شنگال-KDP.info- بەرپرسێکی پارتی مەترسییەکانی پەکەکە لەسەر شنگال ئاشکرا دەکات و دەڵێت، لە شارەکانی دیکەی کوردستانەوە گەنج و چەکدارەکانیان دێنن بۆ شنگال.
(وەحید باکۆزی)، بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شنگال بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ھەڕەشەی پەکەکە لەسەر ھەرێمی کوردستان جددییە، چونکە بەیاننامەکانی پەکەکە تەنیا لە چوارچێوەی قسەدا نەماون و ئێستا باس لە بژادەی سەربازی دەکەن، ھەڵبەتە دەبێ ھەموو ئامادەکارییەک ھەبێت، چونکە پەکەکە رایگەیاندووە، ئەوان شەڕ دەگوازنەوە بۆ باشووری کوردستان و لە ماوەی رابردووشدا جووڵەیان بە گەنج و چەکدارانیان لە شارەکانی کوردستانەوە بەرەو شنگال کردووە، بەتایبەت لە سنووری سلێمانی، ئێستاش دەبینین لە خانەسۆر جووڵەی پەکەکە زۆر بووە.''
(وەحید باکۆزی) دەڵێت: ''بۆیە گرینگە ھەموو لایەک ئەوە بزانن پەکەکە ناتوانێت بەبێ شەڕ لە باشووری کوردستان بمێنێتەوە، رەنگە ھەندێک ئامادەکاری بکات بۆ ئەوەی فیتنەیەک بنێتەوە و خۆی بکات بە خاوەنی گرفتەکە و لەو ڕێگایەوە شەڕ دروست بکات.''
بەرپرسی لقی پارتی ئەوەشی خستەڕوو: ''پەکەکە سەرجەم چالاکییەکانی خۆیان لە باکووری کوردستان کپ کردووە و دەیانەوێت لە باشووری کوردستانەوە ھەڕەشە بکەنە سەر ئارامیی وڵاتە دراوسێکان، بۆ ئەوەی ھانیان بدەن باشووری کوردستان بۆردومان بکەن.''
کارزان سەباح هەورامی