Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
FRI, 22 SEP 2017 02:09 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
نوێبوونەوە . دادپەروەری . پێکەوەژیان
 

ریفراندۆم و ریاکشنی یەکێتیی ئه‌ورووپا
| KDP.info


 

دانه‌ر ئه‌بوبه‌كر-مۆسكۆ
دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانی داهاتوو، تەواو لەگەڵ بەرژەوەندی و جیۆسیاسیی یەکێتی ئه‌ورووپا یەکدەگرێتەوە! چۆن؟                                                                                                                   
یەکێتیی ئه‌ورووپا کە لە 28 وڵاتی ئه‌ورووپایی پێکهاتووە و، دامەزراوە وەک ناوچەیەکی کۆنفیدراڵی یاخود رێکخراوێکی سیاسی و ئابووریی گرینگ لە دنیادا. لە رووی ئابووری و داهاتی ناوخۆییەوە بە گرینگترین و ده‌وڵەمەندترین ناوچەی جیهان هەژمار دەکرێت، لە رووی سیاسی و سەربازییشەوە خاوەنی نزیکەی نیوەی وڵاتانی پێنج کۆ یەکە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و، باڵانسی هێزی جەمسەرە کاریگەرەکەیە لە دنیادا لەژێر ناوی رۆژئاوا.                                                                                                              

لای هەموو لایەک روون و ئاشکرایە یەکێتیی ئه‌ورووپا لەسەر پرانیسپی یەکسانی و ئازادی بۆ تاک و پاراستنی مافی نەتەوەکان دامەزراوە.                                                                                              
وشەی نەتەوە، وەک چەمکێکی سیاسی لە سەردەمی ریفۆرم لە ئه‌ورووپا سەریهەڵدا، لەم کاتەوە بەشێوەیەکی گشتی لە ئه‌ورووپا دەست کرا بە جیاکردنەوەی مانا و چەمکی گەل و نەتەوە لە یەکتر. وەک زانای ناوداری رووسیایی (دووگین) دەڵێ، چەمکی نەتەوە سیاسییە بەڵام گەل مێژووییە. هیچ گومانێک نییە لەوەی کە کورد گەلە، بەڵام بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردستان لە باشووردا نابێت پشت بەو سیاسەتە ببەسترێت کە کوردستان تەنیا وڵاتی کوردان دەبێت، بەڵکو کۆمەڵێک نەتەوەی تر هاوبیر لەگەڵ گەلی کورددا کار دەکەن لە پێناو ئەم دەوڵەتە کە تاوەکو ئەمڕۆ ناوی ئەم دەوڵەتە لەدایکنەبووە کوردستانە، بەهەمان شێوە ئەرمەن و ئاشوور و تورکومان باقی ئەوانی تر دەبنە خاوەنی.                                                                                        
لەم ساتەوە بەشێوەیەکی فراوانتر و بەردەوام کار دەکرێت لەسەر پێکەوەکارکردنی نەتەوەکانی جیهان. رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نموونەیەکی زیندووی ئەم کارکردنەیە.                                                
هەر ئەوەی ئەمرۆیش پێیدەگوترێ یەکێتیی ئه‌ورووپا بەرهەمی ئەو ریفۆرم و بیرکردنەوانەیە کە لە کۆتاییەکانی سەدەی 17 دەستیان پێکرد، دواتر رێکخراوی یەکێتیی ئه‌ورووپایان لە نێوان دەوڵەت و نەتەوەکانی ناو کیشوەری ئه‌ورووپا لێ پێکهێنا، بە لەبەرچاوگرتنی پاراستن و رێزگرتن لە بەها و ماف و ئازادییەکانی مرۆڤایەتی کە مەرجی سەرەکی بوونە بە ئەندام لەم یەکێتییەدا.                                                                                 

رێکخراوی یەکێتیی ئه‌ورووپا نەک تەنیا لە ناو دەوڵەتانی ئەندام بەڵکو لە سەرتاپای جیهاندا رۆڵێکی گرینگ دەگێرێ لە رووی ئابووری و سیاسی و سەربازی و دابینکردنی ئاسایشی نیشتیمانی و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ. لەهەمان کاتدا بەشێوەیەکی دیار و ئاشکرا باری ئابووری و ئاسایش و بارودۆخی وڵاتان راستەوخۆ کاریگەری هەیە لەسەر وڵاتانی یەکێتیی ئه‌ورووپا، ئەویش لەبەر بەهێزیی باری ئابووری و دابینکردنی ئاسایش و خۆشگوزەرانی بۆ دانیشتوانی وڵاتەکانیان. بینیمان لە کاتی تێکچوونی بارودۆخی ئەمنی و ئابووریی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و وڵاتانی باکووری ئەفریقا، چۆن بە لێشاو کۆچبەر روویان لە وڵاتانی ئه‌ورووپا دەکرد و چۆنچۆنی کاریگەریی نەرێنی خستە سەر ئەم وڵاتانە هەم لە رووی ئاسایش و خۆشگوزەرانی، هەمیش لە رووی سیاسی و ئابوورییەوە.                                                                 

لەم چوارچێوەیەدا یەکێتیی ئه‌ورووپا بە پێچەوانەی دەوڵەتە زلهێزەکانی تر، هیچ کاتێک لە بەرژەوەندیاندا نییە باری ئەمنیی ئەم ناوچانە تێک بچن و شەڕ و ئاژاوە تێیاندا بەردەوام بێ، بۆ ئەوەی چەک و تەقەمەنی و فرۆکە و مووشەکیان پێبفرۆشن، یاخود سەرقاڵیان بکەن بە یەکتر و لاوازیان بکەن لە رووی ئابووری، سەربازی و سیاسی بۆ ئەوەی نەگەن بەو ئاستەی دژ بە جیۆسیاسییان بوەستنەوە لە دنیادا. بەڵکو بە پێچەوانەی بەرژەوەندیی زلهێزەکان تێکچوونی باری ئەمنی و لاوازیی ئابووریی وڵاتانی جیهان یەکێتیی ئه‌ورووپا رووبەرووی نەهەماتی و کێشەی گەورە دەکاتەوە، وەک ئەمرۆ پێوەی دەناڵێن بەهۆی تێکچوونی ئاسایشی جیهان و قەیرانی ئابوورییەوە.            

کوردستانی باشوور لە ماوەی رابردوودا ئەمەی سەلماندووە، بووه‌تە زامنی ئاسایش و ناوچەیەکی ئارام بۆ کاری بازرگانی و دیپلۆماسیی جیهانی، بەجۆرێک تا ساڵانی پێش 2014 خەڵکانێکی زۆری وڵاتانی دەورووبەر و ئاسیای ناوەڕاست و باشوور روویان تێدەکرد بۆ کارکردن، تەنانەت زۆرێک لە کوردە نیشتەجێبووەکانی یەکێتیی ئه‌ورووپا گەرانەوە زێدی باب و باپیرانیان. ئەم راستیانە لای وڵاتانی یەکێتیی ئه‌ورووپا شاراوە نین و ئاگاداری تەواوی گۆرانکارییەکانن. هەروەها بینیشیان لە دوای ساڵی 2014 و تێکچوونی بارودۆخی ئەمنی و ئابووریی کوردستان و ناوچەکە، بەهۆی سەرهەڵدانی رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە چ گۆرانکاریێکی بەسەردا هاتوو و چۆن بە لێشاو خەڵکی ئەم ناوچانە روویان لە وڵاتانی یەکێتیی ئه‌ورووپا کرد. ئەم رووداوانە بوونە هۆکاری گۆرینی دیمۆگرافیا و تا رادەیەکیش کولتوور و بەرزبوونەوەی هەستی ناسیۆنالیزمی لە ناو وڵاتانی ئه‌ورووپادا کە پێچەوانەی پرانسیپەکانی یەکێتیی ئه‌ورووپا دادەندرێت.                                                                                            

دەوڵەتانی ئه‌ورووپا باش لەوە تێدەگەن ئەمڕۆ بەهۆی رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە زۆر دەوڵەت لە باری لاواز و ناجێگیردان. لاشیان ئاشکرایە هۆکاری سەرهەڵدانی داعش تەنیا سیاسی و سەربازی نییە، بەڵکو بەشێکی گرینگی پەیوەندی بە لایەنی ئابووری و خراپ لە دابەشبوونی سامان و داهاتە بەسەر دەوڵەتانی ناوچەکەدا، ئەمە جگە لە هۆکارە مەزهەبی و ململانێی ئایینەکان کە لەم ناوچانەدا بوونیان هەیە و بوونە هۆکاری دروستبوونی ئەم بارودۆخە، کە زۆربەی وڵاتانی جیهان پێوەی دەناڵێنن، ئه‌ورووپایش وەک قوربانیی یەکەم سەیر دەکرێت لەم رووەوە.                                                                                            

فاکتەری کورد و کێشەی نەبوونی دەوڵەتی کوردستان، هەمیشە وەک بۆمبێکی تەوقیتکراو باسی لێوە دەکرێت و لە کات و ساتدایە بۆ تەقینەوە. بە تەقینەوەی ئەم بۆمبە تەوقیتکراوە بە دڵنیاییه‌وە دواپێشهاتی زۆر کاریگەر و مەترسیدارتر روو دەدەن، کە لە شەڕ و نەهامەتی و کاریگەرییەکانی داعش بۆ سەر ئەم ناوچانە و دواتر ئه‌ورووپا و هەموو جیهان زۆر زیاتر دەبن.                                                                                        
بۆیە یەکێتیی ئه‌ورووپا لەگەڵ چارەکردنی پرسی کوردە لەناو هەموو ئەو دەوڵەتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، بەتایبەتی لە باشوور کە ئەمرۆ لە بارودۆخێکی تایبەتدایە وەک ئەڵتەرناتیڤی شەڕ و پێکدادانی قەومی کە پێشبینیێکی بەهێز و چاوەڕوانکراوە بە بەردەوامبوونی ئەم جۆرە حکومرانیەی لە عێراقدا دەکرێت، کارکردنی حکوومەتی هەرێم وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ و نەگەڕانەوە بۆ بەغدا لە پەیوەندییە دیپلۆماسی و کۆنتراکتە ئابووری و هێزی سەربازیی جودا، دوور لە دەسەڵاتی حکوومەتی مەرکەزی. روونتر بڵێین، کارکردنی دوو دەوڵەت یان دوو حکوومەت لە ناو یەک وڵاتدا. دره‌نگ یان زوو پێکدادانی لێدەکەوێتەوە. بە تایبەتی ئەو کاتانەی کارە دیپلۆماسی و ئابووری و سەربازییەکان تێکەڵ دەبن و بەژەوەندییەکان بەریەک دەکەون، وەک ئەوەی ئێستا دەبیندرێت.                                                                                                       

سەردانیکردنی شاندی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم بۆ یەکێتیی ئه‌ورووپا بە سەرۆکایەتیی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی کۆمەڵێک دیدار و چاوپێکەوتنی گرینگ و کاریگەر بە ئاڵای کوردستانەوە بەبێ ئاڵای عێراق، لەگەڵ دەسەڵاتداران و ئەندامانی پەرلەمانی یەکێتیی ئه‌ورووپا گەواهیدەری ئەم راستیانەن، بە تایبەتی لەکاتی پرسیارکردنی ئەندامانی پەرلەمانی یەکێتیی ئه‌ورووپا و زۆر جەختکردنەوە.

لەسەر داهاتووی هەرێمی کوردستان لە رووی ئابووری و بارودۆخی سەربازی بۆ دوای ریفراندۆم و سەربەخۆییی کوردستان چۆن دەبێ و چ گه‌رەنتییەک هەیە!                                                                       
وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێکرد، بارودۆخی سەربازی و ئابووریی ئەم ناوچانە زۆر گرینگن بۆ وڵاتانی یەکێتیی ئه‌ورووپا، بەجۆرێک هەر پێکدادان و ناسەقامگیریێک لەم ناوچانەدا روو بدات، ئەوا لێشاوی کۆچ و کۆچبەران دەستپێدەکاتەوە بۆ وڵاتانی ئه‌ورووپا، ئەمە جگە لە دەرهاویشتە چاوەڕوانکراوەکانی تری وەک تیرۆر و بێکاری و گۆرینی دیمۆگرافیا و کاریگەرییە فەرهەنگییەکان لەسەر دەوڵەتانی ئەندام لە یەکێتیی ئه‌ورووپا.                

نابێت ئەوەشمان لە بیر بچێ، یەکێک لە هەرە مەترسییە راستەقینەکانی سەر هەڵوەشانەوەی یەکێتیی ئه‌ورووپا کۆچی بەلێشاو و تیرۆری نێودەوڵەتییە کە سەرچاوەکانیان ئەم ناوچانەن بەهۆی نەمانی سیادە و هێزی دیپلۆماسی جێگای باوەڕ لە نێوان دەوڵەتان هاتووه‌تە ئاراوە. سەلمێندراوە بە لەدایکبوونی دەوڵەتی کوردستان ئەمن و ئاسایش بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بۆ زۆرێک لەم ناوچانە دەستەبەر دەبێ کە ئەمرۆ بە ناوچەی نائارام دەدەندرێن و، دانیشتوانیان روو لە وڵاتانی ئه‌ورووپا دەکەن بۆ ژیانێکی باشتر. لەهەمان کاتدا دەکرێت بە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان باڵانسی هێز جێگیر ببێت لەنێوان لایەنی سوننی و شیعی، دواتریش کورد و عەرەبی عێراقی.                                    

کەواتە بە دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان ئاسایش و خۆشگوزەرانی بۆ دانیشتوانی ناوچەیەکی پان و بەرینی پر لە کێشە و شەڕ و نەهامەتی دابین دەکرێت و، ئه‌ورووپایش دەپارێزێ لە کۆچی بەلێشاو و دروستبوونی رێکخراوی توندڕۆی ئیسلامیی نوێ، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان شارەزاییەکی بێ هاوتای هەیە لەم رووەوە. ئەمە جگە لە ده‌وڵەمەندیی کوردستان بە نەوت و گازی سروشتی کە هەمیشە وڵاتانی یەکێتیی ئه‌ورووپا پێویستیان بە رێژەیەکی زۆری سامانە سروشتییەکانە. ئەمن و ئاسایشی و رۆڵی کوردستان لە ناو بازاری نەوتی جیهاندا بەڵگەیەکی بەهێزی ئەم لایەنانەن. بەمەش یەکێتیی ئه‌ورووپا دەگات بە جیۆپۆلیتیکی خۆی لە کوردستاندا.       

دواجار ئەم فاکت و بەڵگانەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێکردن، ئەوەمان پێدەڵێن، دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان تەواو لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی ئه‌ورووپا یەک دەگرێتەوە، هەر بۆیە پێشبینی دەکرێت وڵاتانی یەکێتیی ئه‌ورووپا دژ بە مافە رەواکانی کوردستانیان و جیۆسیاسیی خۆیان نەوەستنەوە لەم ناوچەیەدا.




دوایین هەواڵەکان

هەڵەبجەییەکان بە ئاهەنگ بەڵێیان بۆ سەربەخۆیی کرد

THURSDAY, 21 SEPTEMBER 2017 20:09:03

هەڵەبجە-KDP.info- ئەمڕۆ هەڵەبجەییەکان بە کەرنەڤاڵێک پشتگیری خۆیان بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان دەربڕی؛ وەک بەشداربووانی کەرنەڤاڵەکە دەڵێن، هەمووان پشتگیری سەرکردایەتیی سیاسی کوردستان دەکەن بۆ ئەوەی کوردستان ببێتە دەوڵەت.

 
لە مێرگەسۆر پەردە لەسەر وێنەی شەهیدانی شەڕی داعش لادرا

THURSDAY, 21 SEPTEMBER 2017 19:09:27

مێرگەسۆر-KDP.info- ئەمڕۆ لە شارۆچكەی مێرگەسۆر بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حزبی و حكوومی  و كەسوكاری شەهیدان و جەماوەرێكی زۆری ناوچەكە پەردە لەسەر وێنەی 41 شەهیدی شەڕی داعش لادرا.

 
بارزانی: سلێمانی نه‌ مه‌حكوومه‌، نه‌ سوخره‌كێش، دارولمولكی كوردستانه‌

THURSDAY, 21 SEPTEMBER 2017 19:09:13

د.محه‌ممه‌د خدر مه‌ولوود

له‌ شرۆڤه‌كردنی ده‌قی گوتاره‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی له‌ ئێواره‌ی رۆژی 20 ی ئه‌یلوولدا سێ ره‌هه‌ندی گرینگ ده‌خوێنینه‌وه‌، كه‌ بۆ ئه‌مڕۆ و پاشه‌ڕۆژی پرۆسه‌ی سیاسیی كوردستان زۆر گرینگ و پڕبایه‌خ  ده‌بێ، وا به‌ كورتی تیشكیان ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر.

سەرۆک بارزانی بۆ سەرۆکی فەڕەنسا: ریفراندۆم لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام دەدرێت

THURSDAY, 21 SEPTEMBER 2017 18:09:46

هەولێر-KDP.info-  سەرۆکی فەڕەنسا لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندیی بە (سەرۆک بارزانی) کرد، لەبارەی ریفراندۆمەوە (سەرۆک بارزانی) رایگەیاند، ڕیفراندۆم لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام دەدرێت و دەرگای گفتوگۆش دانەخراوە و دوای ڕیفراندۆم، کوردستان لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ دەکات.

خەڵکی سلێمانی: ڕیفراندۆم ئامانجمانە و کەس ناتوانێت لەجیاتی ئێمە بڕیار بدات

THURSDAY, 21 SEPTEMBER 2017 18:09:36

سلێمانی-KDP.info- خەڵکی سلێمانی پشتیوانی لە سەربەخۆییی کوردستان و ڕیفراندۆم دەکەن. هاووڵاتییەکی ئەو شارە دەڵێت، نایانەوێت هیچ حزبێک بە ناوی ئەوانەوە قسە بکات، خۆیان چارەنووسی خۆیان دیاری دەکەن.



 
© 2017 Kurdistan Democratic Party, KDP