تاران- KDP.info/ وتەبێژی وەزارەتی دادی ئێران غلام حوسێن موحسێنی ئەژەیی رۆژی سێشەممە سەبارەت بە مەسەلەی بانگهێشتكردنی سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە لە لایەن دادگایەوە رایگەیاند كە وەزارەتی داد و بەرپرسانی دادوەری ئێران ئاگاداری ئەم بانگهێشتكردنە نین.
لەمبارەیەوە ئاژانسی فارسی ئێرانی لە سەر زای گوتەبێژی وەزارەتی دادی ئێران بڵاویكردەوە كە نە وەزیری داد و نە بەرپرسانی دیكەی دادوەری ئێران بە هیچ شێوەیەك لەم بانگهێشتكردنە ئاگادار نەكرانەوە و ئەم بانگهێشتكردنەیش یاسایی نییە، چونكە مادەی 140 دەستوری ئێران چۆنیەتی بانگهێشتكردنی بەرپرسانی باڵای ئێرانی بۆ دادگا شرۆڤە كردووە.
ناوبراو لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا گوتوویەتی: ئەگەر بڕیار بێت دادگا سەرۆك كۆمار بانگهێشت بكات، ئەوا دەبێت لە رێگای پارلەمانەوە بانگهێشتی بكات و بێجگە لەم رێگایە هەر جۆرە رێگایەكی دیكە نایاساییە.