Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
FRI, 28 AUG 2026 10:29 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

سەرۆك بارزانی: دیمه‌نه‌كانی عه‌فرین ناخهه‌ژێنن.. دۆخی كه‌ركووك نابێ ببێتە ئەمری واقیع
| KDP.info


 

هه‌ولێر-KDP.info-  سه‌رۆك بارزانی ڕایده‌گه‌یێنێ، ''ئەو دیمەنانەی لە عەفرین دەبینرێن ناخهەژێنن''، ده‌شڵێ، ده‌بێ ڕێگا لەو ڕەفتارە نامرۆڤانەیە بگیرێت كه‌ تێیدا ئافرەت و منداڵ ده‌بنه‌ قوربانی و سوكایه‌تیی به‌ هێما نەتەوەییەكانی میللەتێك ده‌كرێت. هه‌ر له‌ په‌یامیدا به‌ بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆزه‌وه‌، بارزانی له‌باره‌ی ئەو بارودۆخەی لە كەركووك و ناوچەكانی تر  كه‌ لە ئەنجامی خیانەت و سەپاندنی بە زۆر هاتووەتە كایەوە، ڕایده‌گه‌یێنێ، بە هیچ شێوەیەك نابێ ببێتە ئەمری واقیع و هەروەها دەبێ ئیجرائاتی پێویست لە بەرانبەر ئەو دەستدرێژی و قەتلوعام و ئاوارەكردنە بكرێت كە لە مانگی ئۆكتۆبەردا لەو ناوچانە و بە تایبەت لە خورماتو ئەنجام دراوە.

ده‌قی په‌یامی سه‌رۆك بارزانی به‌ بۆنه‌ی نه‌ورۆزه‌وه‌:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەبۆنەی سەری ساڵی تازەی كوردی و جەژنی نەورۆز پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان دەكەم و هیوای شادی و خۆشی و بەختەوەری بۆ هەموو لایەك دەخوازم.

نەورۆز هەمیشە بۆ گەلی كوردستان مانای ئازادیخوازی و دەستپێكی نوێ دەدات. خەباتی گەلی كوردستان لەپێناو ئازادیدا بابەتێكی تازە نییە، لە دێر زەمانەوە هەیە و ئێستایش هەر بەردەوامە. لە خەباتی خۆیدا گەلی كوردستان هەرگیز بژاردەی شەڕی هەڵنەبژاردووە بەڵكو تەنها بەرگریی لە خۆی كردووە و بەرگریكردنیش مافێكی ڕەوایە. هەموو كات و لە گشت قۆناغەكانیشدا كوردستان ویستویەتی بە ئاشتی و دوور لە توندوتیژی كێشەكانی چارەسەر بكات و لە هەموو دەرفەتێكدا دەستی ئاشتی درێژ كردووە.

لەبارەی ڕیفراندۆمیشەوە، بەر لە ڕیفراندۆم و دوای ڕیفراندۆم چەندین جار ئەوەمان دووپات كردووەتەوە كە ئامانج، ئاشتی و نەهێشتنی ڕیشەیی گرفتەكانە و دەمانەوێ بە ئاشتی هەموو شتێك چارەسەر بكرێت. ئەوە مافێكە كە ڕەوایە و هەمیشە بوونی هەیە و كەس ناتوانێ لە گەلی كوردستان بستێنێ و دەبێ قسە لەسەر ئەوە بێت كە چۆن جێبەجێ بكرێت. بەداخەوە لەناوخۆیشدا هەندێ لایەن كە زۆر پەرۆشی ڕیفراندۆم بوون و سووربوون لەسەر ئەنجامدانی، دواتر خۆیان لە بەرپرسیارێتی و ئەنجام و لێكەوتەكانی بێبەری كرد، ئەوە لە حاڵێكدایە كە دەنگی گەلی كوردستان تاوان نەبوو و هەڵەیش نەبوو، بەڵكو دەرئەنجامی زوڵم و نەمانی شەراكەت بوو. بە دڵنیاییشەوە ئەگەر ڕێز لە شەراكەت و دەستوور گیرابا ئێستا كێشەكان كەمتر دەبوون و بارودۆخی عێراق باشتر دەبوو.

لایەنە عێراقییەكان لە بەرانبەر ئەو مافە ڕەوایەی گەلی كوردستاندا سەرەتا زۆر كراوە بوون و تێگەییشتنیان بۆ ئامانجی نیازپاكانە و ئاشتیانەی گەلی كوردستان هەبوو، بەڵام بەداخەوە بەشێكیان، دژایەتیكردنی مافە ڕەواكانی كوردستانیان بۆ مەرامی سیاسی بەكارهێنا و بە ئابڵۆقە و گوشار و زەبروزەنگ وەڵامی دەنگی ئاشتیانەی گەلەكەمانیان دایەوە. ئەمجارەیش دەركەوت كە شەڕ چارەسەری كێشەكان نییە و ئومێدەوارین پەندی ئەمجارەیش لەگەڵ ئەزموون و پەندەكانی پێشوو، وا لە هەموو لایەك بكات كە بە دیالۆگ و ئاشتی و لەیەكتێگەییشتن هەموو گرفتەكان و، كێشەی گەلی كورد لە ناوچەكە چارەسەر بكەن.

ئەو بارودۆخەی لە كەركووك و ناوچەكانی تر  لە ئەنجامی خیانەت و سەپاندنی بە زۆر هاتووەتە كایەوە بە هیچ شێوەیەك نابێ ببێتە ئەمری واقیع و پێویستە لە چوارچێوەی دەستوور و ماددەی 140 ڕەوشی ئەو ناوچانە ئاسایی بكرێتەوە و چارەسەر بكرێت و هەروەها دەبێ ئیجرائاتی پێویست لە بەرانبەر ئەو دەستدرێژی و قەتلوعام و ئاوارەكردنە بكرێت كە لە مانگی ئۆكتۆبەردا لەو ناوچانە و بە تایبەت لە خورماتو ئەنجام دراوە. ئێستا ئەو كرانەوەیەی لەنێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی بەغدا بە بابەتێكی ئیجابیی دەزانین و پێشوازیی لێ دەكەین و هیوادارین دیالۆگ و لێكتێگەییشتن بەردەوام بێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.

ئێمە بە باشی لە نیگەرانیی دەوڵەتانی دراوسێش دەگەین و مافی خۆیانە بیر لە بەرژەوەندییەكانیان بكەنەوە، بەڵام دوای سەد ساڵ كارەسات و قوربانیدان دەبێ ئەو مافەش بە خەڵكی كوردستان ڕەوا ببینن كە تەعبیر لە ڕای خۆی بكات و دەبێ ئەوەیشیان بۆ ڕوون بووبێتەوە كە شەڕ و توندوتیژی هیچ كاتێك بژاردەی گەلی كوردستان نەبووە كە بۆ هیچ لایەك سوودی نەبووە و ناشبێت.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لە ناو هەرێمی كوردستان هەندێ كەس بۆ تێكدانی بارودۆخ هەموو ڕێگەیەكیان تاقی كردەوە و هەموو دەرگەیەكیان كوتا و بە شێوازی جۆراوجۆر كۆسپیان دروست دەكرد، بەڵام هیچیان بەدەست نەهێنا و بە دڵنیاییەوە ئەگەر هەر لەسەر ئەو نەهجە بێ سوودە بەردەوام بن لە داهاتوویشدا هیچ بەدەست ناهێنن. هیواداریشم هەموو لایەك لە ناوخۆی كوردستاندا لەوە گەییشتبێت كە چارەسەری سەرەكی بۆ مسۆگەركردنی مافەكانی گەلەكەمان یەكڕیزی و كۆبوونەوە لەژێر چەتری بەرژەوەندییە هاوبەش و باڵاكانی گەلەكەمانە، چارەسەر ئەوەیە هەموو لایەك لەناوخۆی كوردستاندا بۆ ویستی گەل بگەڕێینەوە كە یەكگرتوویی و برایەتی و تێكۆشانی هاوبەشە.

