هه‌ولێر-KDP.info- (كه‌ریم شنگالی) وه‌زیری ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، ملیۆنێك سێسه‌د هه‌زار ئاوارەی ناوخۆی عێراق له هه‌رێمی كوردستان نیشته‌جێ كراون، هه‌ندێكیان بۆ ناوچه‌كانیان گه‌ڕاونه‌ته‌وه و هه‌ندێكیشیان چوونه‌ته ده‌ره‌وه‌ی وڵات.
(كه‌ریم شنگالی) ئه‌م زانیارییه‌ی له كۆنفرانسی كۆچ و ئاواره‌بوون له عێراق رایگه‌یاند و گوتیشی، ''سیاسه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێم له‌و ڕووه‌وه ڕوون و نه‌گۆڕه و پێیی وایه چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی و دریژخایه‌نی ئاواره‌كان بریتییه له گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ناوچه‌كانیان. ئێمه پشتگیریی مانه‌وه‌یان له هه‌رێم یان چوونه ده‌ره‌وه‌ی ئاواره‌كان له عێراق ناكه‌ین. پشتیگیریی ئه‌وه ده‌كه‌ین به ئاره‌زوومه‌ندانه بۆ ناوچه‌كانیان بگه‌ڕێنه‌وه، هه‌موو ئاسانكارییه‌كیشیان بۆ ده‌كه‌ین تا به ئاسانی بگه‌رێنه‌وه ناوچه‌كانیان."
كۆنفرانسی كۆچ و ئاواره‌بوون له عێراق ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 19 نیسانی 2017، به ئاماده‌بوونی ئاژانسه‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره ناوخۆیی و بیانییه‌كانی پرسی ئاواره‌كان، له هه‌ولێر به‌رێوه چوو.
له باره‌ی هه‌ڵوێستی به‌غدا سه‌باره‌ت به ئاواره‌كانی عێراق له هه‌رێمی كوردستان، وەزیری ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی دا "به‌غدا وه‌ك پێویست هاوكاریی هه‌رێمی كوردستانی نه‌كردووه بۆ پرسی ئاواره‌كان و، پێویسته به‌رپرسیارانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پرسی ئاواره‌كاندا بكرێت".
گوتیشی "سه‌ره‌ڕای هه‌وڵه‌كانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا و نه‌ته‌وه یه‌كگرتوووه‌كان بۆ ئاوه‌دانكرنه‌وه‌ی ناوچه رزگاركراوه‌كانی ژیر ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌تی هه‌رێم، تا ئێستا له‌م بارەوە هیچ هه‌نگاوێك نه‌نراوه".
ئاشكرایسی كرد كه هێشتا هیچ هه‌ماهه‌نگی و هاوكارییه‌ك له نێوان به‌غدا و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و پێكهاته‌كاندا نییه بۆ گێڕانه‌وه‌ی سه‌قامگیری لە ناوچە رزگاركراوەكان.
(كەریم شنگالی) هاوكات داوای له ئاژانسه‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوووه‌كان كرد، نوێنه‌ری خۆیان له هه‌رێمی كوردستان ده‌ستنیشان بكه‌ن بۆ پرسی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه رزگاركراوەكانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.