Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SAT, 20 APR 2024 10:46 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

وەڵامی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەڕەشە و تۆمەتەكانی سەرۆکوەزیرانی عێراق
| KDP.info


هەولێر-KDP.info-  لە وەڵامی بڕیارەکانی حکوومەتی بەغدا و گوتارە ڕۆژانەییەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە سزادانی بەكۆمەڵی خەڵكی كوردستانن و، هەروەها هەڕەشەی هێرشكردنە سەر كوردستان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندنێکی بلاو کردەوە، کە ئەمە دەقەکەیەتی:

 

 سەرۆكوەزیرانی عێراق (حەیدەر عەبادی) لەگەڵ درێژەدانی بە سزادانی بەكۆمەڵی خەڵكی كوردستان بەپێی بڕیارە سیاسییە نادەستوورییەكانی، دوێنێ ١٠/١٠/٢٠١٧ لە كۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی هەفتانەیدا دیسانەوە سووكایەتی بە پیرۆزییەكانی خەڵكی كوردستان كرد، هەروەها هەڕەشەی هێرشكردنە سەر كوردستانی كرد، لە هەمان كاتدا كۆمەڵێك تۆمەتی تازەیشی دایە پاڵ هەرێمی كوردستان. ئێمە لەگەڵ ڕێزگرتنمان بۆ كەسایەتیی حەیدەر عەبادی و ئەوانەیش كە پشتگیری لێ دەكەن، بە پێویستی دەزانین بە كورتی چەند ڕاستییەك بۆ خەڵكی عێراق و ڕای گشتیی جیهان ڕوون بكەینەوە:

یەكەم: ئێمە پێمانخۆشە بەڕێز (حەیدەر عەبادی) كە لەژێر داوای فراكسیۆنە كوردستانییەكان و فراكسیۆنەكانی دیكەی پەرلەمانی عێراق لەكاتی متمانەپێدرانی ڕایگەیاند ڕووبەڕووی گەندەڵی دەبێتەوە، ئێستا ئەو بەڵێنەی جێبەجێ بكات، هەروەك چۆن ئێمە لەوباره‌یەوە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاوكاریمان كردووە، ئێستاش بە هەموو شێوەیەك هاوكاری دەكەین. عێراق بەپێی دوایین پۆلێنكاریی ڕێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی، یەكێكە لە ١٠ دەوڵەتە هەرە گەندەڵەكەی جیهان كە ژمارەكەی ١٦٦ە لەنێو ١٧٦ دەوڵەت لە جیهاندا، هەروەها دوای ئەوەی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە ٨٥٠ ملیار دۆلاری لە فرۆشتنی ئاشكرای حكوومیی نەوتەوە دەستكەوت، كەچی هاووڵاتیانی عێراق وەك هاووڵاتیانی وڵاتە هەژارەكانی جیهان دەژین و عێراق خاوەن ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزاریی زۆر خراپە.

دوێنێ كە بەڕێزیان بۆ گەلانی عێراق قسەی دەكرد، ئەندام پەرلەمانەكانی عێراق كە هەندێكیان نزیكی بەڕێزیانن، باسی دیارنەمانی ملیاران دۆلاری ئەمساڵی دەروازە سنوورییەكانی عێراق و فڕۆكەخانەكانی عێراق و ڕۆژانە بە دزییەوە فرۆشتنی دەیان هەزار بەرمیل نەوتی عێراقیان دەكرد لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی فیدرالیی عێراقدا.
هەرێمی كوردستان باجێكی زۆری ناسەقامگیریی باری عێراقی و پلەی عێراقی داوە لە پۆلێنكارییەكانی ڕێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتیدا و ئێمە ئامادەین بۆ هەموو جۆرە هاوكارییەك لەگەڵ حكوومەتی عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و باشكردنی پلە و نێوبانگی عێراق لەسەر ئاستی جیهان.

ئەوەی پەیوەست بێت بە حیساباتی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئێستا لەگەڵ دوو لە بەنێوبانگترین كۆمپانیا جیهانییەكانی چاودێریكردن و وردبینی كار دەكات و ئێستا بە حیساباتەكانیدا دەچنەوە لە ڕابردووەوە تا ئێستا، ئامادەشین بۆ هەموو جۆرە هاوكاری و لێكۆڵینەوەیەكی هاوبەش لەگەڵ حكوومەتی فیدرالیی عێراقدا بۆ بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە لە حیسابات و داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان و عێراق بەگشتی لە ساڵی ٢٠٠٣وە تا ئێستا. لە بنەڕەتیشدا بەپێی مادەی ١٠٦ی دەستووری عێراق دەبووایە دەستەیەكی گشتی بۆ چاودێریكردنی دابەشكردنی داهاتە فیدرالییەكان لە نوێنەری حكوومەتی فیدرالی و هەرێمەكان و پارێزگاكان دروست بكرێت بۆ چاودێریكردنی دابەشكردنی داهاتەكان و قەرزە نێودەوڵەتییەكان، لەپێناو ئەوەی بە شێوەیەكی دادپەروەرانە بەسەر هەرێم و پارێزگاكاندا دابەش بكرێن بەپێی ڕێژە دیاریكراوەكان، هەرێمی كوردستان و زۆربەی پارێزگاكانی عێراقیش لەوباره‌یەوە نادادپەروەرییەكی زۆریان بەرامبەر كراوە.

دوای ئەو ئامادەییە فەرمییەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، چیتر پێویست ناكات بە شێوەیەكی ئیستیفزازی و لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە و بە مەبەستی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن ڕایبگەیه‌نن كە داوامان كردووە چاودێریی حیساباتی بەرپرسانی هەرێمی كوردستان بكرێت، چونكە ئەوە جگە لە هەڵمەتێكی سیاسیی هەڵبژاردنی، چیتر نییە.

دووەم: ئەو بڕیارانەی بە ناوی ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراقەوە دەركراون و نێردراون بۆ وڵاتانی دراوسێ و جارێكی دیكە بەڕێز حەیدەر عەبادی دووپاتی كردنەوە، بڕیاری سیاسین و بە مەبەستی سزادانی بەكۆمەڵی خەڵكی كوردستانن بە هاوكاری لەگەڵ وڵاتانی بیانی، ئەوانە بڕیاری نادەستوورین بەپێی دەستووری عێراق و مامەڵەكردن و داواكردنێكی ئاشكران لە وڵاتانی بیانی بە مەبەستی سزادانی بەشێك لە گەلی عێراق، بۆ ئەو مەبەستەش پێچەوانەی دەستوور بەشێك لە سوپا و هێزە چەكدارەكانی عێراق نێردراون بۆ وڵاتانی دیكە بۆ ترساندنی خەڵكی هەرێمی كوردستان و مەشقكردن لەسەر داگیركردنی دەروازە سنوورییەكان بە یارمەتیی هێزەكانی توركیا و ئێران، هەروەك بەڕێز حەیدەر عەبادی دەڵی فەرمانبەریشیان بۆ ئەو مەبەستە ناردوون بۆ ئەو دوو وڵاتە. ئەو دوو هەنگاوە بەپێی بنەما گشتییەكان و ماددە تایبەتییەكانی دەستووری عێراق، سەرپێچییەكی گەورەی دەستوورین و دەبێ پەرلەمانی عێراق لێیان بێدەنگ نەبێت، ئەگەر پەرلەمان بیەوێت چاودێریی جێبەجێكردنی دەستوور بكات و بڕیارەكانی دوور بن لە ململانێ سیاسییە ناوخۆییەكان و سوپای عێراقیش دوور بێ لەو ململانێیانە، هەروەك لە دەستووردا هاتووە.

بەڕێز حەیدەر عەبادی، ئەو بڕیارانەی دوور لە بنەمای تەوافوق دەركردوون كە بنەمای بنچینەییى دەستوورە بۆ بڕیاردان و بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی عێراق. وەزیری كورد و وەزیری دیكەی ناڕازی لەو بڕیارانە هەن لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق. هەروەها لە بڕیاری ئابلۆقەدانی كوردستاندا زیانێكی زۆری بە هاووڵاتیانی عێراقیش گەیاندووە، وای كردووە گەلی عێراق بەگشتی بخاتە ناو گەمارۆیەكی ناوخۆییەوە بەسەر یەكترەوە. ئێستا بازگەكانی سوپا و پۆلیس و هێزەكانی دیكەی عێراق ڕێگە لە چوونی سەوزە و میوە و زۆر جۆرە خۆراك دەگرن كە لە هەرێمی كوردستانەوە بگەنە ناوچەكانی دیكەی عێراق، بەو هۆیەشەوە نرخەكان لەسەر شانی هاووڵاتیانی عێراق زۆر گران بوونە. هەروەها نەوتی سپی لەو ناوچانەی پارێزگای دیالە و پارێزگاكانی دیكە بڕیوە كە بەشدارییان لە ڕیفراندۆمدا كردووە، گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەكانیشی لە هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی ڕاگرتووە.

بەپێی هەموو بەدواداچوونەكانی ئێمە بڕیارەكە ڕاستەوخۆ لەلایەن خودی سەرۆكوەزیرانەوە دەركراوە و هەموو دەسەڵاتەكانی گفتوگۆكردنیش لەوبارەوە لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق لەگەڵ هەرێمی كوردستان وەرگیراونەتەوە، خۆیشی ئامادە نییە لەوبارەوە گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكات، بەو شێوەیەش ژیانی مەدەنی لە خەڵكی كوردستان زەحمەت كردووە كە ئەوەش پێچەوانەی كاری هەموو حكوومەتێكە كە كار بۆ هاووڵاتیانی بكات و جیاكارییەكی ڕەگەزپەرستانەیە بەرامبەر خەڵكی كوردستان، چونكە هیچ فڕۆكەخانەیەكی دیكە گەشتی نێودەوڵەتی لێ قەدەخە نەكراوە و تاوەكو ڕیفراندۆمی كوردستان، بەپێی هەموو لێدوانەكانی بەرپرسانی عێراق، فڕۆكەخانەكانی كوردستان جێگەی شانازیی ئەوان بوونە، بەڵام تاوەكو ئەمڕۆش بەردەوام لەلایەن پەرلەمانتاران و بەرپرسانی پسپۆڕی عێراقییەوە ڕەخنە لە نایاساییبوونى بەڕێوەبردنی كاری فڕۆكەخانەكانی دیكەی عێراق دەگیرێت.

بۆ ڕێگرتن لە درێژەكێشانی ئەو سزادانە بەكۆمەڵە، جارێكی دیكە داوا لە بەڕێز حەیدەر عەبادی دەكەین كە ئێمە ئامادەین بۆ هەموو جۆرە گفتوگۆ و هاوكارییەك بەپێی دەستووری عێراق سەبارەت بە دەروازەكان، بازرگانیی ناوخۆیی، دابینكردنی خزمەتگوزارییەكانی هاووڵاتیان، بانكەكان و فڕۆكەخانەكان.

سێیەم: بەڕێز حەیدەر عەبادی چەند جارێك لە قسەكانیدا هەڕەشەی لە پێشمەرگە كرد كە نابێ ڕێگری لە سوپا و هێزە چەكدارەكانی عێراق بكات لە ناوچە كێشە لەسەرەكان. ئێمە بە هەموو جیهانی ڕادەگەیه‌نین دوای ئەو هەڕەشانە ئۆباڵی هەموو شەڕ و ئاژاوەیەك كە لەو ناوچە سەقامگیرانە دروست دەبێت، دەكەوێتە ئەستۆی بەڕێز حەیدەر عەبادی سەرۆكی حكوومەت و فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق، هەرچییەك بەڕێز عەبادیش دەیڵێت سەبارەت بە بوونی سوپای عێراق لە شار و سنوورەكانیش، بەپێی دەستووری عێراق نادەستوورییە.

بەڕێز حەیدەر عەبادی، زیاتر له‌ هەموو كەسێك دەزانێت پێشمەرگە بە چەكێكی زۆر سادە، بەڵام بە خوێنی خۆی و بە ئیرادەیەكی پۆڵایین، كەركووك و ناوچەكانی دیكەی لە داعش پاراست، دوای ئەوەی سوپای عێراق لەو ناوچانە ڕایكرد و هەموو چەكەكانی خۆیشی بۆ داعش جێ هێشتن، دواتریش ڕێككەوتن لەنێوان هەردوولا كرا بە ئامادەبوونی هاوپەیمانان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و هاتنی هێزەكانی عێراق بۆ ناوچەكە و بەهۆی ڕاگرتن و دواتریش تێكشكاندنی داعش لەلایەن پێشمەرگەوە بە یارمەتیی هاوپەیمانان، سوپا و هێزەكانی عێراق بە یارمەتیی هاوپەیمانان دەستیان بە ئۆپەراسیۆنەكانیان كرد بە پشتیوانیی پێشمەرگە.

هەروەها خەڵكی ئەو ناوچانە شایەتن كە پێشمەرگە چۆن وەك یەك مامەڵەی لەگەڵ هەموو پێكهاتەكان كردووە، بەڵام دەیان ڕاپۆرتی ڕێكخراوە جیهانییەكانی چاودێریكردنی مافی مرۆڤ، هەزاران ڕووداوی گرتن و بێسەروشوێنكردن، تاڵانكردن، خاپووركردن، كوشتن و لەسێدارەدانی بەكۆمەڵیان لەسەر هێزە عێراقییەكان بڵاو كردوونەتەوە، بەهۆی ئەو ڕەفتارانە و بێسەروبەری لە بەڕێوەبردنی هەندێ لە هێزە عێراقییەكاندا، هەفتەی ڕابردوو ناوی حەشدی شەعبی خرایە لیستی شەرمەزارییەوە كە بەڕێز عەبادی بەو یاسایەی بۆ حەشدی شەعبی ده‌ركراوه‌، فەرماندەی حەشدی شەعبیشە.

عەبادی دەڵێ گوتوویانە سنوور بە خوێن دروست دەكەین، ئەوە ڕاست نییە، بەڵكو هەموو سەرۆك و بەرپرسەكانی كوردستان ڕوونیان كردووەتەوە كە پێشمەرگە بە خوێن سنوور و شار و گوندەكانی پاراستوون، بە خوێنی خۆی سەلامەتی و پێكەوەژیان و شارستانیەتی پاراستووە، وایكرد كە شاری كەركووك و زۆر شار و شارۆچكەی سەر بە پارێزگاكانی مووسڵ، دیالە و تكریت، وەك ئەنبار و مووسڵ و شوێنەكانی دیكە، وێران نەبن. ئێستاش دەبێ بەڕێز عەبادی ئەوانە سزا بدات كە بوونە هۆی وێرانبوونی شار و پارێزگاكان، ئەوانەی دەیان مەدەنییان بە كۆمەڵ كوشتوون، چەندین گەڕەكیان وەك تۆڵەكردنەوەی كوێرانە لە شارەكانی نێوەڕاستی عێراقدا وێران كردوون، نەك ئەوانەی بوونە هۆی پاراستنی شارەكان و شارستانیەت لە دەست هێرشی وەحشییانە. هەروەها سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش چەندین جار ڕایانگەیاندووە كە هیچ شتێك دوور لە ڕێوشوێنە دەستووری و دیموكراسییەكان بەسەر هیچ ناوچەیەكدا ناسەپێندرێن، بۆ ئەو مەبەستەش بەردەوام ئامادەین بۆ گفتوگۆكردن.

چوارەم: بەڕێز عەبادی حكوومەت و بەرپرسانی هەرێمی كوردستان بەوە تۆمەتبار دەكات كە وڵاتانی دراوسێمان دژی عێراق هان داون و شاندی هەرێمی كوردستان جددی نەبوو لە گفتوگۆكردن پێش ڕیفراندۆم، هەروەها ئەوەش ئاشكرا دەكات كە ئەو بڕیارانەی دژی خەڵكی كوردستان دەریكردوون، پێش دوو مانگ لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە گفتوگۆ نهێنییەكاندا لەگەڵ ئێران و توركیادا باس كراون. بەڕێز عەبادی خۆی پێش هەمووان دەزانێت و وڵاتانی ناوچەكەش شایەتن كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێكی دا پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ حكوومەتی عێراق ئاسایی ببنەوە، هەروەها هانی وڵاتانی دیكەی دراوسێی عێراقمان داوە كە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ عێراق چاك بكەنەوە.

سەبارەت بە گفتوگۆكردن لەگەڵ عێراقیشدا ئێمە ئەوكات و ئێستایش جددین، هەر ناجددیبوونی حكوومەتی عێراقیش بوو لە گفتوگۆكاندا وایكرد گەلی كوردستان ڕیفراندۆم ئەنجام بدات، بەڵام لەبەر ئەو گفتوگۆ نهێنیانەی كە پێش دوو مانگ بەڕێز عەبادی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا ئەنجامی داون و ئێستاش درێژەیان پێ دەدات، بە شێوەیەكی زۆر نائاسایی و نایاسایی گفتوگۆ ڕەتدەكاتەوە، لەكاتێكدا ئێمە ڕامانگەیاندووە كە بەبێ مەرج و بە پێشوازیكردن لە بانگەوازی بەڕێز ئایەتوڵڵا سەید عەلی سیستانی ئامادەین بۆ گفتوگۆیەكی كراوە لەگەڵ حكوومەتی عێراقدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.

پێنجەم: بەڕێز عەبادی تۆمەتی ئەوە دەداتە پاڵ پێشمەرگە كە وایكردووە داعشەكان ڕابكەن لە شەڕی حەویجە و پێشمەرگە دەستگیریان بكەن لە كەركووك و ئێستاش لە ڕێگەی وەزیری ناوخۆوە داوایكردووە لیژنە پێك بێنن بۆ لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەو چەكدارانەی داعش لە كەركووك. بە ڕاستی ئەوەش تۆمەتێكی دیكەی سەیر و سەمەرەیە، چونكە هێزەكانی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەكانی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وەك بەشێك لە هاوپەیمانیی دژی داعش، هیچ كات ڕێگرییان لە هاوپەیمانان و حكوومەتی عێراق بۆ لێكۆڵینەوە لەگەڵ چەكدارە بەدیلگیراوەكانی داعشدا نەكردووە، بەڵكوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام ئامادەیی نیشان داوە بۆ هەموو هاوكارییەك لەپێناو بەجینۆساید ناساندنی تاوانەكانی داعش و كردنی ئەو كەیسە بە كەیسێكی نێودەوڵەتی.

هەروەها بەڕێز عەبادی ڕێككەوتنەكانی لەگەڵ پێشمەرگەدا شكاند و تاكلایەنە ئۆپەراسیۆنی حەویجەی دەستپێكرد بەمەبەستی ئیستیفزازكردنی پێشمەرگە، بەڵام پێشمەرگە لەپێناو سەركەوتنی ئۆپەراسیۆنەكەدا هەموو كارئاسانییەكی بۆ هێزەكانی عێراق كرد و خۆی لە وەڵامدانەوەی هەموو جۆرە ئیستفزازەكانیش پاراست. پێشمەرگە بەهۆی نێوبانگەكەی لە پاراستنی هەموو پێكهاتەكانی گەلی عێراق و پاراستنی یاساكانی شەڕ، زۆر لە خەڵكی ناوچەكانی پارێزگای مووسڵ، كەركووك ، دیالە و تكریت، لەو كاتەی كە هێزەكانی عێراق ئۆپەراسیۆنی بۆ سەر ناوچەكان ئەنجام داوە لە جیاتی بەرەكانی هێزەكانی سوپا و حەشدی شەعبی، ڕوویان كردووەتە بەرەكانی پێشمەرگە. هەروەك چۆن ٢ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار ئاوارەی عەرەبی سوننە لە پارێزگاكانی ئەنبار، مووسڵ، تكریت و دیالە و شوێنەكانی دیكە، ڕوویانكردووە كەركووك و شارەكانی هەرێمی كوردستان.

پێش دەركەوتنی داعش، دەیان هەزار لەوانەی بەهۆی شەڕی تایفییەوە ئاوارە بوون، ڕوویانكردووه‌تە هەرێمی كوردستان و تا ئێستاش یەك ڕووداوی نەخوازراو بەرامبەر یەك ئاوارەش لە هەرێمی كوردستان نەكراوە. خەڵكی كوردستان وەك كەسوكاری خۆیان مامەڵەی لەگەڵ كردوون، سەرەڕای ئەوەی ئەو سەدان هەزار ئاوارەیە بەهۆی یارمەتینەدانی حكوومەتی عێراقەوە، بارگرانییەكی زۆری دروست كردووە بۆ هەرێمی كوردستان لە ڕووی دابینكردنی خزمەتگوزارییەكانەوە، چونكە بەهۆی ئاوارەو پەنابەرانەوە ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان ٢٨% زیادیكردووه‌.

بەهۆی سیاسەتی تایفەگەرییەوە، دەستووری عێراق پشتگوێ خرا، دەوڵەتی هاووڵاتیبوون و مەدەنی نەما، كوشتن و بە دڕێل كونكردنی سەری سەرۆك خێزانەكان بە بەرچاوی منداڵەكانیانەوە لەناو شارەكانی عێراقدا لەسەر ئینتیمای مەزهەبی، كۆمەڵگەی عێراقی لەتكرد، بە ملیۆنان سوننە ناچار بوون ڕوو بكەنە وڵاتانی دراوسێی عێراق، ئەو سیاسەتە مەزهەبییە زەمینەی دروستبوونی قاعیدە و دواتریش داعشی لە عێراقدا خۆش كرد، كە بەپێی دوایین ئاماری نەتەوەیەكگرتووەكان كە لەو مانگەدا بڵاوكرایەوە، پێنج ملیۆن و ٤٠٠ هەزار كەس بەهۆی شەڕی داعشەوە ئاوارە بوون و له‌وانه‌ هێشتا سێ ملیۆن ئاوارە نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵەكانیان.

شەشەم: ماوەیەكە بەڕێز حەیدەر عەبادی و دەزگا میدیاییەكانی حكوومەتی عێراق، بە مەبەست، ناوی كوردستان ناهێنن و هەمیشە بە "باكووری عێراق " ناوی دەهێنن، ئەوەش پێچەوانەی دەستووری عێراقە و بووەتە هۆی ئیستیفزازكردنی گەلی كوردستان، بە ڕاستیش نیشانەی ئەوەیە كە جینۆسایدكردنی گەلی كوردستان و وێرانبوونی عێراق بەهۆی شەڕی مەزهەبی لە چەند ساڵی ڕابردوودا هیچ پەندێكی لێوەرنەگیراوە، بۆیە ئێستاش ناوی كوردستان قەدەغە دەكرێت و بە بڕیاری سیاسی و جیاكاری، سزای بەكۆمەڵی خەڵكی كوردستان دەدرێت و هەوڵی ئابلۆقەدانی زیاتری خەڵكی كوردستان دەدرێت.

لە كۆتاییدا بە بەڕێز حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەڵێین چارەسەری كێشەكان بە گەمارۆ و سزادانی بەكۆمەڵ بە یارمەتیی وڵاتانی دراوسێ نایێتە كایەوە، چونكە ئەوە لێكەوتەی خراپی دەبێت، هەروەك چۆن پێشێلكردنی بنەمای هاوبەشی لە دەسەڵات و پشتگوێخستنی بنەمای تەوافوق لە بڕیاردان و بەڕێوەبردنی كاروباری عێراقدا كە دوو بنەمای بنچینەیی و سەرەكیی دەستووری عێراق بوون، بووە هۆی وێرانبوونی عێراق و گیانلەدەستدانی سەدان هەزار هاووڵاتیی عێراق و ئاوارەبوونی ملیۆنان، لەبەر ئەوە ئێستا پێویستە دەست بە گفتوگۆیەكی حكوومی و سیاسی بكرێت لەنێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق و هەموو فراكسیۆن و لایەنە سیاسییەكانی عێراق و كوردستان، لەپێناو چارەسەركردنی هەموو كێشەكان.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان
١١/١٠/٢٠١٧




دوایین هەواڵەکان

وەزیری بازرگانی ھەنگاوەکانی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ بۆ KDP ئاشکرا دەکات

FRIDAY, 19 APRIL 2024 21:04:30

ھەولێر-KDP.info- وەزیری بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا بڕی وەرگرتنی گەنمی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغدا دیاری نەکراوە، بڕیاریشە حکوومەتی ھەرێم و بەغدا بە ھەماھەنگی بڕەکە دیاری بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش خۆمان ئامادەکردووە.

 
شاخەوان عه‌بدوڵڵا بۆ KDP: دەرکردنی ئەو ماڵە کوردانەی خانەقین ڕاگیرا

THURSDAY, 18 APRIL 2024 23:04:20

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی، دەرکردنی ئه‌و ماڵە کوردانه‌ی لە خانووی شارەوانی بوون کە بڕیاری لێدرابوو راگیرا.

 
ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن نوژەن دەکرێتەوە

THURSDAY, 18 APRIL 2024 20:04:17

سۆران _KDP.info_بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی: بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن لە نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران نوژەن دەکرێتەوە.‌

 
پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی پێشوازیی لە شاندێکی کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد و ئەڵمان کرد

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:30

ھەولێر-KDP.info- شاندێکی  کۆمەڵەی دۆستایەتی  کورد و ئەڵمان سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد و هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەب و ژمارەیەک لە ستافی دێسک و یۆنیتەکانی مەکتەب  پێشوازیان لێ کردن.

ھەوراز عەبدولقادر: بەگوێرەی پڕۆژەیەک ١٠٠ ھەزار بۆ مووچەی ئەم توێژە زیاد دەبێت

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:31

ھەولێر  _KDP.info_ بەرپرسێکی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی ئاشکرایکرد، بەگوێرەی پڕۆژەیەک ١٠٠ ھەزار دینار بۆ مووچەی کەمئەندامان زیاد دەکرێت، گوتیشی: لە ھەرێمی کوردستان ٧٤ ھەزار کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت مووچەی مانگانەیان بۆ خەرج دەکرێت.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact