ههولێر-KDP.info- نوێنەری (سەرۆك بارزانی) بە مەبەستی دەربڕینی هاوخەمی سەردانی كۆنسووڵخانەی میسری لە هەولێر كرد و ڕایگهیاند، ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر هەوڵێكی هەمەلایەنەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێویستە و، گەلی كوردستان لە شەڕی تیرۆردا لەگەڵ گەلی مسر لە یەك سەنگەر دان.
ئهمڕۆ شەممە 27ـی 5ـی 2017، (د. فواد حوسێن) سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، بە نوێنەرایەتیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی كۆنسووڵخانەی میسری لە هەولێر كرد.
لەو سەردانەدا سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی، پەیامی سەرەخۆشی و هاوخەمیی (سەرۆك بارزانی) بۆ سەرۆك و حكوومەت و گەلی میسر بە كۆنسووڵی ئهو وڵاته لە هەولێر گەیاند بۆ قوربانیانی ڕووداوە تیرۆریستییەكەی ڕۆژی هەینی 26ـی 5ـی 2017، لە ئەلمەنیای وڵاتی میسر و سەرەخۆشیی لە كەسوكاری قوربانیانی ئەو ڕووداوە كرد.
هەر لەو سەردانەدا سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم وێڕای ئاماژەدان بە مەترسییەكانی تیرۆر لەسەر ئاساییشی جیهانی، ڕایگەیاند كە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر هەوڵێكی هەمەلایەنەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێویستە. هەروەها ئەوەیشی دووپات كردەوە كە گەلی كوردستان لە شەڕی تیرۆردا لەگەڵ گەلی میسر لە یەك سەنگەر دان.
جێگەی ئاماژەپێكردنە ڕۆژی هەینی 26ـی 5ـی 2017 لە ئەنجامی پەلامارێكی تیرۆریستی لە شاری ئەلمەنیای وڵاتی میسر دەیان كەس گیانیان لە دەست دا و، دەیان هاووڵاتی تریش بریندار بوون.