Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SAT, 20 APR 2024 16:09 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

خۆشیی تەقەی چەکبەدەستێک بە واتای ناخۆشیی کەسێکی تر.. پێویستە سزای توند بۆ ئەو دیاردەیە دابنرێت
| KDP.info


 

ھەولێر-KDP.info-  ڕۆژنامەنووسانی وەرزشی و چالاکوانانی ڕێکخراوە مەدەنییەکان دەڵێن، خۆشی دەربڕین بە چەک، دەبێتە ھۆی ناخۆشیی کەسێکی تر، بۆیە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆنتڕۆڵی ئەو کەسانە بکەن و بە توندترین شێوە سزا بدرێن، چونکە بابەتی تەقەکردنی خۆشی لە حاڵەتەوە بووە بە دیاردە.

ڕەشکردنەوەی کولتووری تەقەی خۆشی لە ھزر و خەیاڵدانی تاکی کورددا
بەھێزترین کلاسیکۆی جیھان لەنێوان ھەردوو یانەی ریال مەدرید و بارسێلۆنا لە (٢٣-٤-٢٠١٧) لە یاریگای (سانتیاگۆ بێرنابیۆ) لە خولی٣٣ـی لالیگا بەڕێوە چوو.
ئەم یارییە لە ھەموو جیھان ژمارەیەکی پێوانەیی لە رووی بینەرەوە تۆمار کرد، یارییەکە بە سێ گۆڵ بەرانبەر دوو گۆڵ کۆتایی ھات، بە هۆی سەرکەوتنی بارسێلۆناوە، هاندەرانی ئەو یانەیە تەقەی خۆشییان کرد، لە ئەنجامدا کەسێک گیانی لە دەست دا و چەندان ھاونیشتیمانی بریندار بوون.
پەیوەست بەم پرسە (مامەیارە ئەحمەد) کە ڕۆژنامەنووسی وەرزشییە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "تەقەی خۆشی نامۆ نییە بۆ فەرھەنگی کوردستان و، ساڵەھای ساڵە تەقەکردن چەوتەڕێیەکی دەربڕینی خۆشی بووە، گرتنەبەری ئەو شێوازە بۆ دەربڕینی خۆشی، جێبەجێکردنی دوو حەزە لە یەک پرۆسەدا، یەکەمیان بریتییە لە دەربڕینی رق بەرانبەر کەسانێک، بەوپێیەی خۆشیی ئەو، یەکسانە بە خەم و دڵتەنگیی کەسانێکی تر، دووەمیش جێبەجێکردنی کولتوورێکی نادروستی ڕێچکەگرتووە، کە بۆ بنبڕکردنی، سیستمێکی توند و یاسای پڕسزای دەوێ و، لەو رووەوە ناوەوە ڕێکار دەگیرێتە بەر و ئێستایش دەبینین جڵەو بۆ ئەو جۆرە کارانە شل کراوە."

(مامەیارە) لەو بارەوە زیاتری گوت: "ڕاستییەکەی کولتووری گەلانی رۆژھەڵات و وڵاتانی جیھانی سێیەم، لێکەوە نزیکن و بۆ ساغکردنەوەی ئەوەی کێ داھێنەری ئەم ڕێچکەی خۆشیدەربڕینەیە، لێوردبوونەوەی زۆر مێژوویی گەرەکە، ئەوەی زۆر گرینگە، ڕەشکردنەوەی ئەو کولتوورەیە لە ھزر و خەیاڵدانی تاکی کورددا، کە وەک ھێمام بۆی کرد، یاسای پڕسزا و سیستمی توندی دەوێ، تا ھزری ئەو کەسانە جڵەوگیر بکات."

 

تەقەی خۆشی بیانییەکان دەترسێنێ
زۆرێک لە چاودێران پێیان وایە، ئەم دیاردەی تەقەی خۆشییە، جیا لەوەی نیشاندانی نزمیی ئاستی فەرهەنگییە، کە لە هەرێمی کوردستاندا کۆنسووڵخانە، کۆمپانیای بیانی و سەرمایەگوزاری بیانی هەن، کاریگەریی نەرێنی بەسەریانەوە دەبێ.
ئەو ڕۆژنامەنووس و شارەزایەی بواری وەرزش باوەڕی وایە "ھەندێک ھەن دەزانن ئەمە وەک دابێکی لێ ھاتووە و دەرکی پێ دەکەن، بەڵام بێگومان بۆ ھەندێکیان نامۆیە، بە تایبەت ئەورووپاییەکان کە لێرەن، نەک ھەراسان نابن، بەڵکوو ترسیشیان لە دڵ دروست دەکات و ئەمە لەوانەیە بیرۆکەی ئەوە بە خەیاڵیاندا تێپەڕێنێت، کە جێی ئەوان شوێنێک نییە بۆ دەربڕی خۆشی، ھەزاران و ملیۆنان فیشەک بە ئاسماندا بتەقێندرێت، سزادانی توندی ئەو کەسانەی پێشتر کاری وایان کردووە، دەبێتە بەربەست و چاوترساندنی کەسانی تر تا شوێنپێیان ھەڵنەگرن."
(مامەیارە) بە پێویستی دەزانێ، ھەندێک ڕیکخراو و دامەزراوەی تایبەت، خولی جۆراوجۆر بکەنەوە و ئەوە لە ھزری خەڵکدا بچەسپێنن، کە ڕێی دەربڕینی خۆشی بە تەقەکردن، زیانی دووسەرەی ھەیە، گیانی و ماددی، ڕێگەلی تر بۆ دەربڕینی خۆشی ھەن، کە تێیدا نائارامی بۆ کەسانی تر دروست ناکات.

تەقەی خۆشی لە حاڵەتەوە بووە بە دیاردە
ھەر لە بارەی تەقەکردنی خۆشییەوە (ھۆگر چەتۆ) چالاکوانی ڕێکخراوی مەدەنی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەداخەوە کە ماوەیەکی درێژە ئەم دیاردەیە لە ھەرێمی کوردستان بنبڕ کرابوو، ئەویش بە ھۆی فەڕزکردنی یاسا و جێبەجێکردنی و نەھێشتنی ئەوانەی کە تەقە دەکەن، بەڵام ئەم بارودۆخەی کە کوردستان ھەیەتی، یان جۆرێک پێدانی چەک بە زۆر گرووپی جیاواز، جارێکیتریش ئێمە ڕووبەڕووی ئەم کێشەیە بووینەوە کە ئەم چەکانە نەدرێ بە ئەوانەی ڕێگەیان پێنەدراوە، بۆیە پێویستە ئەم دیاردەیە بە تەواوی نەمێنێ."
(چەتۆ) پێی وایە ئەم بابەتی تەقەکردنە لە حاڵەتەوە تەشەنەی کردووە بۆ دیاردە، "لە جێگای ئەم دیاردەیە دەتوانرێت یاری ئاگرین بەکار بھێنرێت یان خۆشیدەربڕین بە زۆر جۆری تر دەکرێت جگە لە تەقەکردن، کورد چەندین جۆر شێوازی ئاھەنگگێڕانی ھەیە، ئەمە ئەرکێکی گەورەی وەزارەتی ناوخۆیە بەتایبەتی دامەزراوە ئەمنییەکانە، ئەم دیاردەیە بنبڕ بکات."

ئەرکی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنییە خەڵکی هۆشیار بکەنەوە

(هۆگر چەتۆ) بە وردی دەربارەی فەرهەنگی تەقەکردنی خۆشی دەێنێتە بار باس و دەڵێ "دوو تێبینی ھەیە لەسەر ئەوەی کە ئایا ئەم فەرھەنگە لە عەرەبەوە بۆمان ماوەتەوە.. ئەمە فەرھەنگی ناوچەکەیە، چونکە ناوچەکەمان پڕە لە توندوتیژی، ئێمەی کورد میللەتێکین بە ماوەیەکی درێژ لە ژێر زوڵم و ستەمدا بووینە، زوڵم و ستەممان لێ کراوە لە ڕێگەی چەکەوە، بەو ھۆیەوە خەڵکانێکی زۆر توانیویانە چەک بەکار بێنن، بۆیە پێم وانییە ئەم شێوازە فەرھەنگێک بێت لەسەر لایەک ساغ ببێتەوە، جا بۆیە پێم وایە ئەوەی کە گرینگە ئەرکی کۆمەڵی مەدەنییە بۆ ھۆشیارکردنەوەی تاک لە کۆمەڵگا، ئەرکیەتی چۆن کار بکات لەسەر ھۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا، ئەرکی دووەمی کۆمەڵی مەدەنی چاودێریکردنە، تا ھەوڵ بدات گوشار بخاتە سەر لایەنی پەیوەندیدار کە دەبێت بە جیددی بنبڕی ئەم دیاردەیە بکرێت."

ئەو چالاکوانەی ڕێکخراوی مەدەنی گوتیشی، "بە گشتی ئەگەر سەیری دیاردەی تەقەکردن بکەین بۆ خۆشی دەربڕی، ئەم دیاردەیە ماوەیەک بوو نەمابوو ماوەیەکی کەمە دەستی پێکراوەتەوە. کەواتە ڕێکخراوەکانی مەدەنی لە زۆر بوار کاری باشیان کردووە، بەڵام ئیستا پێویستە بایەخ بدرێت بەم دیاردەیە و بەرنارمەیەک بۆ ئەم دیاردەیە دابنرێت کە چەک بۆچی بەکار دێت، چونکە خۆشیی کەسێک نابێت ببێتە ناخۆشیی یەکیکی تر و ماڵێک وێران بکەیت."

(چەتۆ)یش وەک ڕێچارە بە پێویستی دەزانێ "ئەوانەی چەک بۆ ئەم جۆرە حاڵەتانە بەکار دەھێنن، سزایەکی توند بدرێن، سزای یاسایی و ماددییش، جگە لە دامەزراوە فەرمییەکانیش پێویست نییە چەک بە دەست ھیچ ھاووڵاتییەکەوە بێت و، ئەوانەی پۆلیس و پێشمەرگەن و یان ھەر دامەزراوەیەک کە چەکیان پێیە بەکاریان ھێنا، پێویستە سزای توندتر لە کەسی ئاسایی وەربگرێت، پێویستە ئەوانە دیار بکرێن کە چەک دەفرۆشن و بشزانرێت بە کێی دەفرۆشن."

فایزە کۆیی
 




دوایین هەواڵەکان

ڕێبوار کاکەیی: کارکردن لە بەنداوی بەستۆڕە بەردەوامە

SATURDAY, 20 APRIL 2024 15:04:35

ھەولێر  _KDP.info_ بەڕێوەبەری ئاودێری ھەولێر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: کارکردن لە بەنداوی بەستۆڕە بەردەوامە و دوای تەواوبوونی کاریگەری لەسەر دەڤەرەکە و شاری ھەولێر دەبێت، دەشڵێ: پڕۆژەی بەنداوی بەستۆڕە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژیەکانی سنوورەکە لەبواری ئاو کە چەندین سوودی دەبێت.

 
وەزارەتی پەروەردە بۆ قوتابیان و خوێندكاران: دووربن لەو فریودانانە

SATURDAY, 20 APRIL 2024 11:04:15

ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی پەروەردە راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، لەڕێی چەند پەیج و ئەكاونتێكەوە قوتابیان فریو دەدرێن، بۆیە لەگەڵ ئاسایش هاوئاهەنگی دەكرێ‌ بۆ رووبەڕووبوونەوەی تاوانكاری لەو شێوەیە.

 
وەزیری بازرگانی ھەنگاوەکانی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ بۆ KDP ئاشکرا دەکات

FRIDAY, 19 APRIL 2024 21:04:30

ھەولێر-KDP.info- وەزیری بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا بڕی وەرگرتنی گەنمی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغدا دیاری نەکراوە، بڕیاریشە حکوومەتی ھەرێم و بەغدا بە ھەماھەنگی بڕەکە دیاری بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش خۆمان ئامادەکردووە.

 
شاخەوان عه‌بدوڵڵا بۆ KDP: دەرکردنی ئەو ماڵە کوردانەی خانەقین ڕاگیرا

THURSDAY, 18 APRIL 2024 23:04:20

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی، دەرکردنی ئه‌و ماڵە کوردانه‌ی لە خانووی شارەوانی بوون کە بڕیاری لێدرابوو راگیرا.

 
ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن نوژەن دەکرێتەوە

THURSDAY, 18 APRIL 2024 20:04:17

سۆران _KDP.info_بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی: بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن لە نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران نوژەن دەکرێتەوە.‌

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact