Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SAT, 20 APR 2024 06:03 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

كۆسرەت رەسووڵ: ئەوەی ڕوو دەدات ئەنفالێکی ترە.. چەند كەسێكی لادەر بوون بە هاوكار و دەستكێشی داگیركەران
| KDP.info


 

هەولێر-KDP.info-  (كۆسرەت رەسووڵ عەلی) پەیامێکی بڵاو کردەوە و وێڕای ئەوەی دەڵێ، بە جێهێشتنی گەلەكەمان بە تەنها لەبەردەم هێرش و پەلاماردانەكانی میلیشیای حەشدی شەعبی و یەكەكانی سوپای عێراق، سەرەتای دەستپێكردنی ئەنفالێكی تری كوردە لەسەر زێدی بابوباپیری خۆی، ڕایدەگەیێنێ، "ئەوەی زیاتر برینەكە بە سوێ دەكات ئەوەیە، كە چەند  كەسێكی لادەر لە ڕێبازی یەكێتی بەبێ گەڕانەوە بۆ سەركردایەتیی حیزبەكەمان لەم ڕووداوانەدا بە مەبەستی چەند دەستكەوتێكی كاتی شەخسی، دەبنە هاوكار و دەستكێشی داگیركەران و بەم كارە قێزەونەیان سەرشۆڕانە خۆیان دەخزێننە ناو لاپەڕە ڕەشەكانی مێژووی گەلەكەمانەوە. "

دەقی پەیامێک لە کۆسرەت رەسووڵ عەلییەوە...

جەماوەری دڵسۆز و خۆڕاگری خەڵكی كوردستان
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان
پێشمەرگە ئازا و گیان لەسەردەستی كوردایەتی
لای هەمووان ئاشكرایە كە كوانووی خەباتی گەلەكەمان لە مێژووی دەیان ساڵەی تەمەنیدا لەپێناوی دەستەبەركردنی ژیانێكی ئازاد و شەرەفمەندانە بە بەردەوامی بڵێسەی سەندووە و نەوە لە دوای نەوە پەیامی پیرۆزی خۆی گەیاندووە، هەتا ئەمڕۆ كە گەیەندراوەتە دەستی ئێمە لەو پێناوەشدا چەندین سەركردەی جوامێر و دەیان هەزار لاو و مێرخاسی خۆی كردۆتە قوربانی و بە سەربەرزی یەوە لاپەڕەكانی مێژووی پێ نەخشاندووە .
تا ئەو ئاستەی ئەوە ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە گەلی كوردستان لەجیاتی هەموو ئازادیخوازان و مرۆڤدۆستانی دونیا لە بەرامبەر دڕندەترین گروپی تیرۆریستی وەستایەوە و هەرەسی بەو پلانە گڵاوەیان هێنا كە دەتوانن ڕەوڕەوەی مێژووی مرۆڤایەتی بوەستێنن و بمانگێڕنەوە بۆ چاخی بەردین وسەردەمانی جاهیلیەت. ئێستا لە كاتێكداكە ناو و ناوبانگی جوامێرانەی پێشمەرگەی كوردستان بە جوانی لە گوێ ی تەواوی مرۆڤدۆستان و ئازادیخوازانی دونیا دەزرنگێتەوە و كەسانێك نەماوە لە م جیهانە بەرینەدا ناوی پیرۆزی پێشمەرگە  لەسەر زار نەبێت، لە پاداشتی ئەوەدا گەلی كوردستان لە چاوەڕوانی ئەوەدابوو كە كۆمەڵگای نێو دەوڵەتی و دۆست و هاوپەیمانەكانمان لە جیهان و ناوچەكە بۆ بونیادنانی ئایندەیەكی گەشتر بۆ نەوەكانی داهاتوومان، گوێمان لێبگرن و ڕێز لە ئیرادەی میللەتەكەمان بگرن، بەڵام مەخابن لە بری ئەوە ڕووبەڕووی گەلەكۆمەیەكی هەمەلایەنەیان كردینەوە و جارێكی تریش ئەو ڕاستیەیان سەلماندەوە كە (نەتەوەی كورد بێجگە لە چیاكانی خۆی هیچ دۆستێكی تری نیە)، بە جێهێشتنی گەلەكەمان بە تەنها لەبەردەم هێرش و پەلاماردانەكانی میلیشیای حەشدی شەعبی و یەكەكانی سوپای عێراق و ڕووداوەكانی چەند ڕۆژی ڕابووردوو لەكەركوك وناوچە كوردستانیەكانی تر و قەتلوعامكردنی هاوڵاتیانی كورد لە شاری دوزخورماتوو و جێگاكانی تر و دەركردنیان و سوتاندنی ماڵوحالیان و بەتاڵان بردنی سەروەت و سامانیان بێجگە لە سەرەتای دەستپێكردنی ئەنفالێكی تری كورد لەسەر زێدی بابو باپیری خۆی هیچ خوێندنەوەیەكی تر هەڵناگرێت .
بەڵام ئەوەی زیاتر برینەكە بە سوێ دەكات ئەوەیە كە چەند  كەسێكی لادەر لە ڕێبازی یەكێتی بەبێ گەڕانەوە بۆ سەركردایەتی حیزبەكەمان لەم ڕووداوانەدا بە مەبەستی چەند دەستكەوتێكی كاتی شەخسی دەبنە هاوكار و دەستكێشی داگیركەران و بەم كارە قێزەونەیان سەرشۆڕانە خۆیان دەخزێننە ناو لاپەڕە ڕەشەكانی مێژووی گەلەكەمانەوە .

دڵسۆزان و غەمخۆرانی كوردایەتی
ئێمە وەك خۆمان بە شاهیدی هەموو لایەك لەوەی هێزمان بەسەریدا شكا و لەدەستمانهات بۆ پاراستنی سەر و ماڵی هاوڵاتیان و خاكی پیرۆزی كوردستان لە كەركوك و جێگاكانی تر و بە ئامانجی لەدەستنەدانی دەستكەوتە ستراتیژیەكانی گەلەكەمان ئەنجاممان داو درێغیمان نەكرد، بەڵام دیارە سەرەڕای گەلەكۆمەكێ ی دەوروبەر، نابەرابەری لە هێز و دڕندەیی شێوازی لەشكركێشیەكە لە پاڵ ڕۆڵی ناجوامێرانەی دەستە ڕەشەكانی ناوخۆ كە بوو بە هۆكاری چۆڵكردنی بەشێكی كاریگەر لە سەنگەرەكان و چۆڵكردنی پشتی هێزەكان بە قازانجی دوژمن كارێكی وایكرد كە ئەمجارەش ڕووداوەكان بە قازانجی گەلەكەمان و بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەییە كانمان نەشكێتەوە و بەشێكی گرنگ لە دەستكەوتە بەدیهاتووەكانی گەلی كورد لەدەست بچێت .
سەرباری هەموو ئەوانەش ئەگەرچی زیانەكان لەڕووی لەدەستدانی دەستكەوتی نەتەوەییەوە لە ئێستادا زۆر گەورەن و ئۆباڵی كارەساتەكانی كەركوك و دوز و هەموو زیانە گیانی و مادی و مەعنەویەكانی تری گەلەكەمان ئەكەوێتە ئەستۆی ئەو كاڵفامانەی ناو یەكێتی، بەڵام پێمان وایە كە ئەمە كۆتایی ڕێگا نیە و ئیرادەی ئازادیخوازانەی كورد لەگەڵ ئەم جۆرە كەوتنانە دەست و پەنجەی نەرمبووە بۆیە هەڵسانەوە وچوونەوە پێش كارێكی زەحمەت نیە , ئێمەش بۆ ئەو ئامانجە هەمیشە پێشمەرگەی بەوەفای ڕێبازی شەهیدانین و وورەمان وورەی ڕۆژگارەسەختەكانی خەباتە و لەهەر كاتێكی تر جەسوورانەتر و دڵسۆزانە تر و بە بیر و هۆشێكی كراوەترەوە شان دەدەینە بەر ئەو ئەركە مێژووییەی كە خەباتی گەلەكەمان و خوێنی بەناهەق ڕژاوی شەهیدەكانمان پێیان سپاردووین .
لێرەشەوە بانگەشەی تەواوی هێزو لایەنە سیاسیە كوردستانیەكان دەكەم هەرچی زووە هیممەت بكەین و ناوماڵی خۆمان ڕێكبخەینەوە و عیبرەت لە ڕووداوەكان وەربگرین , یەكڕیزی گەلەكەمان بپارێزین و تۆكمەی بكەین , چونكە تەنها و تەنها ئەوە تاكەڕێگای هێزدانەبەری خەبات و كوردایەتی یە .

دروود بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كورد و كوردستان
سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەكان
بژی كورد، بژی كوردستان

كۆسرەت رەسول عەلی
جێگری سكرتێری گشتی
یەكێتی نیشتمانی كوردستان
18/10/2017

 




دوایین هەواڵەکان

وەزیری بازرگانی ھەنگاوەکانی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ بۆ KDP ئاشکرا دەکات

FRIDAY, 19 APRIL 2024 21:04:30

ھەولێر-KDP.info- وەزیری بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا بڕی وەرگرتنی گەنمی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغدا دیاری نەکراوە، بڕیاریشە حکوومەتی ھەرێم و بەغدا بە ھەماھەنگی بڕەکە دیاری بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش خۆمان ئامادەکردووە.

 
شاخەوان عه‌بدوڵڵا بۆ KDP: دەرکردنی ئەو ماڵە کوردانەی خانەقین ڕاگیرا

THURSDAY, 18 APRIL 2024 23:04:20

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی، دەرکردنی ئه‌و ماڵە کوردانه‌ی لە خانووی شارەوانی بوون کە بڕیاری لێدرابوو راگیرا.

 
ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن نوژەن دەکرێتەوە

THURSDAY, 18 APRIL 2024 20:04:17

سۆران _KDP.info_بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی: بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن لە نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران نوژەن دەکرێتەوە.‌

 
پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی پێشوازیی لە شاندێکی کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد و ئەڵمان کرد

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:30

ھەولێر-KDP.info- شاندێکی  کۆمەڵەی دۆستایەتی  کورد و ئەڵمان سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد و هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەب و ژمارەیەک لە ستافی دێسک و یۆنیتەکانی مەکتەب  پێشوازیان لێ کردن.

ھەوراز عەبدولقادر: بەگوێرەی پڕۆژەیەک ١٠٠ ھەزار بۆ مووچەی ئەم توێژە زیاد دەبێت

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:31

ھەولێر  _KDP.info_ بەرپرسێکی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی ئاشکرایکرد، بەگوێرەی پڕۆژەیەک ١٠٠ ھەزار دینار بۆ مووچەی کەمئەندامان زیاد دەکرێت، گوتیشی: لە ھەرێمی کوردستان ٧٤ ھەزار کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت مووچەی مانگانەیان بۆ خەرج دەکرێت.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact