د.محه‌ممه‌د خدر مه‌ولوود
هێشتا كه‌فوكۆڵی نێو فنجانه‌كه‌ی عه‌بادی نه‌نیشتبووه‌وه، مانا و مه‌غزای وتاره‌كه‌ی سه‌رئاوكه‌وتن و زۆربه‌ی شرۆڤه‌كارانی عه‌ره‌ب، به هه‌ندێ په‌رله‌مانتارانی عه‌ره‌بی عێراقیشه‌وه، وای بۆ چوون، كه‌وا مه‌به‌ست له وتاره پڕ له هه‌رو گیفه‌كه‌ی، ده‌نگ كۆكردنه‌وه‌یه بۆ هه‌ڵبژاردنی ئاینده. به دیوه‌كه‌یی تریش، بۆ خۆنواندنیش له نێو توركیا و ئێران‌دا، گوایه خاوه‌نی سیاده‌ی عێراقه، له كاتێكدا هه‌موو ده‌زانین باخچه‌ی دواوه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق، له‌مێژه له باخچه‌ی پێشه‌وه‌ی ترازاوه و، خه‌ڵكی كه‌رخ و ڕه‌سافه‌ی ئه‌و به‌غدایه‌ی كه هه‌ر به‌ناو پایته‌خته بۆ سوننه و شیعه، به‌ر له كه‌رنه‌فاڵه ملیۆنییه سه‌ربه‌خۆییه‌كه‌ی ریفراندۆمی گه‌لی كوردستان له 25ی ئه‌یلوولدا، به ته‌واوه‌تی لێكترازاو و لێك دابڕاون، چجای پارێزگای ئه‌نباری سوننه‌نیشین كه جه‌عفه‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی عه‌بادی، به پارێزگاره تیرۆریسته‌كه ناوی دێنێ. ئه‌وه باس له ناوچه سوننه‌نشینه‌كانی دیكه‌ش ناكه‌ین.
به‌گشتی نێو ماڵی عێراقی بلد نیفاق، پێچه‌وانه‌ی تێگه‌یشتنی رێكس تیله‌رسۆنی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا و له‌مێژه تۆتالیتارییه نه‌ك فیدراڵی و دیموكراتی، پاشكه‌وتووه نه‌ك پێشكه‌وتوو، سه‌رانی عێراق له به‌عدا خۆیان سیاسه‌تی په‌رتكه و زاڵبه‌یان پێڕۆ كردووه، سه‌رئه‌نجام عه‌بادییش تێكه‌وت و، بۆیه ده‌كرێ بپرسین: ئه‌رێ به‌رێز عه‌بادی تۆ كه ناو ماڵه‌كه‌ی خۆت پێ كۆ ناكرێته‌وه، یه‌كێتیی نێو ماڵی شیعه و نێوانی سوننه‌ت له ده‌ست داوه، ئه‌م پڕدان و هه‌ڕ و گیفه‌ی له كوردستان، له‌و دراوسێیه تازه‌یه‌ت ده‌كه‌ی له‌پای چییه؟
به‌و هیستریایه‌ت ڕابوونی نه‌ته‌وه‌یه‌كی وه‌كو كوردی جه‌ربه‌زه ده‌ترسێنێ؟ نه‌ته‌وه‌یه‌ك جه‌واهیری شاعیری ناودار گوته‌نی:
وعنده من: ابجدیات الضحایا ....یه‌ی هه‌بێ،
چۆن خاك و ئاسمانت ڕاده‌ست ده‌كا؟
به‌ڕێز عه‌بادی، سیاسه‌تمه‌داری ئاقڵ و ژیر له سه‌ركه‌وتنا مه‌غروور و له شكستیشدا نا‌ئومێد نابێ.
كوردستان و بارزانی له دوای ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی، رۆژی 25-9-2017، ئه‌مڕۆ به هێمنی و ژیری، دوور له غروور و غه‌فڵه‌تی سه‌ركه‌وتنه مه‌زنه‌كه له چاوه‌ڕوانی پێشهاته تازه‌كاندان، ئه‌و پێشهاتانه‌ی بۆ مرۆڤی نه‌ته‌وه و نیشتیمانی ئازاد و سه‌ربه‌ست دێنه پێش، گه‌لۆ، ئێستا ڕه‌وشه‌كه گه‌لێ جیاوازتره له جاران، مرۆڤی بێ ئیراده‌ی به‌ر له 25ی ئه‌یلوول گوزه‌شت.
به‌رێزم، ئه‌وه‌ی له په‌رله‌مانی عێراق گوتت، زمانی زبری پڕ له هیستریای ته‌واوی حاكمه‌كانی 100 ساڵه‌ی عێراقی لێ ده‌خوێندرایه‌وه، له نێو دێڕه‌كانتدا هانات بۆ قاره‌مانه‌تی فه‌خد و ئه‌فخادی عه‌دنان و قه‌عتان ده‌برد، شمشێری شعوبیه‌ت و مه‌زهه‌بگه‌رایی و عروبه‌ت له‌نێو په‌رله‌مانا بریسكه‌ی ده‌دا!! ئه‌رێ ئه‌وه چی بوو؟ چی ده‌گوزه‌را له په‌رله‌مانی عێراقدا؟ شه‌ڕه‌شمێری ئه‌فخاده‌كانی عه‌دنان و حه‌جاجی ئه‌نفالچی؟ یا فیلمی كاوبۆیی ته‌كساس؟
به‌رێز ریكس تیله‌رسۆن، ئه‌مه‌یه عێراقی فیدراڵی دیموكراتی پێشكه‌وتوو؟
بۆ پێتان وایه كوردستان ئه‌و گه‌له‌ی جه‌واهیری شاعیری ناوداری به‌نی قه‌ومی عه‌بادی، له ساڵی 1964 له به‌رامبه‌ر ئازایی و ڕه‌وایی پرسه‌كه‌دا بۆ كوردستان و به ناوی (ئه‌مین و مسته‌فا)وه له چامه ناوداره‌كه‌ی (جبل الاشم) گوتوویه‌تی:
شعب دعائمة الجماجم و الدم
تتحطم الدنیا، و لا یتحطم
ئاسمان و خاكت ڕاده‌ست ده‌كا؟