دهۆك-KDP.info- بەرپرسی لقی ھەژدەی پارتی لە ئامێدی ھەموو ئەو لێدوانانەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ڕەت کردەوە، کە باس لەوە دەکەن ئاسایشی پارتی لە ئامێدی کادیرێکی یەکێتی دەستگیر کردووە و دەڵێت: ''من بەرپرسی پارتیم، لە خەڵکم بیستووە کادیرێکی یەکێتی دەستگیر کراوە.''
(عومەر ئورەیی)، بەرپرسی لقی ھەژدەی پارتی لە ئامێدی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''دەستگیرکردنی کارگێڕی کۆمیتەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە قەزای ئامێدی بە ھیچ شێوەیەک پەیوەندیی بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە نییە و من خۆم بەرپرسی یەکەمی پارتیم لە ناوچەکە، لە خەڵکم بیستووە گوایە کادیرێکی برادەرانی یەکێتی دەستگیر کراوە، دوای ئەوەش، ئێمە چ کێشەیەکمان لەگەڵ کادیرێکی یەکێتی دەبێت و ھەیە، تا دەستگیری بکەین.''
(عومەر ئورەیی) ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، كه دوای گەیشتنی زانیاری دەربارەی دەستگیرکردنی کادیرەکەی یەکێتی، ئهو پەیوەندیی بە قایمقام و بەڕێوەبەری ئاسایشی ئامێدییەوە کردووه و پێیان ڕاگەیاندووه، ''دادوەر لە شاری دھۆک فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ئەو کادیرەی یەکێتی ناردووە و ئێمەش دەستگیرمان کردووە، بەڵام وەک ھاووڵاتی، نەک وەکو کادیر، ھەر کاتێکیش دادگا کارەکەی تەواو کرد، بەپێی یاسا و ئەو فەرمانەی بۆی دەرکراوە، مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.''
قائید میرۆ