بەغدا-KDP.info- ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆ بووەوە و تێیدا بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستانی ڕەت کردەوە، پەرلەمانتارێکی کوردیش دەڵێت، بڕیارەکە نایاسایییە و ئەگەر ڕەت نەکرێتەوە، ھەڵوێستمان دەبێت.
(ئیسلام حوسێن) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆ بووەوە و تێیدا لەناکاو بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستانیان خستە دەنگدانەوە و، بێ ئەوەی کورد ئاگادار بێت، بە زۆرینەی دەنگ پەسەندیان کرد و ئێمەش وەکو ھەر پێنج فراکسیۆنەکەی کورد کۆبوونەوەکەمان بایکۆت کرد.''
پەرلەمانی عێراق وەک پەرلەمانتارانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان ئاماژەیان بۆ کردووە، بەبێ گوێدانە نیسابی یاسایی و بەشێوەیەکی کوتوپڕ پرسی ریفراندۆمیان خستووەتە بەرنامەی کاری پەرلەمان و بڕیاریان لەبارەوە داوە، ئەمەیش وەک پەرلەمانتاران دەڵێن بڕیارەکە نایاساییە.
(ئیسلام حوسێن) گوتی: ''دواتر کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە لایەن فراکسیۆنە کوردییەکانەوو ساز کرا و باس لەوە کرا، پێویستە ئەو بڕیارە ھەڵوەشێندرێتەوە، ئەگەرنا ھەڵوێستی دیکەمان دەبێت و، ڕەنگە هەڵوێستەکەشمان گەڕانەوەی یەکجارەکی بێت.''
(ئیسلام حوسێن) ڕوونیشی کردەوە: ''ئەو بڕیارە یاسایی نەبوو، چونکە جگە لەوەی بەبێ ئاگاداریی ئێمە بوو، نیسابی یاساییی ئەندامانیش تەواو نەبوو.''
بڵند ئیبراھیم