سەرۆ قادر
[زۆر خۆشحاڵم لێره و له‌سه‌ر مه‌زاری رابه‌ری گه‌وره‌ی میلله‌ته‌كه‌مان، ئه‌و ده‌رفه‌ته‌م بۆ دروست بووه له خزمه‌ت ئێوه فەرمەندەکانی پیشمەرگە بم. بۆ من مایه‌ی خۆشحاڵییه كه دەبینم ئه‌م هه‌موو پێشمه‌رگه قاره‌مانانه لێره‌ن، شانازییه كه ته‌نها بتانبینم چجای ئه‌وه‌ی كه یه‌ك دوو قسه بكه‌ین.
ئه‌گه‌ر تێكۆشان و ڕێباز و په‌روه‌رده‌ی ئه‌و رابەرە بلیمەتە نه‌بوایه، زه‌حمه‌ت بوو له میلله‌تێكی پارچه پارچه‌كراوی بن ده‌ستی، هه‌میشه مه‌زڵوم، قاره‌مانی وه‌ك ئێوه دروست ببن، ئه‌و ڕێبازه بووە ئه‌و پەروەردەیەی ئەم قارەمانانەی دروست كرد كه له ئێستادا خۆشه‌ویستی هه‌موو جیهانن.]
ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێ باسی بكه‌م، پرۆسەی سه‌ربه‌خۆیی ده‌ستیپێكردووه، ئێمه‌ش وه‌ك میلله‌ت پێویستە هۆشیاری خۆمان به‌رزكه‌ینه‌وه و چاوه‌ڕوانی فه‌رمانی سه‌رۆك بین، چونكه مه‌سه‌له‌ی راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی، كات و كه‌ی و چۆن و سنووری و به چ شێوازێك؟ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رۆكی وڵات. له‌وانه‌یه كاری ئێمه ته‌نیا بریتی بێ له هه‌وڵدان بۆ دروستکردنی یه‌كپارچه‌یی بیر و ڕا و متمانەسازی له‌ناو میلله‌ته‌كه‌مان، گفتوگۆ له‌سه‌ر ده‌بێ یان نه‌بێ كه‌م ببێته‌وه، چاوه‌ڕێی راگەیاندن و خۆفیداكاریی زیاتر بین، له پێناوی پاراستنی.
ئه‌وه‌ی به‌لای منه‌وه زۆر گرینگه، له سه‌د ساڵی رابردوودا، بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستان له تێكۆشانی خۆیدا، بیر و ڕا و ئایدۆلۆجیای جیاجیای تاقی كردوونه‌ته‌وه. له‌گه‌ڵ تێكۆشانی میلله‌تی ئێمه بۆ رزگاری، حزب و سه‌ركرده و ئایدیۆلۆژیای جیاجیا دروست بوون، پێكه‌وه له ململانێی تونددا بوون، به‌شێكی هه‌ره زۆریان دابەش دەبوون، كێشه‌ی ناوخۆی میلله‌تی ئێمه بۆ روانگای جیاجیا و ئایدۆلۆجیا جیاجیاكان دەگەڕایەوە. ئه‌وه‌ی كه پێدەگوترێ ناکۆکیی ناوخۆیی و شەڕی ناوخۆ به درێژاییی په‌نجا ساڵی رابردوو بۆ ئامانجی سه‌ره‌كیی میلله‌تی ئێمه ناگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵكو بۆ جیاوازی بیروڕاكان ده‌گه‌ڕێته‌وه. ئێستا له دوای سه‌د ساڵ دوای زۆرانبازییه‌كی قورس، یه‌كلا بووه‌وه میلله‌تی ئێمه نه‌ك هه‌ر له هه‌رێمی كوردستان بەڵکو له سێ پارچه‌كه‌ی تریش به‌و ڕێباز و روانگایه ئه‌توانێ بگا به ئامانجه‌كه‌ی خۆی كه بارزانیی نه‌مر بنیادی ناوه. جا پرسیار ئەوەیە؛ ئەم رێبازە چییە؟ بنەماکانی(پرێنسیپەکانی) ئه‌م ریبازه چین؟ ئێمه له‌سه‌ر ئه‌ساسی چ بیر و باوه‌رێك په‌روه‌رده بووین؟
شانازیی ئه‌وه‌مان هه‌یه بڵێین له‌م بارودۆخه‌ی كه ئێستا دنیا به هانای میللەتی ئێمه‌وه دێ، لێمان تێده‌گه‌ن و هاوكاریمان ده‌كه‌ن، له‌سه‌ر بنه‌مای به‌های هاوبه‌ش و بیروباوەڕی هاوبه‌ش هاتووه. ئه‌و متمانه گه‌وره‌یه‌ی دروست كردووه كه ئێستا دوژمنانی ئێمه له چواردهورماندان، بەڵام نه‌توانن په‌لاماری میلله‌تی ئێمه بده‌ن، ئه‌وه‌ی كه به درێژاییی سه‌د ساڵی رابردوو؛ ده‌گوترا ده‌بێ كورد وریا بێ، واقیعبین بێ، ئەگینا بەو تهقسیمهی كه به‌سه‌ریدا سه‌پێندراوه، هه‌ر میكانیزمی ئه‌و تهقسیمهش له‌ناوی ده‌بات. ئێستا دۆخێك دروست بووه كه میكانیزمی ته‌قسیم ناتوانێ په‌لامارمان بدا.
من پێش ئه‌وه‌ی بێمه ئێرە، باسی ئه‌وه‌مان ده‌كرد زۆر له‌و کەسانه‌ی كه له زانكۆكان ده‌خوێنن یان كادیری گه‌نجن، له‌م چه‌ند ساڵه كه ده‌رفه‌ت بووه گفتوگۆ بکەین، یه‌كێك له‌وانه‌ی كه پرسیاری لێ كراوه من بوومه كه ڕێبازی بارزانی لە بنەماکانیدا چییه؟ گله‌یی گه‌نجانی ئێمه ئه‌وه‌بوو سه‌رچاوه‌یه‌ك نییه به دورودرێژی پرێنسیپەکانی پێكهاته‌ی ئه‌م ڕێبازه و مێژووی ئه‌م ڕێبازه شیی بکاتەوە، تا ئه‌وه‌ی له كرداری خۆمان په‌یڕه‌وی كه‌ین، له كرده‌وه‌شدا و له ره‌فتار و مناقه‌شه و خۆپه‌روه‌رده‌كردن و په‌روه‌رده‌كردنی ده‌وروبه‌رماندا به‌كاری بێنین. ئه‌م تەدویننەکردنە نه‌قسێكی گه‌وره‌یه.
ئه‌مڕۆ ئه‌گه‌ر ده‌توانین بە دڵنیاییەوە هه‌نگاو بنێین، ئەوەیە کە دەڵێین سبەینێمان زۆر رووناكه، ئاینده‌یه‌كی رۆشنمان هه‌یه، چونكە له‌سه‌ر بنه‌مای بیر و باوه‌ڕی وشكی ئایدۆلۆژی، له ڕێبازی بارزانیدا بڕیار نادرێ. له‌لای سه‌رۆك بارزانی دەرهاوێشتەی مێژوویی زۆر واقعبینانه ده‌بینرێ و شتێك به ناوی کینە بوونی نییه، هەروەها بیر و باوه‌ڕێك نییه كه ته‌فسیر نەکرێ و دڵنیا نەبین کە سبه‌ینێ به كه‌ڵكی ژیان دێ. هه‌موو ئه‌و بیر و باوه‌ڕانه‌ی له‌نێو میلله‌تی ئێمه و هه‌موو میلله‌ته‌كانی تردا هه‌ن، پێوه‌رێك هه‌یه زۆر به ئاسانی واده‌كات خه‌ڵك تێ‌یان بگات، ئه‌وه‌یه كه ئایا بنەماکانی ئه‌و بیر و باوه‌ڕه شیی ده‌كرێته‌وه؟ من ده‌توانم تێیبگه‌م؟ ئه‌گه‌ر تێیگه‌یشتم ده‌توانم ژیانی له‌سه‌ر دروست بكه‌م؟ ده‌توانم بۆ داهاتووی نه‌وه‌كانی خۆم نەقڵی كه‌م یان نا؟ گه‌شانه‌وه‌ی میللی له‌سه‌ر دروست ده‌بێ یان نا؟ پێشكه‌وتنی ئابووری، فه‌رهه‌نگی له‌سه‌ر دروست ده‌بێ یان نا؟ ئەگه‌ر ئه‌و بیروباوه‌ڕه بنەمایەکەی ته‌نیا چۆكدادان و په‌رستن بوو، تەنیا فیداكاری بوو و به‌بێ ئه‌وه‌ی تۆ بتوانی ته‌فسیری بكه‌ی كه كۆتاییی ئه‌م بیروباوه‌ڕه ده‌گاته بنبه‌ست، سه‌ره‌نجام میلله‌ته‌كه‌ش ده‌خاته قەیران، ئه‌ویشمان بینیوه. بۆ نموونه ئێستا ئه‌و حزب و ئیتیجاهانهی له كوردستان به‌رانبه‌ر به ڕێبازی بارزانی ده‌وه‌ستن، زۆربه‌ی هه‌ره زۆری گفتوگۆکانیان و پاساوەكانیان بە هەڵچوونە، بۆ په‌لاماردان و داشۆرینهوه و به‌تاڵكردنی هەڵچوونی سەرکردەکانە به‌رانبه‌ر به بارزانی و ئه‌و ڕێبازه‌ی كه ئێمه ئێستا باسی ده‌كه‌ین. کەچی ئه‌وه‌ی كه له ڕێبازی بارزانیدا هه‌یه، ته‌رجه‌مه‌كردنی بنەماکانیەتی بۆ یه‌كگرتنی میللی، بۆ پاراستنی وڵاته‌كه، بۆ كێشانی نەخشەیەکی ئه‌وتۆ تا سبه‌ی ئێمه گه‌شانه‌وه‌یه‌كی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیی گه‌وره به‌خۆوە ببینین، نه‌ك ته‌نیا خه‌ریكی ململانێی سیاسی بین، به‌ڵكو ده‌بێ له داهاتوویه‌كی نزیكدا ئێمه ده‌وڵه‌تێك بین و ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ش به‌شدار بێ له بیناكردنی ئابوورییەکی به‌هێز له ڕۆژرههڵای ناوه‌ڕاستدا، ئەم دەوڵەتە به‌شدار بێ له ئیسڵاحێكی گه‌وره له سه‌قافه‌تی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. ئەم سەقافەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە كه بووه‌ته به‌ڵا بۆ هه‌موو دنیا، له‌سه‌ر ئه‌ساسی بیروباوەڕی ره‌ق و بێ‌مانا كه ته‌فسیر ناكرێ و ته‌بدیل ناكرێ به كه‌ره‌سته‌ی ژیان، دروست بووه. هه‌ربۆیه‌ش له وه‌حشیترین حهرهكهوه(داعش) كه ئێوه‌ی قاره‌مانانی ئه‌و میلله‌ته راتانگرتووه و پاشه‌كشێی پێده‌كه‌ن و له‌سه‌ر ده‌ستی ئێوە و سه‌رۆكی ئێوه‌ش كه بارزانییه كۆتایی پێ دێت. داعش و هه‌موو مه‌دره‌سه‌كانی تری توندڕۆ كه له به‌رهه‌می سه‌قافه‌تی شه‌رقی ئیسلامی به مانا و جانیبه توندڕۆكه‌ی دروست بووه، له نه‌تیجه‌ی ئه‌و مه‌بده‌ئه رهقانهیه كه مانای بۆ ژیان نییه.
یه‌كێك له بیروباوەڕە سه‌ره‌تاییه‌كانی ڕێبازی بارزانی، كه كاتیه‌تی زۆر به فراوانی هه‌وڵ بده‌ین تێیبگه‌ین، به‌ر له سه‌د ساڵ لێره له‌م ناوچه‌یه‌دا بزووتنەوەیەک ده‌ستی پێكرد كه بیری له ئاسانكردنی ژیان ده‌كرده‌وه، بیری دەکردەوە ده‌بێ هه‌موو ئه‌و بیروباوەڕانەی مێژوویهكیشیان له دواوه هه‌بێ ده‌بێ ده‌ستكاری بكرێن، به حه‌ددێك میلله‌تی ئێمه له بارودرخی ئه‌وسادا به ئاسانی بتوانێ بژیێ، كه ئینسانی ئێمه بتوانێ ده‌ستی كراوه بێ تا ئینسانی ساڵحی لێ دروست بێ، به نموونەی ئینسانی عادل و ئیشكه‌ر و فیداكار بێ. ئه‌و زه‌مینه کۆمەڵایەتییە كه لێره هه‌بوو، ناچار بوو په‌نا بۆ واقیعبینیهتی به‌رێ. واتا هه‌وڵ بدات ئه‌گه‌ر سه‌قافه‌تی ئێره بگۆڕێ یان ده‌ستكاری بكات، له‌سه‌ر ئه‌ساسێك بیكات كه سه‌قافه‌تی ئێمه‌ی ئه‌وكات، ئاستی تێگەیشتنی میللەتی ئێمە لەوکاتدا، بتوانێ بیخوێنێته‌وه و تێیبگا و خۆی پێ بگۆڕێت. ئه‌و ڕێبازه له ته‌كیه‌ی بارزانه‌وه دروست بوو، له گۆرانكاریی كۆمه‌ڵایه‌تی و عیرفانی و ئهعقیدهییهوه ده‌ستی پێكرد بۆ رێکخستنی كۆمه‌ڵایه‌تی و رێکخستنی خۆی. ئه‌مەش مێژوویه‌كی هه‌یه كه ده‌بێ ئیشی له‌سه‌ر بكرێ، ئه‌م کارەش لە راستیدا زۆر بەدواکەوتووە. ئێستا ته‌نیا له نه‌تیجه‌ی تێكۆشانی سیاسی و پەروەردەی سیاسییە کە ئه‌م رێبازه له پیشكهوتندایه، له كاتێكدا لایەنی په‌روه‌رده‌یی و لایەنی قه‌ناعه‌تی و ئیسلاحی له لایەنە سیاسییه‌كه‌ی کەمتر نییە و له داهاتوودا زیاتریش به كه‌ڵكی میللەتی ئێمه دێ.
ئه‌گه‌ر من پازێكی خێرا بده‌م، ناوه‌ڕۆكی ڕێبازی بارزانی و باوەڕە چاكسازییەکانی بزووتنەوەی بارزان بریتی بووە لە ئیعتیدال و پاراستنی ژیان، ئینجا پاراستنی هه‌موو پێكهاته‌كان و ژینگه بووه. گه‌ر ئه‌مه به وشه باسی بكه‌ین زۆر ساده ده‌رده‌چێ، بەڵام ئەوە تهرجەمهی ئه‌و مهبدهئانهیه كه لێره دروست كران و ژیانی پێ ئاسان كرا. كاتێك بیروباوەڕێك ژیان دروست بكات، توانایی په‌روه‌رده‌ی ده‌بێ، واتە نه‌وه‌كانی دواییش پێ ده‌گه‌یێنێ. هه‌ربۆیه‌ش له سه‌د ساڵی رابردوودا كه ئه‌م حه‌ره‌كه ئیسلاحییه لێره ده‌ستیپێكرد، راسته زۆر په‌ره‌ی نه‌سه‌ند له جیۆگرافیایه‌كی كه‌مدا قه‌تیس درا، به‌ڵام تواناییه‌كی گه‌وره‌ی تێدا هه‌بوو كه هه‌ر گۆڕانكارییەکی جیهانی له ژیانی میلله‌تاندا روو بدات و به كه‌ڵكی میلله‌تی ئێمه بێت، زۆر به ئاسانی وه‌ریده‌گرت و تهفاعولیشی له‌گه‌ڵ ده‌كرد. یەک له‌وان كه بزووتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیستی یان بزووتنەوەی نیشتمانیی نەتەوەیی له رۆژهەڵات ده‌ستی پێكرد، لێره ئه‌م بزووتنەوەیە زۆر به ئاسانی ئه‌م مه‌بده‌ئه‌ی وه‌رگرت و ته‌فسیری كرد، بنەمای بۆ دانا و سەرکردایەتییشی كرد. ئه‌وه‌ی كه ده‌ڵێین سه‌د ساڵ تێكۆشانی نه‌ته‌وه‌یی له ڕێبازی بارزانیدا هه‌ی، له راستیدا رێبازی بارزانی به‌رهه‌می ڕێبازی بزووتنەوەی عیرفانیی بارزانه. کوردایەتی(ناسیۆنالیزم) لایەنە سیاسییهكهیەتی. ئێستا وهختیەتی ئه‌م جانیبه بۆ میلله‌تی ئێمه كه‌شف بكرێ، بۆ ئه‌وه‌ی تێكڕای میلله‌تی ئێمه بكه‌وێته گۆڕانكارییه‌كی نوێ. گه‌ر گوێتان لێ بووبێ ئێستا ئەو هاوپه‌یمانانه‌ی كه یارمەتیی کورد دەدەن، هەروەها زۆر جاریش به دیققه‌ت جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی دووباره‌ی ده‌كاته‌وە ده‌ڵێن؛ ئەوان دەڵێن به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێمه له شوێنێكه كه به‌های هاوبه‌ش له به‌ینی ئێمه و ئه‌واندا هه‌بێ. بارزانییش لێره‌وه تاكید ده‌كاتەوە كه ئێمه هه‌وڵ ده‌ده‌ین به‌هاكانی خۆمان به حه‌ددێك ساغ بكه‌ینه‌وه كه به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شمان له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانمان هه‌بێ. ئه‌و بههایانەی لای ئێمە له راستیدا له‌سه‌ر بناغەی ڕێبازی بارزانی دروست ده‌كرێ. بۆ نموونه به‌ر له 15 ساڵ، مه‌سه‌له‌ی ئافره‌ت له وڵاتی ئێمه بوو به كێشه‌یه‌كی گه‌وره و له ده‌ره‌وه ره‌نگی دایه‌وه، ته‌نیا پارتی و له نێو پارتییشدا ده‌بوایه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ سەرچاوە ئیسلاحییهكانی ڕیبازی بارزانی، تا ئێمه به شێوازی تایبه‌تی خۆمان بتوانین له كێشه‌ی ئافره‌ت تێبگه‌ین. یاخود ئه‌و كاته‌ی كه پێكهاته‌كان كه‌وتنه به‌ر پەلامار بەتایبەتی له دوای 2003-2014 كام حزب، رۆشنبیر، سیاسەتمەداری کوردستان باسی له پاراستنی پێكهاته‌كان كرد؟ جگە لە سه‌رۆك بارزانی، هیچ كه‌سێكی دیكه نه‌بوو. قه‌ت كێشه‌ی ئێمه نه‌بووه و باوه‌ڕ ناكه‌م دوو كه‌س له ئێمه دانیشتبێ رۆژێ له رۆژان موناقه‌شه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ی كردبێ. ئه‌مه بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه بارزانی هه‌ڵگری ئه‌و به‌هایانه‌یه كه له کاتی ته‌نگانه‌دا دێته‌وه بیری، به‌رنامه‌ی بۆ داده‌نێ و ده‌یكاته به‌رنامه‌ی سیاسی، ئێستا بووه به قه‌زیه‌ی میلله‌تێك و تێكه‌ڵ بووه له‌گه‌ڵ خواستی جیهانیان. هەروەها ئێستا ئەوهنده قه‌زیه‌كه گه‌وره بووه له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و مه‌جلیسی ئه‌مندا كێشه‌ی هاوبه‌شه.
ئه‌وه‌ی كه پێیده‌گوترێ ڕێبازی بارزانی، ڕێبازی كوردایه‌تییه. له ڕاستیدا ته‌فسیره‌كه‌ی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه ڕێبازه‌كه ڕێبازی كوردایه‌تییه به شێوه‌ی ره‌سه‌ن، زۆر به ئاسانی ته‌فسیری مانه‌وه‌ی میللەتی كورد و پێكهاته‌كان ده‌كا به‌بێ توندڕۆیی، بەبێ ئەوەی مه‌حرومیه‌ت و مه‌زڵومیه‌تی میلله‌تی ئێمه ببێ به به‌هانه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی كورد تووشی شۆڤێنیزم و هەڵچوون ببێ به‌رانبه‌ر به میلله‌تانی دیكه و ئه‌و پێكهاتانه‌ی كه له‌ناوماندا هەنە. گه‌ر دیققه‌ت بده‌ن، یه‌كێك له قۆناغه‌كانی میژووی پڕ کارەساتی ده‌وروبه‌ری ئێمه، واتا عه‌ره‌ب و فارس و تورك ئه‌وه‌یه، كه پێشی هه‌موو شتێك پێكهاته‌كانی نێوخۆیان تواندووه‌ته‌وه. له ئێران بزووتنەوەیەک به ناوی سه‌فه‌وی ده‌ستی پێكرد، هه‌موو پێکهاتەكانی كرد به یه‌ك ره‌نگ. ئه‌وه‌بوو به ڕه‌گ و ریشه‌ی سه‌قافه‌تی ئێران، له ستراتیژی ئێران‌دا شتێك به ناوی مافی پێكهاته‌كان نیه. هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره‌ی ئێران له‌سه‌ر كوردستان ئه‌وه‌یه داوا ده‌كت كه ئێمه ببین به به‌شێك له ستراتیژی ئه‌وان، وه‌كو بهردهبازێكمان لێ بێت، بێئه‌وه‌ی موستهقبهلێكمان هه‌بێ. ئه‌وه‌یان بۆ میلله‌تانی دیكه‌ش ده‌وێ. خاوەنی ئه‌م روانگایه هیچ موسته‌قبه‌لی نابێ، بۆیه ئێستا ئێران له‌به‌رانبه‌ری هه‌موو دونیا وه‌ستاوه و ناتوانێ ئایندەیەکی هه‌بێ و سه‌ربكه‌وێ. گرتە ڤیدیۆیه‌كی زۆر ساده‌ی بارزانیی نه‌مر هه‌یه كه بۆ ساڵانی 1962-1963 دەگەڕێتەوە، ده‌ڵێ: ئێمه میلله‌تێكین هه‌موو میلله‌تانی ده‌وروبه‌ری خۆمانمان خۆش ده‌وێ، ئێمه ته‌نیا ده‌مانه‌وێ بمێنین، ده‌مانه‌وێ به لانی کەمەوە لێمانگه‌ڕێن خۆمان به‌ڕێوه به‌رین. زۆر له‌و چالاکە سیاسیانه‌ی ئەم ڕۆژگارە دژی روانگای سه‌رۆك بارزانین، ئەم گرتە ڤیدیۆییە به كار دێنن و ده‌ڵێن خێره ئێوه تازه باسی سه‌به‌خۆیی ده‌كه‌ن!، بارزانی له ساڵانی 62-63ی سەدەی ڕابردوو شتێكی وا ناڵێ كه ئەوانه باسی ده‌كه‌ن. گه‌ر ئینسان له مێژووی میلله‌تی خۆی نه‌زانێ جا ئه‌و لێکدانەوانە ده‌كات و بەڵگەی ئاوها دێنێته‌وه.
به‌شێكی تر له بنەماکانی ڕێبازی بارزانی، عه‌داله‌تی کۆمەڵایەتی بووه. دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بنەمایەکی سه‌ره‌كی بووه له بزووتنەوەی بارزان، هه‌ر بۆیه‌ش سه‌ركرده سیاسییه‌كانی ئه‌م ڕیبازه له بارزانیی نه‌مره‌وه تا ئه‌وانی تر، هه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌كی عه‌داله‌تخوازی له عێراق و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هەبووبێ، زۆر به ئاسانی گوێیان بۆ گرتووه و دۆستایه‌تییان كردووه. لە بیرمه له كۆنگره‌ی 11ی پارتی دیموکراتی کوردستاندا له هۆڵی زه‌رد، زۆر له پرۆگرامی پارتی گۆڕدرا. له رۆژانی كۆتاییی كۆنگره سه‌رۆك بارزانی هه‌ستا و گوتی: من یه‌ك دوو قسه‌م هه‌یه، هه‌رچیی كردتان كردتان قه‌یناكه، به‌ڵام به‌ندێك نانووسن كه ته‌عبیر له عه‌داله‌تی ئیجتیماعی بكات؟ ئه‌وه‌تان له‌بیر چوو، ئه‌مه له ساڵی 1993 بوو.
بنەمایەكی دیكه له رێبازی بارزانیدا كه زۆر به كه‌ڵكی ئێمه دێت، كارمان تێده‌كا و میلله‌تی ئێمه كه‌وتووه‌ته ناو پرۆسه‌ی پرۆڤه پێكردن تا زیاتر قبووڵی بكات، ئه‌ویش شكاندنی دۆگمایه، بیروباوەڕی وشكه، به‌ربه‌سته‌كانه كه مێژوویەکیان له ژیانی میلله‌تی ئێمه‌دا هه‌یه، به‌ڵام رۆژانه ده‌بنه به‌ربه‌ست، ده‌بنه ئازار و مایه‌ی ڕێگه‌گرتن له پێشكه‌وتنی میلله‌تی ئێمه، دەبنە رێگر لە پێشکەوتنی ئابووری و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری، پەروەردە و کاری سیاسیی میللەت. ئه‌مڕۆ ئه‌م به‌ڵای توندڕۆیی ئایینی ده‌بینین و له داهاتوویشدا ده‌بنه به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م دروستكردنی دامودەزگای ده‌وڵه‌ت كه له پێشمانه. شكاندنی باوەڕی دۆگما به‌و واتایه نییه ئێمه له دژی دینه‌كانی وڵاتی خۆمان بوهستینەوە، به‌ڵكوو ئه‌وه یه‌كێكه له سڕڕی ڕێبازی بارزانی كه هه‌میشه چاوی له لێكجیاكردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت و دین یان قه‌ناعه‌تی مه‌زهه‌بی هه‌بووه. ئه‌مه ده‌گونجێ له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی دنیای ئه‌مڕۆدا. دنیای ئەمڕۆ ناتوانێ پێشکەوتنی ئابووری هەبێ، دامودەزگای دەوڵەتی باشت نابێ ئەگەر دانیشتوانی وڵاتی خۆت دابەش بکەی لەسەر بنەمای قەناعەت و دین و مەزهەب و نەتەوە. ئەگەر دابەشت کرد فەرق و جیاوازی دەستپێدەکات، ئەوکاتیش شۆڤینیزم دەستپێدەکات و پاشان پاکسازی دەستپێدەکات، سەرەنجام دەگەڕێینەوە ئەو گێژاوە خەراپەی کە رۆژهەڵات بە درێژاییی 100 ساڵی رابردوو دەوڵەتەکانی لەسەری رۆیشتوون و لەسەر ئەساسی ئەوەش شکاون و فەشەلیان هێناوە.
له راستیدا شكاندنی دۆگما به‌و مانایه‌یه ئه‌گه‌ر داعش و ئهنسارولئیسلاممان پێشدان تێك‌شكاند، ده‌بێ بیروباوه‌ڕی داعش و ئه‌نسارولئیسلامیش تێكبشكێنین، ئه‌وه به‌و مانایه نییه كه دینی ئیسلامی و دینه‌كانی وڵاتی خۆمان تێكبشكێنین. به‌و مانه‌یه‌ی ده‌بێ ئیسلاح روو بدا، ده‌بێ هه‌موو دانیشتوانی وڵاتی ئێمه بتوانن مرۆڤ بن، مرۆڤیش ده‌بێ بخوێنێ، ده‌بێ كار بكا بۆ ئەوەی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی ئێوه‌ی پێشمەرگەی قاره‌مان دروستی ده‌كه‌ن ده‌بێ دامودەزگای هه‌بێ تا به‌ڕێوه بچێ، ده‌بێ ئەو دامودەزگایە موئه‌سه‌ساتی كراوه بن. ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ سبه‌ی ئێمه بژین ده‌بێ وڵاتێكمان هه‌بێ كه به‌رهه‌می ئابووریی هه‌بێ، به‌رهه‌می ئابوورییش ته‌نها به‌م قه‌ناعه‌ته وشكه کۆمەڵایەتییە و هه‌ندێكی دینی كه ئێمه هه‌مانه به‌ڕێوه ناچێ، حاڵمان له حاڵی وڵاتانی خه‌لیج و ده‌وروبه‌ر خۆشتر نابێ كه هه‌ر هه‌موویان وا له ڕماندان.
یه‌كێك له فهزیلەتەكانی ڕێبازی بارزانی ئه‌وه‌یه كه میلله‌تی ئێمه رادێنێ و په‌روه‌رده‌ی ده‌كا له‌سه‌ر شكاندنی بیروباوه‌ڕی وشك. هه‌ر بۆیه‌ش بەردەوام ڕێبازی بارزانی له‌گه‌ڵ نیزامی موعته‌دیل دایه و له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌ساسه‌ش به‌ڕێوه ده‌چێ، نیزامی موعتهدیلیش ڕێگه به كۆمه‌ڵگا و تاکی مرۆڤ ده‌دا كه هه‌موو تواناكانی خۆی بكاته‌وه، هه‌موو ره‌نگه‌كان ده‌ركه‌ون و بیروباوه‌ڕی جیاواز هه‌بێ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌یه‌كی دیاریکراو. به واتا گه‌وره‌ترین جیاوازی له‌سه‌رانسه‌ری وڵات روو بدا، به‌ڵام هیچ كه‌س به‌رانبه‌ر ئه‌وی تر سه‌نگه‌ر نه‌گرێ و له دوای موناقه‌شه دەرئەنجام له خزمه‌تی ده‌وڵه‌ت و میلله‌تدا ده‌بێ. كه ده‌ڵێن دیموكراسی بۆ هه‌ر میلله‌تێك تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه، شكڵێكی دیاریكراوی نییه كه به‌سه‌ر هه‌موو میلله‌تاندا بسه‌پێندرێ. له‌سه‌ر ئه‌ساسی ئیعتیدالی ئیجتماعی دروست ده‌بێ، جووڵەی سه‌رمایه و پێشكه‌وتنی ئابووری له‌سه‌ر هه‌مان ئه‌ساس دروست ده‌بێ. هه‌ربۆیه‌ش له مێژووی میلله‌تی ئێمه‌دا هه‌میشه ده‌ڵێن سه‌رمایه‌دار پیاوێكی موسالیمه زۆر ئاسان ده‌توانی ته‌عه‌دای لێبكه‌ی و شه‌ڕیشی پێ بفرۆشی و ده‌نگیش ناكات، كاتێكیش ناکۆکی دروست ده‌بێ نابێته ته‌ره‌ف. ئه‌وه راسته، ئه‌گه‌ر كابرای سه‌رمایه‌دار شه‌ڕانگێز بوو فلسی پێ نامێنێ و مڵكی نامێنێ و گه‌ر سه‌رمایه‌داره‌كان نه‌مان سه‌رمایه‌ی کۆمەڵایەتی نامێنێ، میلله‌تێكیش سه‌رمایه‌ی کۆمەڵایەتی نه‌بێ خۆی پێ به‌ڕێوه ناچێ. بۆیه ڕێبازی بارزانی ده‌توانێ یارمه‌تیی ئێمه بدات تا له‌سه‌ر ئه‌ساسی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، كرانه‌وه‌یه‌كی کۆمەڵایەتیی باشمان هه‌بێ. له‌هه‌مانكاتدا نیزامیكی کۆمەڵایەتیی ئه‌وتۆ دروست ببێ یان دیموكراسیه‌تێكی ئه‌وتۆ دروست ببێ، به كه‌ڵكی پێشكه‌وتن و بەردەوامی میللەتی ئێمه بێت. ڕێك ئه‌وه‌ی كه ده‌ڵێن دیموكراسیه‌ت له ژاپۆن تایبه‌ت به ژاپۆنییه‌كانه، ئه‌گه‌ر شێوازی دیموكراسیی ژاپۆنی بسه‌پێنی به‌سه‌ر میلله‌تێكی دیكه‌دا تووشی كاره‌ساتی ده‌كات.
بنەمایەكی تری ڕێبازی بارزانی مه‌سه‌له‌ی په‌روه‌رده‌یه كه گرینگییه‌كی زۆری هه‌یه. مرۆڤ ناتوانێ فێر ببێ ئەگەر نیزامێکی نەبێ بۆ په‌روه‌رده‌كردن و بۆ گواستنەوەی به‌هاكان و بیروباوه‌ڕه‌كان بۆ جیلی دوای خۆی. هه‌ربۆیه‌ش له بزووتنەوەی ئیسلاحی و چاكسازیی بارزاندا فێركردن و په‌روه‌رده‌كردن و راهێنان ده‌ورێكی ئێجگار زۆری هه‌بووه. ئێستا له نیزامی عاله‌میدا به‌شێكی ئەرکە هەرە گەورەکانی، په‌روه‌رده‌یە. ئه‌وه میلله‌تان و ده‌وڵه‌تان فێر كه‌ن چۆن ئێوه میكانیزمێك داده‌نێن تا ئه‌وه‌ی بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی میللیی ئێوه پێویسته داخلی نیزامی په‌روه‌رده‌ی خۆتانی بكه‌ن و، سه‌ره‌نجام جیله‌كانی خۆتانی له‌سه‌ر رابێنن. ئه‌وه‌یش یه‌كێكه له كێشه‌كانی وڵاتی ئێمه. ئێستا ئه‌وه بوو به 25 ساڵ له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌یه‌ك یه‌كلا نه‌بووینه‌ته‌وه، هه‌موو ساڵێك كتێبه‌كانی په‌روه‌رده‌یی ئێمه له سه‌ره‌تاییه‌وه تا ده‌گاته زانكۆ گۆڕانی به‌سه‌ردا دێ. له راستیدا ئه‌و ته‌ره‌فه‌ی گوشار دێنێ بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕان هه‌بێ پارتییه و پارتی‌یش پابەندە به‌م رێبازه. به‌ڵام له داهاتوودا دەبێ روانگای ڕێبازی بارزانی شیی بكرێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م مه‌بده‌ئانه ده‌ركه‌ون کە چۆن دروست بوونه و چ مێژوویه‌كی هه‌یه و چۆن به كه‌ڵی پێشكه‌وتنی میلله‌تی ئێمه دێ؟، تا بكه‌وێته ناو سیستەمی په‌روه‌رده لە حكوومه‌تی ئێمه‌دا. هەروەها له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ئێمە جیلی نوێمان بۆ دروست ببێ كه جیلی ئه‌م زه‌مانه بێ له چه‌كداربوون به عیلم و ته‌كنه‌لۆجیا و زانستی عه‌سكه‌ری. ئه‌گه‌ر نمونه‌یه‌كی بچووك بێنینهو، ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا تاكه ده‌وڵه‌تی سه‌ركه‌وتووه له‌و بوارەدا. به‌پێی خسوسیات و قه‌ناعه‌تی خۆیان بە میللەتێکی بچووك توانیویانه ئابوورییه‌كی به‌هێز و كۆمه‌ڵگایه‌كی یەکگرتوو و له هه‌مانكاتدا یەکسان و رۆشنبیرییه‌كی ئه‌وتۆیان هه‌بێ، رازی بن به‌وه كه هه‌ن و تەفسیری خۆیان دەکەن، دەوری خۆیان دیاری دەکەن و ده‌توانن دۆست و دوژمنی خۆیشیان ده‌ستنیشان بكه‌ن.
ئه‌گه‌ر په‌روه‌رده‌یه‌كی باش له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێبازی لە داهاتوودا لە وڵاتی ئێمه‌دا ببێ، ئەوا میلله‌تی ئێمه زۆر به باشی تێكه‌ڵ ده‌بێ. من گه‌ر قسه‌یه‌ك بكه‌م لێره‌دا له‌وانه‌یه زۆر لاتان سه‌یر نه‌بێ. ئێوه‌ی قاره‌مان(پێشمەرگە) بۆ پێكهاته‌كانی ئه‌م وڵاته خۆتان به كوشت ده‌ده‌ن و ده‌یانپارێزن، به‌ڵام له هیچ شار و دێیه‌كی كوردستاندا گرووپێكی برادەری پیاو و گه‌نج و ژن به‌یه‌كه‌وه نابینی گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌ساسی دینی نه‌بێ، یان لەسەر ئەساسی نەتەوەیی نەبێ. بۆ نموونه له هه‌ولێر و سلێمانی نابینی چواركه‌س له چاخانه‌یه‌ك به‌یه‌كه‌وه دانیشتبن یه‌كێكیان مه‌سیحی بێ و ئه‌وانیتر موسڵمان بن، یان یەکیان ئێزدی بێ و دوویان موسڵمان بن، یەکیان کاکەیی بێ دوویان ئێزدی بن. ره‌فاقه‌ت و كار ئێستایش له‌سه‌ر ئه‌ساسی دینی و نەتەوەیی به‌ڕێوه ده‌چێ، هه‌ربۆیه‌ش هاوكاری و ته‌فاعولی کۆمەڵایەتی به‌و ئەندازە به‌هێز نییه تا هه‌موو تواناكانی میلله‌تی ئێمه بكاته‌وه و ئێمه پێشكه‌وتنێكی باشمان هه‌بێ له هه‌موو بواره‌كاندا.
ڕێبازی بارزانی ده‌توانێ یارمه‌تیی ده‌وڵه‌تی داهاتووی ئێمه بدات، په‌روه‌رده‌یه‌ك دروست بكات كه هه‌موو خه‌ڵك به‌یه‌كه‌وه هاوكار بن، دۆست بێ و بژیێ بێ ئه‌وه‌ی بپرسێ دینی تۆ چییه یان میلله‌تی تۆ چییه؟، گرینگ ئه‌وه‌یه سه‌قافه‌ت و زمان و وڵاتێكت هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌ساسی ئه‌وه ژیان دروست ده‌كه‌ی.
پاراستنی پێکهاتەکان، پاراستنی ژنان و پاراستنی مافی گه‌نجان، ته‌نیا له نه‌تیجه‌ی په‌روه‌رده‌یه‌كی باش و سیستەمێکی دادپەروەریی باش دروست ده‌بێ. ئێستا له هیچ گه‌ڕه‌ك و بازاڕێكی ئێمه نییه كه له‌سه‌ر جلوبه‌رگ و پرچ تاشین و پرچ هێشتنه‌وه و مۆدێلی ژنان، ئازاری گه‌نجان و ژنان و پیاوانی ئێمه نه‌درێ. ئه‌مه ده‌بێ ئیسڵاح بكرێ ئه‌گه‌رنا ناتوانرێ ژیانێكی باش بونیات بنرێ.
بابه‌تی ئاشتی، ئه‌گه‌ر ئێمە گوێ بده‌ینە جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی له زۆربه‌ی قسه‌كانی بە دیققەتەوە ده‌ڵێ، دوای تەواوبوونی ئه‌و شه‌ڕه‌ی له ناوچه‌كه هه‌یه ده‌بێ ئاشتی دروست بێ، به‌ڵام ئاشتییه‌كی دادپه‌روه‌رانه. واتا ده‌بێ ژیان بۆ هه‌مووان هه‌بێ مافی چاره‌نووسیش بۆ هه‌مووان هه‌بێ. گه‌ر بێینه سه‌ر كوردستان ده‌بێ ژیان بۆ هه‌موو پێكهاته‌كانی كوردستان هه‌بێ و دەبێ بەشداری و مافی چارەنووس بۆ هەموو پێکهاتەکان هەبێ، چونکە بۆ هەموو پێکهاتەکان دروست نابێ. ئەگەر بۆ هەموو دانیشتوانی وڵات دروست نەبێ. ناتوانین پارێزه‌ری ئاشتی بین له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئه‌گه‌ر خاوه‌نی ئاشتییه‌كی کۆمەڵایەتی به‌هێز نه‌بین له‌نێو وڵاتی خۆماندا. له ئاشتیی کۆمەڵایەتی له ناو كوردستاندا کەموکوڕی زۆر گه‌وره‌مان هه‌یه، كه پێویسته بگه‌ڕێنه‌وه بۆ سه‌رچاوه‌یه‌كی بیروباوه‌ڕی ره‌سه‌ن تا بتوانین جووڵە بكه‌ین، ئه‌م سه‌رچاوه بیروباوه‌ڕه ته‌نها له ڕیبازی بارزانیدا ده‌توانین بیبینینه‌وه.
هه‌موو روانگا و ئایدۆلۆجیاكانی كه ئێستا له كوردستان كێشه بۆ سه‌رۆك بارزانی و بۆ پارتی دروست ده‌كه‌ن له بابه‌تی سه‌ربه‌خۆیی و ئه‌و باسانه‌ی كه من ئێستا ده‌یكه‌م، خاوه‌نی ئایدۆلۆژیان، مێژوویان هه‌یه، به‌ڵام ئایدۆلۆژیای ره‌ق و دۆگمان و به‌ستراون. بۆ نموونه په‌كه‌كه و گۆڕان و به‌شێكی زۆری یه‌كێتی و ئیسلامییه‌كان هه‌موویان له‌سه‌ر ئه‌ساسی ئایدۆلۆجیای بێ‌مانا جووڵە ده‌كه‌ن. بۆ نموونه كادرێكی په‌كه‌كه بێنه پێی بڵێ كاكه ئه‌مه‌ی تۆ ده‌یڵێی هه‌ڵه‌یه، ئەگەر هه‌ڵه‌كه‌شی بۆ شیی بكه‌یه‌وه ئاماده نییه نیو هعات گفتوگۆت له‌گه‌ڵ بكات. به‌ڵام ئاماده‌یه یه‌ك ساڵ شه‌ڕت له‌گه‌ڵ بكات بۆ ئه‌وه‌ی كۆتایی به ژیانت بێنێت. گۆڕان بەهەمان شێوە، به داخه‌وه یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستانیش ههروایە. من له روانگای سیاسی بۆ پارتی و غهیرهپارتی باسی ناكه‌م، ئه‌مه مشكیله‌ی گه‌وره‌ی میلله‌تی ئێمه‌یە، به دروستبوونی ده‌وڵه‌ت له كوردستاندا ئه‌م کێشەیە چاره‌سه‌ر ده‌بێ، به‌ڵام كاتێك حه‌ل بوو ده‌بێ ئه‌و ڕێبازه‌ی ده‌ربازمان ده‌كا ببێ به رێبازی په‌روه‌رده‌كردن و ڕێبازێك كه ببێ به بنه‌ما بۆ ده‌وڵه‌تی هاوچه‌رخ. ئێمه له داهاتووی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ده‌بێ ده‌ورێكی سیاسی و سه‌ربازی بە هێزكان هه‌بێ، ده‌وڵه‌تێكی سیاسیی به‌هێز ده‌بێ میلله‌تێكی متمانه‌پێكراو و زیندوو و زانای هه‌بێ. سوپایەکی بەهێز دەبێ تەکنۆلۆژیای بەهێزی هەبێ، سەرباز و جەنەڕاڵەکانی ئێمە دەبێ خاوەنی ئەم تەکنۆلۆژیایە بن و بتوانن بەکاری بێنن، بتوانن دروستی بکەن، ئەگەرنا ناتوانین لە رۆژهەڵاتی داهاتوودا ئێمە سەرێکی زیندوو و بەهێز بین. هه‌موو ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه ده‌چن ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی كوردستان دروست ببێ، له پاڵ دوو سێ ده‌وڵه‌تی دیكه، پارێزه‌ری نیزامی ئه‌م مه‌نتیقه‌یه ده‌بێ به هاوكاریی جیهان. كۆنترۆڵكردنی توندڕۆیی له جیهانی ئیسلامی‌دا كارێكی ئاسان نییه، ئه‌م ده‌وڵه‌تانه‌ی هەن له‌سه‌ر بنەمای ئایدۆلۆجیای شۆڤێنیستی دروست بوون، شۆڤێنزمی توركی و عه‌ره‌بی و فارسی به ئاسانی بهرزهف ناكرێن. كه‌واته ده‌بێ ئێمه فەرهەنگێكی دهوڵەمەندمان هه‌بێ، تاوه‌كو بەرهەمی گه‌وره‌ی هه‌بێ، تا ده‌وڵه‌ت كاتێك دروست ده‌بێ شه‌ریك بێ له پاراستنی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. دنیا ئه‌مه‌ی لە کوردستان ده‌وێ.
ئه‌م كرانه‌وه و واقیعبینی و ئیعتماد له‌سه‌ر سیسته‌می خۆبه‌ڕێوه‌بردنه به ده‌ستی مرۆڤ، واتا سیسته‌می دونیه‌وی، سیسته‌مێك كه مرۆڤ بیر ده‌كاته‌وه و بنەمای بۆ داده‌نێ تا به كه‌ڵكی بێ، ئه‌وكات په‌یڕه‌وی لێده‌كات. ئه‌مه جه‌وهه‌ری ڕێبازی بارزانی بووه و هه‌ر ئه‌و جه‌وهه‌ره‌یه كه ده‌بێ په‌كه‌كه له به‌رانبه‌ریدا پاشه‌كشێ بكات. كۆتاییی په‌كه‌كه وه‌ك كۆتاییی رێبازی توندرۆی نێو یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان ده‌بێ هه‌ڵوه‌رێ، هیوادارم به چه‌ك ههڵنهوەرێت، به‌ڵكو خۆی ههلوهرێت. یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان له نه‌تیجه‌ی ناکۆکیی ناوخۆیی خۆیدا تووشی ئه‌م حاڵه بوو، گه‌رنا سنووره‌كه‌ی پارێزراوه و سوپاكه‌شی له كۆن و له 2014 خاوه‌نی جه‌یشی خۆی بووه و ئێستایش ئه‌و جه‌یشه به شانازییه‌وه به‌شێكه له سوپای كوردستان كه ئێوه باشتر ده‌زانن چۆن به‌ڕێوه ده‌چێ.
ناکۆکیی ناوخۆی گۆڕان، له نه‌تیجه‌ی بیروباوەڕێکە كه نه‌وشیروان موسته‌فا سیاغه‌ی كردووه، ئه‌مه‌ش وایكرد لایه‌نگره‌كانیان له شه‌قام پێیان بڵێن ئێمه ده‌نگمان دانێ، به‌ڵام ئێستا نانمان نییه بیخۆین. سه‌رۆكی ئه‌م بیروباوه‌ڕه رووی ئه‌وه‌ی نییه له به‌رانبه‌ر په‌یڕه‌وه‌كانی دانیشێ دوو قسه بكات، چونكە پێی ته‌فسیر ناكرێ. توندرۆیی ئیسلامی له وڵاتی ئێمه‌دا وا پاشه‌كشه‌ی كردووه یه‌ك سەرکردەی سیاسیی حیزبه‌كانی ئیسلامی، کە تا پێش سێ ساڵ زمانیان زۆر درێژ بوو، بەشێک له باوەڕی کۆمەڵایەتیی وڵاتی ئێمه‌ش ده‌بوونه پشتیوانیان، ئێستا ناتوانن له به‌رانبه‌ر یه‌ك رۆشنبیر یه‌ك كادیری سیاسی و یه‌ك پێشمه‌رگه‌ی ئێمه دوو قسه‌یان هه‌بێ بیڵێن، چونكه ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌یانگوت ئه‌وه‌یه له شنگال و له ره‌ققه و له مووسڵ جێبه‌جێ ده‌كرێ. میلله‌تی ئێمه ئیراده‌ی خۆی یه‌كخست و تێكی شكاندن، قسه‌یه‌كی به‌هێزی جه‌نابی بارزانی هه‌یه ده‌ڵێ: دوای داعش گرینگه. ئه‌مه ته‌فسیری ئه‌و ڕێبازه‌یه كه من ئێستا باسی ده‌كه‌م، دوای داعش گرینگە واتا دوای داعش جگه له ته‌وافقی سیاسی، عهسكهرییهن ئێمه سه‌رده‌كه‌وین، به‌ڵام چ ده‌كه‌ین دواتر؟ داعش دروست ده‌كه‌نه‌وه، له جاده تێزاب به یه‌كتر داده‌كه‌ین. کۆمپانیاکانی ده‌ره‌وه بۆیە كرێكاری كورد وه‌رناگرن، ئه‌ڵێن سه‌عات 9 دێتە سەر کار، دوو خشتیان له‌سه‌ر یه‌كدی دانه‌ناوه چێشتانە ده‌خۆن، نیوه‌ڕۆ دێ فراڤین ده‌خۆن، ته‌راویح ده‌كه‌ن، عه‌سر دێ تەراویح دەستپێدەکاتەوە و مه‌غریب دێ به هه‌مان شێوه.. كار بەم جۆرە ناكرێ، كه‌واته ده‌بێ میلله‌تی ئێمه له نێوان قه‌ناعه‌تی دینی و كاركردنی کۆمەڵایەتی تهنزیمێك بكا. با دین به‌جێ نه‌هێڵێ، به‌ڵام ده‌بێ خۆی نوێكاته‌وه، ده‌بێ بزانێ چۆن كار ده‌كا، ده‌بێ هه‌موو پێكهاته‌كان بە ژن و پیاو و ئێزدی و مەسیحی و کاکەیی داخیلی ژیان بن. دوای داعش ئه‌وه‌یه. ئێمه ده‌وڵه‌تێك دروست ده‌كه‌ین له‌سه‌ر ئه‌م بنەمایانە، لەسەر ئەساسی ئەو ئیعتیدالە و ئەم کرانەوەیە. میلله‌تی ئێمه ئه‌گه‌ر زیندووه، زیندووێتییهكهی له‌وه‌دایه كه له مێژووی سه‌قافه‌تی خۆیدا توانی ڕێبازێكی کۆمەڵایەتیی سیاسی دروست بكات كه ڕێگه‌ی پێ ده‌دا تا وزه‌ی خۆی بكاته‌وه و بتوانێ بژی و مقاوه‌مه بكات. سه‌د ساڵی رابردوو شایه‌دی ئه‌وه‌یه كه میلله‌تی ئێمه به‌م رێبازه توانیویه‌تی بگاته ئێره.
دواقسه‌م ئه‌وه‌یه، ده‌بێ زۆر خۆمان ماندوو بكه‌ین تا ئه‌و ڕێبازه باش تێبگه‌ین و هه‌وڵ بده‌ین باش شیی بكرێته‌وه، ئه‌و به‌شه‌ی كه له په‌نادا ماوه‌تەوە، ئاشکرا بكرێ. نه‌ترسێین له هیچ بیروباوه‌ڕێك تاوه‌كو نیزامێك دروست بكه‌ین هێزی هه‌بێ. نیزامی به باوەڕی داپۆشراو نیزامێكی خراپ ده‌بێت. ئێمه پێویستمان به نیزامێكی باشە، نیزامی باشیش پێویستی بە دیموكراسیی باش ده‌بێت. شانازیی بارزانیی مەزن، شانازیی پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كانی كوردستان له‌وه‌دایه كه ئه‌م نیزامه دروست ده‌كه‌ن و له مێژووی میلله‌تی ئێمه‌دا ده‌مێننه‌وه. جیله‌كانی داهاتوو به ڕێزه‌وه وەک چۆن ئێمە رێزی بارزانی دەگرین، رێزی ناوی ئێوە و تێکۆشەرانی ئەم قۆناغەش لە داهاتووی میللەتی ئێمەدا دەگیرێت.
* ئەم باسە لە رۆژی 17/3/2017 لە بارزان لە سەر مەزاری نەمران، بۆ ژمارەیەکی زۆر پێشمەرگە و فەرماندەکانیان، پێشکەش کرا.