Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SAT, 20 APR 2024 19:33 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

کوردەکان، سێ ساڵ بۆ دواوە، سەد ساڵ بۆ پێشەوە
| KDP.info


هێمن سەیدی

یەکەم: سەرباری لایەنی دەروونیی پاشەکشەی کەرکووک کە ڕای گشتیی کوردستان ئامادەی ئەو پاشەکشەیە نەبوو، کوردەکان لە عێراق تەنیا گەڕاونەتەوە بارودۆخی سێ ساڵ لەمەوبەری خۆیان، نەک بۆ سەردەمی ئەنفال و جینۆساید و کیمیاباران. ئەو ناوچانەی کە ڕۆژی ١٦ی مانگ تەسلیم بە هێزەکانی عێراق کرانەوە، تا ساڵی ٢٠١٤ لەژێر کۆنتڕۆڵی عێراقدا بوون و تەنیا لەبەر پەلاماری داعش و هەڵاتنی هێزەکانی عێراق و لەپێناو ڕێگری لە کەوتنیان بە دەستی داعش، ئەو ناوچانە لەلایەن کوردەکانەوە کۆنتڕۆڵ کرابوون.
هەڵبەت بەپێی دەستووری عێراق، دەبووایە چارەنووسی ئەو ناوچانە بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ٢٠٠٧ یەکلا کرابایە، بەوەی کە ئەرکی ئیدارەکردنی ئەو ناوچانە لە ڕووی یاساوە لە ئەستۆی بەغدا بێت یان هەولێر. (ئەو ڕیفراندۆمە دەبووایە بەگوێرەی بەندەکانی ماددەی ١٤٠ی دەستووری هەمیشەیی عیراق لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجام بدرێت کە ئەو ڕیفراندۆمە قەت نەکرا). بەڵام کەمترین دەستکەوتی دەسەڵاتی سێ ساڵەی کورد بەسەر ئەو ناوچانە ئەوە بوو کە لە ڕیفراندۆمێکی مێژووییدا، نەک تەنیا کاری نەکراوی بەغدایان ئەنجام دا و دەنگیان بە چوونەوە سەر هەرێمی کوردستان دا، بەڵکوو دەنگیان دا بە سەربەخۆییی کوردستان کە ناوچەکانی ئەوانیش دەگرێتەوە. ڕیفراندۆمێک بەنرختر لەوەی کە بەغدا بەڵێنی ئەنجامدانی پێدابوون، ئەو ڕیفراندۆمەش سەرباری ڕووداوەکانی داهاتوو و ئەوەی کە ئەو ناوچانە سەر بە کوێ بن، دەبنە بەڵگەنامەیەکی مێژوویی و پشتیان پێ دەبەسترێت.
دووەم: وەک هەر میللەتێکی دیکە، لە ناو کوردەکانیش بۆچوون و ڕوانگای جیاواز و دژ بە یەک بوونی هەیە، کە لەوانەیە لە هەندێ کاتی دژواردا گرژی و پێکدادانی لێبکەوێتەوە. کوردستان لە چەند مانگی ڕابردوودا بارودۆخێکی دژواری ئابووری و سیاسیی تێپەڕاند کە لە ئەنجامدا بووە هۆی ئەوەی چەند کەسێکی ناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی لە خەیانەت وەردا (خەیانەت بەو مانایە کە ئەوان تا ڕۆژێک بەر لە شەڕەکە، پابەند بوون بە هاوهەڵوێستی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە، بەڵام پابەندی بەڵێنەکەیان نەبوون). لەوانەیە لە کۆتاییدا لەو کەسانە خۆش ببن، بەڵام پشتیوانان و دنەدەرانی ئەو ڕەوشە بۆ هەمیشە لە بیر و زەینی کوردەکاندا دەمێنێتەوە. هەر وەک شای ئێران کە لە ساڵی ١٩٧٥ خەیانەتی لە کوردەکان کرد، بە هەمان شێوە، قاسم سولێمانی بۆ هەمیشە هاوپەیمانە مێژووییەکانی خۆی لە دەست دا. لە ڕاستیدا بیرکردنەوەی سەربازی و سیاسەتی ڕەقی سەردار سولێمانی، وەکچۆن بووە هۆی جیاکردنەوەی هاوپەیمانانی دیکەی غەیرەشیعە لە ئێران، هەر ئاوایش کوردەکانی لە ئێران دوور خستەوە. فەڵەستینییەکانی لایەنگری بزووتنەوەی حەماس و کوردەکانی عێراق تەنیا هاوپەیمانی غەیرەشیعەی ئێران بوون کە لەئێستادا ئەو دووانە چیدیکە هاوپەیمانی ئێران نین.
خوێکردنە برینی ناکۆکییەکان و هەوڵدان بۆ نانەوەی دووبەرەکی لە ناو خەڵک، هەمووجارێک بە ویست و خواستی ئاژاوەگێڕ تەواو نابێت و زۆر جار ناکۆکی و دابڕانەکان، خودی ئاژاوەگێڕەکانیش دەگرێتەوە. ئەو کەسانەی کە گاڵتە بە برینی کوردەکان دەکەن، دەبێ ئەو ڕۆژە بهێننە پێش چاوی خۆیان کە لە بڕگەیەکی مێژووییدا لە تاران، لایەنگرانی چوار بۆچوونی جیاوازی وەک ویلایەتمەدارەکان، سەڵتەنەتخوازان، شیوعییەکان و موجاهدینەکان بکەونە گیانی یەکتر و کەسانێک لە دەرەوە بێن هەتا هانی لایەک بدەن لە دژی لایەکی دیکە، ئەوەش دیمەنێکی سەرنجڕاکێش نابێت، بەڵام چیدیکە نابێت چاوەڕوانییان لە هاودەردی و پشتیوانیی لێقەوماوان و ئازارچەشتووان هەبێت.
سێیەم: هەر وەک باس کرا، وێڕای هۆشدارییەکان، ئەوە وەزارەتی دەرەوە نەبوو کە جیبەجێکاری سیاسەت لە کاروباری کوردستان بێت، بەڵکوو ئەو دۆسیەیە هاوشێوەی سووریا، درایە فەیلەقی قودس و سولێمانی، بۆ ئەوەی لە ناوچەی پڕ لە ئاڵۆزیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئێران بە تەواوی لە دۆست و هاوپەیمانە غەیرەشیعەکانی جیا بێتەوە و لەمەودوا بەکردەوە و لە ڕووی ناچارییەوە، بە تەنیایی ئەرکی شەڕی نێوان شیعە و سوننە لەئەستۆ بگرێت، بێ ئەوەی دەرفەت بۆ مانۆڕلێدانی بمێنێتەوە. دوور نییە چەند هێزێک پێشوازی بکەن لە سیاسەتی ئێران دەربارەی بەتەواوی شیعەبوون و، ناڕاستەوخۆ قاسم سولێمانییان هان دابێت بۆ ئەو دەستوەردانە مەترسیدارە، بەڵام بە ئەنقەست بووبێت یان بە ڕێکەوت، ئاڵوگۆڕەکانی ئەم دواییەی عێراق و کوردستان باشترین بیانووی دایە دەست تیمی ترامپ بۆ ئەوەی سزای زیاتر بخەنە سەر سوپای پاسداران و بە هاوکاری و هەماهەنگیی هاوپەیمانە ناوچەییەکانی ئەمریکا، گوشارەکان بۆ سەر ئێران زیاتر بکەن. لە یەکەم کاردانەوەشدا ڕۆژنامەکانی ئەمریکا ئەو ڕووداوانەیان بە زەنگێکی مەترسیدار بۆ ئەمریکا لەقەڵەمدا. ئەرکی گرووپی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەرلەمانی بەریتانیایش، ئێران و میلیشیاکانی سەر بە ئێرانیان بەوە تۆمەتبار کرد کە بە قازانجی خۆیان سوودیان لە ناکۆکیی نێوان کوردەکان و حکوومەتی بەغدا بۆ هێرشکردنە سەر کەرکووک وەرگرتووە.
چوارەم: کوردەکان بە نیازی داگیرکردنی هیچ خاکێک و لەشکرکێشی بۆ سەر هیچ وڵاتێک و هەروەها نەخشاندنی هیچ هیلالێک نین، بەڵام ئەوانەی کە پێیان وایە بەو پیلانانە دەبنە ڕێگر لە بەردەم سەربەخۆییی کوردستان و گەیشتنی کوردەکان بە مافی دیاریکردنی چارەنووسیان، نە مێژوویان خوێندووەتەوە و نە کوردەکانیش دەناسن. ڕەنگە ئەمە دەیەمین جار بێت کە لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا، کورد بەرەوڕووی پیلانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەبێتەوە، بەڵام هیچیان نەیانتوانیوە کوردەکان بگێڕنەوە بۆ سەد ساڵ لەمەوبەر و سەردەمی پێش هاتنەمەیدانی بزووتنەوە نەتەوەییەکان. دواهەنگاو کە ڕۆژی ١٦/١٠ بوو، تەنیا ئەوانی بۆ سێ ساڵ لەمەوبەر و بارودۆخی پێش مانگی حوزەیرانی ٢٠١٤ گەڕاندەوە، ئەویش بە دەستکەوتێکی میژوویی: ڕیفراندۆمێکی دیموکراتی کە کوردستانیبوونی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و سەربەخۆییخوازیی ئەوانی سەلماند. سەرەڕای تەواوی ئەو پیلانانە، کوردەکان ڕێگەی خۆیان لەو سەد ساڵەی خەباتی نەتەوەییدا درێژە پێداوە، بەڵام ئێران ناتوانێت ڕێگەی سەد و دە ساڵەی دیموکراسیخوازیی خۆی بەو فەرمانە بپێوێت کە قاسم سولێمانی گرتوویەتە دەست.

 




دوایین هەواڵەکان

پەیامی سەرۆک بارزانی لە 30ـیەمین ساڵیادی دەرچوونی گۆڤاری گوڵان

SATURDAY, 20 APRIL 2024 17:04:54

ھەولێر-KDP.info-  سەرۆک بارزانی بەبۆنەی ٣٠ ساڵەی دەرچوونی گۆڤاری گوڵان، پەیامێکی راگەیاند کە ئەمە دەقەکەیەتی:

ڕێبوار کاکەیی: کارکردن لە بەنداوی بەستۆڕە بەردەوامە

SATURDAY, 20 APRIL 2024 15:04:35

ھەولێر  _KDP.info_ بەڕێوەبەری ئاودێری ھەولێر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: کارکردن لە بەنداوی بەستۆڕە بەردەوامە و دوای تەواوبوونی کاریگەری لەسەر دەڤەرەکە و شاری ھەولێر دەبێت، دەشڵێ: پڕۆژەی بەنداوی بەستۆڕە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژیەکانی سنوورەکە لەبواری ئاو کە چەندین سوودی دەبێت.

 
وەزارەتی پەروەردە بۆ قوتابیان و خوێندكاران: دووربن لەو فریودانانە

SATURDAY, 20 APRIL 2024 11:04:15

ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی پەروەردە راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، لەڕێی چەند پەیج و ئەكاونتێكەوە قوتابیان فریو دەدرێن، بۆیە لەگەڵ ئاسایش هاوئاهەنگی دەكرێ‌ بۆ رووبەڕووبوونەوەی تاوانكاری لەو شێوەیە.

 
وەزیری بازرگانی ھەنگاوەکانی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ بۆ KDP ئاشکرا دەکات

FRIDAY, 19 APRIL 2024 21:04:30

ھەولێر-KDP.info- وەزیری بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا بڕی وەرگرتنی گەنمی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغدا دیاری نەکراوە، بڕیاریشە حکوومەتی ھەرێم و بەغدا بە ھەماھەنگی بڕەکە دیاری بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش خۆمان ئامادەکردووە.

 
شاخەوان عه‌بدوڵڵا بۆ KDP: دەرکردنی ئەو ماڵە کوردانەی خانەقین ڕاگیرا

THURSDAY, 18 APRIL 2024 23:04:20

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی، دەرکردنی ئه‌و ماڵە کوردانه‌ی لە خانووی شارەوانی بوون کە بڕیاری لێدرابوو راگیرا.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact