هەولێر-KDP.info- وەزیری دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، (ڕێکس تیلەرسن)، بۆ ئەو تاوانانەی دەرهەق بە کورد و کوردانی ئێزدی و، موسڵمانە شیعەکان ئەنجام دراون، داعش بە بەرپرسیار دەزانێت و دەڵێت، پاراستنیان کاری هەرەلەپێشی کابینەکەی (دۆناڵد ترامپ)ـە لە بواری مافی مرۆڤدا.
وەزیری دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، (ڕێکس تیلەرسن)، لە ڕاپۆرتی ساڵانەی نێودەوڵەتی دەربارەی ئازادیی ئایینی بۆ ساڵی ٢٠١٦ -٢٠١٧ـدا ڕایگەیاند: بۆ نەهێشتنی هەر ناڕوونییەک لە وتەکان، یان ڕاپۆرتەکانی پێشووتری وەزارەتی دەرەوەدا، پێویستە تاوانی جینۆساید سێ ڕەگەزی تێدا بێت، کە ئەمانەن:
١- کردەوەی دیاریکراو بە مەبەستی دیاریکراو، بۆ لەناوبردنی تەواوەتی، یان بەشێکی گەلێک، یان ئەندامانی نەتەوەیەک، ئیتنێک، ڕەگەزێک، یان ئایینی گرووپێکی دیاریکراو.
٢- جێبەجێکردنی یاساکە بەسەر ئەو ڕاستییانەیدا کە لەبەردەستن، دەمانگەیەنێتە ئەو دەرئەنجامەی کە داعش بەڕوونی، بەرپرسە لە جینۆساید دژی ئێزدی، مەسیحی و مسوڵمانی شیعە لەو ناوچانەی لەژێر دەستیدایە، یان کۆنتڕۆڵی کردوون.
٣- داعش بەرپرسە لە تاوان دژی مرۆڤایەتی و پاکتاوی ڕەگەزی، کە بەرامبەر هەمان ئەم گرووپانە ئەنجامی داون، لە هەندێک حاڵەتیشدا دژی مسوڵمانی سوننە و کورد و کەمەنەتەوەتەکانی دیکەش.
(تیلەرسن) لە ڕاگەیەنراوەکەدا دەڵێت: پاراستنی ئەو گرووپانە و گرووپەکانی تریش کە ڕووبەڕووی توندوتیژی و پەڕگیری بوونەتەوە، لەپێشەوەی کارەکانی بواری مافی مرۆڤی کابینەکەی (ترامپ)دان.