Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SAT, 20 APR 2024 05:37 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

شاندی ڕیفراندۆم: ڕاشکاوانە بە بەغدامان گوت لەمەودوا دەبینە دراوسێیەکی باش
| KDP.info


بەغدا-KDP.info- شاندی باڵای ڕیفراندۆم لە بەغدا بەردەوامی بە دیدار و گفتوگۆکانیان دەدەن، ئەندامێکی ئەو شاندە باس لەوە دەکات، لە بەغدا زۆر قسەیان لەبارەی داهاتووی عێراقەوە کردووە و پێیان گوتوون، باشترین بڕیار سەبارەت بە عێراقی داهاتوو، ئەوەیە کە کوردستان ببێتە دراوسێیەکی باش بۆ هەموو لایەک.

شاندی ڕیفراندۆم بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا، کە لە لایەن لێژنەی باڵای ڕیفراندۆمەوە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا پێك هێنراوە، ڕۆژی دووشەممە، 14-8-2017، گەیشتە بەغدا. لەو سەردانەدا شاندەکە لەگەڵ (حەیدەر عەبادی)، سەرۆكوەزیرانی عێراق و (نووری مالیكی)، جێگری سەرۆككۆماری عێراق و، (سەلیم جبووری)، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و، (موقتەدا سەدر)، سەرۆکی ڕەوتی سەدر و، (عەممار حەکیم)، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی و، (هادی عامری)، سەرۆکی جەیشی مەهدی و، باڵوێزی وڵاتان لە بەغدا کۆ بووەوە.

(ماجید بازرگان)، ئەندامی شاندەکە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''هەرچیمان هەبوو بە بەغدا و باڵوێزی وڵاتانان لە عێراقمان گوت و، ئەمەش وای کرد درەگایەکی تازەی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بکرێتەوە، بەڵام ئەم گفتوگۆیە جیاوازە لەوانی دیکە، ئەمە بۆ سەربەخۆیی و ڕیفراندۆم بوو، بەئاشکرا بە سەرجەم لایەنە عێراقییەکانمان گوت، لەمەودوا دوو دراوسێی باش دەبین باشترە لەوەی ئێستا بەردەوام گلەیی لە یەکتری بکەین.''

دەربارەی ڕازیبوونی بەغدا بە ڕیفراندۆم، (بازرگان) دەڵێت: ''ئەوان ڕەتی بكەنەوە، یان نا، ئێمە قسەی خۆمان کرد، تەنیا لەبارەی گشتپرسیشەوە گفتوگۆمان لەگەڵ کردن، بە باڵوێزی وڵاتانیشمان گوت، کە بەرنامەمان چییە.''

(ماجید بازرگان)، نوێنەری تورکمانەکان لە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم و ئەو شاندەی ئێستا لە بەغدایە، زیاتر قسەی کرد و ڕاگەیاند: ''لەگەڵ (عەممار حەکیم)، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق کۆ بووینەوە، بە ڕاشکاوانە پێمان گوتن، مادام قەدەری عێراق ئەوەیە کە ئێوە دەڵێن با پێکەوە بین، دیارە قەدەری کوردستانیش ئەوەیە، کە سەربەخۆ بێت.''

هاوکات (عەرەفات کەرەم)، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''سەردانێکی زۆر باشە، دەرگایەکی نوێیە لە نێوان هەولێر و بەغدا، ڕەنگە شاندەکە چاویان بە زۆر کەسایەتیی دیکەی عێراقیش بکەوێت، بۆیە ئەو شاندە جارێ لە بەغدا دەمێننەوە، تا بەتەواوەتی پەیامی خۆیان دەگەیەنن، ڕەنگە لە داهاتووشدا ئەم سەردانانە بەردەوام بن، چونکە هەرێمی کوردستان بڕیاری خۆی داوە، بەوەی ڕیفراندۆم دەکات، لەسەر ناوچەکان و پارێزگاکان هەندێک ناوچە هەیە هێشتا ئارامییان بۆ نەگەڕاوەتەوە، بۆیە دەبێ هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا بکرێت، تا پرۆسەکە بە سەرکەوتوویی بەڕێوە بچێت.''

(کەرەم) ئەوەشی خستە ڕوو: ''ئەم جارە کوردستان قسەی ڕاشکاوانەی خۆی لەگەڵ بەغدا کردووە، پێی گوتوون، لە بڕیاری گشتپرسی پەشیمان نابینەوە و گشتپرسی ئەنجام دەدەین، ئەوانیش هەرکەس و بۆچوونی خۆی هەیە، بەڵام گرینگ ئەوەیە پەیامەکە بگات، بڕیارە سەردانی هەندێک مەرجەعی ئایینیی شیعە بکرێت، لە ناویاندا (موقتەدا سەدر) سەرۆکی ڕەوتی سەدر.''

دوایین كۆبوونەوەی ئەو شاندە لەگەڵ (سەرۆک بارزانی)، بەر لە بەڕێكەوتنیان بۆ بەغدا، ڕۆژی شەممەی ڕابردوو بوو. ئەوان وەرەقەی گفتوگۆی خۆیان ئامادە كردووە و خستوویانەتە بەردەستی (بارزانی)، ئەویش پەسەندی کردووە.

(ماجید بازرگان) زیاتر لەو بارەوە قسە دەکات و دەڵێت: ''تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکانی شاندی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق و باڵوێزانی وڵاتان لە بەغدا، پرسی ڕیفراندۆم و  سەربەخۆییی کوردستانە، بە ڕێگایەکی ئاشتییانە، بۆ ئەوەی کوردستان و عێراق ببنە دوو دراوسێی باش بۆ یەکتر، ئەم قسەیە کاتێک کراوە کە لە بەغداوە هێشتا دەنگێک پێمان دەڵێت، دەرفەتی پێکەوەکارکردن ماوە، بەڵام ئێمە دڵنیاین، کە عێراق جارێکی دیکە مەبدەئی شەراکەتی تێدا نەماوە و ناتوانێت لەگەڵ کوردستان هەڵبکات، بۆیە گرینگە هەر لایە و بریاری خۆی بدات.''

(بازرگان) ئەوەشی خستە ڕوو: ''ئەنجامدانی گشتپرسی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، هێڵە بازرگانییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا، پرسی نەوت و گازیش لەپاڵ پرسی ڕیفراندۆمدا باسی لێوە کرا، بەڵام خاڵی هەرەسەركیی وتووێژەكان، ئەنجامدانی گشتپرسی دەبێت لە كاتی خۆیدا.''

هاوکات، بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی (حەیدەر عەبادی)، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبونەوەکەدا ستایشی هەوڵە هاوبەشەکانی نێوان حکوومەتی ئیتیحادی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کراوە لە شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ و گرینگیی کۆنترۆڵکردنەوەی سەرجەم خاکی عێراق لە دەست چەکدارانی داعش دووپات کراوەتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ''لە دیدارەکەدا دیالۆگ و گفتوگۆیەکی ڕاشکاوانە و قووڵ ئەنجام دراوە، لەبارەی پێویستیی کاراکردنی میکانیزمی گونجاو بۆ چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە کەشێکی ئەرێنیدا.''

ڕاگەیەندراوەکە ئەوەشی تێدا هاتووە، ''رێککەوتن کراوە، گفتوگۆی بنیادنەرانە بەردەوام بێت و جددین لەسەر بەدەستهێنانی بەرژەوەندیی هاوبەشی ڕۆڵەکانی گەلی عێراق و لابردنی مەترسییەکان.''

ئەو شاندەی چوونەتە بەغدا پێك هاتوون لە (د. ڕۆژ نووری شاوێس)، نوێنەری پارتی؛ (سەعدی ئەحمەد پیرە)، نوێنەری یەكێتی؛ (فوئاد حوسێن)، نوێنەری سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان؛ (د. محەمەد ئەحمەد)، نوێنەری یەكگرتووی ئیسلامی؛ (ڤیان دەخیل) بە نوێنەرایەتیی كوردی ئێزدی، (ڕۆمیۆ هەكاری) بە نوێنەرایەتیی مەسیحییەكان و (ماجید بازرگان) بە نوێنەرایەتیی توركمان.

کارزان سەباح هەورامی

 




دوایین هەواڵەکان

وەزیری بازرگانی ھەنگاوەکانی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ بۆ KDP ئاشکرا دەکات

FRIDAY, 19 APRIL 2024 21:04:30

ھەولێر-KDP.info- وەزیری بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا بڕی وەرگرتنی گەنمی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغدا دیاری نەکراوە، بڕیاریشە حکوومەتی ھەرێم و بەغدا بە ھەماھەنگی بڕەکە دیاری بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش خۆمان ئامادەکردووە.

 
شاخەوان عه‌بدوڵڵا بۆ KDP: دەرکردنی ئەو ماڵە کوردانەی خانەقین ڕاگیرا

THURSDAY, 18 APRIL 2024 23:04:20

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی، دەرکردنی ئه‌و ماڵە کوردانه‌ی لە خانووی شارەوانی بوون کە بڕیاری لێدرابوو راگیرا.

 
ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن نوژەن دەکرێتەوە

THURSDAY, 18 APRIL 2024 20:04:17

سۆران _KDP.info_بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی: بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن لە نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران نوژەن دەکرێتەوە.‌

 
پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی پێشوازیی لە شاندێکی کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد و ئەڵمان کرد

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:30

ھەولێر-KDP.info- شاندێکی  کۆمەڵەی دۆستایەتی  کورد و ئەڵمان سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد و هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەب و ژمارەیەک لە ستافی دێسک و یۆنیتەکانی مەکتەب  پێشوازیان لێ کردن.

ھەوراز عەبدولقادر: بەگوێرەی پڕۆژەیەک ١٠٠ ھەزار بۆ مووچەی ئەم توێژە زیاد دەبێت

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:31

ھەولێر  _KDP.info_ بەرپرسێکی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی ئاشکرایکرد، بەگوێرەی پڕۆژەیەک ١٠٠ ھەزار دینار بۆ مووچەی کەمئەندامان زیاد دەکرێت، گوتیشی: لە ھەرێمی کوردستان ٧٤ ھەزار کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت مووچەی مانگانەیان بۆ خەرج دەکرێت.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact