جه‌بار قادر
له‌وانه‌یه گرینگ‌ترین پرسیار كه له‌به‌رده‌م ئاسه‌نگی سازدانی ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی باشووری كوردستان دێته‌پێشه‌وه بریتی بێت لەوەی، کێ دەڵێ نابینە ده‌وڵه‌تێك به تامی سووریا و زیمبابوێوە؛ ئەی کێ دەڵێ نابینە وڵاتێکی وەکو وڵاتانی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا؟ ئه‌مه جگه له‌وه‌ی پێكهوهههڵکردن و گونجان له‌گه‌ڵ دراوسێكان و سه‌قامگیریی ناوخۆیی بهئاریشهیهكی دیكه ده‌بیندرێت؟ دەبینە ده‌وڵه‌تێكی وەکو سووریا و زیمبابوێ یان وڵاتێکی وەکو ئەوانەی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا؟
ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی كوردستان به‌چ میكانیزمێك به‌ڕێوه ده‌چێت؟ ئایا به هه‌مان میكانیزمی سووریا و زیمبابوێ بەڕێوە ده‌چێت؟ یان به‌میكانیزمی وڵاتانی پێشكه‌وتوو بەڕێوە ده‌چێت؟ ئایا ئازادییه كه‌سی و گرووپییهكان تێیدا كپ ده‌كرێت؟ میدیا به‌رته‌سك ده‌كرێته‌وه؟ كێشه‌ی ئیداریی و گه‌نده‌ڵی و ناشه‌فافیه‌ت تێیدا ده‌چنه قۆناغێكی مه‌ترسیدارتره‌وه؟ پرۆسه‌ی به‌ڕێوه‌بردن و دارایی ده‌بنه به‌شێكی به‌هێز بۆ بنیادنان؟ دادگاكان و دادوه‌ری سه‌ربه‌خۆ ده‌بن؟ هه‌موو ئهمانهپرسیارن و پێده‌چێت گفتوگۆی له‌سه‌ر بكرێت.
هه‌رێمی كوردستان پێكهاته‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی و كولتوریی جیاجیای تێدایه، چه‌ندین وردهكولتووری جیاجیا، به ناو و جۆری جیاوازی هه‌یه، پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و شێوازی ژیان تێیدا جیاوازه، بۆیه هه‌موومان ئه‌م ڕاستییه ده‌زانین كه كولتوروی سیاسیی تۆقێنه‌ر و دیكتاتۆر بۆ باشووری كوردستان پرۆسه‌یه‌كی قورس و قبووڵنه‌كراوه، چونكه كۆمه‌ڵگه له‌پێناو ئازادی‌دا قوربانیی داوه، بۆیه‌شه هه‌موو ئه‌و ئه‌گه‌رانه ئه‌گه‌رێكی به‌تاڵ و په‌رچه‌كردارن، ئه‌گه‌رنا واقیعی نین، چۆن؟
به‌هاكانی دیمۆکراسی چی‌یان لێ دێت؟
دیمۆكراسی جۆرێك له دیتگابینیی جیاجیایی به‌دوای خۆیدا هێناوه، دواجار مه‌رج نییه دیمۆکراسی ئاسووده‌یی و خۆشگوزه‌رانی بۆ هه‌مووان وه‌كو یه‌ك به‌دوای خۆیدا بهێنێت، زۆرجار به‌شێك له سیسته‌مه سیاسییه‌كانی دنیا بۆ مه‌رامی جیاجیا سوود له به‌ها دیمۆکراسییهكان وه‌رده‌گرن، ئه‌و به‌ها دیمۆکراسییانه زۆر جار دووجه‌مسه‌ری به‌كار ده‌هێندرێت، هه‌ر یه‌ك له به‌ها دیمۆکراسییهكانی وه‌كو ئازادیی میدیایی و هه‌ڵبژاردن و ئابووریی سیاسی و ئازادیی گرووپی، پرۆسه‌یه‌كی دووجه‌مسه‌رییه و ئێستا كۆی كولتووره سیاسییه‌كان سوودی لێوه‌رده‌گرن و به‌میكانیزمی جیاجیا و بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی كه‌سی و گرووپی به‌كار ده‌هێندرێت. لێره‌وه ئاریشه‌كانی به‌ها دیمۆکراسییهكان ده‌رده‌كه‌ون، هیچ سیسته‌مێكی دیمۆکراسی له دنیادا بێ ئاریشه و كێشه و پێشیلكاری نییه، تائێستایش ئه‌ورووپا و ئه‌مه‌ریكا به ده‌ست ئاریشه‌كانی جیاكاریی ڕه‌گه‌زی و نه‌ژادییه‌وه ناناڵێنێت؟
له ڕێگه‌ی ئه‌م به‌هایانه‌وه زۆر شتی جیاجیا ده‌ورووژێندرێت كه له‌به‌رژه‌وه‌ندیی كه‌سی و گرووپی دایه، بۆیه پێمان وانه‌بێت ئه‌م به‌هایانه ده‌تواندرێت به پرۆسه‌یه‌كی جێگیر به‌كار بهێندرێن. ئه‌و میدیا ئازادانه‌ی له دنیادا هەنه، كامیان شه‌فافانه سهرچاوهزانیاری و داراییەکانی خۆیان ئاشكرا دەکەن؟ كامیان باوه‌ڕیان به ڕه‌خنه‌ی ناوخۆیی هه‌یه؟ ئاخر كۆمپانیاییه‌ك كاتێك میدیای هه‌بێت، ئاماده‌یه گله‌یی و نیگه‌رانییه‌كانی هاووڵاتیان له‌به‌رانبه‌ر خۆیدا بگوازێته‌وه؟ بۆیه‌شه دیمۆکراسییهكانی دنیا جیاوازییان هه‌یه و هه‌ر یه‌ك له‌وان ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری تایبه‌تی خۆیان ده‌گه‌ێنن.
كه‌واته به‌هاكانی دیمۆكراسی خوێندنه‌وه‌ی جیاجیا له‌سه‌ره، به‌ڵام گرینگ بۆ ئاینده ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان، ڕێزگرتنه له‌و به‌ها دیمۆكراسییانهی كه به‌شێكی گرینگن له پێشكه‌وتنی ژیان.
كولتووره‌كان چۆن له دیمۆکراسی ده‌ڕوانن؟
كولتووری كۆمه‌ڵگاكان جیاوازییه‌كی یه‌ك جار زۆریان هه‌یه، به‌ڵام كۆمه‌ڵگا و كولتوور دووانه‌یه‌كی پێكبهستراون، كولتووره‌كان به‌شێكی گرینگی پێكهاته‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریی كۆمه‌ڵگاكان پێك ده‌هێنن، ئه‌م جیاوازییهشهكهوادهكات دیدگابینی بۆ ئازادییهكهسییهكان له‌كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه‌وه بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیكه له‌جیاوازیی كولتوورییه‌وه جیاواز بێت و ببیندرێت، ئاخر له كۆمه‌ڵگه‌ی ته‌قلیدیی و سوننه‌تیدا زۆر كه‌م تاكێك ده‌بینییه‌وه باوه‌ڕی به ئازادیی كه‌سێنی هه‌بێت (له ڕه‌فتار و بیركردنه‌وه و ڕوئیابینینی بۆ ژیاندا)، به‌ڵام له دیتگای ئهورووپایێكەوە ئه‌مه یه‌كێكه له ئازادییه كه‌سییه‌كان و به‌هایه‌كی گرینگی دیمۆکراسییه. ئائه‌مه‌یه جیاوازییه گه‌وره‌كه له ڕوئیابینیی كولتوورییه‌وه بۆ دیمۆکراسی و به‌رجه‌سته‌كردنی به‌هاكانی.
به دڵنیایه‌وه هه‌موو شێوه دیمۆکراسیهكان له‌سه‌ر یه‌ك بنچینه ڕاوه‌ستاون، نه به شێوه‌یه‌كی یه‌ك جۆر، به‌ڵام مه‌رج نییه به‌هاكانی دیمۆکراسی وه‌ك یه‌ك بنه‌ما ببیندرێت و په‌یڕه‌و بكرێت. له حكوومه‌تێكی دیمۆکراتیكدا، نه ته‌نیا هاووڵاتیان ماف و داواكارییان هه‌یه، به‌ڵكو ده‌بێ به‌شداری له شێوهسیستمێكی سیاسی بكه‌ن كه ماف و ئازادییه‌كانیان بپارێزێ، به‌ڵام به‌شداریی تاك پهیوهستهبهخودی هوشیاریی و به‌رپرسیاریه‌تییه‌وه، چونكه تاك و گرووپه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌كان ناكرێت خۆیان له به‌رپرسیاریه‌تی بشارێنه‌وه.
كۆمه‌ڵگا دیمۆکراتییهكان بایه‌خ بۆ هاوكاری و، پێكه‌وه‌بوون داده‌نێن، دیمۆکراسییهكان بۆیان ده‌ركه‌وتووه كه بۆ سه‌ركه‌وتن، پێكه‌وه‌سازان پێویسته و ڕه‌نگبێ ئه‌و پێكهوهسازانه ههمووكاتیك وه‌ده‌ست نه‌یه‌ت و یان نه‌گونجێت، به‌ڵام زۆربه‌ی كات بۆ سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌ی دێموكراسی پێكه‌وه‌بوون و گفتوگۆكردن و ڕهتنهكردنهوه و نه‌سه‌پاندنی كۆی ڕوئیایهكان پێویسته. پێكهوەنەسازان، بۆ خۆی جۆرێك تووڕه‌بوونه و هه‌رئه‌و تووڕه‌بوونه، به‌رهه‌ڵسته له‌به‌ر پێكهاتنی ڕه‌وتێکی دیمۆکراتیكی ڕاسته‌قینه.
كردنه‌وه‌ی جۆگه‌ی دیمۆکراسی و دابه‌زاندنی كولتووری دیمۆکراتی بۆ نێو كۆمه‌ڵگا و به تایبه‌ت ئه‌و كۆمه‌ڵگانه‌ی كه ئه‌زموونی كرانه‌وه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییان تێپه‌ڕ نه‌كردووه، گه‌لێك قورس و دژواره و به‌ئاسانی ئه‌و پرۆسە جێگیر نابێت، چونكه له‌لایه‌ن هه‌ندێ كات سیسته‌مه سیاسییه‌كان و بیروبۆچوونی حزبی و ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستی و به‌رژه‌وه‌ندیی ئابووری و بیروهزری دواكه‌وتوو ڕێگری لێده‌كرێت. له‌لایه‌كی دیكه‌ش كۆمه‌ڵگا و تێنه‌گه‌ییشتنی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیی چینه‌كانی كۆمه‌ڵ له‌و پرۆسەیه به له‌مپه‌ری بنه‌ڕه‌تیی جێگیربوونی دیمۆکراسی له كۆمه‌ڵگا ئه‌ژمار ده‌كرێت. سه‌پاندنی هێز به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا و بیروبۆچوونی جیاوازی كۆمه‌ڵ ناكرێت وه‌ك چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشانه پێناسه بكرێت، چونكه له ئاكامدا ئه‌وه كۆمه‌ڵگا بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و پرسه ده‌دات و ده‌بێت به بێژنگی كولتووریی كۆمه‌ڵگا تێپه‌ڕێنرێت. كه‌واتا پێویسته له‌هه‌مبه‌ر جێگیركردنی چه‌مكی دیمۆکراسی و پشوودرێژی بێته كایه‌وه و پێش ئه‌وه كه به هێز ئه‌و پرۆسەیه بسه‌پێنرێته سه‌ر كۆمه‌ڵگا و هه‌وڵ بۆ جێگیركردنی كۆڵه‌كه و به‌ها دیمۆکراسییهكان و مافه‌كانی مرۆڤ بهێندرێته‌دی، پێویسته كۆمه‌ڵگه هۆشیار بكرێته‌وه و له پێوه‌ندیی به ماف و ئازادی و یه‌كسانیی نێوان چینه‌كانی كۆمه‌ڵ و مافی تاكه‌كه‌سیی تاكه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه ده‌رفه‌تیی تێگه‌ییشتن بڕه‌خسێنرێت. به‌ده‌ر له تێپه‌ڕاندنی ئه‌و دۆخ و قۆناغانه ئاڵۆزیی سیاسیی گشتگیر، ده‌بێ و وڵات به‌ره‌و وێرانه و دژیهكبوونێكی قبوڵنه‌كراو هەنگاو ده‌نێ.
بیرۆكەی دیمۆکراسی لە (دیمۆکراسیی ڕاستەوخۆ)وە بۆ (دیمۆکراسیی نوێنەرایەتی) پەرەی سەند، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە: ئایا ئەو پەرەسەندنانە بێ كێشە و ئه‌زمه بوون؟ ئێستا یه‌ك دنیا ئاسته‌نگ و ئاریشه‌ی جیاجیا ڕووبەڕووی دیمۆکراسی دەبێته‌وه، ئه‌وه‌یش له‌و به‌هایانه‌وه دێت كه به‌شێكن له پرۆسه‌ی دیمۆکراسی، كه به‌هۆی جیاوازییه كولتوورییه‌كانه‌وه له كۆمهڵگایهكاندا، ئه‌م بۆشاییه كولتوورییه درووست ده‌بێت، كه دواجار ده‌سته‌بژێری سیاسی و ڕۆشنبیری هۆشیار كار بۆ پێشكه‌وتنی مه‌عریفی كۆمه‌ڵگا و تاك ده‌كات.
ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی كوردستان چۆن ده‌بێت؟
ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی كوردستان به‌شێكی به‌هێزی بنیادی دیمۆکراسی ده‌بێت له ناوچه‌كه‌دا، چونكه هه‌موو ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه له ده‌ورووبه‌رن بریتیین لەو دەوڵەتانەی زۆر خراپ بنه‌ماكانی دیمۆکراسی پێشێل دەکەن. جیاوازییه‌كان له‌م ڕووه ده‌بینم:
یه‌كه‌م: پرۆسه‌ی پێكه‌وه‌ژیانی ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی له باشووری كوردستاندا چووەته قۆناغێكی زۆر جیاواز و ئه‌رێنییه‌وه، ده‌وڵه‌تانی ده‌ورووبه‌ر تا ئێستایش كێشه‌ی پێكه‌وه‌ژیانی ئایینی و نهتهوهیییان هه‌یه، توندوتیژیی ئایینی و مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌یی به ڕوونی ده‌بیندرێت، ڕه‌تكردنه‌وه و قبووڵنه‌كردنی ئه‌وانی دیكه بووه‌ته دیارده‌یه‌كی زۆر ئاشكرا.
دووه‌م: میدیا به‌و هه‌موو كهموكوڕییهشەوە کە هەیەتی، به‌و هه‌موو ئاریشانه‌ی كه دێته به‌رده‌می، به‌و هه‌موو ناپرۆفیشناڵییهی كه به‌ڕێوه ده‌چێت، به‌ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌ملا و ئهملایشهوه، به‌ڵام له قۆناغێكی گه‌شبینیدایه، ڕهخنهـ پێشیلكارییه مرۆییه‌كان ـ گه‌نده‌ڵی ـ هه‌موو ئه‌مانه به به‌رده‌وامی ده‌خرێنه‌ڕوو.
به ده‌یان میدیای حزبی و گرووپی و كه‌سی هه‌یه، هه‌موویان به‌شێوازی جیاجیا پێشیلكاری و گۆڕانكاریی و بابهتهكان ده‌گوازنه‌وه، هه‌ندێكیان به‌ناوی ئازادیی مدیاییهوه هه‌موو جۆره سوكایه‌تییه‌ك به ئه‌وانه ده‌كات كه وه‌كو ئه‌و بیرناكه‌نه‌وه و قسه ناكه‌ن، ئه‌رێ به‌ڕاست له سووریا و ئێران و عێراقیتان ئه‌مه ده‌بیندرێت؟ ده‌پێم بڵی له كام له‌و وڵاتانه‌ی ده‌ورووبه‌ردا، میدیا و ئازادییهكهسی و گرووپییهكان له‌م ئاسته‌دایه؟
سێیه‌م: باشووری کوردستان نزیكه‌ی 24 كونسووڵخانەی لێیە، زۆربه‌یان ده‌رگاكانیان به به‌رده‌وامی بۆ حزبه‌كان و میدیاكارن و ڕۆشنبیران و هاووڵاتیان كراوه‌یه، به‌شێكن له گرووپی گوشار و وه‌رگرتنی داخوازی و گله‌ییی هاووڵاتیان، ڕاپۆرتی ساڵانه‌ی ڕێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامه‌نووسان سوود له زانیارییه‌كانی ئه‌وان وه‌رده‌گرن، ئه‌مه له زیمبابوێ و سووریا هه‌یه؟
چواره‌م: هۆشیاریی خه‌ڵك و قوربانیدانی پێشمه‌رگه و به‌شێك له تێكۆشه‌رانی شاخ قبووڵ ناكان جارێكی دیكه هیچ ڕوئیایه‌كی دیكتاتۆری و خۆسه‌پاندن سه‌رهه‌ڵبداته‌وه، به‌ڵام به‌و مانا نا كه باوه‌ڕمان به زۆرینه‌و كه‌مینه نه‌بێت، دواجار دیمۆکراسی ئه‌وه‌یه كه زۆرینه حوكمی هه‌مووان ده‌كات.
باشووری كوردسان نه ده‌بێته سووریا و زیمبابۆی، نه ده‌شبێته وڵاتانی ناو یه‌كێتیی ئه‌ورووپا، به‌ڵكو به‌پێی پێشكه‌وتنی ژیان و به‌شداریكردن له گه‌شه‌ی دێمۆكراسی، ده‌بێته یه‌كێك له‌و ڵاتانه‌ی كه له رۆژهه‌ڵاتی ناویندا به‌شێكی كاریگه‌ر ده‌بێت له نموونه‌ی جوانی كولتووری سیاسیی‌دا. به‌ڵام به باوه‌ڕ و ئیراده‌ی گشتی ده‌تواندرێت زۆر قۆناغی دژوار تێپه‌ڕێندرێت، مافه‌كانی مرۆڤ و ئازادییهكهسی و گرووپییهكان بچنه قۆناغێكی نوێوه، ئه‌مه‌ش هه‌نگاو به هه‌نگاو ده‌كرێت له گۆڕانكاری كولتووریی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریدا، هه‌ر بۆیه‌شه هیچ گۆڕانكارییه‌كی خێرا پرۆسه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو نییه و كاردانه‌وه‌ی نه‌رێنی به دوای خۆیدا ده‌هێنێت.
دواجار هه‌موو پرسێكی چاره‌نووسسازی نیشتمانی، كۆمه‌ڵێك ئاسته‌نگی دێتە ڕێ؛ بۆیه ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی بێ ئاسته‌نگ و ئاریشه نییه و ناشبێت، به‌ڵام گرینگ بوونی یه‌كگوتاری و كۆده‌نگیی نیشتمانییه، گرینگ باوه‌ڕبوونه به سه‌ربه‌خۆیی و كاركردنه بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كه بتوانێت قۆناغه‌كانی پێشكه‌وتنی مرۆیی و دیمۆکراسی و به‌های دیمۆکراتیک بباته قۆناغێكی پێشكه‌وتووه‌وه، دواجار سه‌ربه‌خۆییبوون هه‌موو ئه‌و ئاسته‌نگانه تێدهپەڕێنێت و چه‌مكه‌كانی پێكه‌وه‌ژیان و عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و دژایه‌تیی گه‌نده‌ڵی به‌شێكن له‌كار و ئامانجی زۆربه‌مان.