نه‌دا مێرگه‌سۆری*
پرسی ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆییی كوردستان بووه‌ته پرسێكی هه‌ره‌هه‌ستیاری باشووری كوردستان و وڵاته ئیقلیمییه‌كان و بگره نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش، قسه و باسی زۆری له دوای خۆی هێناوه. له كۆبوونه‌وه‌ی رێكه‌وتی(7/6/2017) به ئاماده‌بوونی هه‌موو پارت و لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان جگه له (بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی) به سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێز(مه‌سعوود بارزانی)، رێكه‌وتی(25/9/2017) ده‌ست نیشان كرا بۆ ئه‌نجام دانی پرۆسه‌ی گشتپرسی به مه‌به‌ستی دیاریكردنی مافی چاره‌نووسی گه‌لی كوردستان.
هه‌ر له دوای رێككه‌وتنی (سایكس پیكۆ)(Sykes-Picot) كه به هۆیه‌وه وڵاتانی به‌ریتانیا و فه‌رانسا و رووسیا هه‌ستان به دابه‌شكردنی ئه‌و ناوچانه‌ی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی بوون. نه‌ته‌وه‌ی كورد یه‌كێك بوو له‌و نه‌ته‌وانه‌ی كه گوێ له داخوازییه‌كانی نه‌گیرا و، به‌بێ گوێدانه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی، دابه‌شی سه‌ر وڵاتانی(توركیا، ئێران، عێراق و سووریا) كرا. باشووری كوردستان به زۆر لكێنرا به عێراقێك كه هه‌ر له دامه‌زراندنییه‌وه تا ئێستایشی له‌گه‌ڵدا بێت، نه‌بوو به‌و عێراقه نموونه‌ییه‌ی كه هه‌ر تاكێكی عێراقی ئاواته‌خوازی بوو.
به ئێمه‌ی كورد، ده‌وڵه‌تی عێراقیان له ساڵی (1921) دروست كرد، بووینه‌ته به‌شێك له ده‌وڵه‌تێك كه زمان و كولتوور و شێوه و رووخسار و خو و نه‌ریت و خاك و ئاو و هه‌وا و دره‌خت و داروبار و به‌ردمان لێیان جیاواز بوو. به چه‌ك و ئاگر و ئاسن و په‌رواێزخستن حوكمیان ده‌كردین، زیاتر له (80) ساڵی حوكمی عه‌ره‌بی سوننه، به بێویژدانی و به ئه‌نجامدانی هه‌ر جۆره تاوانێكی دژه‌مرۆڤایه‌تی له كوشتن و جینۆساید و ئه‌نفال و كیمیاباران و ڕاگواستن و ئاواره‌كردنه‌وه بگره، تا وێرانكردنی(4500) گوند، هه‌موو تاوانێكیان به‌رامبه‌ر كورد ئه‌نجام دا. دوای رووخانی رژێمی به‌عس و سه‌رله‌نوێ بنیاتنانه‌وه‌ی عێراق له ساڵی(2003) ه‌وه، كورد به هۆی ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی له عێراقی نوێ دروست ده‌بوون، به دوودڵییه‌وه و كه‌مێكیش به ناچاری كه‌وته ئه‌و بڕوایه‌ی كه عێراقی دوای (سه‌ددام) ده‌بێته هۆی عێراقێكی دیموكراسی و عه‌ره‌بی شیعه و سوننه، وانه له حوكمی (سه‌ددام)ی دیكتاتۆر وه‌رده‌گرین. عێراق سه‌رپێ خرایه‌وه، به هه‌موو شێوه‌یه‌ك یارمه‌تیی درا بۆئه‌وه‌ی ببێته وڵاتێكی دیموكراسی.
عه‌ره‌بی شیعه كه وه‌ك كورد قوربانیی ده‌ستی رژێمی به‌عس بوون، به هۆی زۆرینه‌بوونیان، ده‌سه‌ڵاتی عێراقیان گرته ده‌ست و به شه‌راكه‌ت و ته‌وافوق به‌شێكی مافه‌كانی كوردیشیان دا، كورد جارێكی تر روكنێكی سه‌ره‌كیی سه‌رله‌نوێی دروستكردنه‌وه‌ی عێراقی دوای (سه‌ددام) بوو، عێراقمان سه‌رپێ خست و هێدی هێدی به‌هێز بوون و بیریان چوو كه كورد نه‌بوایه عێراقه نوێیه‌كه‌ی ئه‌وان نه‌ده‌بوویه‌وه عێراق، به‌ڵام به داخه‌وه ته‌وافوقیان شكاند، شه‌راكه‌ت نه‌ما، ده‌ستوور جێبه‌جێ نه‌كرا، بوجه و قوتی خه‌ڵك به بڕیارێكی سیاسی و ناده‌ستووری بڕدرا. ئه‌مه له كاتێكدا دا بوو كه هه‌رێمی كوردستان رووبه‌ڕوووی شه‌ڕی داعه‌ش ببوویه‌وه و پێشمه‌رگه به خوێنی خۆی پارێزگاری له گه‌ل و خاكی كوردستان ده‌كرد. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی زیاتر له یه‌ك ملیون و نیو ئاواره روویان له هه‌رێمی كوردستان كردبوو. وه‌زیری كورد به هۆكاری سیاسی ئیستیجواب كرا و پۆسته‌كانی كورد به كه‌سانی تر پڕ كرانه‌وه. هێدی هێدی په‌ڕاوێزخستنی كورد ده‌ستی پێكرد، ساڵی (2014) خاڵی ده‌سپێكی په‌ڕاوێزخستن بوو و به داخه‌وه‌ش هه‌ر به‌رده‌وامه، چونكه عه‌قڵیه‌تی به‌ڕێوه‌به‌ردنی عێراق هه‌مان عه‌قڵیه‌ته و نه‌گۆڕاوه.
دوای ئه‌و سیاسه‌ته هه‌ڵه‌یه و په‌راوێزخستن و فشار دروستكردنه‌ی له‌سه‌ر كورد، باشترین بڕیار كه لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان داویانه دیاركردنی واده‌ی گشتپرسی سه‌ربه‌خۆییی كوردستانه له رێكه‌وتی(25/9/2017). مافێكه ده‌بێت كورد موماره‌سه‌ی بكات، چونكه له‌و عێراقه‌ی كه ئێستا له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهان هه‌یه، باشترین بڕیاره كه گه‌لی كوردستان پێویسته بیدات. چونكه ده‌وڵه‌ت و حكوومه‌تی عێراق سه‌لماندیان كه رێز له ده‌ستوور و شه‌راكه‌ت و ته‌وافوق و یاسا ناگرن، ئه‌وه‌یان سه‌لماند كه دیموكراسییه‌ت و به‌ڕێوه‌بردنی دیموكراسیانه و پێكه‌وه‌ژیان چه‌مكی نامۆن له عێراق. دوای (96) ساڵ له حوكمی عه‌ره‌ب، دوای ئه‌و هه‌موو كوشتن و ئه‌نفال و كیمیاباران و راگواستن و ئاواره‌كردن و وێران و خاپوركردنی كوردستان و بوجه‌بڕین و قوتبڕین و مووچه‌بڕینه، هه‌ست ده‌كه‌م كاتی ئه‌وه هاتووه، ده‌وڵه‌تی عێراق شه‌رم له‌و ره‌فتارانه‌ی بكاته‌وه كه به‌رامبه‌ر گه‌لی كوردستان ئه‌نجامی داون.
بۆچوونم وایه ده‌وڵه‌تی عێراق شه‌رم له سه‌ربه‌خۆییی كوردستان ده‌كاته‌وه، چونكه دوای(96) ساڵ له دروستبوونی عێراق و به‌و هه‌موو قۆناغانه‌ی پێیدا تێپه‌ڕیوه و سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو پاڵپشتی و یارمه‌تییه‌ی كه له لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی بیانییه‌وه بۆی ده‌كرێت، به‌ڵام هێشتایش نه‌یتوانیوه چه‌مكی دیموكراسیی راسته‌قینه پیاده بكات، هێشتا نه‌یتوانیوه خزمه‌تگوزاریی دروست بگه‌ینێته هاووڵاتیانی، هێشتا كێشه‌ی كاره‌با و ئاوی هه‌یه، هێشتا له نێوجه‌رگه‌ی به‌غدا (پایته‌خی عێراق) و له گه‌ڕه‌كه راقییه‌كانیشی كۆڵان و شه‌قامی قیرتاونه‌كراو ده‌بینی.
كه له‌گه‌ڵ هاووڵاتیه‌كی عه‌ره‌بی شیعه قسه ده‌كه‌ی، به راشكاوانه پێت ده‌ڵێت، حوكمی شیعه‌ش هیچی بۆ نه‌كردین و ئێمه ماندووین و خزمه‌تمان ده‌وێت. گه‌نده‌ڵی سه‌رتاپای عێراقی گرتووه‌ته‌وه. دوو هێزی چه‌كداری هه‌یه، یه‌كێك یاسایی و یه‌كێك نیمچه‌یاسایی. ئینتیما بۆ مه‌زهه‌ب و سیاسه‌ته، نه‌ك بۆ حكوومه‌ت و ده‌وڵه‌ت. كه به‌راوردی(14) ساڵ حوكمی شیعه ده‌كه‌ی به (14) ساڵ حوكمی فیدراڵیه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سه‌ره‌ڕای ئه‌و بوجه كه‌مه‌ی كه بۆ كوردستان نێردراوه، تاكو پێش ساڵی(2014)ه‌ش، ئه‌وه‌ت بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه جیاوازی نێوان هه‌ر دوو (14) ساڵ جیاوازی نێوان زه‌وی و ئاسمانه.
(96) ساڵ به ئاگری عێراق سوتاین و هیچ خێرمان لێی نه‌دیت، ناكرێت هه‌ر به ئاگری عێراقی موه‌حه‌د بسوتێین. عێراق شه‌رم له سه‌ربه‌خۆییی كوردستان ده‌كات، چونكه نه‌یتوانی وه‌ك هه‌رێمی كوردستان سوود له ده‌رفه‌ت و بوجه و چه‌مكی دیموكراسییه‌ت و پێكه‌وه‌ژیان بگرێت، شه‌رم ده‌كات، چونكه دوای (96) ساڵ حوكمی عه‌ره‌ب، نازانێت چ وه‌ڵامێك بداته‌وه هاووڵاتیانی خۆی، كه ئایا بۆچی سه‌ره‌ڕای ئه‌و خێروبێره‌ی عێراق هه‌یه‌تی، هێشتایش هاووڵاتی عێراقی له وڵاتێكی پڕ له قه‌یران ده‌ژیێت و ناتوانێت مافه سه‌ره‌تاییه‌كانیشی به دروستی ده‌سته‌به‌ر بكات. هه‌رێمی كوردستان بووه‌ته نموونه‌یه‌كی جوانی ناوچه‌كه. به ته‌مه‌نێكی كه‌م، ده‌سكه‌وتی باش و به‌رچاوی هه‌بووه.
بۆیه گه‌لی كوردستان مافی خۆیه‌تی بڕیار له چاره‌نووسی خۆی بدات. چونكه مافێكی یاساییه و مافی چاره‌نووس(self-detemination)، یه‌كێكه له‌و چه‌مكه نێوه‌ده‌وڵه‌تییانه‌ی وه‌ك مافێكی بنه‌ڕه‌تیی گه‌لان بوونی هه‌یه، به خوێندنه‌وه‌ی مێژوو بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه چه‌مكێكه به‌ستراوه‌ته‌وه به بابه‌تی كۆلۆنیالی و ئیستیعمار و داگیركاریی بێگانه.
به‌ڵام وه‌ك گه‌شه‌كردنه سه‌ره‌تاییه‌كه‌ی، گه‌شه‌كردنه‌كه‌ی له سه‌رده‌مانێكی زوو بووه، به‌و مانایه‌ی كه گه‌لان هه‌میشه به‌رگرییان له بوون و مانه‌وه‌ی خۆیان كردووه، به‌ڵام له سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه، ئه‌م چه‌مكه هه‌ر له كاتی سه‌ربه‌خۆییی ئه‌مریكاوه و شۆڕشی فه‌ڕه‌نساییه‌وه له دۆكیۆمێنته نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه ناوی لێ هێنراوه، راگه‌یه‌نڕاوی سه‌ربه‌خۆییی ئه‌مریكای ساڵی (1776) و وه‌سیقه‌ی مافی مرۆڤی فه‌ڕه‌نسایی ساڵی(1789)، به‌ڵگه‌ی ئه‌م راستییه‌ن، جگه له‌وه‌ی كه ئه‌م چه‌مكه له دوای شه‌ڕی جیهانی یه‌كه‌م و دووه‌م به شێوه‌یه‌كی به‌رچاوتر زه‌ق بوویه‌وه و نرخی یاسایی‌ی خۆی وه‌رگرت له‌سه‌ر ئاستی یاسای نێوده‌وڵه‌تی. میساقی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و ئیعلانی گه‌ردوونی مافی مرۆڤ و هه‌ر دوو رێككه‌وتنامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ مافه سیاسی و مه‌ده‌نی و رۆشنبیری و كۆمه‌ڵایه‌تی و زۆر دۆكیومێنت و رێككه‌وتنامه‌ی تری نێوده‌وڵه‌تی، پشتگیریی ئه‌م چه‌مكه ده‌كه‌ن و به پره‌نسیپێكی ره‌وای داده‌نێن.
یه‌كێك له‌و ئامرازه ئاشتیخوازانه و دیموكراسییه‌ی كه ئه‌م مافه‌ی پێ ده‌سته‌به‌ر ده‌كرێت (گشتپرسی)یه، گشتپرسییش به مانای راوێژكردنه به گه‌ل له رێگه‌ی ده‌نگدانێكی راسته‌وخۆ بۆ بڕیاردان له مافی چاره‌نووس، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئه‌و پێناسه‌یه‌یه كه ئه‌نجوومه‌نی گشتیی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له بڕیاری ژماره(637) ساڵی (1952) باسی لێوه كردووه.
نموونه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ش زۆرن كه به پشتبه‌ستن به چه‌مكی مافی چاره‌نووس و به ئامرازی دیموكراسیانه‌ی(گشتپرسی)، بوونه‌ته ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ و خودان سیاده‌ی خۆیان، وه‌ك باشووری سودان، موریتانیا، كینیا، نێجیریا، سلۆڤانیا، كرواتیا، جۆرجیا و ئۆكراین، مۆنتینگرۆ...هتد.
له ده‌ستووری عێراقی ساڵی(2005)یش هه‌ر له دیباجه و مادده‌ی یه‌كه‌م به روونی باسی ئه‌وه ده‌كات كه ئه‌م ده‌ستووره زامنی وحده‌ی عێراقه. مادده‌ی (3)ی ده‌ستووریش خۆی ددان به‌وه‌دا ده‌نێت كه ئه‌م عێراقه، وڵاتی فره‌نه‌ته‌وه و ئایین و مه‌زهه‌به، بۆیه ئینكاركردنی مافی گه‌لی كورد ناده‌ستوورییه و ناكرێت ئه‌م مافه‌ی گه‌لی كورد پشتگوێ بخرێت، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه مادده‌ی ( 46) زۆر به رووونی ئاماژه به‌وه ده‌دات كه ناكرێت موماره‌سه‌كردنی ماف و ئازادییه‌كانی كه له‌م ده‌ستووره هاتووه، سنووردار بكرێت؛ مه‌گه‌ر كه به یاسا نه‌بێت و هیچ یاسایه‌كی نێوخۆییش نییه رێگری له ئه‌نجامدانی گشتپرسی بكات. هه‌روه‌ها له مادده‌ی (8)ی ده‌ستووریشدا هاتووه كه عێراق ده‌بێت پابه‌ندی هه‌موو ئیلتزامه نێوده‌وڵه‌تییانه بێت به تایبه‌ت هه‌موو ئه‌و رێككه‌وتنامانه نێوده‌وڵه‌تیانه‌ی له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی په‌سه‌ندی كردوون، بۆیه ده‌ستمان بۆ مافێكی ره‌ِوا بردووه و پشتمان به ئامرازێكی یاسایی و شه‌رعی به‌ستووه بۆ هێنانه‌دی ئه‌و مافه خواییه و سروشتییه‌یه‌ى كه مافی دیاریكردنی چاره‌نووسی خۆمانه. مافی خۆمانه و ده‌بێت بڕیارێك بده‌ین كه نه‌وه‌كانی داهاتوو وه‌ك ئێمه ژێرده‌سته و پاشكۆی خه‌ڵكانی تر نه‌بن. ئه‌وان شه‌رم له سه‌ربه‌خۆییی ئێمه ده‌كه‌ن، چونكه هیچیان پێشكه‌ش نه‌كرد، به‌ڵام بۆچی ئێمه شه‌رم له سه‌ربه‌خۆییی خۆمان بكه‌ینه‌وه!
* په‌رله‌مانتارو بڕیارده‌ری فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق