Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SUN, 21 JAN 2018 09:32 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
نوێبوونەوە . دادپەروەری . پێکەوەژیان
 

شنگال، سەرەتای كۆتاییی داعش و سەربەخۆییی كوردستان
| KDP.info


عه‌بدولڕه‌ززاق عه‌لی
لە سێیەمین ساڵی كارەساتی شنگالدا، ئەوەی مایەی دڵتەنگی و خەمێكی نەبڕاوەیە، بەردەوامیی لێكەوتەوە ئینساییەكانی كارەساتەكەیە.
شنگال، برینێكە بە جەستەی نیشتیمان و نەتەوەكەمانەوە، ئەم برینەش، تەنیا بە نەمانی لێكەوتەوەكانی ساڕێژ دەبێت. بەردەوامیی ئەو لێكەوتەوە ئینسانیانە، وایانكردووە كارەساتی شنگال بە شێوازگەلی تر بەردەوام بێت.
لە هەموو لێكەوتەوەكان بەئازارتر، پرسی ڕفێندراوانە. ئەم پرسە، دوو جۆر قوربانی لێ كەوتووەتەوە. یەكەمیان، مانەوەی زیاتر لە سێهەزار و پێنجسەد منداڵ و ئافرەت و پیاومان لە چنگی داعشدا كە ئازارێكە لە بن نایەت. تا ئێستێ، دەیان هەزار كوردی ئێزدی، لە خەمی كچ و منداڵ و باوك و براكانیاندا ڕۆژگار بەسەر دەبەن. هەموو چركەیەك چاوەڕێی، زەنگێكی تەلەفۆنەكانیانن، بەڵكو سەرسۆراخێكی دیلەكانیان بزانن. دووەمیان، ئافرەتانی ڕزگاركراو و منداڵەكانیان.
بێ زێدەڕۆیی، باری ژیانیان، بەردەوامیی كارەساتەكەیە بە شێوازێكی تر. ئاخر چۆن دەبێت، ئافرەتێك پاش دوو ساڵ زیاتر دیلێتی لە چنگی چەپەڵی داعش، هاوژین و برا و خوشكەكانی لە دەست دابێت، ئێستێ لە بن خێوەتێكی شڕۆڵە لە ماڵی براكەی یان خزمێكیدا دەژی، بۆ نموونە پارەی عیادەی پزیشكی پێ نەبێت! لە هەموویشی كارەساتتر، كوڕە چكۆلانەكەی كە ئاڵای كوردستان دەبینێت، دەڵی: دایكە ئەوە عەلەمی كافرانە!. بە كورتی؛ دەبێت، پرسی ڕفێندراوان، بە دیل و ڕزگاربووان و منداڵەكانیانەوە، بكەینە كەیسێكی كوردستانی و نێودەوڵەتی. دەبێت، ئەو قوربانیانە لە ڕێی كوردستانەوە بگەنە نێوەندە نێودەوڵەتییەكان تا دۆزی خۆیان و میللەتەكەیان بە دنیا بگەیەنن. ئەوان كورتترین و ڕاستەوخۆترین ڕێگەن تا كارێك بكەن: نە خۆمان و نە دنیا كارەساتی شنگال و قوربانییەكانی كوردستانی بیر نەچێتەوە. جیا لەوەی هەرچیمان كردووە دەبێت كۆژانی ژیانی ئاوارەیی شنگالییان كۆتایی بێت. ڕاستە، ئاوارەكانی شنگال وەك خۆشیان شایەتی دەدەن، لە نێو خاك و میللەتی خۆیاندان، خاوەن ماڵن نەك میوان، وەلێ ژیانی بن خێوەتان، كێو لە بن دێنێت.
كارەساتی شنگال، ڕاستینەیەكی مێژوویی دووپات كردەوە: ئێمە میللەتێكین هەمووان تەماحمان تێدەكەن، چونكە بە پەرتەوازە و بێ پشتوپەنامان دەزانن، وەلێ موقاوەمەت دەكەین. ڕاستە هەمووان خۆیان بە ئێمە تاقی دەكەنەوە، بۆشیان دەچێتە سەر، وەلێ ئێمە دەمێنین و ئەوان دەفەوتێن. غافڵگیرمان دەكەن، وەلێ هەڵدەستینەوە. كوردستان، زەمەنێك لاواز دەبێت، بەڵام سەرەخۆرەیە. داعش، لەم هاوكێشە مێژووییەی ململانێكانی ئەم ناوچەیە بەدەر نەبوو. ئەوەتا ئێمە بەرەو سەربەخۆیی دەچین، خەلافەتە بەدكار و دواكەوتووەكەی داعشیش تەفروتونا دەبێت.
لە گەرمەی ڕۆژانی بەرایی كارەساتی شنگالدا، ئەودەمەی تیرۆریستانی داعش و دەوڵەتە تاوانكارەكەیان لە ئەوجی بوغرایی و تاوانكارییدا بوو، هەر لەم ڕۆژنامە ئازیزەدا، نووسیم: پەلاماردانی شنگال، سەرەتای كۆتاییی داعشە.
داعش، كاتێك لە دەروازەكانی بەغداوە بایدایەوە و پەلاماری شنگال و دەڤەرگەلێكی تری كوردستانی دا، لاسایی تەجرەبەی هەموو ئیمپراتۆرییەت و دەوڵەت و ئایدیۆلۆجییەكانی ئەم ناوچەیەی كردەوە. داعش هات، یان ڕاستتر وایە بڵێین، داعشیان هێنایە سەرمان تا ئەوەی بە دەستی خۆیان پێیان نەكراوە بە مقاشی داعش بیكەن.
ویستیان لە ڕێگەی سەربڕینی شنگالەوە، هەموومان سەربڕن. منداڵ و كچ و ژنە ڕووسوورەكانیان ڕفاندین، دەستی ڕەشیان بۆ نامووس و شكۆمان برد، كڕین و فرۆشتنیان بە كچ و خوشك و دایكانمانەوە كرد(بەداخەوە تا ئەمڕۆیش بەردەوامن)، سەتان گەنج و پیریان كۆمەڵكوژ كردین، خاكیان بردین، وەلێ كوردانی ئێزدی مانەوە، كوردستان مایەوە و بە ڕوویاندا هەستایەوە. بە پاڵپشتی و خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان، پێشمەرگە، تۆڵەی بەرودوای لەو تاوانكارانە كردەوە كە جورئەتیان كرد و دەستیان بۆ خاك و شكۆ و نامووسمان برد. شنگال و شنگالیان، كورد و كوردستان مانەوە ئەوانیش، ئەوانی داگیركەر، تاوانكار، نامەرد و نمەكحەرام، خەریكە كونێك نامێنێت خۆیانی تێدا بگرن.
كارەساتی شنگال، دوو وانەی بۆ "ئێستێ و لێرە"ی ئێمە و ئەوان تێدایە. شنگال و كوردستان و دنیای دوای شنگال بەوان دەڵێت: كورد و كوردستانتان پێ قوتناچێت، گەر واز لەو لووتبەرزیی و گرێ مێژووییە نەهێنن؛ ئاقیبەت، كوردستان سەرتان دەخوات.
بۆ ئێمەش، كارەساتی شنگال پێمان دەڵێت: تەنیا و تەنیا سەربەخۆیی لە تەماحی داگیركەران و دەستەچیلەكانیان ڕزگارمان دەكات. سەربەخۆیی تاكە زامنی دووبارەنەبوونەوەی كارەساتەكانە.
ئەوان؛ پێناچێت هیچی لێ فێر بووبن. ئەدی خۆمان؟




دوایین هەواڵەکان

سامی ئەتروشی: دیاره‌ كه‌ تاران دەیەوێ کێشەکانی نێوان بەغدا و ھەولێر چارە بکرێن

SATURDAY, 20 JANUARY 2018 21:01:46

هه‌ولێر-KDP.info-  پەرلەمانتارێکی پێشووی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، پێی وایە، لە ئێستا و پاشه‌ڕۆژیشدا پارتی و یەکێتی دوو ھێزی سەرەکی و گرینگن لە پڕۆسەی سیاسیی ھەرێمی کوردستان و دەشڵێ، سەردانی شاندی باڵای حکوومەتی ھەرێم بۆ ئێران، واتای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تاران دەیەوێ کێشەکانی نێوان بەغدا و ھەولێر چارە بکرێن.

 
نێچیرڤان بارزانی گەیشتە تاران

SATURDAY, 20 JANUARY 2018 18:01:53

هەولێر-KDP.info-  سەرۆکوەزیرانی کوردستان نێچیرڤان بارزانی کەمێک پێش ئێستا گەیشتە تاران.

"عەرەبە هاوردەکانی سەرگەڕان ستەم لە کورد دەکەن"

SATURDAY, 20 JANUARY 2018 18:01:22

سەرگەران-KDP.info- بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕان ئاشکرای کرد، پیلانی بەعەرەبکردنی سنووری ناحیەی سەرگەڕان بەردەوامە و عەرەبە هاودرەکان ببنە حەشد و ستەم لە کورد بکەن.

 

"پەکەکە لە مەرزی سیپەی هەڵەبجە سەرانە لە خەڵکی وەردەگرێت"

SATURDAY, 20 JANUARY 2018 16:01:27

هەولێر-KDP.info- ماوه‌ی سێ ڕۆژه‌ په‌كه‌كه‌ هێزێكی چه‌كداری ناردووه‌ته‌ شاخه‌كانی هەو‌رامان له‌ نزیك مه‌رزی لاوه‌كیی سیپه‌ له‌ گوندی ده‌ره‌یمه‌ڕی سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌، بازگه‌ی له‌ هانه‌نه‌وه‌ داناوه،‌ ئەو شوێنه‌ كۆتاییی ئه‌و ڕێیه‌یه،‌ کە وڵاغداره‌كانی هه‌ورامان له‌وێ باره‌كانیان داده‌گرن و كۆڵبه‌رانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به ‌كۆڵ ده‌یگوازنه‌وه‌ بۆ سنووری ئێران، به‌ڵام به‌ هاتنی ئه‌و هێزه‌ی په‌كه‌كه‌ سه‌رانه‌یان له‌سه‌ر وڵاغداران و كۆڵبه‌ره‌كان داناوه‌ و ده‌بێ بۆ باری هه‌ر وڵاغێک بڕی 60 هه‌زار تمه‌ن و كۆڵبه‌ره‌کانیش ٣٠ هه‌زار تمه‌ن سه‌رانه‌ به‌ په‌كه‌كه‌ بدەن.

نێچیرڤان بارزانی و حه‌یده‌ر عه‌بادی پابه‌ندبوون به‌ ده‌ستوور، دووپات ده‌كه‌نه‌وه‌

SATURDAY, 20 JANUARY 2018 15:01:01

بەغدا-KDP.info-  نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆ بووەوە و، به‌رده‌وامیی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌ و دیدارانه‌یان به‌ مه‌به‌ستی هه‌رچی زوو ته‌واوكردنی ڕێكاره‌كانی ناردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان و كردنه‌وه‌ی فڕگه‌كان‌، دووپات كرده‌وه‌‌.

 


 
© 2017 Kurdistan Democratic Party, KDP