Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
TUE, 9 JUN 2026 07:22 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

بەرپرسی كاروباری دەرەوەی یەكێتیی ئەوڕووپا سەردانی هەولێری كرد و لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبوویەوە.
| KDP.info


ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 17ـی 6ـی 2013 كاتریەن ئاشتۆن بەرپرسی كاروباری دەروەوی یەكێتیی ئەوڕووپا بە یاوەریی شاندێك سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە لایەن سەرۆك وەزیرانی هەرێمى كوردستان و ژمارەیەك بەرپرسی سیاسی و ئیداریی هەرێمی كوردستانه‌وه‌ پێشوازی لێ كرا. پاشان لەگەڵ بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە هەولێری پایتەخت كۆبوویەوە.
لەو كۆبوونەوەیەدا كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆكی حكوومەت و ژمارەیەك بەرپرسی ئیداری و سیاسیی هەرێمی كوردستان ئامادە بوون، سەرەتا بەرپرسی كاروباری دەرەوەی یەكێتیی ئەورووپا خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانی كوردستان و دیدار لەگەڵ سەرۆك بارزانی نیشان دا و دەستخۆشیشی لەو پێشكەوتن و گەشەكردنە كرد كە لە هەرێمی كوردستاندا هاتووەتە ئاراوە و ئاماژەشی بەوە دا كە ئەو دەستكەوتانەی هەرێمی كوردستان بەدەستی هێناوە دوای نەهامەتی و كۆڵنەدانی زۆر هاتووەتە دی و خەڵكی كوردستان مافی خۆیانە دەستی پێوە بگرن و پارێزگاری لێ بكەن و بەرەو دواوە نەگەڕێنەوە.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا كاتریەن ئاشتۆن پێشوازی لە سەردانی سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ بۆ هەرێمی كوردستانی كرد و داوای كرد سەردان و دیالۆگ و لێكنزیكبوونەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بەردەوام بێت.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی بەرپرسی كاروباری دەرەوەی ئەورووپا و شاندی هاوڕێی، ئەو سەردانەی بە گرنگ و جێگەی بایەخ زانی و لەبارەی كێشەكانی هەرێم و بەغداوه‌ كورتەیەكی لە مێژووی پەیوەندیی نێوان هەرێم و كوردستان لە دوای ڕاپەڕین هەتا سەردەمی ئێستا بۆ شاندی میوان باس كرد و لە بەشێكی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی گوتی: "گەلی كوردستان حەزی لە دیموكراسی و پێشكەوتن و پێكەوەژیانە و ئەو سەقامگیرییەی لە كوردستان لە ئەنجامی ئاشتیخوازیی و خۆپارێزیی گەلی كوردستان بووە لە تۆڵە و توندوتیژی. ئەو كێشانەش كە ئێستاكە لە عێراقدا سەریان هەڵداوە لە ئەنجامی پابەندنەبوون بووە بە بنەماكانی شەراكەت و پێكەوەژیان".
وزە و سیاسەتی نەوتیی هەرێم بەشێكی دیكەی گفتوگۆكانی ئەو كۆبوونەوەیە بوون و هەر لەو دانیشتنەدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی ڕەهەندە گشتییەكانی سیاسەتی ووزەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ شاندی میوان شی كردەوە و هێمای بەوەدا كە سیاسەتی نەوتیی هەرێم هیچ جۆرە ناكۆكییەكی لەگەڵ دەستووری عێراقی نەبووە و بڕوامان وایە داهات و دەرامەتی نەوت موڵكی هەموو پێكهاتەكانی عێراقە. لە بەرانبەریشدا كاتریەن ئاشتۆن ستاییشی هەنگاوەكانی هەرێمی كوردستان كرد كە پشت بە ڕێچكە و بنەماكانی یاسایی و دەستووری دەبەستن.
جینۆسایدی گەلی كورد و بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و قەیرانی سووریا و كێشەی پەنابەرانی سووریا چەند تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوون و تێیدا سەرۆك بارزانی بە به‌رپرسى كاروبارى دەرەوەی ئەوڕووپای ڕاگەیاند كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئاست یارمەتیدانی ئاوارەكانی سووریا لە هەرێمی كوردستان كەمترخەمی نواندووە و داوای كرد كە لە كاناڵی خۆیانەوە گوشار بۆ وڵاتان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بهێنن یۆ ئەوەی بایەخی زیاتر بە یارمەتیدانی ئاوارەكانی سووریا لە هەرێمی كوردستان بدەن و هەروەها سەرۆك بارزانی داوایشی لە كاتریەن ئاشتۆن كرد كە هەموو هەوڵەكانی بخاتەگەڕ بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەنفال و كیمیاباران و نەهامەتییەكانی گەلی كوردستان بەجینۆساید بناسرێن.
لە وەڵامی ئەو داوایانەی سەرۆك بارزانیدا بەرپرسی كاروباری دەرەوەی یەكێتیی ئەوڕووپا بەڵێنی دا كە داوای ناساندنی جینۆسایدی گەلی كورد بە شوێنی مەبەست بگەیێنێت و هەروەها سوپاسی هەرێمی كوردستانیشی كرد بۆ حەواندنەوەی ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەری سووریا و ڕاشیگەیاند یەكێتیی ئەوڕووپا بەدوای بوارێكدا دەگەڕێ بۆ ئەوەی بە جددی یارمەتیی ئەو پەنابەرە سووریانە بدات كە لە هەرێمی كوردستاندا نیشتەجێ بوونە.
دواى كۆبوونەوەكەش كاتریەن ئاشتۆن له‌ لێدوانێكیدا پەیامێكی ئاراستەی خەڵكی هەرێمی كوردستان كرد و گوتی: "شه‌ره‌فێكی گه‌وره‌یه‌ بۆ من كه‌ ئه‌مڕو لێره‌م له‌ هه‌ولێر.  كۆبونه‌وه‌یه‌كی باش و چڕوپڕم  له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم هه‌بوو، ده‌رفه‌تمان هه‌بوو باسی بارودوخی عێراق بكه‌ین، باسی گرنگیی به‌ره‌وپێشچوونی ئه‌م ووڵاته‌ گه‌وره‌یه‌ بكه‌ین، هه‌روها باسی ناوچه‌كه‌ بكه‌ین، به‌تایبه‌تیش له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ى سووریا. ده‌مه‌وێت زۆر سوپاسی سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم بكه‌م بو پێشوازیكردنیان له‌ من  و زۆر به‌ په‌رۆشه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ ده‌كه‌م كه‌ دووباره‌ سه‌ردانی ئێره‌ بكه‌مه‌وه‌.  ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ش به‌ هه‌موو خه‌ڵكی ئه‌م هه‌رێمه‌  بڵێم كه‌ شه‌ره‌فێكی زۆر گه‌ور‌ه‌ بووه‌ بۆ من كه‌ هه‌ندێ كات لێره‌ به‌سه‌ر به‌رم".

.پاشان بەرپرسی كاروباری دەرەوەی كۆتایی بە سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان هێنا و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە لایەن نێچیرڤان بارزانى سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانه‌وه‌ بەڕێ كرا.




دوایین هەواڵەکان

بۆردومانی زێوە تاوانێک دژ بە ھەناسەی پەنابەری و ئازادیخوازی

MONDAY, 08 JUNE 2026 21:06:00

کەریم کاوە 

سبەی یادی بۆردومانی کارەساتی ئۆردوگای زێوە دەکرێتەوە

MONDAY, 08 JUNE 2026 21:06:00

سۆران-KDP.info- ٤١ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر ڕووداوە کارەساتبارەکەی ساڵی ١٩٨٥ کە تێیدا سەدان کەسی بێ تاوان لە ئۆردوگای زێوە بۆردمان کران. لەو یادە دڵتەزێنەدا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی شەھیدان و ئەنفالکراوانی سۆران، ھەڵدەستێت بە ڕێکخستنی مەڕاسیمێک بۆ یادکردنەوەی کارەساتی بۆردومانی کەمپی زێوە و تێیدا چەند بڕگەیەکی جیاواز پێشکەش دەکرێت.

 

بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی سەرەخۆشی لە ماڵباتی (ھەڵکەوت عەزیز) دەکات

MONDAY, 08 JUNE 2026 19:06:00

ھەولێر-KDP.info- بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ کۆچی دوایی پەیامنێری تۆڕی میدیایی ڕووداو (ھەڵکەوت عەزیز)، سەرەخۆشی لە خانەوادەکەیان دەکات.

 

پەیامی هاوخەمیی بارەگای بارزانی بۆ کۆچی دوایی ڕۆژنامەنووس هەڵکەوت عەزیز

MONDAY, 08 JUNE 2026 19:06:21

ھەولێر-KDP.info-   بارەگای بارزانی بۆ کۆچی دوایی ڕۆژنامەنووس هەڵکەوت عەزیز پەیامێکی ھاوخەمیی راگەیاند.

مەسروور بارزانی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی هەڵکەوت عەزیز دەکات

MONDAY, 08 JUNE 2026 18:06:27

ھەولێر-KDP. info-  مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ کۆچی دوایی ڕۆژنامەنووس هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێر و بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیایی ڕووداو لە بەغدا پەیامێکی ھاوخەمیی راگەیاند .



 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact