هەولێر-KDP.info- سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندی هاوبەشی دەزگەی ئەیلوول و كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكان كۆبۆوە و لە کۆبوونەوەکەدا ڕاسپاردەكانی (سەرۆك بارزانی) بۆ ڕێكخستنەوەی ناوی پێشمەرگەكان و ڕەچاوكردنی دادپەروەری لە پێدانی مووچە و موستەحەقاتی پێشمەرگە تاوتوو كرا.
ڕۆژی پێنجشەممە 20ـی 4ـی 2017 (مەسعود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندی هاوبەشی دەزگەی ئەیلوول و كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكان كۆبۆوە.
لە كۆبوونەوەكەدا ڕاسپاردەكانی (سەرۆك بارزانی) بۆ ڕێكخستنەوەی ناوی پێشمەرگەكان و ڕەچاوكردنی دادپەروەری لە پێدانی مووچە و موستەحەقاتی پێشمەرگە تاوتوێ كرا. هەروەها شاندی میوان گلەیی و كێشە و گرفت و داواكارییەكانی دەزگەی ئەیلوول و كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكان و كۆمەڵێك پێشنیار باشتركردنی ژیان و باری گوزەرانی پێشمەرگەیان خستەڕوو.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا (سەرۆك بارزانی) جەختی لە پاڵپشتیكردنی داواكانی پێشمەرگە و دەزگەی ئەیلوول و كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكان كردەوە و ئەوەیشی خستەڕوو كە هیچ جیاوازییەك لەنێوان پێشمەرگەدا نییە و پێشمەرگە پێشمەرگەی كوردستانە و پێشمەرگەی هیچ حزبێك نییە. لە بەشێكی دیكەی ئەو كۆبوونەوەیەدا بڕیار درا بۆ چارەی كێشەكان، كۆبوونەوە لەگەڵ حكوومەتی هەرێم و لایەنی پەیوەندیداردا بكرێت.