Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
FRI, 19 APR 2024 13:10 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

کار و گوفتار بۆ سەربەخۆیی
| KDP.info


 

ئازا حەسیب قەرەداخی

ئەم گەڕە لە ژیانی سیاسیی کوردستاندا، بەوپێیەی هەرچییەکی تێدا دەکرێ و دەوترێ کارگەریی ئەرێنی و نەرێنی بەسەر پرسەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی دەبێ، کەواتە گەڕێکی گەلێک هەستیارە.
هەردوو بەرەی یار و نەیاری سەربەخۆیی، ناوخۆیی و دەرەکی، ئەم راستییە زۆر سادەیە دەزانن، بۆیە هەزار و یەک حیساب دەکەن بۆ هەرچییەک کە دەیڵێن و دەیکەن.
بەرەی یار، بەدیققەتەوە لە هەموو رەفتار و گوفتارێکی بەرەی نەیار سەرنج دەدات و زانیاری کۆ دەکاتەوە و پێدراوەکان لێک دەدات و دەرەنجامیان لێوە هەڵدەهێنجێنێ و، لەبەر رۆشنایی ئەو دەرەنجامانە کار و گوفتار و پەرچەکرداری خۆی بڕیار دەدات. جا ئەگەر زانیارییەکی لێ قوتار بێ. یەکێکی درک نەکردبێ یان بە هەڵە پێی گەیشتبێ، یان بەرەی نەیار بە ئەنقەست زانیارییەکی هەڵەی دزە کردبێ بۆی، ئەوا خوێندنەوە و لێکگرێدان و دەرەنجامەکانی هەڵە دەبن و کار و وتار و پەرچەکرداریشی هەڵە دەبن و لە کۆی گشتی و دواجاردا زیان بە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی دەگەیەنێ.
ئەمە بۆ بەرەی نەیاریش هەر راستە. چونکە ئەمیش ئەگەر بیەوێ کار و گوفتاری کاریگەری لەسەر رای گشتی هەبێ، دەبێ خودان گوتارێکی مەنتیقی بێ و کەمترین درۆ و توخمەکانی کینە و رقی تێدا بێ. دەنا دواجار کار و گوفتاری نەک هەر کاریگەر نابن، بەڵکو پێچەوانە دەبنەوە و لە کەمترین وەسفدا وەکو گوتاری وڵاتفرۆشی ناوزەد دەکرێن.
دەکرێ لە سەرنجی ورد بۆ رووداوەکانی دوو مانگی رابردوو، کە ململانێ لە پرۆسەی ریفراندۆم و سەربەخۆییدا تەواو هەڵکشاوە، ئەوەندەی دەرەنجام دەرکەوتووە، ئەوەیە کە بەرەی دژی سەربەخۆیی، خاوەنی هیچ پرۆژەیەکی جێگرەوەی سەربەخۆیی نییە. رەفتاری زۆر هەرزەکارانە و بوغزاوییە. کەمئەزموونی و هەڵەشەیی زۆر بە کار و پەرچەکردارییەوە دەبینرێن. گوتارێکی تۆقێنەر و نانیشتمانی هەیە و لێدوانی هەرزە سیاسییەکانیش ئەوەندەی تر لاواز و بێ ئەرزشی کردوون.
هەموو ئەمانە لە بەرژەوەندیی بەرەی سەربەخۆییخوازانە. بەڵام بەرەی سەربەخۆییخوازیش کێماسی لە رەفتار و گوفتاریدا هەیە و دەبێ بە زووترین کات چارەسەریان بکات. گرینگترینیان ئەوەیە کە حکوومەتی هەرێم ئاستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی، هەر لە مووچەوە تا هەموو پێویستییە ژیارییەکان بەرز بکاتەوە، نەک پاشەکشە بکات.
رادە و بازنەی کاری هۆشیاری لە رێی دەزگاکانی راگەیاندنەوە فراوانتر بکەن. داکۆکیکردن لە سەربەخۆیی و ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی تەنیا ئەرکی دەزگاکانی راگەیاندنی پارتی نەبێ، بەڵکو هیی هەموو هاوسەنگەرانی سەربەخۆیی بێ بە حزب و رێکخراو و چالاکییەکانی کۆمەڵگای مەدەنییەوە. ناکرێ وەکو حزب لە سەنگەری سەربەخۆییدا بیت، بەڵام مێدیای حزبەکە لەبەرەی نەیار و دژا بێ.
پێویستە ئاستی بەرەنگاربوونەوەی مێدیایی بەرزتر بکرێتەوە. لە هەموو بابەتێک قسە بکرێ. وەڵامی هەموو چەواشەکاری و گوتاری تۆقێنەر و درۆکانی بەرەی نەیار بدرێتەوە. موجامەلەی سیاسی و خۆپارێزی بەلاوە بنرێ و هیچ حزبێک لە بەرەی سەربەخۆیی بە یەک مەسافە لەنێوانی حزبەکانی ناو دوو بەرەکە رانەوەستێ، چونکە ناکرێ و نابێ بە یەک مەسافە لە نێوانی سەربەخۆیی و ژێردەستیدا بوەستێ.
ئەگەر دەرفەتێک ماوە بۆ چارەسەرکردنی ئاریشەی نێوان ئەم دووبەرەیە لەسەر ئاستی ناوخۆ و گەڕانەوەی کارەکتەرە ناوخۆییەکان بۆ بەرەی سەربەخۆیی، ئەوا هیچ کردارێک و پێشنیازێک و پرۆژەیەک فەرامۆش نەکرێ و هەوڵی بۆ بدرێ. بەش بە حاڵی خۆم ئومێدەوارم نەک دەرفەتێ، بەڵکو دە دەرفەت مابێ، بەڵام ئەگەر پێگە و هاوسەنگەریی یەکلا بۆتەوە و ماوە کەم ماوە و دەبێ خۆ تەرخان بکرێ بۆ کاروباری راستەوخۆی جێبەجێکردنی پرۆسەکە، ئەوا ئیتر دەبێ راگەیەنرێ کە ئەمە دواشەڕە و هەموو کەرەستە و کار و گوتارێک رەوایە بۆ سەرکەوتنی سەربەخۆیی.




دوایین هەواڵەکان

شاخەوان عه‌بدوڵڵا بۆ KDP: دەرکردنی ئەو ماڵە کوردانەی خانەقین ڕاگیرا

THURSDAY, 18 APRIL 2024 23:04:20

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی، دەرکردنی ئه‌و ماڵە کوردانه‌ی لە خانووی شارەوانی بوون کە بڕیاری لێدرابوو راگیرا.

 
ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن نوژەن دەکرێتەوە

THURSDAY, 18 APRIL 2024 20:04:17

سۆران _KDP.info_بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی: بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن لە نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران نوژەن دەکرێتەوە.‌

 
پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی پێشوازیی لە شاندێکی کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد و ئەڵمان کرد

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:30

ھەولێر-KDP.info- شاندێکی  کۆمەڵەی دۆستایەتی  کورد و ئەڵمان سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد و هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەب و ژمارەیەک لە ستافی دێسک و یۆنیتەکانی مەکتەب  پێشوازیان لێ کردن.

ھەوراز عەبدولقادر: بەگوێرەی پڕۆژەیەک ١٠٠ ھەزار بۆ مووچەی ئەم توێژە زیاد دەبێت

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:31

ھەولێر  _KDP.info_ بەرپرسێکی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی ئاشکرایکرد، بەگوێرەی پڕۆژەیەک ١٠٠ ھەزار دینار بۆ مووچەی کەمئەندامان زیاد دەکرێت، گوتیشی: لە ھەرێمی کوردستان ٧٤ ھەزار کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت مووچەی مانگانەیان بۆ خەرج دەکرێت.

 
سەرۆک بارزانی پێشوازی لە سەرۆکی کارگێری هەڵبژاردن و ئەندامێکی ئەنجوومەنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:21

ھەولێر-KDP.info-  ڕۆژێ پێنجشەممە 18ی نیسانی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە دادوەر عەباس فەرحان حەسەن سەرۆکی کارگێری هەڵبژاردن لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و دادوەر عامر موسا محەمەد ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact