دیالە-KDP.info- لە ھەموو ناوچەکانی سنووری پارێزگای دیالەدا بنکەکانی دەنگدان کراونەتەوە و ھەموو پێکھاتەکان بەبێ جیاوازی بەشداری لە پرۆسەکەدا دەکەن، تا ناوچەکانیان بگەڕێندرێنەوە سەر ھەرێمی کوردستان.
(حاکم حەسەن)، کارگێڕی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە سنووری پارێزگای دیالە لە ھەموو قەزا و ناحیەکاندا لە بەیانییەوە بنکەکانی دەنگدان کراونەتەوە، خەڵکیش پۆل پۆل بەشداری لە پرۆسەکەدا دەکەن، نەک تەنیا کورد، بەڵکو ھەموو پێکھاتەکانی کورد و عەرەبی سوننە و شیعە و پێکھاتەکانی دیکەش چوونەتە سەر سندووقەکانی دەنگدان.''
لەبارەی دەنگدانی ئاوارەکانیشەوە ناوبراو گوتی: ''بنکەی دەنگدان بۆ ئاوارەکانیش کراونەتەوە و ئاوارەکان لەو بنکانەی بۆیان کراونەتەوە، دەنگی خۆیان دەدەن.''
هاوکات ئاماژەی بە بوونی پلانێکی ئەمنیی تۆکمەش کرد، کە بنکەکانی دەنگدان و دەنگدەرانیش دەپارێزرێن.
(عامر ڕەفعەت)یش، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەعدییە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە سنووری ئێمە ٢ بنکەی دەنگدان کراونەتەوە و خەڵکیش بە ئاھەنگەوە بەشداری لەو پرۆسەیەدا دەکەن و دەنگی خۆیان دەدەن.''
ناوبراو باسی لەوەش کرد: ''ھەموو پێکھاتەکان بەبێ جیاوازی بەشداری لە پرۆسەکەدا دەکەن و خۆیان بە (بەڵێ) دەنگ دەدەن، ئەویش بۆ ئەوەی ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە سەر ھەرێمی کوردستان.''
بڵند ئیبراهیم