هەولێر-KDP.info- پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، واژۆی ڕێژەی یاساییی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی پەرلەمان پێشکەش کراوە و سبەی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دەدات و کارا دەکرێتەوە.
لە ڕاگەیندراوێکی پەرلەمانی کوردستاندا، کە وێنەیەکی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان نێردراوە، ھاتووە، لە کاتێکدا کە دۆخی کوردستان بە ھەلومەرجێکی چارەنووسسازدا تێدەپەڕێت و پێویستە پەرلەمانی کوردستان ڕۆلی مێژووییی خۆی جێبەجێ بکات، واژۆی ڕێژەی یاساییی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی پەرلەمان پێشکەش کراوە، بۆ ڕۆژی پێنجشەمە، ڕێکەوتی ١٤/٩/٢٠١٧.
پەرلەمانتاری فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان، (د. فورسەت سۆفی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''کۆکردنەوەی ئیمزا بەردەوامە و ئیمزا کۆ کراوەتەوە و نیسابی یاسایی تەواو بووە و سبەی پەرلەمانی کوردستان کۆ دەبێتەوە. ئەگەر گۆڕان و کۆمەڵ بێن بە بەشداریی ھەموو لایەنەکان پەرلەمان کۆ دەبێتەوە، ئەگەرنا بە زۆرینە دەبێت.''
بڵند ئیبراھیم