مه‌شخه‌ڵ کەو‌ڵۆسی
هیچ گومانێك له‌وه‌دانیه كه ئازادی ڕاده‌ربڕین ڕه‌نگه پیرۆزترین پڕنسیپ بێت كه شارستانیه‌تی نوێ و بیری مرۆڤ پێی گه‌یشتووه. ئازادی ڕاده‌ربڕین له ناو كه‌شی دیموكراسیدا ده‌گاته ئه‌وجی ته‌جه‌لای خۆی و له‌جوانترین و باڵاترین ئاماده‌گی خۆیدا دیالۆگی عه‌قڵانی و ئاڵوگۆڕی زانیاری و مه‌عریفه وڕه‌خنه‌ی جیدی و كاریگه‌ر دێنێته پێشه‌وه.
ئازادی ڕاده‌ربڕین تایتڵی به‌رینی دیموكراتیزه‌كردنی كۆمه‌ڵگه‌یه. بێگومان ئه‌وه‌ش وه‌ك ته‌واوی كایه‌كانی تری ژیان، ئه‌میش پرۆسه‌یه‌كه‌و به‌رده‌وام له‌گه‌شه‌كردن وهه‌مواركردنه‌وه‌دایه‌و شتێكی ڕه‌هانیه. نه‌ك هه‌ر ئازادی ڕاده‌ربڕین كه‌یه‌كێكه له‌پڕنسیپه‌كانی دیموكراسی، به‌ڵكو خودی دیموكراسی و خودی ژیان و خودی مرۆڤیش، ڕێژه‌یین و ڕه‌هانین.
بۆیه ئازادی ڕاده‌ربڕینیش ڕه‌هانیه. به‌ڵكو پڕنسیپێكی تر كۆنترۆڵی ده‌كات كه‌هه‌ر له‌ناو كایه‌ی دیموكراسیه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌و، ڕه‌گه‌زێكی نامۆ نیه به‌دیموكراسی، ئه‌ویش ئه‌و پڕنسیپه‌یه كه ده‌ڵێت: ئازادی من له‌و شوێنه‌دا كۆتایی دێت، كه‌ئازادی كه‌سێكی تر ده‌ست پێده‌كات!.
كه‌واته پرۆسه‌كه وه‌ك زنجیره‌یه‌ك وایه و بونیادێكی موته‌كامیل له‌ئاڵوگۆڕ، له‌كارلێكی به‌رده‌وام هه‌یه كه مۆزایكی دیموكراسی وێنا ده‌كات. هیچ كام له‌چه‌مكه‌كان نه ئه‌بستراكتن، نه ڕه‌هان. به‌ڵكو ڕێژه‌یین و گرێدراوی چه‌ندین چه‌مك مانا‌و مه‌به‌ست و ئامانجی بأڵان، كه‌زۆرجار ئامانجه‌كه ئه‌وه‌نده باڵایه، له‌پێناویدا دیموكراسی و ڕواڵه‌ته‌كانی ژیانی كراوه‌ی دیموكراسی له‌پێناویدا ڕاده‌وه‌ستێنرێن.
بۆنمونه: له‌ده‌ستوری هه‌موو وڵاتانی دنیادا ئه‌وه سه‌لمێنراوه كه هه‌ركات مه‌ترسی جیدی له‌سه‌ر قه‌واره‌ی ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگه دروست بوو، ده‌سته‌ڵاتی وڵات" هه‌ر ده‌ستورێك ئه‌م ده‌سته‌ڵاته‌ی به‌لایه‌نێك داوه به‌گوێره‌ی ڕێككه‌وتنی لایه‌نه‌كان و گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی ناوخۆیان" ده‌توانێت باری نائاسایی ڕابگه‌یه‌نێت و هه‌موو ڕیكاره‌كانی دیموكراسی بلۆك بكرێن تاكو باری مه‌ترسییه‌كه له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه كۆتایی دێت و ژیان ده‌گه‌ڕێته‌وه باری ئاسایی خۆی، دواتر سه‌رله‌نوێ پرۆسه‌ی سروشتیی دیموكراسی ده‌ست پێده‌كاته‌وه.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا مه‌به‌ستمه زۆر به‌گوشراوی ئاماژه‌ی پێ بده‌م، ئه‌وه‌یه: ئازادی میدیا و ڕاگه‌یاندن و ڕاده‌ربڕین، خه‌سله‌ت و ئاماژه جوانه‌كانی ژیانی سروشتیی كۆمه‌ڵگه دیموكراسیه‌كانن. به‌ڵام چه‌مكانه ڕه‌هانین، به‌ڵكو ڕێژه‌یین. ته‌واوكراونین و نه‌گه‌یشتوونه‌ته خاڵی كۆتایی كه‌ماڵ، به‌ڵكو پرۆسه‌ن و له‌هه‌ر وڵاتێك و به‌شێوه‌یه‌ك خۆیان نمایش ده‌كه‌ن. مه‌رج نیه ئه‌و ئازادییه‌ی له‌ئه‌مریكا هه‌یه، وه‌ك ئه‌و ئازادییه وابێت كه‌له سوید یان له ئیسرائیل هه‌یه. ...هتد.
هه‌ر كۆمه‌ڵگه و ده‌سته‌ڵاتێك ده‌توانێت به‌گوێره‌ی ڕوانینی خۆی بۆ مه‌ترسییه‌كان سنوره‌كانی ئازادی ڕاده‌ربڕین و خودی دیموكراسی وێنا بكات. بۆنمونه: ئێستا كه‌له‌ئه‌مریكا له‌شه‌ڕی دژی تیرۆردایه، هیچ میدیایه‌كی ئه‌مریكی و میدیاكارێكی ئه‌و وڵاته ئازادنین له‌وه‌ی به‌ناوی ئازادی ڕاده‌ربڕینه‌وه، یان له‌په‌نای ئه‌و چه‌مكه‌دا شه‌نوكه‌وێكی بێ لایه‌نانه‌ی تیرۆربكه‌ن. یاخود بڵێن: ئه‌وه خه‌تای ئه‌مریكا بوو كه‌گه‌لانی ئیسلامی چه‌وسانده‌وه، بۆیه ئوسامه بن لادن تاوه‌ره‌كانی بازرگانی جیهانیی له نیویۆرك ته‌قانده‌وه. یاخود یه‌كێكیان بڵێت: ئه‌گه‌ر سیاسه‌تی ئیمپریالیستی ئه‌مریكا نه‌بوایه له ڤێتنام، ئه‌وا ئه‌و هه‌موو سه‌ربازه‌ی ئه‌مریكا نه‌ده‌كوژران..!!.
هیچ میدیایه‌كی ئیسرائیلی ئازادنیه له‌وه‌ی بڵێت: هۆلۆكۆست ڕاست نیه..! وه‌ك چۆن هیچ میدیایه‌كی ئێرانی ئازاد نیه له‌وه‌ی بڵێت: هۆلۆكۆست ڕاسته؟. وه‌ك چۆن میدیایه‌ك له‌ئه‌رمینیا ناتوانێت بڵێت: قه‌تڵوعامی ئه‌رمه‌نه‌كان، گومانێك هه‌ڵده‌گرێت. وه‌ك چۆن ڕۆژنامه‌نوسێكی فه‌ره‌نسی ئازاد نیه له‌وه‌ی بیه‌وێت له ئاژانسی ئه‌عماقی سه‌ربه‌داعش كار بكات..!!
ئه‌م نمونانه بۆیه پێویستن، تاكو خوێنه‌ری به‌ڕێز له‌وه تێبگات كه ئازادی میدیا و ڕاده‌ربڕین له‌هیچ گۆشه‌و كه‌نارێكی جیهاندا، له‌باڵاترین نمونه‌كانی دیموكراسیدا ڕه‌هانین و به‌ڵكو سنوردارن به سنوره‌كانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه. له‌كوێدا ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ده‌ستی پێكرد، ته‌واوی پرۆسه‌ی دیموكراسی موقه‌یه‌د ده‌كات.
له‌م هه‌فته‌یه‌دا نمونه‌یه‌كی كرده‌ییمان بینی له "عه‌لی زوفه‌یری" ڕۆژنامه‌نوسی به‌ناوبانگی سعودی، بێژه‌ری هه‌ره دیاری كه‌ناڵی جه‌زیره. ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی كێشه‌یه‌كی بچوكی له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر هه‌یه. ئه‌و كه‌ناڵه‌ش ئه‌و كاری تێداده‌كات كه‌ناڵێكی قه‌ته‌رییه، ڕاسته‌وخۆ ده‌ستی له‌كاركێشایه‌وه. نه‌ك بیه‌وێت به‌ناوی ئازادی ڕۆژنامه‌نوسی و ڕاده‌ربڕینه‌وه، دژی سیاسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی وڵات و كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی كار بكات.
عه‌لی زوفه‌یری وانه‌یه‌كی گرنگی به‌ڕۆژنامه‌نوسانی جیهان پیشاندا، وانه‌یه‌كی كرده‌یی. به‌تایبه‌تی به‌ئێمه‌ی كورد، چونكه كورد به‌حوكمی ئه‌وه‌ی تازه‌یه له‌ناو كایه‌ی دیموكراسی و سیاسه‌ت و ئیداره و ڕۆژنامه‌گه‌ریدا، ناتوانین ئه‌و كایانه به‌ڕێكوپێكی به‌ڕێوه‌به‌رین. وانه‌كه‌یش ئه‌وه‌بوو: كه‌ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی هاته پێشه‌وه، هه‌مووان ده‌بێت ملكه‌چ بین، پێشه‌كی ڕۆژنامه‌نوسه‌كان پێویسته ملكه‌چ بن.
هه‌ركات مه‌ترسی له‌سه‌ر قه‌واره‌ی نه‌ته‌وه‌و ئاسایشی نه‌ته‌وه دروست بوو، وه‌ك ئه‌م قۆناغه‌ی ئیستای كوردستان، كه به‌هۆی نه‌بوونی ده‌وڵه‌ته‌وه مه‌ترسی له‌سه‌ر تاك به‌تاكی كۆمه‌ڵگه‌هه‌یه. به‌پانی چه‌مكه‌كانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی هاتونه‌ته پێشه‌وه، بۆیه پێویسته هه‌ریه‌كێك له‌ئێمه‌ی ڕۆژنامه‌نووس و نوسه‌ران، ملكه‌چ ترین تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌بین بۆ پشت ئه‌ستوركردنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی. نه‌ك به‌ناوی ئازادییه‌وه به‌تایتڵی پان وپۆڕ بنوسین: ئه‌گه‌ر سیاسه‌تی خۆمان نه‌بوایه، به‌غدا بودجه‌ی نه‌ئه‌بڕی..! وه‌ك چۆن ڕۆژنامه‌نوسێكی ئه‌مریكی مافی ئه‌وه‌ی نیه بڵێت: ئه‌گه‌ر سیاسه‌تی ئه‌مریكا نه‌بوایه، بن لادن هێرشی نه‌ده‌كرده سه‌ر نیویۆرك و واشنتۆن..! ئه‌م هه‌ویره‌ش ئاوی زیاتر ده‌كێشێت. بۆیه زۆربه‌كورتی: پێویسته ڕۆژنامه‌نووسانی كوردستان زۆر به‌قوڵی وانه‌و په‌ند له عه‌لی زوفه‌یری وه‌رگرن.
لە ڕۆژنامەی هەولێر وەرگیراوە