هەولێر-KDP.info- فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان پەیامێک دەدەنە خەڵکی کوردستان و داوایان لێ دەکەن، بە پەرۆشەوە ڕوو بکەنە دەنگدان و بە (بەڵێ) پێشوازی لە ڕیفراندۆم بکەن، هاوکات هەموویان لەسەر ئەو باوەڕەن، کە ڕیفراندۆم بەردی بناغەی دروستبوونی دەوڵەتی کوردستانە.
شێخ جەعفەر مستەفا: ڕیفراندۆم، تاکە دەرچەی کردنەوەی ئاوەتەکانمانە
فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگە بە گرینگییەوە لە پرسی ڕیفراندۆم دەڕوانن، پێیان وایە، دەستکەوت و سەرکەوتنەکانی کوردستان لە ئەنجامی قوربانیی پێشمەرگە و خوێنی شەهیدان بووە، داواش دەکەن کوردستانیان پشتیوانی لە قوربانیانی پێشمەرگە بکەن و بە (بەڵێ) دەنگ بۆ ڕیفراندۆم بدەن، چونکە سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگە، بە جیاوازیی تێکڕای لایەنە سیاسییەکانەوە، بەڵام لە یەک بەرەدان بۆ پارێزگاری لە کوردستان.
(شێخ جەعفەر مستەفا)، بەرپرسی یەکەی حەفتا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕایگەیاند: ''گەلی کوردستان لە ماوەی ڕابردوو قوربانیی زۆر داوە، ئەم قوربانییەش بۆ ئەوە بووە، کە بگاتە ئەمڕۆ، بۆیە گرینگە مرۆڤ ڕێز لە قوربانی و شەهیدانی بگرێت، ئەمڕۆ هەلێکی گرینگ بۆمان هاتووەتە پێشەوە و دەبێ بەیەکەوە دەست لە دەست بنێین بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆمان لە ڕێگای ڕیفراندۆمەوە. ڕیفراندۆم، تاکە دەرچەی کردنەوەی ئاوەتەکانمانە، وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەکێک لە ئامانجەکانمان سەربەخۆییی کوردستان و دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسین بووە.''
(شێخ جەعفەر) باسی ئەو ئەزموونە تاڵە دەکات لەگەڵ بەغدا، کە تاقی کراوەتەوە و بیری هەموو لایەک دێنێتەوە، کە کورد هەموو شتێکی کرد بۆ بنیاتنانەوەی عێراق، کەچی بەغدا نییەتی پاک نەبوو، ئەزموونی تاڵمان لەگەڵ بەغدا تاقی کردووەتەوە و دوای ڕووخانی (سەددام) بە هەموو شێوەیەک لەگەڵ ئەوە بوون، کە دووبارە عێراق بنیاد بنرێتەوە و ببێتە وڵاتێکی دیموکرات و فیدراڵ، بەڵام بەغدا ئەو ئامادەیییەی نەبوو، جارێک بە جووڵاندنی هێز، جارێک بە بڕینی قووتی خەڵکی کوردستان و ئیستاش بە هەڕەشەی بەکارهێنانی دەنگی زۆرینە لە پەرلەمان، تووشی ئاستەنگیان دەکات و دەشڵێت: ''ئەستەمە بتوانین لەگەڵ ئەم عەقڵییەتە هەڵ بکەین، چونکە ناکرێت تۆ بە هەموو شێوەیەک لەگەڵ بەغدا بڕۆیت، ئەوانیش بەو شێوەیە مامەڵە بکەن.''
سالار محەمەد: ڕیفراندۆم چاره‌ى سه‌رجه‌م كێشه‌كانى ئێستا و داهاتوومان ده‌كات
(سالار محەمەد جەباری)، فەرماندەی هێزی پێشمەرگە و جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''له كۆبوونه‌وه مێژووییه‌كه‌ى جه‌نابی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كان، بڕیارى ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم درا و تێیدا ڕۆژێكیان ده‌ستنیشان كرد بۆ به‌ڕێوه‌چوونى ڕیفراندۆم له هه‌رێمى كوردستان و ناوچه كوردستانییه‌كانى دیكه‌ى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێمى كوردستان، ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانى ئه‌و ڕیفراندۆمه‌داین و داواكارین هاووڵاتیان ئه‌و ڕۆژه بكه‌ن به كه‌رنه‌ڤاڵ و به (به‌ڵێ) ده‌نگ بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بده‌ن. بێ گومان په‌یڕه‌وانی ئایینی مه‌سیحی و پارته سیاسییه‌كانیشمان له‌گه‌ڵ ڕیفراندۆمداین و چاره‌نووسمان له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی تر هاوتایه و ڕیفراندۆم چاره‌سه‌رى سه‌رجه‌م كێشه‌كانى ئێستا و داهاتوومان ده‌كات.''
جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە دروستبوونى ده‌وڵه‌تى كوردستان بەمافێکی له‌مێژینه‌ى سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌كانى كوردستان دەزانێ و دەڵێ، هه‌موومان له ئێستاوه به حه‌ماسێكى زۆره‌وه چاوه‌ڕوانى ڕۆژی به‌ڕێوه‌چوونى ڕیفراندۆم و دواتر ڕاگه‌یاندنى ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆی كوردستانیشین، چونكه ئێمه‌ش هیچمان كه‌م نییه له ده‌وڵه‌تانى دیكه‌ى جیهان و مافی خۆمانه كه ببین به ده‌وڵه‌ت و ڕیفراندۆمیش بۆ هه‌موو دنیا ده‌یسه‌لمێنێت، كوردستانییان ده‌یانه‌وێت به سه‌ربه‌خۆ بژین.
سادق جەباری: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی لەو دەنگە دەکات، کە خەڵکی دەیدات
(سادق جەباری)، پێشمەرگە و ئەندامی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی لەو دەنگە دەکات، کە خەڵکی دەیدات، بەومانایەی ئەنجامدانی پڕۆسەی ڕیفراندۆم ئەگەر دەنگێکی بەرز بھێنێت، ئەوکاتە پاڵپشتی لە پرسی ڕیفراندۆم دەکەن، بە بۆچوونی من، خەڵکی بەشەڕەفی کوردستان، باش دەزانن پرسی ڕیفراندۆم پرسێکی حیزبی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانییە، ھەرچەندە خەڵکی لە دەسەڵات و حکوومەت نیگەرانە، بەڵام خەڵکی لە ڕۆژی 25/9دا بە پەرۆشەوە لەسەر سندووقەکانی دەنگدان بە (بەڵێ) دەنگ بە ڕیفراندۆمی کوردستان دەدەن.''
(سادق جەباری) ئاشکراشی کرد: ''ھەنگاوەکانی (بارزانی) بۆ پڕۆسەی ڕیفراندۆم گرینگییەکی زۆری ھەیە و جێگەی بایەخە، چونکە (سەرۆک بارزانی) جگە لە پێگە بەھێزەکەی، ھەوڵەکانی خۆی بۆ سەرخستنی پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی کوردستان چڕتر دەکاتەوە، دواجار دەبێ ئێمە ئەوە بزانین کە ڕیفراندۆم بەردی بناغەی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانە.''
کارزان سەباح هەورامی