جه‌بار قادر
لهوانەیە ساده‌ترین پرسیار ئه‌وه بێت كه ناسنامه چییه؟ چمان پێ ده‌به‌خشێت؟ بوونی ناسنامه چ شتێكی ژیانمان لێ ده‌گۆڕێت؟ بوونی ناسنامه كاریگه‌ری له‌سه‌ر كهسێیهتی تاك هه‌یه؟
ناسنامه، وه‌کو یه‌کێک له لایه‌نه‌کانی گه‌شه و په‌ره‌سه‌ندنی خود دێته هه‌ژماركردن. تاك لهوێوهههست به بوون یان بۆشایی ناسنامه ده‌كات، بۆشاییی ناسنامه جۆرێك له گوشاری ده‌روونی و خۆبه‌كه‌مزانین و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی هه‌مووان بۆ تاك دروست ده‌كات، به‌جۆرێك كێشه‌ی خود و خۆناسین و پێكه‌وه‌بوون دێنێته ئاراوه. بۆیه‌شه زۆر جار بۆشاییی ناسنامه به یه‌كێك له قۆناغه ئاڵۆز و پڕمهتهرسییهكانی ژیانی پێشكه‌وتن و گه‌شه‌كردن ده‌بیندرێت.
ناسنامه بریتییه له‌و خاسێته تایبه‌تی و كه‌سیانه‌ی كه كه‌سێك یان گرووپێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری، نه‌ته‌وه‌یی، ئایینی، یان پێكهاته‌یه‌ك له كه‌س و گرووپ و پێكهاته‌ی تر له ڕووی نیشتمانی و خاكه‌وه جیا ده‌كاته‌وه، چونكه ململانێی تاك و گرووپه‌كان له‌پێناو نیشتمانێكی دیاریكراو بووه، بۆیه‌شه هه‌میشه ئاریشه‌یه‌كی به‌رده‌وامی مرۆڤایه‌تی له‌پێناو ناسنامه‌دا بووه، چونكه دواجار تاك وه‌كو هێزێكی بوون له چوارچێوه‌ی نیشتمان و خاك و گرووپه كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوورییه‌كاندا خۆی ده‌بینێته‌وه، هه‌ر له‌وێشه‌وه ماف و داخوازییه‌كانی به‌رجه‌سته ده‌كات.
هه‌موو كۆمه‌ڵگایه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی بەشێوەیەكی ڕێكخراو به‌رده‌وام هه‌بێت، پێویسته مه‌سه‌له‌ی سه‌ربه‌خۆیی و ئاره‌زووی ناسنامه‌ی تاكه‌كان به چه‌شنێك به‌ڕێوه ببردرێ كە تاك هەست بە بوونی و پێگەیەكی كۆمەڵایەتی و سیاسیی خۆی لە و كۆمەڵگایانەدا بكات. به‌ڵام یه‌كێك له ئاریشه گه‌وره‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی كه ده‌وڵه‌تیان نییه و له‌ژێرهه‌ژموونی ئه‌وانی دیكه‌دا چه‌وساونه‌وه، بریتییه له قه‌یرانی ناسنامه، كه كێشه‌ی خۆناسین و بوون و كاریگه‌ری و هێزیان هه‌بووه، كه دواجار له ڕیگه‌ی بنیادنانی ده‌وڵه‌ته‌وه توانیویانه ناسنامه و بوون و هێز بگه‌ڕێندرێنه‌وه.
باشووری كوردستان له هه‌نگاوی سه‌ربه‌خۆیی و دروستكردنی ده‌وڵه‌تدا، ناسنامه و هێزی ده‌روونی و كولتووری و سیاسی بۆ تاكی كوردستانی دروست ده‌كات، دواجار باوه‌ڕ به‌خۆبوون له‌سه‌ر بوونی ناسنامههێزێكی مه‌عنه‌وی بۆ تاك بنیاد ده‌نێت، كه باوه‌ڕی ته‌واوی به‌خۆی و كۆمهڵگایهكهی دروست ده‌كات.
بوونی ناسنامه هێزی ده‌روونی و سیاسی و كولتووریمان پێ ده‌به‌خشێت، به‌جۆرێك هێزی بوون و باوه‌ڕ به‌نیشتمان و وڵات زیاتر ده‌كات. بۆیه سه‌ربه‌خۆبوون و ده‌وڵه‌ت له باشووری كوردستاندا هێزێكی مه‌عنه‌وییش به كوردستانیانی پارچه‌كانی دیكه ده‌به‌خشێت و بنیادی هه‌مووان به‌هێزتر ده‌كات.
كوردستانیان قوربانییه‌كی یه‌كجار زۆریان بۆ به‌ده‌ستهێنانی ناسنامه‌ی نیشتمانی داوه، ناسنامه‌یه‌ك كه مرۆڤبوون و پێگه و باوه‌ڕ و ئیراده‌ی نیشتمانی تیادا بێت، ئه‌م هه‌نگاوه‌ش ته‌نیا له سه‌ربه‌خۆبوون و ئیراده‌یه‌كی به‌هێز بۆ بوون ده‌ست ده‌كه‌وێت. بۆیه گرینگه هاونیشتمانیانی كوردستان به هه‌موو جیاوازییه ئیتنی و ئایینی و كولتووریی و دیدگا سیاسییه‌كانه‌وه، كار بۆ به‌ده‌ستهێنانی ناسنامه‌ی نیشتمانی سه‌ربه‌خۆ بكه‌ین، چونكه ناسنامه به‌شێك له هێز و ئیراده و بوونمان پێ ده‌به‌خشێت.
دواجار ده‌كرێت روئیا جیاوازه‌كانمان له‌سه‌ر میكانیزمی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م ده‌وڵه‌ته كراوه‌تر بكه‌ین، به دڵنیاییه‌وه بۆ به‌هێزكردنی ده‌وڵه‌ت پێویستمان به جیاوازی و قبووڵكردنی یه‌كتر هه‌یه، پێویستمان به به‌رفراوانكردن و قبووڵكردن و گه‌شه‌پێدانی جیاوازییه سیاسی و كولتوورییه‌كان هه‌یه، به‌ڵام له‌سه‌ر بنه‌مای پێكه‌وه‌بوون و قبووڵكردنی جیاوازی.