عەبدولڕەزاق عەلی
یه‌كه‌مین فه‌زڵی فیكری و كرداره‌كی ڕۆژئاوا به‌سه‌ر مرۆڤایه‌تییه‌وه، دیموكراسییه. ئێستێ ده‌وڵه‌تانی ڕۆژئاوا به هه‌موو سه‌نگی خۆیانه‌وه، سێره‌یان له مافێكی دیموكراسییانه‌ی میلله‌تێكی به‌شخوراوی وه‌ك كورد گرتووه.
له‌وه‌ش واوه‌تر، بێ شه‌رم و شكۆ، پشتیوانی له دیكتاتۆریه‌تێكی ئایینی ده‌كه‌ن كه دژی ناوی ڕۆژئاوایه، چجای به‌ها و بنه‌ما و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان.
له‌به‌ر خاتری هه‌ڵگرانی كه‌لتوورێكی دواكه‌وتووی ئه‌وتۆ كه دیموكراسی به بیدعه‌ی ڕۆژئاوا ده‌زانن، گوشار ده‌خه‌نه سه‌ر كوردستان.
له مێژووی نوێ‌دا، كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، دنیای ئازاد، هه‌رگیز هێنده‌ی ئێستا ڕووقاییم نه‌بووه له هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه له سه‌رله‌به‌ری به‌ها و بنه‌ماكانی خۆی. ئاخر به‌های باڵا له دنیای ئازاد‌دا، ئازادییه، ئێستێ ئه‌و دنیایه دژی ئازادییه! هه‌ر بۆیه، فه‌یله‌سووفی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی فه‌ره‌نسا، بێرنارد هێنری لیڤی، له دواوتاریدا ده‌ڵێت: ڕاڕایی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له ئاست ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستاندا، عه‌یبه‌یه، سه‌خافه‌ت و هه‌ڵه‌یه‌كی مێژووییه.
عه‌یبه‌یه، ئه‌مریكا و ئه‌ورووپا، دووسه‌د ساڵه، مێشكی عاله‌میان به گوتنه‌وه‌ی دروشمی ئازادی و دیموكراسی كاس كردووه، كه‌چی كاتێك دێته سه‌ر ئازادیی میلله‌تێكی ئه‌وه‌نده ملیۆنی، ده‌بنه چه‌كوشی ده‌ستی دوژمنانی ئه‌زه‌لیی ئازادیی و دیموكراسی. ئه‌دی نابینن، له‌وه‌ته‌ی ئه‌مریكا و ئه‌ورووپا به گه‌رمی هاتوونه‌ته سه‌رخه‌ت، به‌رودراوسێی نه‌یاری سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بێده‌نگه‌یان لێكردووه. ئاخر ئه‌وه‌ی به توركیا و ئێران ناكرێت، وا ئه‌مریكا و به‌ریتانیا خه‌ریكین.
سه‌خافه‌ته، موجامه‌له‌ی ده‌وڵه‌تگه‌لێك بكه‌ی كه تۆمه‌تبارن به هاوكاریی داعش و كوشتنی سه‌رباز و هاووڵاتییه‌كانت. ڕۆژ نییه له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانت نه‌ده‌ن، ساتێك ناڕووات سووكایه‌تی به به‌ها و سیمبوڵه‌كانت نه‌كه‌ن، له‌سه‌ر حسێبی میلله‌تێكی ئه‌وه‌نده ملیۆنی كه هیچ قوربانییه‌ك نه‌ماوه له‌پێناو سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی و دیموكراسی و پێكه‌وه‌ژیانی نه‌ته‌وه و ئایین و مه‌زهه‌به‌كاندا نه‌یدات.
لیڤی، ڕاست ده‌كات سه‌خافه‌ته، دنیای ئازاد، له سه‌نگه‌ری جه‌للاده‌وه و به مه‌نتیقی ئه‌وان، قسان له‌گه‌ڵ قوربانی ده‌كه‌ن.
هه‌ڵه‌یه‌كی مێژووییه ڕێ له سه‌ربه‌خۆییی كوردستان ده‌گرن. هیچ نه‌بێت، گه‌لی كوردستان هه‌ڵگری هه‌مان ئه‌و به‌هایانه‌یه كه ئه‌وان ئیدعای ده‌كه‌ن. خۆ ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌كه ته‌نیا به‌رژه‌وه‌ندی و نه‌وت و گازه، كوردستان له هه‌موو نه‌یاره‌كانی ده‌وڵه‌مه‌ندتره و به ته‌جره‌به‌ش سه‌لماندوێتی، ته‌ماعی له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌وان نییه.
ساڵی دووهه‌زاروسێ، پاش ڕووخاندنی ڕژێمی سه‌ددام به چه‌ند مانگێك، له‌گه‌ڵ چه‌ند ڕۆژنامه‌نووسێكی دیكه‌ی هه‌ولێردا، بانگێشتی دانیشتنێك كراین له هۆتێل هه‌ورامان. دیاره وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، چه‌ند فه‌رمانبه‌رێكی خۆی ناردبوو كه گوێ له شاره‌كانی كوردستان و وابزانم عێراقیش بگرن و، وه‌ك ئه‌و براده‌رانه خۆیان گوتیان تا ڕاپۆرتێك له‌باره‌ی چۆنیێتیی عێراقی دوای سه‌ددام ئاماده بكه‌ن. ئه‌وێ ڕۆژێ، به سه‌رۆكی تیمه‌كه‌م گوت: ته‌نیا وڵات له دنیادا گه‌ل و سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی كۆك بن له‌سه‌ر ڕێزگرتنی ئه‌مه‌ریكا و بگره خۆشویستنی ئه‌مه‌ریكا، كوردستانه. هیوادارم ئه‌و ڕاستینه‌یه‌تان له‌بیر بێت. ڕۆژێك نه‌یه‌ت توڕیهه‌ڵده‌ن.
له سه‌رده‌می ئۆبامادا، له‌سه‌ر ده‌ستی جۆن كێری، ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌و ڕاستینه‌یه بێمنه‌ت بوو، كه‌وتنه موجامه‌له‌ی نه‌یارانی كوردستان و خۆیان. عێراق و زۆربه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیان بۆ ته‌راتێنی ئه‌وان جێهێشت.
شه‌ڕی داعش و په‌لاماری كوردستان و كاره‌ساتی شنگال، ئه‌مه‌ریكا و به‌دوایدا ئه‌ورووپای به ئاگا هێنایه‌وه. ئێستێ، وا دیاره، تیمه‌كه‌ی جارانی كێری تێهه‌ڵچوونه‌ته‌وه. به‌ریتانیایش گه‌ڕاوه‌ته‌وه سه‌ر سه‌نعاته كۆنه كلاسیكییه‌كه‌ی.
ئیراده‌ی خه‌ڵكی كوردستان هه‌ر سه‌رده‌كه‌وێت، كوردستانیش سه‌ربه‌خۆ ده‌بێت. ئه‌وه‌ی زیانی به‌رده‌كه‌وێت، میسداقیه‌تی دنیای ئازاده لای گه‌لی كوردستان.