دوو كۆبوونه‌وه‌ی خۆیدا له‌گه‌ڵ (عه‌بادی) له ریاز و به‌غدا، داوای لێ كرد، حه‌شدی‌شه‌عبی هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه.
گوشاره‌كانی سه‌ر (عه‌بادی)
دوای ئه‌و داوایه‌ی ئه‌مه‌ریكا، (حه‌یده‌ر عه‌بادی) سه‌ردانی تارانی پایته‌ختی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی كرد و، حه‌شدی‌شه‌عبی یه‌ك له ته‌وه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی گفتوگۆكانی بوو له‌گه‌ڵ (عه‌لی خامنه‌یی) رێبه‌ری ئێران.
به بڕاوی (عه‌بدولحه‌كیم خه‌سرۆ) شاره‌زا له كاروباری شیعه‌كان، (حه‌یده‌ر عه‌بادی) ناتوانێ هاوسه‌نگیی وڵاتانی نێوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌یی سه‌باره‌ت به حه‌شدی‌شه‌عبی و دۆخی عێراق، رابگرێت.
ئه‌و كه مامۆستای زانسته سیاسییه‌كانه له زانكۆی سه‌لاحه‌ددین، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێ، "حه‌شدی شه‌عبی سێ به‌شه، به‌شێكیان سه‌ر به هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراقن، به‌شێكی دیكه‌یان سه‌ر به مه‌رجه‌عیه‌تی (سیستانی)ـیه و به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ش سه‌ر به مه‌رجه‌عیه‌تی (خامنه‌یی)ـیه".
دوای ئاشكرابوونی داواكه‌ی ئه‌مه‌ریكا له (حه‌یده‌ر عه‌بادی)، هه‌ر یه‌ك له (هادی عامری) و (ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس) فه‌رمانده‌كانی حه‌شد شه‌عبی، ئه‌و داوایه‌ی ئه‌مه‌ریكایان ره‌ت كرده‌وه و ته‌نانه‌ت كار گه‌یشته ئه‌و ئاسته‌ی كه ئه‌وان داوای ده‌رچوونی هێزی ئه‌مه‌ریكایان له عێراق كرد.
هاوكات (نووری مالیكی) جێگری سه‌رۆككۆماری عێراق كه به كه‌سێكی نزیك له (عه‌لی خامنه‌یی) ده‌ناسرێ، ره‌خنه‌ی له داواكه‌ی ئه‌مه‌ریكا گرت و جه‌ختی كردووه‌ته‌وه، كه ئه‌وه ده‌ستتێوه‌ردانی ئاشكرای ئه‌مه‌ریكایه له كاروباری ناوخۆی عێراق.
كاوه جه‌م