Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
TUE, 16 APR 2024 17:27 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

کۆنفیدراڵی، رێگەی دووری سەربەخۆیی کورت دەکاتەوە
| KDP.info


 

هەولێر-KDP.info-  لە دوای ئەنجامدانی پرۆسەی ریفرەندۆمی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان، ئێستا سیستمی کۆنفیدراڵی هێنراوەتە بەر باسەوە، مامۆستایەکی زانکۆ دەڵێ، بە ئەنجامدانی ڕاپرسی، گەلی کوردستان قۆناغی مافی بریاردان لە چارەنووسی تێپەڕاندووە، باوەڕیشی وایە، "لە حاڵەتی سەربەخۆییداین، سیستمی کۆنفیدراڵی بۆ ئێستای هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا رێگەی دوور و درێژی سەربەخۆییمان بۆ کورت دەکاتەوە."


(عوسمان عەلی وەیس) مامۆستای زانکۆ لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند: "بۆ ئێستای هەرێمی کوردستان و واقعی ناوچەکە لەگەڵ بەغدا، سیستمی کۆنفیدراڵی بە چارەی گونجاو دەزانم".

لە پاش ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراق، سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان بە ویستی خۆی دەستی شەراکەتی حەقیقی بۆ بنیاتنانەوەی دەوڵەتێکی مەدەنی دیموکراتی فیدراڵ درێژ کرد، هەوڵی زۆری دا تا دەستووری هەمیشەییی کە سەدا هەشتای گەلانی عێراق دەنگیان پێی دا، بچەسپێ، بەڵام پشتگوێ خرا. هەربۆیە لە ٢٥ـی مانگی رابردوودا، گەلی کوردستان لە باشووری کوردستان بڕیاریان دا، کە دەوڵەتی سەربەخۆیان دەوێ و چی دی لە چوارچێوەی دەوڵەتێکدا نامێننەوە کە دەستوور پێشێل بکات و بەکۆمەڵ سزایان بدا، قووتی خەڵک و مووچەخۆرانی ببڕێ و، هەر ڕۆژە و لەژێر ناوێکدا بە زەبری هێز هەڕەشە لە هاووڵاتیانی بکات.
ئێستا ئەو باوەرە بە تەواوی لە لای سەرکردایەتی و کوردستانیان چەسپیوە، کە ئیدی سیستمی فیدراڵی کە بۆ قۆناغی سەرەتای بنیاتنانەوەی عێراق پێویست بووبێ، ئەوا بۆ ئێستا ناتوانێ گەرەنتیی مانەوەی باشووری کوردستان بە عێراقەوە بکات.  

کۆنفیدراڵی، بە واتای "کۆمەڵە" و "یەکێتی" دێت، ئەم سیستمە، بەپێی ڕێککەوتننامەیەکی نێودەوڵەتی لە نێوان دوو دەوڵەت یان زیاتر، بۆ بە دیهێنانی هەندێک ئامانجی دیاریکراو دێتە ئاراوە، سەرەتای سەرهەڵدانی چەمکی کۆنفیدراڵی، بۆ ئەو یەکێتییە دەگەڕێتەوە کە هەرێمە سویسراییەکان لە کۆتاییی سەدەی سێزدەی زایینیدا دروستیان کرد،  لە پێناسە کلاسیکی و تەقلیدییەکاندا بەوە پێناسە کراوە، کە دەبێت لە نێوان دوو دەوڵەتدا بێت، بەڵام لە پێناسەی هاوچەرخدا، گونجاوە کۆنفیدراڵی لە نێوان دوو کیانی سیاسییش دەکرێت.
لەبەر ڕۆشنایی ئەم سیستمە، (عوسمان عەلی وەیس) گوتی "بۆ هەرێمی کوردستان مەرج نییە ببینە دەوڵەت و دواتر لەگەڵ بەغدا کۆنفیدراڵی ببەستین، پێویستە لیژنەیەکی نێودەوڵەتی سەرپەرشتیی ئەو هاوپەیمانێتییە بکات، وەک نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمکاری عەرەبی، یانیش چاودێری بکەن".

لە سیستمی کۆنفیدراڵیدا، هەردوو لایەن لە رووی سیاسی، سوپا، ئابووری، پەیوەندیی نێودەوڵەتی..هتد، سەربەخۆ دەبن، هەرلایە و مومارەسەی سیاسەتی خۆی لە ناوەوە و دەرەوە دەکات، ئەو مامۆستایەی زانکۆ ڕوونی کردەوە کە: "دەکرێت لەگەڵ بەغدا رێککەوتن لەسەر ئەو سیستمە بکرێت، چونکە بەرژەوەندیی هاوبەشیشمان زۆرە، وەک ئاو، ئابووری و بازرگانی، سەربازی، سەقامگیریی ئاسایش، دەکرێت ئەو سیستمە لەگەڵ بەغدا کۆمان بکاتەوە، لە کێشەکانی بەڵێندان و جێبەجێنەکردن، پێشێلکردنی دەستوور، نەمانی شەراکەتی راستەقینە، هەردوو لامان لێی رزگار دەبین، کە هەردوو لامان سوودمەند دەبین، چ لە ناوخۆ چ لە ئاست گوشارە دەرەکییەکان".

سیستمی کۆنفیدراڵی یەکێتییەکی ئارەزوومەندانەی نێوان دوو کیانە، کە بە هۆیەوە بەرژەوەندییەکانیان دەپارێزن، لە رێی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتییەوە رێک دەخرێت، نەک دەستوور، (وەیسی) لەم رووەوە گوتی: "دەکرێت دەستەیەکی سیاسیی باڵا لە نێوان هەردوو لا بە چەند ئۆرگانێکی جیاواز پێک‌بێت، بەگوێرەی ئەو پەیماننامەیەی کە ئەو کۆنفیدراڵییە پێک‌دێنێت"، ناوبراو ئاماژە بە پێویستیی ئەو سیستمە بۆ ئێستای هەرێمی کوردستان دەکات، "کۆنفیدراڵی دەبێتە خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویی، کە سەربەخۆییی هەرێمی کوردستانە لەژێر ئەو ناوەدا".

لە ڕووی جیابوونەوە لە سیستەمە کۆنفیدراڵییەکاندا، چونکە هەردوو کیانەکە سەروەریی خۆیان هەیە، ئەگەر ڕێککەوتنی کۆنفیدراڵییان نەگونجا، مافی جیابوونەوەیان هەیە، ئەگەر بێت و لە بەرژەوەندییان بێت، گرینگیش نییە لە ڕێککەوتننامەکەدا باس لە مافی جیابوونەوە کرابێت، یان نەکرابێت، سەبارەت بە جیابوونەوە لە پاشەڕۆژدا و دوای بەستنی کۆنفیدراڵی، (د. عوسمان عەلی وەیسی) جەخت دەکاتەوە: "کۆنفیدراڵی بۆ ئێستای هەرێم پێویستە، چونکە لە هەر کاتێک بتەوێ جیا ببیتەوە، بێ کێشە جیا دەبیتەوە و وڵاتانی جیهانیش ناچار دەبن ددان بە سەربەخۆییتدا بنێن، رێگەی سەربەخۆییمان بۆ کورت دەکاتەوە، بە پێچەوانەوە گەر بمانەوێت راستەوخۆ سەربەخۆیی رابگەیەنین، دەبێت چاوەڕێی ئەوە بکەین، کە ئایا چەند دەوڵەت لەگەڵمان دەبن و چەندیش دژمان دەبن".

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پێکهاتووە، لە ٥ ئەندامی هەمیشەیی و ٩ ئەندامی ناهەمیشەیی، هەر کاتێک هەرێمی کوردستان یان هەر قەوارەیەکی دیکە سەربەخۆیی رابگەیەنێت، دەبێت چاوەڕێی وڵاتانی ئەندام لەو ئەنجوومەنە بکات، کە ئاخۆ ددانی پێدا دەنرێت، یان نا.
(د. عوسمان وەیسی)، ئاماژە بەوەی کە کۆنفیدراڵی لە ئستادا بۆ هەرێمی کوردستان گرینگە، چونکە کە بیەوێت لە پاشەڕۆژدا ئەو سیستمە هەڵوەشێنێتەوە، ئەوا راستەوخۆ دەبێتە وڵاتێکی سەربەخۆ، ئیدی چاوەڕێی ئەوە ناکات، ئایا ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش رازی دەبن، یا چۆن رازی نابن، لەو قۆناغەش رزگاری دەبێت، وەکچۆن کۆسۆڤۆ سەربەخۆیی راگەیاند و دەیان دەوڵەت ددانیان پێدا نا، بەڵام لەبەر ئەوەی رووسیا ڤیتۆی بەرانبەر بەکار هێناوە، نابێتە ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان.

خێڵان بەختیار

 




دوایین هەواڵەکان

چەکی قەرەبووی ژمارەیەک ھاووڵاتی گەڕاوەتەوە کەرکووک

TUESDAY, 16 APRIL 2024 17:04:01

کەرکووک _KDP.info_ نوێنەری ھەرێمی کوردستان لە لیژنەی باڵای ماددەی ١٤٠ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، دوای دانوستانێکی زۆر بۆ گەڕانەوەی چەکی قەرەبوو ئێستا چەکی قەرەبووی نزیکەی ٨٥٠ کەس گەڕاوەتەوە کەرکووک و دەشڵێ: ٤٣٥ ھەزار کەس لە چوارچێوەی ماددەی ١٤٠ی دەستوور مافی قەرەبووکردنەوەیان ھەیە.

 
"کۆلێژی پەروەردەی مەخموور دیاری سەرۆک بازرانییە"

TUESDAY, 16 APRIL 2024 16:04:52

مەخموور  _KDP.info_ بڕیارە کۆلیژی مەخموور لە ھەولێر بگوازرێتەوە بۆ سەنتەری قەزای مەخموور و بەرپرسی لقی قەرەچوغی یەکێتی قوتابیانی کوردستانیش دەڵێ: کۆلیژەکە دیاری سەرۆک بارزانی بوو دوای گەڕانەوەش باڵەخانەیەکی سەردەمیانە بۆ کۆلێژەکە دروست دەکرێت.

 

حکوومەتی ھەرێم بە ئەنجامدانی پڕۆژە سێمێل دەباتە قۆناغێکی دیکە

TUESDAY, 16 APRIL 2024 15:04:59

سێمێل _KDP.info_  قایمقامی قەزای سێمێل دەڵێت: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگی زۆر باش بە سێمێل دەدات بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە، ئێستا بە گوژمەی زیاتر لە ٢٧ملیار دینار پڕۆژە لە بواری جێبەجێکردندان و ڕەزامەندی دراوە ٢٠ پڕۆژەی دیکەش بە گوژمەی ١٠ملیار و ٤٠٠ملیۆنی دیکە ئەنجام بدرێت، بەمەش سێمێل لەڕووی ئەوەدانییەوە گۆڕانکاری تەواوی تێدا دەکرێت و دەچێتە قۆناغێکی تازەوە.

نامەیەکی تایبەت بۆ جۆ بایدن نێردراوە..دوای مانگێکی دیکە ھەناردەی نەوتی کوردستان دەست پێدەکاتەوە

TUESDAY, 16 APRIL 2024 15:04:08

ھەولێر-KDP.info- بەپێی قسەی ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیژنەی نەوت و گاز، چەند گەورە کۆمپانیایەکی تایبەت بە بواری نەوت لە ئەورووپا و ئەمەریکا و کوردستان نامەیەکیان بۆ سەرۆکی ئەمەریکا نووسیوەو داوای چارەسەریان لە پرسی ھەناردەکردنەوەی نەوت‌ کردووە، ڕاگەیەندراوی کۆشکی سپیش باس لە گرنگی دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی کوردستان دەکات و بڕیارە لە زووترین کاتدا ئەم پرسە یەکلایی بکرێتەوە.

 

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی: بەشداری شاندی حکوومەتی ھەرێم بۆ ئەمەریکا زۆر گرنگ بوو

TUESDAY, 16 APRIL 2024 15:04:02

بەغدا _KDP.info_  سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتی: سەردانی شاندی عێراق بە بەشداری  شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا زۆر گرنگ بوو، گرنگترین مەلەفی سەرەکی سەردانەکەش فراوانکردنی ڕێککەوتنی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمەریکا بوو.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact