کەریم قادر
شاندی ئه‌نجوومه‌نی باڵای ریفراندۆم له به‌غدایه بۆئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت و لایه‌نه سیاسییه‌كان و بالیۆزخانه‌كان گفتوگۆ له‌سه‌ر بڕیاری ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی بكات، كه له 25ی مانگی سێپته‌مبه‌ری داهاتوو له سه‌رانسه‌ری هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه ده‌چێت. شانده‌كه هێڵی سووری له‌سه‌ر هیچ لایه‌نێك نییه، ده‌یه‌وێ عێراق و كوردستان ببنه دوو دراوسێی باشی یه‌كدی، ئه‌مه‌ش كارێكی سه‌خت نییه.
هه‌ر له‌و رۆژه‌ی له ئه‌نجامی كۆتاییهاتنی شه‌ڕی یه‌كه‌می گێتی، بۆ مه‌یسه‌ربوونی به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌و سه‌رده‌م، عێراق به لكاندنی كوردستان پێیه‌وه (بێگومان بێ پرسوڕاكردن) دامه‌زرێندرا، سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستان له‌پێناو به‌دیهاتنی هاوبه‌شێكی راسته‌قینه (هه‌رگیز به‌دینه‌هاتوو)، ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستی هاتووه بۆ سه‌رپێخستنی ئه‌م ده‌وڵه‌ته هاوبه‌شه‌ی كردووه و هه‌موو شێوازێكی تاقی كردووەته‌وه. به‌داخه‌وه به‌هۆی عه‌قڵیه‌تی نوخبه‌ی حوكمڕان و جیاوازی له كولتوور و فه‌رهه‌نگ و جیۆگرافیا و جیهانبینیه‌وه، هیچ یه‌كێك له شێوازه تاقیكراوه‌كان سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون. نووكه دوای گۆڕانكارییه‌كانی له عێراق روویان داوه،كه هێشتا ماوه روو بده‌ن، كاتی ئه‌وه‌ش هاتووه(ئه‌م پێكه‌وه‌لكاندنه) به لێكتێگه‌یشتن بێته چاره‌سه‌ركردن، چونكه مانه‌وه‌ی خزمه‌ت به به‌رژه‌وه‌ندیی ناكات، به پێچه‌وانه‌وه كێشه‌كان قووڵتر ده‌كاته‌وه. ئه‌گه‌ر هه‌شبن بیر له شه‌ڕ بكه‌نه‌وه، له ئه‌نجامدا ئه‌م "لكاندنه" له‌بری له‌حیمكردنه‌وه هه‌ر هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه.
وێڕای ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌م پرسه چاره‌نووسسازه‌دا لێره و له‌وێ لێدوانی ره‌شبینانه ده‌بینین و ده‌بیستین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێموانییه له ئه‌نجامی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیتی كوردستان (شه‌ڕ) روو بدات یا (ناسه‌قامگیری) دروست بكات. ئاخر، له‌لایه‌ك سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستان ئه‌وه‌ی راگه‌یاندووه، كه ده‌یه‌وێ به گفتوگۆ و ئاشتیانه ئه‌م پرۆسه‌یه (هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی لكاندنه‌كه) بێته‌دی، له‌لایه‌كی دی له عێراقیش هه‌ن به‌و بڕوایه گه‌یشتوون، كه سه‌ربه‌خۆیی مافێكی ره‌وای كوردستانه، نه‌خاسمه له بڕیار و به‌ڵێننامه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ئه‌و مافه بۆ گه‌لانی چه‌وساوه سه‌لمێندراوه. ره‌نگه گرووپهایه‌ك هه‌بن بیانه‌وێ كێشه دروست بكه‌ن، به‌ڵام پێموانییه بتوانن سه‌ركه‌وتن به ده‌ست بهێنن، چونكه بۆ به‌ره‌ی ئاشتی له هه‌ردوولادا، بوون به دوو دراوسێی باش و خۆدوورگرتن له شه‌ڕ باشتر و له به‌رژه‌وه‌نددایه، به‌تایبه‌تی هاوبه‌شییه‌كی زۆر له نێواندا هه‌یه، كه ده‌بێته هانده‌رێك بۆئه‌وه‌ی هه‌ردوو ده‌وڵه‌ت پێكه‌وه دۆخێك بخولقێنن ببێته مایه‌ی سه‌قامگیری بۆ ناوچه‌كه و خۆشگوزه‌رانی بۆ هاووڵاتیانیان.
به واتایه‌كی دی رێگه‌چاره‌ی شه‌ڕ به‌لای سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستان بیر لێ نه‌كراوه‌یه، ئه‌گه‌ر سه‌پێندراش، بێگومان بن له وه‌ها دۆخدا رۆڵه‌كانی گه‌لی كوردستان بۆ به‌رگریكردن له هاووڵاتیان زۆر گیانفیدان، وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر داعشیاندا هێنا، به خۆراگری و قاره‌مانه‌تی پێشانی جیهانی دا، كه شایه‌نی ژیانێكی سه‌ربه‌خۆن، له‌وه خراپتر به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و چاوچنۆكانه‌ش ده‌هێنێ، كه بیر له به‌زاندنی سنووره‌كان و داگیركردنی كوردستان بكه‌نه‌وه. ئه‌رێ گه‌لێك دوای ئه‌و هه‌موو تاوانه‌ی دژی كراوه و دوای ئه‌و هه‌موو قوربانییه‌ی داویه‌تی، به ئاشتیانه و دوور له توندوتیژی داوای مافی سرووشتی خۆی بكات، له به‌رامبه‌ردا به بیانووی ناله‌باری كات، دروستكردنی ناسه‌قامگیری و شتی له‌و بابه‌ته رێگری لێ بكرێت، مافی خۆی نییه توڕه‌یی خۆی پشان بدات؟