جێگەی داخێكی زۆرە كە عەفرین تووشی شەڕ و ڕووداوی ناخۆش بووەتەوە و ژیان و ئاسودەیی خەڵك كەوتووەتە بەر مەترسی. ئەو دیمەنانەی لە عەفرین دەبینرێن ناخهەژێنن، شەر لەنێوان هێزە چەكدارەكان شتێكە و سووكایەتیكردن بە ئافرەت و منداڵ و هێما نەتەوەییەكانی میللەتێك و كوشتن و بڕینی هاووڵاتیانی بێ تاوان شتێكی ترە كە نامرۆڤانەیە و پێویستە ڕێگا لەو ڕەفتارە نامرۆڤانەیە بگیرێت. هیوادارم كۆتایی بە كوشتن و ئاوارەكردنی خەڵك بێت و چارەسەری سەرەكییش ئەوەیە كە كێشەكان بە ئاشتی و ڕێكاری سیاسییانە چارەسەر بكرێن. ئومێد دەكەم لایەنە سیاسییە كوردەكانی سووریا بە یەكڕیزی و ڕێكاری ئاشتییانە و كوردانە بتوانن مافە سیاسییەكانی خۆیان مسۆگەر بكەن و هەموو لایەك ڕێز لە مافی گەلی كورد لە سووریا بگرن.

لە كۆتاییدا لەو بۆنە نیشتیمانی و نەتەوەییەدا ئومێد دەكەم لاپەڕەیەكی نوێی یەكڕیزی و تەبایی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بێتە ئاراوە و هیوای خۆشی بۆ تاك تاكی هاووڵاتیانی كوردستان دەخوازم و سڵاوی تایبەت بۆ خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان دەنێرم و نەورۆزی هەمووتان پیرۆز بێت.

مسعود بارزانی

20ـی 3ـی 2018

 




دوایین هەواڵەکان

"كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌باره‌ی به‌رهه‌مهێنان و پاكوخاوێنی ئاوی خواردنه‌وه‌ به‌ڕێوه‌چوو"

THURSDAY, 27 AUGUST 2026 16:08:21

ھەولێر-KDP.info-  به‌ سه‌رپه‌رشتیی ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و به‌ ئاماده‌بوونی بەڕێوەبەری گشتیی دیوان، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ئاو و ئاوه‌ڕۆ، بەرێوەبەری داهات، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوان له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی ئاو و ئاوه‌ڕۆ و سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌رانی ئاوی‌ پارێزگه‌ و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان به‌ڕێوه‌چوو.

بڕیاره‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌رفه‌تی كاری له‌ هه‌رێمی كوردستان زیادكردووه‌

THURSDAY, 27 AUGUST 2026 16:08:04

هه‌ولێر -KDP.info- سه‌رۆكی سه‌ندیكای كرێكارانی كوردستان گوتی "چه‌ند بڕیاێكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وای كردووه‌ ده‌رفه‌تی كار له‌ هه‌رێمی كوردستان زۆر زیادبێت، ئێستا زیاتر له‌ 320هه‌زار كرێكار ده‌سته‌به‌ر كراوه‌."

پڕۆژەی جووتسایدی وارماوا.دەربەندیخان جێبەجێ دەکرێت

THURSDAY, 27 AUGUST 2026 14:08:14

ھەولێر-KDP. info-  لە چوارچێوەی هەنگاوە بەردەوامەکان بۆ بەرەوپێشبردنی ژێرخانی ڕێگەوبان، کارکردن لە پڕۆژەی ستراتیجیی ڕێگەی (وارماوا-دەربەندیخان) بەچڕی بەردەوامە.

سەرەتای مانگی داهاتوو دەوامی زانکۆکان و دوای ناوەڕاستیش زەنگی قوتابخانەکان لێ دەدرێت

THURSDAY, 27 AUGUST 2026 13:08:08

هەولێر -KDP.info- بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دواین تاقیکردنەوەی خولی دووەمی پۆلی ١٢ی ئامادەیی ئەنجام درا و هەفتەی داهاتوو ئەنجامەکان ڕادەگەیەنرێن، هاوکات ئاشکراشی کرد کە چاوەڕوان دەکرێت دوای ناوەڕاستی مانگی داهاتوو ساڵی نوێی خوێندن دەست پێ بکات.

 
بۆ ئەوانەی ئەرکیان لە کاری سیاسیدا قورسە

THURSDAY, 27 AUGUST 2026 12:08:00

فازڵ میرانی



 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact