Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
THU, 18 APR 2024 22:54 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

پارتی بۆ خەڵکی کوردستان؛ بەڵێ بۆ ریفراندۆم بکەن
| KDP.info


هەولێر-KDP.info-  مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەیادی ١٦ی ئابدا بانگەواز بۆ  جەماوەری تێكۆشەری پارتی و تەواوی خەڵكی كوردستان دەکات کە پشت بكەنە هەموو ناكۆكی و دڕدۆنگی و راڕاییەك، بە بڕوایەكی پۆڵایین و ئیرادەیەكی بەهێز و هۆشیارییەكی نەتەوەیی و نیشتمانی باڵاوە، لە رۆژی بیست و پێنجی ئەیلولدا بچنە سەر سندوقی ریفراندۆم و بە بەڵێ دەنگ بە سەربەخۆیی كوردستان بدەن.

دەقی بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە یادی 16ی ئابدا:

جەماوەری كۆڵنەدەری پارتیمان...

حزب و لایەنە سیاسییە تێكۆشەرەكانی كورد و كوردستانی....
جەماوەری گەلی كوردستانی قارەمان بە نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانیەوە...
رۆڵەكانی نەتەوەی كوردی دلێر...

لە حەفتاو یەكەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتیمان، پارتی دیموكراتی كوردستاندا، پەیامی هاوپشتیی نەتەوەیی بۆ سەرجەم رۆڵەكانی نەتەوەی كورد، پەیامی هاونیشتمانیی و  هاوچارەنووسی  بۆ تێكڕای نەتەوە و پێكهاتەكانی كوردستان، پەیامی هاوخەباتی بۆ هەموو هێزە  سیاسییەكان،  پیرۆزبایی گەرم بۆ تەواوی ئەندام و لایەنگران و جەماوەری پارتیمان دەنێرین.

حەفتاو یەك  ساڵ لەمەوبەر، دوای چارەكە  سەدەیەك   لە  بێبەشكردنی  كورد  لە مافی  دیاریكردنی چارەنووس و لكاندنی باشوری كوردستان بە عێراقێكی دەستكردەوە، دوای سەركوتی سەرهەڵدانی باكور و لەسەروبەندی جوانەمەرگیی كۆماری كوردستان و لە هەلومەرجێكی  پڕ نائومێدی  و  بێهیواییدا، بە رابەرایەتی  سەركردەی  ئەفسانەیی  كوردستان،  مستەفا بارزانیی نەمرو   بە هیممەتی  تێكۆشەرانی كوردایەتی، (پارتی دیموكراتی كورد) وەك وەڵامدەرەوەی پێداویستییەكی مێژوویی، دامەزرا،  تا  سەرلەنوێ ئومێد لە دڵی رۆڵەكانی نەتەوەی كورددا بژێنێتەوە. تا ببێتە  چوارچێوەی  خۆرێكخستنەوە  و ئامرازی خەبات، بۆ بەگژداچونەوەی ئەو  غەدرە  مێژووییەی  دەیانویست ببێتە قەدەری هەتاهەتایی نەتەوەی كورد. چوارچێوەیەك هەموو    توانا و   ئینتیماكان  لە  شوناسێكی  نیشتمانییدا   جێبكاتەوە  كە  ئینتیما لاوەكییەكانی   ناوچە و لەهجە و  خێڵ  و  تیرە  و  تایەفە  تێپەڕێنێت  و  ئاوێنە ی باڵانومای گەلی كوردستان بێت بە هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانییەوە.

كاروانی خەباتی پارتی هەر لە دەسپێكەوە بەرمەبنای دوو حەقیقەت بوو، یەكەمیان باوەڕی نەگۆڕ و بێ سازش بە مافی چارەی خۆنوسین، دووەمیان بەرخوردی واقیعبینانە  لەگەڵ  ئاستەنگە سەختەكانی سەر رێی گەیشتن  بەو مافە رەوایە.  لەو پێودانگەوە  پارتی  خەباتێكی  درێژخایەنی ماندوونەناسی قۆناغ بە قۆناغی دەستدایە تا هەنگاو بە هەنگاو ئەو مافە زەوتكراوە بەدەست دێتەوە.

پارتی لە قۆناغ بەندیی ئەو كاروانە بێ پسانەوەیەدا، هەوراز و نشێوی زۆری بڕی.  تێكۆشەرانی پارتی لە قۆناغی  خەباتی نهێنیدا،  بەرگەی راوەدونان  و  گرتن  و  زیندان  و  ئەشكەنجەیان گرت، تا ببنە سیمبۆلی بەرگری و ژیاندنەوەی هەستی نەتەوەیی لای تاكی كورد. لە قۆناغی ئازادیی هەڵسوڕانی سیاسییدا، كاری رێكخراوەیی و هۆشیاریی جەماوەریی پەرەیسەند و هەوڵدرا رەوایی دۆز و داوا رەواكانی كورد بە هەموو گەلانی عێراق ئاشنا بكرێ. كاتێكیش هەموو دەرگا و دەرفەتەكانی خەباتی دیموكراتی و تێكۆشانی سیاسیی لەبەردەم كورد داخران، پارتی دیموكراتی كوردستان پێشڕەوایەتی شۆڕشی ئەیلولی كرد كە وەك یەكێك لە شۆڕشە میللییە فروانەكانی رزگاریی نیشتمانیی گەلانی ئازادیخواز، چووە نێو لاپەڕەكانی مێژوو.

هەر لە سایەی ئەو شۆڕشە و زەبری تفەنگی پێشمەرگەدا، فەرهەنگی نكۆڵی لە مافەكانی كورد پاشەكشەی كرد و، هەنگاو بە هەنگاو، سەلماندنی مافە سەرەتاییەكانی كورد دەستیپێكرد. هەر لە دانپێدانان بە وجودی نەتەوەیی كورد و مافی كارگێری لامەركەزییەوە تا دانپێدانان بە وجودی كوردستان وەك خاك و جوگرافیا، كە لە بەڵگەنامەی رێككەوتنی یازدەی ئازار و سیستمی ئۆتۆنۆمیدا بەرجەستە بوو. هەر خودی ئەو بەڵگەنامەیەش بووە بەردی بناغەی كۆی داواكاری و مافە هەڵكشاوەكانی دواتری شۆڕشی كورد و دانوستانەكان. ئەو چوار ساڵەش كە كەوتە نێوان رێككەوتنی ئازار و هەڵگیرسانەوی شۆڕش، بوو بە دەرفەتی بوژانەوەیەكی گشتگیر و هەمەلایەنەی كوردستان و هەڵكشانی هۆشیاری نەتەوەیی و باوەڕەبەخۆهێنانی مرۆڤی كورد. وەك چۆن دەرفەتیش بوو كە دەنگ و سەڵای شۆڕش و دۆزی كورد لە چوارچێوەی قەتیسی عێراق بترازێ و دەوروبەر و دنیا لە پەیوەندی نێوان مەسەلەی كورد و ئۆقرەیی سیاسیی ناوچەكە تێبگەن.

پاشەكشەی حكومەتی بەغدا لە رێككەوتن، هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی چەكداری لێكەوتەوە، ئەو شۆڕشەی بەغدای گەیاندە لێواری داڕمان، بۆیەش دەستی لە بەشێكی سەروەری و ئاو و خاكی عێراق هەڵگرت لە بەرامبەر پیلانگێڕان لە كورد و شۆرشەكەی، ئەو نكۆڵی و گەلەكۆمەیە بەرامبەر مافەكانی كورد، ئەگەرچی نسكۆیەكی كاتی بەسەر شۆڕشدا هێنا، بەڵام دواجار بۆ كورد هەستانەوەیەكی كۆڵنەدەرانەی دوای نسكۆ و بۆ ئەوانیش گیرۆدەبوون بە زنجیرەیەك كارەساتی سیاسی لێكەوتەوە، كە عێراق و ناوچەكەی توشی شەڕ و ئاشوبێكی گەورە كرد و دواجاریش سەری خۆیان لەسەر دانا.

پارتی دوای نسكۆ، بە شێوازێكی نوێ و سەردەمیانەی گونجاو لەگەڵ هەلومەرجی نوێ، سەنگەری خەباتی ئاوەدان كردەوە و لە حزبێكی بێ ركابەرەوە، بووە حزبێكی هاوكار و هاوپشتی كۆی هێزە سیاسیەكانی دیكە. لە ئەنجامی ئەو سیاسەتە واقعبینەش، سەرباری روداوە نەخوازراوەكانی ئەو سەردەمە،  ئاشتبونەوەی گشتیی نێوخۆیی و بەرەی كوردستانی هاتە كایەوە، ئەو بەرەیەی هەم وەڵامدەرەوەی ئەنفال و جینۆساید بوو، هەم توانی لە كاتی پێشهاتنی روداوە دراماتیكییەكانی عێراق و ناوچەكەدا كە هەر زوو سەرۆك بارزانی پێشبینی كردبوو، رابەرایەتی راپەڕین بكات و بەوەش كوردستان پێ بنێتە قۆناغێكی دیكەوە.  قۆناغی حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان كە لەسەر پێداگیری سەرۆك بارزانی و پارتی، بە جێگۆڕكێی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی بە شەرعیەتی دیموكراتی وهەڵبژاردن و ئیرادەی گەل، دەستیپێكرد.

ئەی جەماوەری ئەمەكداری پارتی و خەڵكی تێكۆشەری كوردستان :

سەدساڵ لەمەوبەر و ئەو دەمەی كورد لە مافی دیاریكردنی چارەنوسی خۆی بێبەش كرا و باشوری كوردستان بە دەوڵەتی دەستكردی عێراقەوە لكێندرا. وەعد و بەڵێن ئەوە بوو ئەم دەوڵەتە نوێیە سەرزەمینی شەراكەتی كورد و عەرەب بێت. كەچی نەك هەر ئەو بەڵێنە نەهاتەدی، بەڵكو لەو دەوڵەتەدا، كورد ناچاركرا بە زەبری تفەنگ پارێزگاری لە وجودی خۆی بكات و رووبەرووی جینۆساید و ئەنفال و كیمیایی  و تەعریب ببێتەوە.

لە عێراقی نوێشدا، كورد بەسەر برینی بەسۆی ئەنفال و كیمیاییدا هەنگاوی نا بەو ئومێدەی عێراقی نوێ ئەو عێراقە دەستورییە شەراكەتە عادیلە بێت كە دواجار كورد تێیدا بحەسێتەوە. جارێكی دیكە ئیتیحادی ئارەزومەندانەی لەگەڵ بەغدا قبول كرد، بەڵام ئەمجارەش لەسەر دەستی هاوسەنگەرانی دوێنێی ئۆپۆزسیۆن، بەشی هەر هەرەشە و شەڕ پێفرۆشتن و ئەو نانبڕینە بوو كە هیچی لەسەربڕین كەمتر نەبوو.

ئەو دەستورەی زامنی بەردەوامیی ئیتحادی ئارەزومەندانەی نێوان كورد و عەرەب بوو، بە تەواوی پێشێل كرا. ئەو تەوافوق و شەراكەت و یەكسانییەی وەك پرەنسیپ بۆ عێراقی نوێ رێككەوتنی لەسەر كرا، پاشەكشەی لێكرا. ئەو دەسكەوتانە و ئەوچەند ساڵ ئارامی و ئاوەدانكردنەوەیەش كە بۆ گەلی كوردستان بەدیهات، بەرهەمی رێكەوتنی ستراتیژی و یەكدەستی پارتی و یەكێتی و هێزە كوردستانییەكان بوو، بەرهەمی لاوازی ئەو كاتی دەسەڵاتدارانی بەغدا بوو، نەك باوەڕیان بە ماف و بەركەوتی گەلی كوردستان،  هەربۆیەش كە بوونە خاوەنی دەسەڵات و دەرامەت و میلیشیای پڕ چەك، بەهەمان فەرهەنگی بەسەرچووی سەردەمی بەعس كەوتنە مامەڵە لەگەڵ كورد. تەنانەت كاتێكیش كوردستان كەوتە بەر پەلاماری داعش، حكومەتی ئیتحادی نەك هەر ئیلتزامی خۆی بەرامبەر پاراستنی كوردستان بەجێنەگەیاند،  بەڵكو چەك و فیشەكی لە پێشمەرگە و موچەی لە خەڵكی كوردستان بڕی.

گەلی كوردستان لەم عێراقە دەستكردەدا، هەموو رێگاكانی تاقیكردەوە و بە بنبەست گەیشتن. هیچ كام لەو فۆرمانەی بۆ رێكخستنی پەیوەندی نێوان كوردستان و بەغدا تاقیكرانەوە، سەرنەكەوتن. بۆیە ئیدی كاتی هات گەلی كوردستان بیر لە چارەنوسی خۆی بكاتەوە. لە رێی ریفراندۆمێكی گشتییەوە دوا بڕیار لە چارەنوسی خۆی بدات و سەركردایەتی سیاسی تەفویز و سەرپشك بكات بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی كە بێگومان سەربەخۆیی و پێكهێنانی دەوڵەت دەبێت.

سەربەخۆیی كوردستان بۆ عێراق و بۆ كوردستانیش دوا دەرەتان و چارەسەرە و رێگرە لە  شەڕ و نەهامەتی زیاتر. دوو دەوڵەتی دراوسێی سەقامگرتووی ئارام و هاوكاری یەكتر، هەزاران جار باشترە لە دەوڵەتێكی بەزۆر پێكەوەلكاوی نائارامی بێ ئایندە، بە تایبەت ئەگەر بە ئاشتی و لیكگەیشتن ودەست لێكبەردانی دۆستانە كۆتایی بێت و هەر ئەوەش پەیامی كوردستانە بۆ عێراق.

سەربەخۆیی كوردستان بۆ دەرو دراوسێش مایەی ئاشتی و سەقامگیری و دۆستایەتیە. بەرپرسیاریی زیاتردەخاتە ئەستۆی گەلی كوردستان بۆ  رەچاوكردنی ئەمن و بەرژەوەندی هەموان.  بۆیە  هەرگیز نابێتە هەرەشە و مەترسی، بە پێچەوانەوە لەوەتەی هەیە، نكۆڵی و نادیدەگرتنی كورد، كێشە و هەڕەشە بووە.

بۆ جیهانییش،  كە جگە لە تیرۆر و ئاشوب، هیچی دیكەی لە نەخشەی بەسەرچووی ئەم ناوچەیە دەستنەكەوت،  سەربەخۆیی كوردستان، دروستبوونی دەوڵەتێكی لێبوردە و دیموكرات و دژە تیرۆره‌ و پارێزەری بەها شارستانی و مرۆییەكان و بەرژەوەندییە رەواكانی هەموانە. ئەو دەوڵەتەیە كە بەر لەوەی رابگەیەندرێ، پەناگەی ئارامی ملیۆنان جەنگزەدە و هەڵاتووی دەستی توندرۆیی و شەڕە مەزهەبییەكانی ناوچەكەیە.

لە سەر ئاستی ناوخۆش، دەوڵەتی كوردستان دەبێتە مایەی یەكسانی تێكڕای نەتەوە و پێكهاتەكانی كوردستان، دەوڵەتی كورد و توركمان و كلدان سریان ئاشور و ئەرمەن و عەرەبی رەسەن و دەوڵەتی كۆی ئایین و ئایینزاكان دەبێت، دەوڵەتی بەدیهێنانی دادپەروەری كۆمەڵایەتی و چەمكی هاوڵاتیبوون و حوكمی دامەزراوەیی و خۆشگوزەرانی و هەموو ئەو ئاوات و بەهایانە دەبێت كە  هەرگیز لە بێ دەوڵەتیدا نایەنەدی و رەگ داناكوتن.

خەڵكی ئازادیخوازی كوردستان ..

مافی بڕیاردانی چارەنووس، بە هەموو شەریعەتەكانی ئاسمان و زەمین، بە یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان، تەنانەت بە پێی دەستوری ئیتحادی ئارەزەومەندانەی عێراقیش، مافێكی رەوا و مەشروع و مۆڵەتدراوە. گەلی كوردستان لە رێگای سەندنەوەی ئەو مافە زەوتكراوە و پێكهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیدا، سەد ساڵە قوربانی دەدا و جینۆساید دەكرێ و بەرەنگار دەبێتەوە.

سەد ساڵە بۆ دەرفەتێكی لەبار دەڕوانێ. ئێستا ئیتر بە هەموو پێوەرێك ئەو دەرفەتە لە هەموو رویەكەوە گونجاوە و دەبێ لە دەستی نەدەین و كوردستان و گەلەكەی لە پاشكۆیەتی و ژیانی بێ ئۆقرە و پڕ قەیران و بێ ئایندە قورتار بكەین و ئەم ئەركە بۆ نەوەكانی داهاتوو بەجێنەهێڵین.
ئەم ئەركە لە ئەستۆی تێكڕای حزبەكان و نوخبەی سیاسی و دەستەبژێری گەلە. لەوە مەزنترە حزبێك بە تەنیا خاوەنی بێت. لەوەش سەختترە بە حزبێك و دوو حزب سەربخرێت. لەوەش گشتگیرترە بە قازانجی ئەم یان ئەو حزب بشكێتەوە.

ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكڕیزیی گەلەكەمان و هێزە سیاسییەكانی، بە زامنی سەرەكیی سەركەوتن و پەڕینەوەی مەزن بەرەو سەربەخۆیی دەزانین، بۆیەش لەو پێناوەدا درێغیمان لە هیچ دەسپێشخەریەك نەكردووە و نایكەین.  باوەڕیشمان وایە ئەم ئامانجە بە ئیرادە و پێداگیری خۆمان دێتەدی و هەرگیز بە دیاری و پاداشت وەریناگرین و قەتیش بەئامانج ناگەین ئەگەر راڕا و بێ‌ ئیرادە و بێ‌ بڕیار بین.

گەلەكەمان مافێكی رەوای خۆی مومارەسە دەكات و ئەو زەمەنەش تێپەڕیوە ئیرادەی گەلان بە ئاگر و ئاسن و قەتلوعام و برسیكردن سەركووت بكرێ. گەلی كوردستان بڕیار لە چارەنوسی خۆی دەدات نەك چارەنوسی خەڵكی دیكە، بۆیە هیچ دەوڵەت و هێزێك ئەو حەقەی نییە دەست بخاتە رێگەی و كەسیشیان هەڵوێستی دژایەتی و رێگرییان نەنواندووە. پێشبینی و چاوەڕوانیشمان لە هەموو لایەك ئەوەیە دواجار دەست و پەنجە لەگەڵ حەتمییەتی ئازادی و سەربەخۆیی كوردستان نەرم بكەن و رایەڵەكانی بەرژەوەندی هاوبەشی لەگەڵ بدۆزنەوە.

راستە لە كایەی سیاسیی كوردستاندا ناكۆكی و لە گوزەرانی خەڵكدا پەرێشانی و قەیرانێكی دارایی تاقەت پڕوكێن و و لە كایەی كۆمەڵایەتیشدا جۆرێك لە دڕدۆنگی و ناتەبایی لە ئارادان. بەڵام هیچ یەك لەو كێشانە كە لە بنەوانەوە بەشێكن لە دەرد و دەرهاویشتەی بێ دەوڵەتی، نابێ ببنە رێگری بەدیهاتنی ئەو ئاواتە مەزنەی سەد ساڵە بۆی تێدەكۆشین و هەر بە بەیدهاتنی ئەو ئاواتەش كۆی ئەو قەیران و نەهامەتیانە رێگەی چارەسەر دەدۆزنەوە.

ئێمە لە كاتێكدا یادی حەفتاو یەكەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتیمان دەكەینەوە، بانگەوازمان بۆ  جەماوەری تێكۆشەری پارتی و تەواوی خەڵكی كوردستان ئەوەیە پشت بكەنە هەموو ناكۆكی و دڕدۆنگی و راڕاییەك، بە بڕوایەكی پۆڵایین و ئیرادەیەكی بەهێز و هۆشیارییەكی نەتەوەیی و نیشتمانی باڵاوە، لە رۆژی بیست و پێنجی ئەیلولدا بچنە سەر سندوقی ریفراندۆم و بە بەڵێ دەنگ بە سەربەخۆیی كوردستان بدەن. تاخوینی شەهیدان و قوربانییانی سەد ساڵ خەبات و تێكۆشان بەبەرهەم و دوا ترۆپكی سەركەوتن بگات و ئایندەیەكی رۆشن بۆ نەوەكانی داهاتومان بنیات بنێین.

لە یادی دامەزراندنی پارتیماندا:

هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی دامەزرێنەی پارتیمان و رابەری مێژوویی گەلی كوردستان مستەفا بارزانی نەمر و كاك ئیدریسی هەردەم لە یاد ...


هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی تێكڕای شەهیدان و قوربانییانی رێگای رزگاری و بە ئامانح گەیشتنی گەلی كوردستان...

سڵاو لە پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و تێكڕای تێكۆشەرانی دوێنێ و ئەمڕۆی وەفادار و دڵسۆزی رێبازی پارتی و بارزانی..

سڵاو لە گەلی خۆڕاگر و قوربانیدەری كوردستان بە هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانیەوە...

سەركەوێ ریفراندۆمی سەربەخۆیی، بەرەو بەدیهاتنی خەونی دێرین و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان...

مەكتەبی سیاسیی
پارتی دیموكراتی كوردستان
16 ی ئابی 2017
             




دوایین هەواڵەکان

ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن نوژەن دەکرێتەوە

THURSDAY, 18 APRIL 2024 20:04:17

سۆران _KDP.info_بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی: بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن لە نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران نوژەن دەکرێتەوە.‌

 
پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی پێشوازیی لە شاندێکی کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد و ئەڵمان کرد

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:30

ھەولێر-KDP.info- شاندێکی  کۆمەڵەی دۆستایەتی  کورد و ئەڵمان سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد و هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەب و ژمارەیەک لە ستافی دێسک و یۆنیتەکانی مەکتەب  پێشوازیان لێ کردن.

ھەوراز عەبدولقادر: بەگوێرەی پڕۆژەیەک ١٠٠ ھەزار بۆ مووچەی ئەم توێژە زیاد دەبێت

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:31

ھەولێر  _KDP.info_ بەرپرسێکی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی ئاشکرایکرد، بەگوێرەی پڕۆژەیەک ١٠٠ ھەزار دینار بۆ مووچەی کەمئەندامان زیاد دەکرێت، گوتیشی: لە ھەرێمی کوردستان ٧٤ ھەزار کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت مووچەی مانگانەیان بۆ خەرج دەکرێت.

 
سەرۆک بارزانی پێشوازی لە سەرۆکی بازنەی هەڵبژاردن و ئەندامێکی ئەنجوومەنی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:21

ھەولێر-KDP.info-  ڕۆژێ پێنجشەممە 18ی نیسانی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە دادوەر عەباس فەرحان حەسەن سەرۆکی بازنەی هەڵبژاردنی کۆمیسیۆن و دادوەر عامر موسا محەمەد ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد.

 
"لە ھەرێم وەبەرھێنەری بیانی بەسەرمایەی نزیکەی ١١ملیار دۆلار پڕۆژەیان ئەنجام داوە"

THURSDAY, 18 APRIL 2024 15:04:55

ھەولێر _KDP.info_ گوتەبێژی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان دەڵێت: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاسانکاری زۆر باشی بۆ وەبەرھێنەری بیانی کردووە، ئێستا وەبەرھێنەرانی بیانی ٥٠ پڕۆژەیان بە سەرمایەی نزیکەی ١١ملیار دۆلار لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام داوە.

 



 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact