کەرکووک-KDP.info- بەرپرسی لێژنەی ناوچەی لەیلانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ دەبێ دەزگا ئەمنییەکانی لەیلان جیددی بن لەبەر ئەوەی چەند جارێک تەقە لە ماڵی کادیرانی پارتی کراوە و نابێ ئەو دۆخە وەها درێژە بکێشێ.
(برووسک تەحسین شاوێس)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە سنووری ناوچەی لەیلان تەقە لە ماڵی ٩ کادیری پارتی کراوە، کە لە نێویاندا کەسانی بەرپرسی پارتی هەن و یەکێکیان ئەفسەری پلەداری سەربازییە و هەموو تەقەکردنەکانیش تۆمار کراون.''
(برووسک تەحسین شاوێس) دەڵێت: ''تەقەکردنەکان لە یەک کاتدا نەبوون، ماوەیان لە نێواندا هەبووە، بۆیە دەزگا ئەمنییەکانمان ئاگادار کردووەتەوە، کە ناکرێت بەو شێوەیە مامەڵە بکرێت و تەقەکەرەکان بۆی دەربچن، ناشکرێت ژیانی کادیرانی پارتی لە مەترسیدا بێت.''
بەرپرسی لێژنەی ناوچەی لەیلانی پارتی ئاماژەی بەوە دا: ''نەزانراوە تەقەکەرەکان کێن؟ بەڵام هەرکەسێک بن، دەبێ لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت و پێمان وایە دەبێ دەزگا ئەمنییەکان لە دۆزینەوەی تەقەکەرەکاندا جیددی بن.''
کارزان سەباح