کەریم قادر
وێڕای هه‌وڵه شاراوه و ئاشكراكان بۆ هێشتنه‌وه و پارێزگاریكردن له سنووری ده‌ستكردی عێراق، به‌حوكمی رووداوه‌كان، په‌تی لكاندنی به‌شێكی خاكی كوردستان به ده‌وڵه‌تی عێراق ستۆك بووه، باشتره له‌بری پاساوهێنانه‌وه‌ی له جۆری كاتی نییه و جه‌نگ له‌ئارادایه له رێگه‌ی گفتوگۆی جێنتل و راشكاو كۆتایی به‌و لكاندنه ئێكسپایه‌ره بهێنرێ، پاشان هه‌ردوولا ماندوو نه‌بوون و پیرۆزبایی لێكدی بكه‌ن بۆئه‌وه‌ی وه‌ك دوو دراوسێی باش له پاڵ یه‌كدی بژین، نه‌خاسمه جۆرێك له هاوبه‌شایه‌تی له‌نێواندا هه‌یه.
كاتێك گوێبیستی لێدوانی سیاسه‌تمه‌دار و پیاوانی ئایین، ته‌نانه‌ت رۆشنبیره سكۆلاره‌كانیان ده‌بیت، نیازی به‌غدات(جا هه‌ر كێیه‌ك بێت و سه‌ر به هه‌ر مه‌زهه‌بێك بێت) بۆ ئاشكرا ده‌بێت، كه ئاماده نین و ناخوازن ئه‌و گه‌مه‌یه به ئاشتی به‌كۆتا بێت. هه‌رچه‌نده هه‌ندێكیان به گوته له‌گه‌ڵ مافی ره‌وای گه‌لی كوردستانن، به‌ڵام ئه‌و له‌گه‌ڵبوونه له قسه‌ی دیپلۆماسی و ناو كتێبان به‌ولاوه زیاتر نییه و جۆرێك له غه‌باوه‌تیشی پێوه دیاره، نه‌خاسمه كاتێك پرسه‌كه دێته سه‌ر چۆنیه‌تیی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و لكاندنه، پاساوگه‌لێك ده‌تاشن، كه له بنه‌ڕه‌ته‌وه گوزارشتكردنه له نه‌سه‌لماندن، ئه‌گه‌رنا عه‌قڵ و واقیع قبووڵی نییه.
به‌داخه‌وه، ئه‌وان به‌ته‌نێ نین، چونكه له ناوخۆی كوردستانیشدا هه‌ن وا هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ن، كه ره‌نگه له‌م بارودۆخه شڵۆقه‌ی خۆیاندا بوێرییه‌كی به ئه‌وانیش دابێت به ده‌نگی به‌رز بڵێن: "ئه‌مه خواستی هه‌موو پارت و لایه‌نه سیاسییه‌كان نییه." واتا وه‌كی جاران به كوردی چاك و خراپ پۆلینمان ده‌كه‌ن. بێگومان له روانگا‌ی ئه‌وانەوە، كوردی چاك ئه‌وه‌یه كه باسی مافی خۆی نه‌كات، ته‌نها له خه‌می سكی دابێت و به‌س.
هه‌رچه‌نده ده‌بوو ئه‌و پرسه‌یه له‌لای كوردستانیان عه‌كس بوایێ، چونكه ته‌نها خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند دێڕێك له تاوانه‌كانی پێش و دوای 2003 نه‌ك هه‌ڵدانه‌وه‌ی چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ك به‌سن بۆئه‌وه‌ی به‌یه‌ك ده‌نگ بڵێین "به‌ڵێ" بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی لكاندنی به‌شێكی كوردستان به عێراق. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێویسته كه‌س له‌وه زیاتر خۆی نه‌خه‌ڵه‌تێنێ، پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ی كوردستان و عێراق له چوارچێوه‌ی یه‌ك ده‌وڵه‌تدا بووه‌ته مه‌حاڵ، كه له بنه‌ڕه‌ته‌وه له‌پێناو ئه‌و ئاشتییه به‌دینه‌هاتووه‌دا جۆره‌ها شێواز له‌لایه‌ن هه‌ردوولادا تاقی كراوه‌ته‌وه، به‌ڵام سه‌ركه‌وتنیان به ده‌ست نه‌هێناوه. واتا ئه‌وه‌ی له خه‌می به‌دیهێنانی ئاشتی و دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ی تاوانه‌كاندایه پێویسته بیر له شێوازی دیكه‌ی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و لكاندنه بكاته‌وه، كه تائێستا ده‌رفه‌ت نه‌دراوه تاقی بكرێته‌وه، كه له ئه‌نجامدا له زیانی گیانی و ماددی و قووڵبوونه‌وه‌ی كێشه‌كان زیاتر شتی دیكه‌ی به‌رهه‌م نه‌هێناوه.
له‌لای خۆیه‌وه كوردستان بۆ ساغكردنه‌وه‌ی ئه‌م لكاندنه ئاشكرای كردووه، كه ده‌یه‌وێ له رێگه‌ی ئه‌نجامدانی ریفراندۆمه‌وه رای خه‌ڵكی خۆی وه‌ربگرێ. بۆیه له‌بری پاساوهێنانه‌وه و نوقرچدان له‌و ئیراده‌یه، پێویسته لایه‌نی به‌رانبه‌ر وه‌ڵامی ئه‌رێنیی هه‌بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی پرسی ریفراندۆم، نه كارته و نه گوشار، به‌ڵكو هه‌وڵێكی تاقینه‌كراوه‌یه بۆ به‌دیهاتنی ئاشتی و خۆشگوزه‌رانی له هه‌ردوو وڵات‌دا. وه‌ك روونه له تاڵه‌موویێكی خۆرك لێدراو زیاتر هیچ شتێكی دی له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا نه‌ماوه، كه پسانی ئاسانه، نه‌مازه ئه‌گه‌ر هه‌بن گره‌و له‌سه‌ر وڕێنه‌ی نه‌یارانی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی لكاندنه‌كه بكه‌ن. به دیوێكی دی‌دا پێداگیری له‌سه‌ر "شێوازی تاقیكراوه" له قووڵكردنه‌وه‌ی برینه‌كان زیاتر نییه و ئه‌و راستییه پاته ده‌كاته‌وه، كه سه‌رباری گۆڕانكارییه‌كانی سه‌ر زه‌وی عه‌قڵیه‌تی به‌غدا به‌رانبه‌ر مافی گه‌لی كوردستان نه‌گۆڕاوه، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی گۆڕاوه ده‌موچاوه‌كانه، ئه‌وه‌ش بۆ به‌دیهاتنی ئه‌و ئاشتییه‌ی سه‌ده‌یه‌كه له‌نێوان عێراق و كوردستان كاری بۆ ده‌كرێ فلسێكی قه‌ڵپ ناهێنێ، چونكه پێشكه‌وتنه‌كان و واقیعه‌كه شتێكی دیكه ده‌خه‌نه‌ڕوو، خه‌ڵكی كوردستانیش ئه‌و راستییه ده‌زانن، كه كه‌س له ده‌وڵه‌تبووندا زیانی نه‌كردووه تا گه‌لی كوردستان زیانی لێ بكات یا گه‌لی كوردستان به‌و بانگه‌شه هه‌ڕه‌شه‌ئامێزانه ده‌ستبه‌رداری مافێك نابێت، كه له‌پێناو به‌دیهاتنیدا مه‌ینه‌تی و تاڵاو نه‌ماوه نه‌یبینیبێت و نه‌یچێشتبێت، به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌و هه‌ڵمه‌ته رێكخراوه‌ی به‌غدا وا ده‌كات پارته سیاسییه‌كانی كوردستان له‌پێناو ژیانێكی به ڕوومه‌ت مكوڕتر و یه‌كهه‌ڵوێست بن و جیاوازییه‌كان به‌لاوه بنێن تا نه‌بنه ده‌ستكه‌لای ئه‌وانه‌ی ئارووی یه‌ك بڕكن، چونكه ده‌وڵه‌ت بۆ حزبێك یا كه‌سێك نییه، به‌ڵكو بۆ گه‌لێكه، كه بێ جیاوازی نه‌هامه‌تیی زۆری به ده‌ست ئه‌و لكاندنه‌وە چه‌شتووه.