هەولێر-KDP.info- شرۆڤەکاری سیاسی، (عەبدولسەلام بەرواری) ئاماژە بە گرینگیی سەردانی (سەرۆک بارزانی) بۆ وڵاتی ئوردن و بەشدارییان لە کۆڕبەندی ئابووریی دەریای مردوودا دەکات و دەڵێت، لە سەردانەکەیدا، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ژمارەیەک دیدار و چاوپێکەوتنی گرینگی لەگەل سەرۆک و سەرکردەکانی جیھان، کە لەو کۆڕبەندەدا بەشدارن، دەبێت و دەشڵێت، ئوردن بۆ ھەرێمی کوردستان گرینگە و بۆ پرسی سەربەخۆییی کوردستان ھاوکارمان دەبێت.
(عەبدولسەلام بەرواری)، شرۆڤەکاری سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''سەردانی (سەرۆک بارزانی) بۆ وڵاتی ئوردن و بەشداریی لە کۆڕەندی ئابووریی دەریای مردوودا یەکەمجار نییە و بێگومان بەشداریی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە زۆر لایەنەوە گرینگیی خۆی هەیە، چونکە پێشتریش لە کاتی بەشداریکردنی لە کۆڕبەند و کۆڕوکۆبوونەوە جیھانییەکاندا، (سەرۆک بارزانی) دەرفەتەکەی بۆ زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی گرینگ لەگەڵ سەرۆک و کاربەدەستە باڵاکانی جیھان بەکار هێناوە، سەردانی ئەمڕۆی سەرۆکی ھەرێم بۆ ئوردنیش، وەک پێشوو دیداری گرینگی تێدا دەبێت و سەرۆک و سەرکردەکانی جیھان، خۆیشیان سەردانی (سەرۆک بارزانی) دەکەن و پرسەکانی وەک ڕیفڕاندۆم و شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعش و ڕەوشی ناوچەکە بە گشتی دانوستانی لەسەر دەکرێت.''
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە دەڵێت: ''خاڵێکی دیکەی سەردانی (سەرۆک بارزانی) بۆ وڵاتی ئوردن ئەوەیە، کە (ماڵی بارزانی) و خودی سەرۆک پەیوەندییەکی لەمێژینەیان لەگەڵ بنەماڵەی شای ئوردن ھەیە، ھەر لە سەردەمی (شا حسێن)ـەوە تا ئەمڕۆ، کە (شا عەبدوڵڵا)ی کۆڕی پادشایە و، نوێکردنەوەی پەیوەندییەکان کاریگەریی لەسەر داھاتووی ھەرێمی کوردستان دەبێت. بە بڕوای من، ئوردن یەکێک لەو وڵاتانە دەبێت، کە ددان بە سەربەخۆییی ھەرێمی کوردستاندا دەنێت و لەو پڕۆسەیەدا پشتگیر و ھاوکارمان دەبێت.''
(عەبدولسەلام بەرواری) ئەوەشی ڕوون کردەوە: ''ئێمە پڕۆسەیەکی گرینگ و چارەنووسسازمان لەپێشە، ئەویش پرسی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆییی ھەرێمی کوردستانە، ئێمە دەمانەوێت لەگەل عێراق و وڵاتانی ناوچەکە دانوستان بکەین بۆ ئەوەی پشتگیریی ھەرێمی کوردستان بکەن و بە شێوەیەکی ئاشتیانە میللەتەکەمان بڕیاری خۆی بدات، بێگومان (سەرۆک بارزانی) بۆچوون و ھەڵوێستی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەو وڵاتانە دەخاتەڕوو، لەبەر ئەوەی دەشمانەوێ ئەوە بە وڵاتانی ناوچەکە و جیھان ڕابگەیەنین، ئەگەر لە عێراق جیابینەوە، دەوڵەتی کوردستان لە ناوچەکەدا فاکتەرێکی گرینگی ئابووری و سیاسی دەبێت و یەکێک لە ناوچە ئارام و بێکێشەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەبێت.''
قائید میرۆ