Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
FRI, 19 APR 2024 19:07 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

"ئەمەریکا هەڵەی بەرانبەر بە کورد کرد..هاوکێشەکە دەگۆڕدرێ"
| KDP.info



هەولێر-KDP.info- بە گوێرەی ناوەندە جیهانییەکان تا دێت ئەمەریکا لەو هەڵەیە دەگات کە بەرانبەر بە کورد کردی و بێدەنگیی لە بەرانبەر هێرشی حەشدی شەعبی و هێزەکانی دیکەی عێراق کرد، کە هێرشیان کردە سەر هەرێمی کوردستان، شارەزایەکی کاروباری ئەمەریکاش دەڵێت، ئەمەریکا هەڵەی بەرانبەر بە کورد کرد، بۆی دەردەکەوێت کە (عەبادی) ناتوانێت، بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات و گۆڕانکاری بەسەر بیرکردنەوەیاندا دێت.

(ڕیكس تیله‌رسن)، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مەریكا له سەردانیدا بۆ سعوودیە و دەوحە، لە دوو لێدوانی جیادا باسی لەوە کرد، کە دەبێ میلیشیای حەشدی شەعبی لە عێراق بچنە دەرەوە.

بەرنامەی (تیلەرسن) بۆ (عەبادی) بە گوێرەی بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکایی کە کەناڵی بی بی سی ئاشکرای کردووە و ناوی نەبردووە، بریتییە لە چەکدارکردنی حەشدی شەعبی و داماڵینیان لە ئینتمای ئێران، ئەگەر ئەوەیش نەکرا، ئەوا دەبێ ئەو حەشدانە بگەڕێنەوە ئێران.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا داوای ڕاگرتنی شەڕی کرد لە نێوان بەغدا و هەولێر، هۆشداریی دا، کە خۆیان لە کردەی سەربازی بەدوور بگرن، بەڵام ئێستا، کە پێشمەرگە لە سنووری خۆیدا بەرگری دەکات، بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە حەشدی شەعبی هێرش دەکاتە سەری، بەڵام بەرگریی هێزی پێشمەرگە وای لە حەشدی شەعبی کردووە، کە نەتوانن لەشکرکێشی بکەن.

وەک شارەزایەکی کاروباری سیاسیی ئەمەریکا، (شێروان وەسمان) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕوون دەکاتەوە: ''مەسەلەکە هێژمۆنی ئێرانە، ئەمەریکا ترسی لە هێژمۆنیی ئێران هەیە لە ناوچەکەدا، بە تایبەت بەسەر عێراقەوە، چونکە پێش شەڕی داعش تەنیا لە ڕووی سیاسییەوە ئێران باڵی بەسەر عێراقدا کێشابوو، بەڵام لە جەنگی دژ بە داعشدا، ئەو وڵاتە دەرفەتی قۆستەوە تا لە ڕووی سەربازیشەوە کاریگەریی لە ناو عێراقدا دروست بکات.''

ئەمەریکا لە ڕێی وەزیری دەرەوە گوتی، دەبێ میلیشیاکانی ئێران لە عێراق بچنە دەرەوە، عێراقیش وەڵامێکی بەپەلەی دایەوە، کە ئامادە نین بە قسەی (تێلەرسن) بکەن. ئەو شارەزایە، وەڵامە بەپەلەکەی عێراق بە بەرژەوەندیی هەرێم ناو دەبات و دەڵێت: ''ڕاستە ئێستا کوردەکان نیگەرانن لە سیاسەتی ئەمەریکا بەرامبەریان، بەڵام وەک سەرەتا ئەمەریکا دەیەوێت هێژمۆنیی ئێران لە عێراقدا کەم بکاتەوە، دواتر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ناوەند بگەیەنێتە ئاستێکی تر، چونکە بە کەمکردنەوەی هێژمۆنیی ئێران ڕاستەوخۆ پەیوەندی کورد و ناوەند لە یەکتر نیزیک دەبنەوە.''

دوێنی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، (مایک پێنس) هۆشدارییەکی دا بە ئێران و ڕاگەیاند: ''سەرۆک (ترامپ) ڕۆڵی لە ناوچەکەدا هەر تەماشەکەر نابێت بەرانبەر بە جموجووڵی ئێران و ئێرانی بە سپۆنسەری تیرۆر لە جیهاندا ناو برد و گوتی ئەمەریکا شەڕی تیرۆریستان دەگەڕێنێتەوە نێو خاکیانەوە.''

وەک دەزانرێت ئەو بێدەنگییەی ئەمەریکا لە هەمبەر ئەم ڕووداوانەی ئێستا، لە بەرژەوەندیی (عەبادی)دایە، تا لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراقدا بۆ جارێکی تر ببێتەوە سەرۆکوەزیران، کە ناوبراو نزیکە لە ئەمەریکا، ئەویش بە پێچەوانەی (مالیکی)، کە بە پیادەکاری سیاسەتەکانی ئێران ناسراوە، ئەمەریکا ترسی لە دەرچوونی هەیە، ئەویش کورد تێیدا دەبێتە قوربانی، (شێروان) ئەو سیاسەتەی ئەمەریکا بە هەڵە ناو دەبات، ''بە قوربانیکردنی کورد لە پێناو شەخسێک لە لایەن ئەمەریکا، ناتوانێت بە ئامانجەکەی بگات، کە (عەبادی)یە و ببێتەوە سەرۆکوەزیر.''

دیارە (عەبادی) بەڵێنی بە ئەمەریکا داوە، گەر هات و پاڵپشتی بکرێت بۆ هەڵبژاردنەوەی، سوپا ڕێک بخاتەوە، واتە میلیشیاکان کە هۆکاری نیگەرانیی ئەمەریکان هەڵوەشێنێتەوە، چونکە ئەو میلیشیایانە لە ژێر کاریگەریی ئێراندان، نەک حکوومەتی بەغدا، وەک ئەو شارەزای سیاسەتەی ئەمەریکا ئاماژەی پێ کرد، چەندین بەڵێنی دی داوە بە ئەمەریکا، وەک ڕێکخستنەوەی دامودەزگاکان، بەشداری پێکردنی ڕاستەقینەی سوننەمەزهەب و کورد لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا و گوتی: ''هەموان دەزانین لە عێراقدا یەک کەس ناتوانێت بڕیار بدات، بە حوکمی بوونی مەرجەعییەت، هاوکات حیزبی دەعوە، کە کەسانی کاریگەری تێدایە، هاوکات کاریگەریی سیاسەتی ئێرانیش بەسەر بەغداوە، بۆیە بیروبۆچوونی ئەمەریکا کە پێی وابێ (عەبادی) دەتوانێت بەڵێنەکانی بێنێتە جێ، زۆر هەڵەیە، لە داهاتووشدا ئەو فەشەلی بیرکردنەوەی ئەمەریکامان بۆ دەردەکەوێت.''

بەو پێیە  بێت، بارودۆخی ئێستا تاوەکو هەڵبژاردنی داهاتوو، کە چەند مانگێکی ماوە، وەک خۆی بمێنێتەوە، (وەسمان) گوتیشی: ''ئەگەر حەشد لە کارە نامرۆڤانەکانی بەردەوام بێت، پێم وایە ناگاتە ئەو کاتە و گۆڕانکاری بەسەر ئەو جۆرە بیرکردنەوەی ئەمەریکادا دێت، ئێرانیش یارییەکی مەترسیدار دەکات، لە ڕێگای دروستکردنی کێشەی تر لە ناوچەکەدا بۆ ئەوەی سەرنجی ئەمەریکا لەسەر عێراق کەم بکاتەوە، ئەویش بە درووستکردنی کێشە لە ناو هەرێمی کوردستاندا.''
لە ئەمەریکایش کەناڵی فۆکس نیوز لە چەندین بەرنامەدا ئاماژەی بەوەکردووە کە دەبێ ئەمەریکا بەرنامەی ستراتیژی خۆی بگۆڕێ و پشتگیری لە کوردەکان بکات، بەگوێرەی زانیاری کەناڵەکە گۆڕانکاری بەسەر هەڵوێستی ئەمەریکادا دێت.

خێڵان بەختیار
 




دوایین هەواڵەکان

شاخەوان عه‌بدوڵڵا بۆ KDP: دەرکردنی ئەو ماڵە کوردانەی خانەقین ڕاگیرا

THURSDAY, 18 APRIL 2024 23:04:20

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی، دەرکردنی ئه‌و ماڵە کوردانه‌ی لە خانووی شارەوانی بوون کە بڕیاری لێدرابوو راگیرا.

 
ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن نوژەن دەکرێتەوە

THURSDAY, 18 APRIL 2024 20:04:17

سۆران _KDP.info_بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی: بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن لە نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران نوژەن دەکرێتەوە.‌

 
پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی پێشوازیی لە شاندێکی کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد و ئەڵمان کرد

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:30

ھەولێر-KDP.info- شاندێکی  کۆمەڵەی دۆستایەتی  کورد و ئەڵمان سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد و هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەب و ژمارەیەک لە ستافی دێسک و یۆنیتەکانی مەکتەب  پێشوازیان لێ کردن.

ھەوراز عەبدولقادر: بەگوێرەی پڕۆژەیەک ١٠٠ ھەزار بۆ مووچەی ئەم توێژە زیاد دەبێت

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:31

ھەولێر  _KDP.info_ بەرپرسێکی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی ئاشکرایکرد، بەگوێرەی پڕۆژەیەک ١٠٠ ھەزار دینار بۆ مووچەی کەمئەندامان زیاد دەکرێت، گوتیشی: لە ھەرێمی کوردستان ٧٤ ھەزار کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت مووچەی مانگانەیان بۆ خەرج دەکرێت.

 
سەرۆک بارزانی پێشوازی لە سەرۆکی کارگێری هەڵبژاردن و ئەندامێکی ئەنجوومەنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:21

ھەولێر-KDP.info-  ڕۆژێ پێنجشەممە 18ی نیسانی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە دادوەر عەباس فەرحان حەسەن سەرۆکی کارگێری هەڵبژاردن لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و دادوەر عامر موسا محەمەد ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact