شۆڕش خالید ئاژگەیی
تەوەری سەرەکیی خولی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی فەرەنسا هەڵبژاردنی جیهانگەرایی یا ڕەتکردنەوەیەتی لە لایەن دەنگدەرانی فەرەنساوە.
مارین لۆپین بەربژاری بەرەی ڕاستڕۆ، نەیشاردووهتەوە لە ڕۆژی ئەنجامدانی خولی دووەمی هەڵبژاردنەکان، دەنگدەرانی فەرەنسا سەرپشک دەکرێن لە نێوان هەڵبژاردن یا ڕەتکردنەوەی دیاردەی جیهانگەرایی و تەواوی دەرەنجامە نەرێنییەکانی پەیوەست بەم دیاردەیەوە.
بە پێچەوانەی مارین لۆپین، ئیمانوێل ماکرۆن ڕایگەیاندووە، لایەنگری جیهانگەرایی و یەکێتیی ئەورووپا و پرۆژەی ئەورووپاییە و لە پێناوی سەرخستن و بەهێزکردنی ئەو یەکێتییە و تەواوی دامەزراوەکانی سەر بەم دامەزراوە ئەورووپاییهیە، تەواوی هەوڵ و کۆششەکانی چڕ دەکاتەوە.
ستراتیژی ماکرۆن بریتییە لە بەهێزکردنی وڵاتی فەرەنسا لە ئاستی نێودەوڵەتی و پێدانی ڕۆڵێکی کاراتر و کاریگەرتر و گەورەتر وگێڕانەوەی هەیبەت بەم وڵاتە و، بەرزکردنەوە و بەهێزکردنی ئاستی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان لە پێناوی ڕووبەرووبوونەوەی تەحەدییاتی سیاسهتی جیهانی و کێشە و دەرهاوێشتەکانی تایبەت بە تیرۆر و پاراستنی ئاشتی و بەدیهێنانی سەقامگیری و ئاسایشەوە.
ماکرۆن پێشتر لە میانەی دیدارێکی دووقۆڵیدا لەگەڵ ئانجێلا مێرکل، ئەم هەڵوێستە نەگۆڕەی پیشان داوە، بە پێچەوانەی ڕەخنە بەردەوامەکانی مارین لۆپین لە مێرکڵەوە بە هۆی ئەو پێشوازییە گەورەیەی لە پەناخوازانی سووریایی کردی و کەوتە بەر ڕەخنە و گلەیی زۆربەی پارت و بزاڤە تووندڕۆ و ڕاستڕۆکانی ئەورووپاوە.
جیهانگەرایی
حاڵی حازر پرسی جیهانگەرایی بە یەکێک لە پرسە هەرە گرینگەکانی شەقامی فەرەنسایی لە قەڵەم دەدرێت و، ئەم بابەتە بووهتە جێی مشتومڕ و گفتوگۆی چڕوپڕی ناوەندە سیاسییەکانی فەرەنسا.
چەمکی جیهانگەرایی و تەواوی لێکەوتە نەرێنی و ئەرێنییەکانی پەیوەست بەم پرسە، وای لە فەرەنسایییەکان کردووە بەردەوام ئەم پرسیارە لە خۆیان بکەن: تۆ بڵیی لە ئاییندەدا بە هۆی جیهانگەراییەوە کارەکەم لە دەست نەدەم؟ ئەگەر کارەکەم فەوتا وڵات دووچاری قەیران هات، چۆن کرێی خانوو و خەرجییەکانم دابین بکەم و لە کوێیەوە هاوکاری وەرگرم؟ لە هەموویشی گرینگتر، بەو حاڵەی ئێستای دۆخی ئاسایش و نەبوونی متمانەوە، چۆن هەست بە ئارامی و ئاسایش بکەین لە کاتێکدا ڕۆژانە لە گۆشە و کەناری وڵات شاهیدحاڵی ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی دەبین و وای لێهاتوووە، لە ماڵەکانی خۆشماندا هەست بە ئارامی وئاسودەیی نەکەین و دڵەڕاوکێ و بێمتمانەیی باڵی بەسەر سەرلەبەری ژیاندا کێشاوە!!
ئەنجام و دەرەنجامی خولی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی فەرەنسا هەرچییەک بێ، ئەوە ڕوون و ئاشکرایە کەوا ئاستی هۆشیاریی سیاسی و ئینتیمای فەرەنساییەکان بۆ ڕەوت و ئایدیۆلۆژییە سیاسییە باوەکانی کۆمەڵگە لەم دۆخە هەستیارەی ئێستادا، گۆڕانی ڕیشەیی بەسەردا هاتووە و پارت و لایەنە سۆسیالیست و نەریتپارێز و چەپ و پارێزگاران لە پاشەکشەدان و، بارودۆخێکی جیاواز هاتووهتە ئاراوە و پرسی قەبووڵکردن یا ڕەتکردنەوەی دیاردەی جیهانگەرایی، بووهتە کرۆکی هەڵبژاردنە گشتییەکەی ئەمجارەی وڵاتی فەرەنسا بە خولی دووەمیشەوە.