نه‌دا مێرگه‌سۆری
ئاواتی له‌مێژینه‌ی هه‌ر تاكێكی كورد بنیاتنانی ده‌وڵه‌تێك بووه كه تیایدا وه‌ك هه‌ر نه‌ته‌وه و تاكێكی تری خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت، خودان شوناسی خۆی بێت و سه‌روه‌ریی خۆی هه‌بێت و پاشكۆ و ژێرده‌ستی هیچ نه‌ته‌وه و هێزێكی دیكه‌ی بێگانه نه‌بێت، به‌ڵام به داخه‌وه قه‌ده‌ری كورد دوای هه‌زاران ساڵ هه‌ر ژێر ده‌سته‌یی بووه و هه‌میشه ڕووبه‌ڕووی قڕكردن و كوشتن و جینۆساید و تاڵان و ئاواره‌كردن و ده‌ربه‌ده‌ری بووه.
هه‌موو خێزانێكی كوردی مه‌گه‌ر چۆن بووبێت، ئه‌گینا هه‌موو ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ی بینیوه كه به‌سه‌ر كورددا هاتووه، مه‌گه‌ر ئه‌و(كوردانه) نه‌بن، كه بۆ خاتری پێگه و پۆست و پاره ئاماده بوون كه هه‌ر كرده‌وه‌یه‌كی ناشایسته به‌رانبه‌ر هاوخوێن و هاونه‌ژاده‌كانیان بكه‌ن. له هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كیش ئه‌م جۆره كه‌سانه هه‌بوونه كه هه‌ستی ناسیۆنالیستی و نه‌ته‌وه‌گه‌رییان لاواز و سست بووه و، له‌به‌ر خاتری كه‌مترین شت خیانه‌تیان له نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆیان كردووه، به داخه‌وه ئێمه‌ی كوردیش هێشتا ئه‌م جۆره كه‌سانه‌مان له نێو هه‌یه و بگره زۆرجاریش به مه‌به‌ستی جیا جیا ناوێرین هیچیشیان پێ بڵێین.
گومانی تێدا نییه كه بێده‌وڵه‌تی، هۆكار بووه كه نه‌توانراوه به‌و شێوه‌یه‌ی كه پێویست بووه له‌گه‌ڵ ئه‌م جۆره كه‌سانه ره‌فتار بكرێت و نه‌توانراوه مامه‌ڵه‌ی كه‌سی خیانه‌تكار و خۆفرۆش بدرێته پاڵ ئه‌م كه‌سانه، چونكه له هه‌رێمێكی بێده‌وڵه‌ت، ئه‌مانه ئامرازێكی باشی ده‌ستی كه‌س و وڵات و پارته دژه‌سه‌ربه‌خۆییەکانن، ئه‌مه‌ش ته‌نیا بۆئه‌وه‌ی له دژی نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆیان به‌كاریان بهێننه‌وه.
ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه به‌داخه‌وه هه‌ندێك هۆكاری دیكه‌ی نێوخۆیی و سیاسی و حزبییش هه‌ن، كه بۆ باڵانس راگرتنی لایه‌نگر و هێز، ئه‌م جۆره كه‌سانه په‌راوێز ناخرێن، به‌ڵكو به داخه‌وه جاری واش هه‌بووه كه رێزی زۆریشیان لێ گیراوه. كه ئه‌مه خۆی له خۆیدا هه‌زاران پرسیار هه‌ڵده‌گرێت. پێده‌چێت ئه‌مه‌ش حیكمه‌تێكی هه‌بێت! به‌ڵام هه‌ر حیكمه‌تێكی هه‌بێت، ناكرێت ئه‌م جۆره كه‌سانه شوێنی كه‌سه خه‌باتكاره‌كان بگرنه‌وه و بگره پۆست و پایه‌كانیشیان به‌رزتر بێت له تێكۆشه‌رانی وڵات.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی دڵخۆشییه دوای ئه‌و هه‌موو قوربانیدانه‌ی كورد داویه‌تی، له كۆتاییدا و له كۆبوونه‌وه‌ی (7/6/2017) به سه‌رۆكایه‌تیی به‌ڕێز(مه‌سعوود بارزانی) سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و به ئاماده‌بوونی هه‌موو پارت و لایه‌نێكی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان جگه له (گۆڕان و كۆمه‌ڵ)، بریار له‌سه‌ر ده‌ستنیشانكردنی واده‌ی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم درا و (25/9/2017) ده‌ستنیشان كرا بۆ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی، هیوادارین ئه‌و واده‌یه‌ی هه‌موومان چاوه‌ڕێی ئه‌وین، زوو بگات و ده‌نگی (به‌ڵێ)ـی سه‌ربه‌خۆیی بخەینه نێو سندووقه‌كانەوە.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه هه‌موومانی ئازار دا و تا ئێستایش ئازارمان ده‌دات، به‌شدارنه‌بوونی دوو پارتی سیاسیی كوردییه(گۆڕان و كۆمه‌ڵ) له‌و كۆبوونه‌وه چاره‌نووسسازه. به داخه‌وه تا ئێستایش هه‌ر له‌سه‌ر قسه‌ی خۆیان به‌رده‌وامن و بڕیاریان داوه كه به‌شداریی ریفراندۆم نه‌كه‌ن و، گه‌ر به‌شداریش بن، ئه‌وا بۆ ئه‌م پرسه پیرۆزه‌ش به مه‌رج به‌شدار ده‌بن، ئه‌م (سازه)ش به داخه‌وه وه‌ك ئه‌و (سازه) وایه كه له ناحه‌زانی سه‌ربه‌خۆیی ده‌گاته به‌ر گوێچكه‌مان و گوێبیستی ده‌بین. ره‌نگه بۆ هه‌ر تاكێكی كوردی خێرله‌خۆنه‌دیو، ئه‌م جۆره هه‌ڵسوكه‌وتانه و ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌كی سته‌مدیده‌ی وه‌ك كورد ئاسایی بێت، چونكه له مێژوو زۆر كه‌سی وامان له نێو هه‌بووه، كه ژێرده‌سته‌ییان لا گرنگتر بووه، هه‌ر بۆیه‌ش تا ئێستا نه‌بووینه‌ته خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت.
ره‌نگه من وه‌ك ئه‌ندامێكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌وه باش تێ بگه‌م كه ئه‌م دوو پارته بۆ وا ده‌كه‌ن و چی‌یان ده‌وێت و مه‌به‌ستی سه‌ره‌كییان چییه، به‌ڵام مه‌به‌ست هه‌ر شتێك بێت، پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پرسه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و به تایبه‌ت بابه‌تی سه‌ربه‌خۆبوون ئاماده‌ی هه‌موو سازشێك بووه، بۆئه‌وه‌ی كۆده‌نگیی نیشتمانی بۆ ئه‌م بابه‌ته چاره‌نووسسازه هه‌بێت.
ئه‌م پرسه تایبه‌ت نییه به پارت و لایه‌ن و كه‌سێكه‌وه، پارتی دیموكراتی كورستانیش هه‌میشه ئاماژه‌ی به‌وه داوه كه بابه‌تی سه‌ربه‌خۆیی و پرسه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كان موڵكی هه‌موو كه‌سێكه و هیی ئه‌و به ته‌نیا نییه، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه، له ته‌ك پارت و لایه‌ن و پێكهاته‌كانی تری كوردستان مه‌شخه‌ڵبه‌ده‌ستی ئه‌م بابه‌ته پیرۆزه، پارتی دیموكراتی كوردستانه و پێكه‌وه بۆ بنیاتنانی ده‌وڵه‌تی كوردستان هه‌وڵ ده‌ده‌ن.
به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه، بۆچی ئه‌م دوو لایه‌نه(گۆڕان و كۆمه‌ڵ) ئه‌م پرسه پیرۆزه به هیی خۆیان نازانن و ملی ناده‌نه به‌ر، ده‌یبه‌ستنه‌وه به هه‌ندێك بابه‌تی لاوه‌كی و به داخه‌وه وه‌ك هه‌ندێك لایه‌نی بێگانه‌ی دژه‌سه‌ربه‌خۆیی قسه‌ی لێ ده‌كه‌ن و وا هزر ده‌كه‌ن هێشتا كاتی نییه و تورك و عه‌ره‌ب و فارسمان لێ زویر ده‌بن و له برسان ده‌مرین؟، پرسیار ئه‌وه‌یه ئایا له‌ژێر ده‌ستی تورك و عه‌ره‌ب و فارس‌دا، كورد و كوردستانیان له نێو په‌ڕه‌ی (گوڵ)ـدان و به‌س خزمه‌تی ئێمه‌یان كردووه؟ ئه‌ی ئه‌و هه‌موو ئه‌نفاڵ و شه‌هید و كیمیاباران و خوێنڕشتنمان بۆچی بوو و كێ وای به‌سه‌ر هێناین؟، ئه‌ی ئه‌وه له (2014)ـه‌وه (نووری مالیكی) سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌و كاتی عێراقی پڕقه‌یران، به بڕیارێكی ناده‌ستووری و نایاسایی قوتی خه‌ڵكی كوردستانی نه‌بڕی و به هۆی سیاسه‌ته هه‌ڵه‌كانی، داعشی خوێنمژی نه‌هێنایە سه‌رمان؟.
دوای زیاتر له (96) ساڵ ده‌وڵه‌تی عێراق چیی بۆ ئێمه كردووه، قه‌ت وایكردووه هه‌ست به هاووڵاتیبوونی خۆمان بكه‌ین؟ ئایا شه‌راكه‌تی راسته‌قینه دروست بوو؟ ده‌ستوور و مادده‌ی(140) ی نێو ده‌ستوور جێبه‌جێ كرا؟ ئایا عێراق هیچ گەره‌نتییه‌كی بۆ هاووڵاتی عه‌ره‌بی خۆی هه‌یه تاكو بۆ كوردی ده‌رجه دوو هه‌یبێت؟
من تێناگه‌م بۆچی ئه‌م هاوخێونانه‌مان بۆ ئه‌م بابه‌ته پیرۆزه هه‌میشه ده‌یان ئه‌مما و ئه‌گه‌ریان هه‌یه!. له كاتێكدا بۆ پرسێكی وا ده‌بێت هه‌موو هه‌وڵێكمان ئه‌وه بێت كه هه‌موو ئه‌مما و ئه‌گه‌ره‌كان بڕه‌وێنینه‌وه و به‌ره‌و ده‌وڵه‌تبوون هه‌نگاو بنێین و تاكه شتێكیش كه ده‌مانگه‌یێنێـته ده‌وڵه‌تبوون، ئیراده‌ی به‌هێز و یه‌كرێزی و ته‌بایی و یه‌كگرتووییه، ئه‌گینا هیچ كه‌س و لایه‌نێكی دیكه‌ی بیانی نه كه‌مترین مافی ئێمه ده‌دات و نه ده‌وڵه‌تیشمان بۆ دروست ده‌كات، بۆیه كاتی قسه‌ی بێسودی بێئه‌نجام نییه، نه‌ته‌وه و نیشتمان و رۆحی شه‌هیدان و كه‌سوكاری قوربانیانمان و پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كانمان كرداریان ده‌وێت نه‌ك دروشم و گوتاری بێبه‌رهه‌م. كێشه نێوخۆییه‌كان قابیلی چاره‌سه‌رن و هه‌میشه و به گفتوگۆ هه‌لی چاره‌سه‌ریان بۆ ده‌ڕخسێت، به‌ڵام هه‌ل و دره‌فه‌تی به ده‌وڵه‌تبوونمان هه‌میشه بۆ ناڕه‌خسێت. بوون به خاوه‌ن ده‌وڵه‌تی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی و داهاتوو چاره‌نووسی هاوبه‌شمانه، پێویست ناكات به ئه‌گه‌ر و ئه‌مما و پرسه لاوه‌كییه‌كان ببه‌سترێته‌وه.