حه‌ردان -KDP.info-یاریده‌ده‌رى فەرماندەی فه‌وجى 3ى لیوای 12ی هێزی پێشمەرگه‌ى كوردستان له میحوه‌رى حه‌ردانى نیزیك شاروچكه‌ى ته‌له‌عفه‌ر ڕایده‌گه‌یەنێت، له‌گه‌ڵ نیزیكبوونه‌وه‌ى ده‌ستپێكردنى ئۆپه‌راسیۆنى شاروچكه‌ى ته‌له‌عفه‌ر و ناحیه‌ى عیازیه، ڕۆژانه ژماره‌یه‌كى زۆر خه‌ڵكى ناوچه‌كه ئاواره‌ى سنوورى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه ده‌بن و له نێویشیاندا تا ئێستا 15 تیرۆریستى داعش ده‌ستگیر كراوه .
ڕائید (به‌درخان حه‌جى مو‌سا)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''له‌گه‌ڵ نیزیكبوونه‌وه‌ى ئۆپه‌راسیۆنى ئازادكردنى شاروچكه‌ى ته‌له‌عفه‌ر و ناحیه‌ى عیازییه، كه بڕیاره به‌م نیزیكانه ده‌ست پێ بكات، له حه‌فته‌ى ڕابردووەوە ئاواره‌یه‌كى زۆر به‌ره‌و سنوورى هێزه‌كانى پێشرمەرگە هاتوون، كه سێ وه‌جبه بوون و ڕۆژانه‌ش به‌رده‌وامن، پێشبینیش ده‌كه‌ین، نیزیكه‌ى 13 هه‌زار ئاواره‌ى تر بێن.''
له‌باره‌ى دزه‌كردنى تیرۆریستانى داعش له‌گه‌ڵ ئاواره‌كان بۆ نێو سنوورى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه (به‌درخان) گوتى: ''هه‌ر چه‌ند تیرۆریستان به هه‌موو شێوه‌یه‌ك ده‌یانه‌وێت ڕا بكه‌ن و خۆیان حه‌شار بده‌ن، به‌ڵام وەکو هێزه‌كانى پیشمه‌رگه هه‌میشه چاوكراوه‌ین و زانیاریمان له‌سه‌ریان هه‌یه، ته‌نیا له حه‌فته‌ى ڕابردوودا له نێو ئه‌و ئاوارانه‌ى هاتوون بۆ سنوورى ئێمه، 15 تیرۆریستى داعشمان ده‌ستگیر كردووه، كه له‌گه‌ڵ ئاواره‌كان هاتوون و ده‌یانه‌وێت دزه بكه‌نه سنووره‌كانمان.''
قه‌زاى ته‌له‌عفه‌ر سه‌ر به پارێزگاى مووسڵه و ژماره‌ى دانیشتووانه‌كه‌ى له ساڵى 2014دا زیاتر له 200 هه‌زار كه‌س بووه، له 15ی-6ی 2014ه‌وه دواى پاشه‌كشه‌ى هێزه‌كانى پۆلیس و سوپاى عیراق كه‌وته ده‌ستى تیرۆریستانى داعش، ئێستاش ئاماده‌كارى ده‌كرێت بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ى ئه‌و قه‌زایه، كه ماوه‌ى زیاتر له 3 ساڵه له‌ژێر ده‌ستى تیرۆریستانى داعشدایه.''
نەشوان بەرزنجی